گەردوونێکی دیزاینکراو؟
4,051 جار بینراوە
ستیڤن واینبێرگ
وەرگێڕانی سەروەر محەمەد

داوام لێ کراوە تا ڕای خۆم بڵێم لەسەر ئەوەی کە ئایا گەردوون ئاماژەی وەها دەخاتە ڕوو کە دیزاین کرابێت. نازانم چۆن دەکرێت قسە لەسەر ئەوە بکرێت بەبێ ئەوەی لانیکەم هەندێک ئایدیای ناڕوونمان لەبارەی ئەوەوە هەبێت کە ئایا دەبێت دیزاینەر چۆن بێت؟ دەتوانرێت هەر گەردوونێکی شیاو وەکو کاری هەندێک جۆر لە دیزاینەر ڕوونبکرێتەوە. تەنانەت گەردوونێک کە تەواو بێسەروبەرە، هیچ یاسا و ڕێسایەکی تێدا نییە، دەکرێت وا دابنرێت کە لەلایەن گەمژەیەکەوە دیزاین کراوە.
ئەو پرسیارەی کە وای دەبینم شایەنی وەڵامدانەوەیە، یان لەوانەیە وەڵامدانەوەی ئەستەم نەبێت، ئەوەیە کە ئایا گەردوون ئاماژەی وەها پیشان دەدات کە لەلایەن خودایەکی نزیک لە خودای ئایینە کۆنە تاک خوداکان دیزاین کرابێت- نەک ڕێک ئەو فیگەرەی سەر بنمیچی کڵێسای سستین Sistine Chapel، بەڵام جۆرێکی لە مرۆڤچوو، جۆریک لە زیرەکیی، جۆرێک لەوەی گەردوونی درووست کردبێت و جۆرە بایەخێکی تایبەتیی بە ژیان بدات، بەتایبەت بە ژیانی مرۆڤ. وای دەبینم ئەمە ئەو ئایدیایەی هەمبەر دیزاینەر نییە کە زۆرێک لەوانەی ئێرە هەڵیان گرتووە. لەوانەیە پێم بڵێیت کە تۆ بیر لە شتێکی زۆر ئابستراکتتر دەکەیتەوە، جۆرە هێزێکی خاوەن نەزم و هارمۆنیی گەردوونیی، وەک ئەوەی ئاینشتایین بیری لێدەکردەوە. تۆ ئازادی وا بیربکەیتەوە، بەڵام جگە لە جۆرێک لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک، نازانم بۆ وشەی “دیزاینەر” یان “خودا” بەکاردەهێنیت.
ڕوون بوو کە جیهان لەلایەن جۆریک لە زیرەکییەوە دیزاین کراوە. ئەگەرنا چ شتێکی تر بەرپرسە لە ئاگر، باران و هەورەبروسکە و زەمین لەرزە؟ لەسەرو هەمووشیانەوە، توانا ناوازەکانی شتە زیندووەکان ئاماژەدان بوو بە بەدیهێنەرێک کە بایەخێکی تایبەتی بە ژیان دەدا. ئێستا ئێمە بەهۆی ئەو هێزە فیزیاییانەی کە لەژێر یاسا نا-مۆرڤییەکاندا کاردەکەن لە زۆرێک لەو شتانە تێگەیشتووین. هێشتا بنەڕەتیترین یاساکان نازانین، ناتوانیت هەژماری هەموو ئەو دەرەنجامانە بکەیت کە لەو یاسایانە دەکەونەوە کە دەیانزانین. تێگەیشتن لە مێشکی مرۆڤ بەشێوەیەکی ناوازە قوورسە بەڵام کەشوهەواش هەر وایە. ناتوانین پێشبینیی ئەوە بکەین کە دوای مانگێک باران دەبارێت یان نا، بەڵام ئەو یاسایانە دەزانین کە فەرمانڕەوان بەسەر بارانەوە، هەرچەندە ناتوانین هەموو کات هەژماری دەرەنجامەکانیان بکەین. وای دەبینم مێشکی مرۆڤیش هەروەکو کەشوهەوا وایە کە وەکو دەرەنجامێکی یاسا نا-مرۆڤییەکانی کارا لەسەر ملیاران ساڵ لە دەرەوەی تێگەیشتنی ئێمە دەمێنێتەوە.
وا دەرناکەوێت هیچ شتێک لە دەرەوەی ئەم نەزمە سروشتییە هەبێت، هیچ پەڕجۆیەک. وای دەبینم لە ئێستادا زۆرێک لە ئایینناسەکان بە قسەکردن لەسەر پەڕجۆ توشی شەرمەزاریی دەبن، بەڵام بڕوا گەورە تاک خوداییەکان لەسەر چیرۆکە پەڕجۆواویەکان بیناکراون- دەوەنە گڕگرتووەکە، قەبرە بەتاڵەکە، فریشتەیەک قورئان بۆ موحەمەد دادەبەزێنێت- هەندێک لەو بڕوایانە دەڵێن کە پەڕجۆکان ئێستاش بەردەوامن. بۆ من، بەڵگە بۆ هەموو ئەو پەڕجۆیانە بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازترە لە بەڵگە بۆ [ناوکە]یەکبوونی سارد، بڕواشم بە [ناوکە]یەکبوونی سارد نییە. لە سەروی هەموو ئەمەشەوە، ئێستا ئێمە دەزانین کە تەنانەت مرۆڤەکان دەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنە سروشتیەن کە کارایە بەسەر ملیۆنان ساڵی وەچەخستنەوە و خواردنەوە.
وا مەزندە دەکەم ئەگەر لە شوێنێکدا جێدەستی دیزاینەر ببینین ئەوا لە ڕێسا بنچینەییەکاندا دەبێت، کۆتا یاساکانی سروشت، کتێبی یاساکان کە فەرمانڕەوانە بەسەر هەموو دیاردە سروشتییەکان. هێشتا کۆتا یاساکان نازانین، بەڵام ئەوەندەی توانیومانە بزانین ئەوەیە کە ئەو یاسایانە تەواو نا-مرۆڤیین و هیچ ڕۆڵێکی تایبەت بە ژیان لەخۆیان ناگرن. هیچ هێزێک بۆ ژیان نییە. وەکو ڕیچارد فاینمان وتوویەتی، کاتێک تەماشای گەردوون دەکەیت و لە یاساکانی تێدەگەیت، تەواوی ئەو تیۆرییەی کە وەکو سەکۆیەک بۆ خودا ڕێکخراوە تا لێیەوە تەماشای کێشمەکێشمی چاکە و خراپەی مرۆڤ بکات ناتەواو دەردەکەوێت.
ڕاستە، کاتێک میکانیکی کوانتەم تازە بوو، هەندێک لە فیزیکزانان پێیان وابوو کە جارێکی تر مرۆڤ دەخاتەوە سەر ڕێگاکە، لەبەرئەوەی ڕێساکانی میکانیکی کوانتەم پێمان دەڵێن کە چۆن ئەو ئەگەرانەی دەرەنجامە جیاوازەکان هەژمار بکەین کە لەوانەیە بەهۆی چاودێریی مرۆڤەوە بدۆزرێنەوە. بەڵام، چل ساڵ لەمەوپش، بەهۆی کارەکانی هیو ئێڤێرێت (Hugh Everett) خواستی ئەو فیزیکزانانەی کە زۆر بە قووڵی لەبارەی ئەم شتانەوە بیردەکەنەوە بۆ دووبارە فۆرمولەکردنەوەی میکانیکی کوانتەم بوو بە ڕێگایەکی تەواو بابەتیی، لەگەڵیدا چاودێرەکان ڕێک وەکو هەر شتێکی تر مامەڵەیان لەگەڵ کرا. نازانم ئاخۆ ئەم پڕۆگرامە هێشتا بەتەواوی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە یان نا، بەڵام پێم وایە سەرکەوتوو دەبێت.
پێویستە دان بەوەدا بنێم کە تەنانەت ئەگەر فیزیکزانەکانیش تا ئەوپەڕی توانای خۆیان بڕۆن، تەنانەت ئەگەرکۆتا تیۆریمان هەبێت، هێشتا وێنەیەکی تەواو قایلکەری گەردوونمان نابێت، چونکە هێشتا پرسیاری “بۆچی” دەمێنێت تا وەڵامی بدەینەوە. بۆچی ئەم تیۆرییە، لەبری جۆرێکی تر لە تیۆریی؟ بۆ نموونە، بۆچی جیهان بە میکانیکی کوانتەم لێکدراوەتەوە؟ میکانیکی کوانتەم بەشێکە لە فیزیای ئێستامان کە وا دیارە لە دەست هەر تیۆرییەکی داهاتوو بە سەلامەتی ڕزگاری دەبێت، بەڵام شتێکی حەتمیی لۆجیکیی لەبارەی میکانیکی کوانتەمەوە لەئارادا نییە، من دەتوانم وێنای گەردوونێک بکەم کە میکانیکی نیۆتن-یی فەرمانڕەوایی دەکات. لەبەرئەوە وا دەردەکەوێت کە نهێنیەکی سادەنەکراوە هەبێت کە بە زانست ئاشکرا ناکرێت.
بەڵام تیۆرییە ئایینییەکانی هەمبەر دیزاینیش هەمان کێشەیان هەیە. یان ئەوەتا مەبەستت لە خودا یان دیزاینەر شتێکی دیاریکراوە یان مەبەستت ئەوە نییە. ئەگەر مەبەستت ئەوە نییە، دەی باس لە چی دەکەین؟ ئەگەر مەبەستت لە خودا یان دیزاینەر شتێکی دیاریکراوە، ئەگەر بۆ نموونە بڕوات بە خودایەک هەیە کە بەپەرۆشە یان خۆشەویستی دەکات، یان زیرەکە یان هەوەسبازە ئەوا هێشتا پێویستە ڕووبەڕووی پرسیاری “بۆچی” ببیتەوە. لەوانەیە ئایینێک بڵێت گەردوون لەلایەن ئەو جۆرە خودایەوە فەرمانڕەوایی دەکرێت، لەبری هەر جۆرە خودایەکی تر، لەوانەیە بۆ ئەو بڕوایە بەڵگە پێشکەش بکات، بەڵام ناتوانێ لێکی بداتەوە کە بۆچی دەبێت بەو شێوەیە بێت.
لەم بارەدا، بۆ من وا دەردەکەوێت کە فیزیا توانایەکی باشتری هەیە بۆ ئەوەی لێکدانەوەیەکی نیمچە قایلکەرمان بداتێ لەبارەی جیهان لە چاو ئەو توانایەی ئایین بۆ هەمیشە دەیبێت، چونکە هەرچەندە فیزیکزانان ناتوانن لێکی بدەنەوە کە بۆچی یاساکانی سروشت بەو شێوەیەن کە هەن و شتێکی تەواو جیاواز نین، بەڵام بە لایەنی کەمەوە لەوانەیە بتوانین لێکی بدەینەوە کە بۆچی بە ئاستەم جیاواز نین. بۆ نموونە، هەرگیز کەس نەیتوانیوە بیر لە جێگرەوەیەکی گونجاوی لۆجیکیی بۆ میکانیکی کوانتەم بکاتەوە کە تەنها بە ئاستەم جیاواز بێت. کاتێک هەوڵدەدەیت گۆڕانکاریی بچووک لە میکانیکی کوانتەمدا ئەنجام بدەیت، ئەوا دەگەیت بە جۆرە تیۆرییەک کە ئەگەری سالب و بێمانایی لۆجیکیی تێدان. کاتێک میکانیکی کوانتەم لەگەڵ ڕێژەیی کۆدەکەیتەوە هێزە لۆجیکییەکەی کەمدەکەیتەوە. دەبینیت کە مەگەر تیۆرییەکە ڕێک بە ڕێگا ڕاستەکە ڕێکبخەیت ئەگەرنا توشی بێمانایی دەبیت، وەکو هاتنی ئەنجام پێش هۆ، یان ئەگەرە بێسنوورەکان. لە لایەکی ترەوە، وا دەردەکەوێت تیۆرییە ئایینییەکان زۆر نوشتۆک (نەرم و گونجاو) بن، هیچ شتێک ڕێگە لە دەستێوەردانی هەر جۆرە خودایەک ناکات کە تۆ وێنای بکەیت.
ئێستا، بۆ من ئەوە کێشەکە چارەسەر ناکات کە بڵێیت ئێمە لەو بڕەی لە بارەی ڕێسا بنچینەییەکانی زانست دەیزانین ناتوانین [جێ]دەستی دیزاینەرێک ببینین. لەوانەیە وابێت، هەرچەندە ئەم ڕێسایانە بە ڕوونیی ئاماژە بە ژیان ناکەن، یان بەتایبەتتر ژیانی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا وەستایانە دیزاین کراون بۆ هێنانەکایەی ژیان.
هەندێک لە فیزیکزانان وتوویانە کە نەگۆڕە دیاریکراوەکانی سروشت نرخێکیان هەیە کە وا دەردەکەوێت بە شێوەیەکی نهێنیئامێز ڕێکخراون تا ڕێک ئەو نرخەیان هەبێت کە ڕێگە بە شیمانەی ژیان بدەن، بە ڕێگایەک کە تەنها دەتوانرێت بەهۆی دەستێوەردانی دیزاینەرێکەوە لێکبدرێتەوە کە بایەخی تایبەتی بۆ ژیان هەیە. ئەو جۆرە نموونە گریمانەکراوانەی ڕێکخستن سەرنجی من ڕاناکێشن. بۆ نموونە، یەکێک لەو نموونانەی ڕێکخستن کە زۆرترین جار خراوەتە بەر باس پەیوەندی بە سیفەتێکی ناوکی ئەتۆمی کاربۆنەوە هەیە. زۆرینەی مادەی بەجێماو لە خوولەکە سەرەتاکانی گەردوون بریتی بووە لە هایدرۆجین و هیلیۆم، بە نزیکەیی هیچکام لە توخمە قوورسەکانی وەک کاربۆن، نایترۆجین و ئۆکسجینی، کە وا دەردەکەوێت پێویستبن بۆ ژیان، تێدا نەبووە. ئەو تووخمە قوورسانەی کە لەسەر زەوی هەن سەدان ملیۆن ساڵ دواتر لە نەوەی یەکەمی ئەستێرەکاندا درووست بوون و دواتر بە ناو ئەو گازەی نێو ئەستێرەکاندا بڵاو بووەتەوە کە لە کۆتاییدا کۆمەڵە خۆرەکەی ئێمەی لێ درووست بووە.
یەکەم هەنگاو لە زنجیرەی کارلێکە ناوکییەکاندا کە لە ئەستێرەکانی زوودا تووخمە قوورسەکانی درووست کردووە ئاسایی درووستبوونی ناوکی کاربۆنە لە سێ ناوکی هیلیۆم. لە دۆخە ئاساییەکەیدا (دۆخی نزمترین وزە) لە بەیەکداکێشانەکانی سێ ناوکی هیلیۆمدا، چانسێکی شایەن بە پشتگوێخستن هەیە بۆ درووستبوونی ناوکی کاربۆن، بەڵام ئەگەر ناوکی کاربۆن بیتوانیبا لە دۆخێکی تیشکدەردا بە وزەی نزیکە ٧ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت لە سەرو وزەی دۆخی ئاسایی هەبووایە، ئەوا درووستبوونی بڕێکی بەرچاو لە کاربۆن لە ئەستێرەکاندا گونجاوە، لەگەڵ وزەی سێ ناوکی هیلیۆم یەکی دەگرتەوە، بەڵام نەک ٧.٧ ملیۆن ئیلیکترۆن ڤۆڵت زیاتر لە دۆخی ئاسایی (بە کۆمەڵێک هۆکار کە دواتر باسدەکرێن).
لە ناو ئەستێرەکاندا لە سێ ناوکی هیلیۆمەوە درووستبوونی دۆخی تیشکدەری ناوکێکی کاربۆن ئاسانە. دوای ئەوە، کێشەیەک نایەتە ڕێگای درووستبوونی کاربۆنی ئاسایی؛ ناوکی کاربۆن لە دۆخە تیشکدەرییەکەیدا لەخۆوە ڕووناکیی دەردەدات و دەبێت بە کاربۆن لە دۆخی نا-تیشکدەریدا، ئەو دۆخەی کە لەسەر زەوی هەیە. خاڵی گرنگ لە درووستبوونی کاربۆندا بوونی دۆخی تیشکدەرە کە دەکرێت لە بەیەکداکێشانی سێ ناوکی هیلیۆمەوە درووست ببێت.
لە ڕاستیدا، بە شێوەی تاقیکردنەوە وا ناسراوە کە ڕێک ئەو جۆرە لە دۆخی تیشکدەری هەیە، بە وزەی ٧.٦٥ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت لە سەرو دۆخی ئاساییەوە. لە یەکەم بەرکەوتندا لەوانەیە ئەمە تەواو شلۆق دەربکەوێت؛ وزەی ئەم دۆخە تیشکدەرەی کاربۆن تەنها بە بڕی ٠.٠٥ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت کەمی هێناوە تا هێندە بەرز بێت ڕێگە بە درووستبوونی کاربۆن نەدات (لەوەشەوە درووستبوونی ئێمە)، کە کەمترە لە ١% ی ٧.٦٥ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت. لەوانەیە وا دەربکەوێت کە نەگۆڕەکانی گەردوون کە سیفەتەکانی هەموو ناوکەکانیان لەسەر بەندە زۆر بە وریاییەوە ڕێکخرابن تا ژیان بکەنە شتێکی شیاو.
ئەگەر زۆر وردتر سەیری بکەیت، دەبینیت لێرەدا ڕێکخستنی نەگۆڕەکانی سروشت زۆر باش دەرناکەون. دەبێت ئەو هۆکارە لەبەرچاو بگرین کە بۆچی درووستبوونی کاربۆن لەناو ئەستێرەکاندا پێویستی بە بوونی دۆخی تیشکدەری کاربۆن هەیە بە وزەیەکەوە کە زیاتر نەبێت لە ٧.٧ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت لە سەرو وزەی دۆخی ئاسایی. هۆکارەکە ئەوەیە کە لە ڕاستیدا ناوکەکانی کاربۆن لەم دۆخەدا بە پڕۆسەیەکی دوو-هەنگاو درووست بوون: یەکەم، دوو ناوکی هیلیۆم یەکدەگرن بۆ درووستکردنی ناوکی ناجێگیری ئایزۆتۆپێکی بێریلیۆم، بێریلیۆم ٨، کە هەندێک جار، پیش ئەوەی هەڵبوەشێت، ناوکێکی تری هیلیۆم دەگرێت و ناوکی کاربۆن لە دۆخی تیشکدەردا درووست دەکات، کە دواتر بە تیشکدانەوە دەبێتەوە بە کاربۆنی ئاسایی. تێکڕای وزەی ناوکی بێریلیۆم ٨ و ناوکی هیلیۆم لە حاڵەتی وەستاویدا بریتییە لە ٧.٤ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت لە سەرو وزەی دۆخی ئاسایی ناوکی کاربۆن؛ لەبەرئەوە ئەگەر وزەی دۆخی تیشکدەری کاربۆن زیاتر بووایە لە ٧.٧ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت ئەوا تەنها دەیتوانی لە بەیەکداکێشانی نێوان ناوکی هیلیۆم و ناوکی بێریلیۆم ٨ درووست ببێت ئەگەر وزەی جووڵەی ئەو دوو ناوکە لانیکەم ٠.٣ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت بووایە- وزەیەک کە لە پلەی گەرمای ناو ئەستێرەکاندا ئەستەمە.
بەم جۆرە، ئەو شتە گرنگەی کاردەکاتە سەر درووستبوونی کاربۆن لە ئەستێرەکاندا وزەی ٧.٦٥ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵتی دۆخی تیشکدەری کاربۆن لە سەرو دۆخی ئاساییەوە نییە، بەڵکو ئەو ٠.٢٥ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵتەی دۆخی تیشکدەرە، پێکهاتەیەکی ناجێگیری ناوکی بێریلیۆم ٨ و ناوکێکی هیلیۆمە، لە سەرو وزەی ئەو ناوکانە لە حاڵەتی وەستاویدا. ئەم وزەیە بە بڕی ٠.٠٥ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت/ ٠.٢٥ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت لەوە ڕزگاری بووە بڕێکی ئەوەندە گەورە بێت ڕێگە بە درووستبوونی کاربۆن نەدات، یان بە مانایەکی تر ٢٠%، کە بە هیچ شێوەیەک بە شلۆق دانانرێت.
ئەم دەرەنجامە لە هەمبەر ئەو وانانەی کە دەبێت لە درووستبوونی کاربۆنەوە فێریان ببین هەندێک جێگای مشتومڕە. لە هەر حاڵێکدا، نەگۆڕێک هەیە کە وا دەردەکەوێت نرخەکەی لە قازانجی ئێمە نایابانە ڕێکخرابێت. ئەویش چڕی وزەی فەزای بەتاڵە، بە نەگۆڕی گەردوونیش ناسراوە. دەکرا هەر نرخێکی هەبێت، بەڵام لە ڕێسا یەکەمییەکانەوە یەکێک وا مەزندە دەکات کە ئەم نەگۆڕە پێویستە زۆر گەورە بێت، هەروەها دەکرێت موجەب یان سالب بێت. ئەگەر گەورە و موجەب بێت، ئەوا نەگۆڕی گەردوونیی وەکو هێزی دوورخەرەوە کاردەکات کە لەگەڵ دووریی زیاد دەکات، هێزێک کە لە گەردوونی سەرەتاییدا ڕێگریی لە تۆپەڵبوونی مادە دەکرد، واتە ڕێگریی لەو پڕۆسەیە دەکرد کە هەنگاوی یەکەم بووە لە درووستبوونی گەلەستێرەکان، ئەستێرەکان، هەسارەکان و خەڵک. ئەگەر گەورە و سالب بێت، نەگۆڕی گەردوونیی وەکو هێزێکی ڕاکێشەر کاردەکات و لەگەڵ دووریی زیاد دەبێت، هێزێک کە هەر زوو فراوانبوونی گەردوونی پێچەوانە دەکردەوە و دەبووە هۆی تێکڕمانی، کاتێکی بۆ پەرەسەندنی ژیان نەدەهێشتەوە. لە ڕاستیدا، چاودێریە ئەستێرەناسیەکان پیشانی دەدەن کە نەگۆڕی گەردوونیی زۆر بچووکە، زۆر بچووکتر لەوەی لە ڕێسا یەکەمییەکانەوە مەزندە بکرێت.
هێشتا زۆر زووە بڕیار لەسەر ئەوە بدەین کە ئایا هەندێک ڕێسای بنچینەیی هەن کە بتوانن ئەوە لێک بدەنەوە کە بۆچی پێویستە نەگۆڕی گەردوونیی ئەوەندە بچووک بێت یان نا. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەو جۆرە ڕێسایانەش نەبن، بەرەوپێشچوونە تازەکان لە گەردوونناسیدا شیمانەی لێکدانەوەیەک پێشکەش دەکەن کە بۆچی نرخە هەژمارکراوەکانی نەگۆڕی گەردوونیی و نەگۆڕە فیزیاییەکانی تر لە قازانجی دەرکەوتنی ژیانی زیرەکدان. بەپێی تیۆرییەکانی “هەڵاوسانی بێسەروبەر” ی ئەندرێ لیندێ (Andrei Linde) و ئەوانی تر، هەوری فراوانبووی ملیاران گەلەستێرە کە ئێمە پێی دەڵێین بیگ بانگ لەوانەیە تەنها پارچەیەکی گەردوونێکی زۆر گەورەتر بێت کە لەناویدا هەمیشە بیگ بانگەکان درووست دەبن، لە هەر دانەیەکیاندا نەگۆڕە بنچینەییەکان نرخی جیاوازیان هەیە.

لە هەر وێنەیەکی وەهادا، کە تێیدا گەردوون لە چەند بەشێک پێکدێت و هەر بەشێکیش نرخی جیاوازی بۆ ئەوانەی ئێمە پێیان دەڵێین نەگۆڕەکانی گەردوون هەن، ئەوا هیچ ئاریشەیەک لەبەردەم تێگەیشتنی ئەوەدا نابێت کە بۆچی ئەم نەگۆڕانە نرخێکیان هەیە کە لە قازانجی ژیانی زیرەکدایە. ژمارەیەکی هێجگار زۆر بیگ بانگ دەبن کە تێیاندا نەگۆڕەکانی سروشت نرخێکیان دەبێت کە لە قازانجی ژیان نابێت، ژمارەیەکی هێجگار کەمتر دەبن کە ژیان تێیاندا شیاوە. لەم بارەدا پێویست ناکات داوا لە خودایەکی چاکەکار بکەیت ئەوەمان بۆ لێکبداتەوە کە بۆچی ئێمە لە یەکێک لەو بەشانەی گەردوونداین کە ژیان تێیدا شیاوە: لە هەموو ئەو بەشانەی تری گەردووندا کەسێک نییە ئەم پرسیارە بکات. ئەگەر هەر تیۆرییەکی ئەم جۆرە گشتییە وەڕاست گەڕێت، ئەو کاتە ئەگەر بڵێین نەگۆڕەکانی سروشت لەلایەن دیزاینەرێکی چاکەکارەوە ڕێکخراون وەک ئەوە دەبێت بڵێین، ” ئەرێ شتێکی نایاب نییە کە خودا ئێمەی لەسەر زەوی داناوە، کە تێیدا ئاو هەیە، هەوا هەیە، کێشکردن هەیە و پلەی گەرمیی زۆر گونجاوە، لەبری ئەوەی بمانخاتە سەر هەندێک شوێنی ناخۆشی وەک هەسارەی عەتارد یان پلۆتۆ؟” لە کوێی تر لە ناو کۆمەڵەی خۆردا دەمانتوانی پەرەبستێنین جگە لەسەر زەوی؟
بەڵگەهێنانەوەی لەم شیوەیە پێی دەوترێت “ئەنسۆرپیک” (anthropic). هەندێک جار تەنها مانای ئەوەیە کە یاساکانی سروشت ئەوەن کە هەن لەبەرئەوەیە کە ئێمە دەتوانین هەبین، بەبێ هیچ لێکدانەوەیەکی زیاتر. بۆ من، هەندێک جار ئەمە زیاتر لە قسەی قۆڕ و بێمانای نادیاردەچێت. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر هەر بەڕاستی ژمارەیەکی زۆر لە جیهان هەن کە تێیاندا هەندێک لە نەگۆڕ نرخی جیاواز وەردەگرن، ئەوا لێکدانەوەی ئەنسرۆپیکی لە هەمبەر ئەوەی کە بۆچی لە جیهانەکەماندا نرخی ئەو نەگۆڕانە لە قازانجی ژیاندایە هەر وەکو لێکدانەوەی ئەوەی کە بۆچی ئێمە لەبری عەتارد و پلۆتۆ لەسەر زەوی دەژین، لێکدانەوەیەکی درووستە. نرخی ڕاستەقینەی نەگۆڕی گەردوونیی، ئەوەی کە بەم دواییانە لە چاودێریەکانی جووڵەی سوپەرنوڤا دوورەکانەوە هەژمار کراوە، بە نزیکەیی ئەوەیە کە تۆ لەم جۆرە ئاڕگومێنتەوە چاوەڕوانی دەکەیت: بە نزیکەیی ئەوەندە بچووکە تا زۆر کارنەکاتە سەر درووستبوونی گەلەستێرەکان. بەڵام هێشتا تەواو لەبارەی فیزیاوە نازانین تا پێمان بڵێت کە ئایا بەشی تری گەردوون هەن تێیاندا ئەو شتە هەبن کە ئاسایی پێیان دەڵێین نەگۆڕی فیزیا و بەڕاستی نرخی جیاواز وەربگرن یان نا. ئەمە پرسیارێکی بێهیواکەر نییە؛ کاتێک بەبەراورد بە ئێستا زیاترمان لە بارەی تیۆریی کێشکردنی کوانتەمیی زانی وەڵامی ئەو پرسیارەش دەزانین.
ئەگەر ژیان لەوە باشتر بووایە کە بتوانرێت لەسەر بنەمای تر چاوەڕوانی لێ بکرێت، ئەمە دەبوو بە بەڵگە لەسەر خودایەکی چاکەکار. بۆ بڕیاردان لەسەر ئەمە، پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت کە بەهۆی هەڵبژاردنی سروشتیەوە توانایەکی دیاریکراو بۆ چێژ بە ئاسانیی پەرەی سەندووە، وەک هاندەرێک بۆ ئەو زیندەوەرانەی پێویستان بە خواردن و وەچەخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە جینەکانیان بدەن. پێناچێت هەڵبژاردنی سروشتیی لەسەر هەر هەسارەیەکی تر ئەو جۆرە زیندەوەرانە درووست بکات کە تەواو بەختەوەرن بەوەی ئەو وچان و توانایەیان هەبێت کاری زانستیی بکەن و بەشێوەیەکی ئابستراکت بیر بکەنەوە، بەڵام نموونەی ئەوەی ئێمە کە لەلایەن پەرەسەندنەوە درووست کراوە زۆر ئالیگرانەیە، بەو ڕاستیەی کە تەنها لەو بارە بەختەوەرانەدایە کە کەسێک هەیە بیر لە دیزاینی گەردوونیی دەکاتەوە. ئەستێرەناسان بەمە دەڵێن کاریگەریی هەڵبژاردن ( selection effect).
گەردوون گەلێک گەورەیە، لەوانەیە بێنسوور بێت، لەبەرئەوە نابێت شتێکی سەرسوڕهێن بێت کە، لە نێوان ژمارەیەکی هێجگار زۆر هەسارەدا کە لەوانەیە زۆرێکیان تەنها پشتگیریی ژیانی نازیرەک بکەن و لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی لەوە زۆر تر پشتگیری هیچ جۆرە ژیانێک نەکەن، ژمارەیەکی کەم هەن کە بوونەوەری زیندوو لەسەریان هەن توانای بیرکردنەوەیان لەبارەی گەردوون هەیە، واتە وەک ئەوەی ئێمە لێرە دەیکەین. ڕۆژنامەوانێک کە دیاریکراوە تا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە یانسیبیان بردووەتەوە لەوانەیە وا هەست بکات هەندێک چاودێریی خودایی تایبەت کاری بۆ کردوون، بەڵام پێویستە ئەوەی لەبیر بێت کە ژمارەیەکی هێجگار زۆرتر لەو کەسانە هەبوون کە یاری یانسیبیان کردووە و ئەو چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام نەداون چونکە هیچ یانسیبێکیان نەبردۆتەوە. بەم جۆرە، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدەیت کە ئایا ژیانی ئێمە بەڵگەیە بۆ خودایەکی چاکەکار یان نا، تەنها ئەوە بەس نییە پرسیار بکەین کە ئایا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە بارەی هەڵبژاردنی سروشتیەوە دەیزانین، ژیان باشترە لەوەی لە هەر بارێکدا چاوەڕێ بکرێت یان نا، بەڵکو پێویستە ئەو ئالیگەرییەش لەبەرچاو بگرین کە لەلایەن ئەو ڕاستییەوە دەرخراوە کە ئەوە ئێمەین کە بیر لەو کێشەیە دەکەینەوە.
ئەوە پرسیارێکە کە هەرکەسێک پێویستە خۆی وەڵامی بداتەوە، فیزیکزان بیت یان نەبیت هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت، لەبەرئەوە پێویستە من لە ئەزموونی خۆمەوە قسە بکەم. ژیانم گەلێک بە دڵخۆشیی بردۆتە سەر، لەوانەیە ٩٩.٩٩% ی دڵخۆشیی مرۆڤ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دایکێکم بینی بەهۆی شێرپەنجەوە بە ئازارەوە مرد، کەسایەتی باوکێک بەهۆی نەخۆشی ئەلزەهایمەرەوە لەبەین چوو، ژمارەیەکی زۆر لە بن ئامۆزاو بن-بن ئامۆزا لە هۆڵۆکۆستدا کوژران. ئاماژەکانی خودایەکی چاکەکار بە ئەندازەیەکی زۆر نادیارن.
هەمیشە بەربڵاویی خراپە و پەژارە ئەو کەسانەی نیگەران کردووە کە بڕوایان بە خودایەک هەیە کە چاکەکارە و توانای بێسنوورە. هەندێک جار بە ئاماژەدان بە پێویستیی بۆ ویستی ئازاد چاوپۆشیی لە خودا کراوە. جۆن میڵتن(Milton) لە [هۆنراوەی] Paradise Lost (دۆڕاندنی بەهەشت) دا ئەم ئاڕگومێنتە دەخاتە بەردەم خودا:
بە ئازادیی درووستم کردن، بە ئازادیش بمێننەوە
تا خۆیان گرفتار دەکەن: دەبێت بە جۆرێکی تربم
سروشتیان، هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی خودایی
نەگۆڕە، هەمیشەییە، کە بڕیاری لەسەر دراوە
ئازادییان؛ دەرکردنیان، خۆیان بڕیاریان لێ داوە
بۆ خزمەکانم، کاتێک بکوژرێن لە پێناوی دابینکردنی دەرفەتی ویستی ئازاد بۆ ئەڵمانەکان،هەندێک نادادیی دەردەکەوێت، بەڵام تەنانەش ئەوەش بخەینە ئەولاوە، ویستی ئازاد چۆن لێکدانەوە بۆ شێرپەنجە دەکات؟ ئایا ئەمە دەرفەتێکە بۆ ویستی ئازادی لووەکان؟
نامەوێت لێرەدا بڵێم کە خراپە لەناو جیهاندا دەیسەلمێنێت کە گەردوون دیزاین نەکراوە، بەڵکو هەر ئەوەی کە هیچ ئاماژەیەک بۆ چاکە نییە کە بکرێت جێدەستی دیزاینەری پیشاندابێت. بەڵام لە ڕاستیدا درککردن بەوەی کە خودا ناتوانێت چاکەکار بێت گەلێک کۆنە. شانۆنامەکانی ئەسکیلەس (Aeschylus) و یوریپیدیس (Euripides) بە ڕوونیی دەڵێن کە خوداکان خۆپەرست و دڵڕەقن، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی ڕەفتاری باشتر لە مرۆڤەکان دەکەن. خودا لە پەیمانی کۆندا (Old Testament) فەرمانمان پێ دەکات بدەین لە سەری کافران و داوامان لێدەکات ئامادەبین لە ژێر فەرمانی ئەودا ژیانی منداڵەکانمان بکەینە قوربانیی. هەروەها خودای مەسیحیەتی کۆن و ئیسلام بۆ هەمیشە بە نەفرەتمان دەکەن ئەگەر پەرستشەکان بە شێوازێکی ڕاست ئەنجام نەدەین. ئایا ئەمە ڕێگایەکی باشە بۆ مامەڵەکردن؟ دەزانم، دەزانم ئێمە نابێت بە ستانداردە مرۆڤییەکان هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی خودا بکەین، بەڵام لێرەدا کێشەکە دیارە: ئەگەر ئێمە هێشتا بوونی خودامان بۆ یەکلایی نەبۆتەوە و دەگەڕێین بۆ ئاماژەکانی چاکەکاریی ئەو، دەی دەتوانین چ ستانداردێکی تر بەکاربهێنین؟
ئەم بابەتانەی کە داوام لێکراو لێرەدا لەسەریان بدوێم بۆ زۆرێک کەس زۆر کۆن دەردەکەون. ” ئاڕگومێنیتی دیزاین” کە لە لایەن ئایینناسی ئینگلیز ولیەم پەیڵی (William Paley) خراوەتە ڕوو ئێستا لە مێشکی زۆربەی خەڵکدا نەماوە. وا دەردەکەوێت لە ئێستادا بەنرخیی ئایین لەوەوە بێت کە خەڵک وەک کاریگەریی ئەخلاقیی وەریدەگرن تا لە بۆچوونی ئەوانەوە بێت لەبارەی سەرکەوتویی ئایین لە لێکدانەوەی ئەوەی لە سروشتدا دەیبینین. پێویستە دان بەوەدا بنێم، بە پێچەوانەوە، هەرچەندە لە ڕاستیدا من بڕوام بە دیزاینەرێکی گەردوونیی نییە، هۆکاری ئەوەی ئەم سەرئێشەیەم تۆشی خۆم کردووە ئەوەیە کە پێموایە بەشێوەیەکی گشتیی کاریگەریی ئەخلاقیی ئایین ترسناک بووە.
ئەمە پرسێکی گەورە و گرنگە بۆیە لێرەدا یەکلایی ناکرێتەوە. لە لایەکەوە، من دەتوانم بێکۆتا نموونە لەبارەی ئەو زیان و خراپانە بهێنمەوە کە بەهۆی پەرۆشیی ئایینییەوە ئەنجام دراون، بە درێژایی مێژوویی دوورودرێژی کۆمەڵکوژیی، هێرشی خاچ پەرستان و جیهادەکان. هەر لەم سەردەمەی خۆماندا، ئەوە پەڕگیرێکی موسوڵمان بوو کە ئەنوەر سادات-ی کوشت، پەڕگیرێکی جوولەکە بوو کە یتزخاک ڕابین-ی (Yitzhak Rabin) کوشت و پەڕگیرێکی هیندۆس بوو کە گاندی کوشت. کەس ناڵێت هیتلەر پەڕگیرێکی مەسیحیی بوو، بەڵام قوورسە وێنای ئەوە بکەیت نازیزم ئەو فۆڕمە وەربگرێت کە وەریگرت بەبێ ئەو بنچینە دژە-سامیزم-ەی مەسیحیەت بۆ سەدان ساڵ بنیاتی نابوو. لە لایەکی ترەوە، زۆربەی ئەوانەی ئایین-یان لا پەسەندە بێشومار نموونەی کاری باش دەهێننەوە کە لەلایەن ئایین-ەوە ئەنجام دراوە. بۆ نموونە، لە تازەترین کتێبیدا بە ناوی جیهانە خەیاڵییەکان (Imagined Worlds) فریمان دایسۆن (Freeman Dyson) جەختی لەسەر ڕۆڵی بڕوای ئایینیی لە نەهێشنی کۆیلایەتی کردووەتەوە. پێم باشە بە کورتی لەسەر ئەم خاڵە ڕای خۆم دەربڕم، هەوڵ نادەم بە نموونەیەک هیچ شتێک بسەلمێنم بەڵام تەنها ڕای خۆم لەهەمبەر باندۆڕی ئەخلاقیی ئایین بەیان دەکەم.
بەدڵنیاییەوە ئەوە ڕاستە کە کەمپەینی دژی کۆیلایەتی و بازرگانیکردن بە کۆیلە بە ئەندازەیەکی زۆر لەلایەن ئایندارە مەسیحیەکانەوە پشتیوانی لێکرا، لەوانەش پیاوی ئینجیلیی ولیەم ویڵبەرفۆرس (William Wilberforce) لە بەریتانیا و قەشەی تاک-خوداناس (Unitarian) ولیەم ئیلێری چانینگ (William Ellery Channing) لە ئەمریکا. بەڵام مەسیحیەت، هەروەکو ئایینە گەورەکانی جیهان، بۆ سەدان ساڵ بە ئاسوودەیی لەگەڵ کۆیلایەتی هەڵیکردووە، هەروەها لە پەیمانی نوێدا کۆیلایەتی قبووڵکراوە. کەواتە بۆ مەسیحیە دژە-کۆیلایەتی-ەکانی وەک وێڵبەرفۆرس و چانینگ چ شتێک جیاواز بوو؟ هیچ نووسراوێکی تازەی پیرۆز نەدۆزرابۆوە، نە هیچ کام لە ویڵبەرفۆرس و چانینگ بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە سروشی سەروسروشتیان بۆ هاتووە. بەڵکو سەدەی هەژدە بەرەوپێچوونێکی فراوانی عەقڵگەرایی و مرۆڤدۆستیی بەخۆیەوە بینی کە لەسەر ئەو بنەمایانەی کە هیچ پەیوەندیان بە ئایینەوە نەبوو ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوانی تر- بۆ نموونە، ئادەم سمیس (Adam Smith)، جێرمی بێنسام (Bentham) و ڕیچارد برینسلێی شێریدان (Richard Brinsley Sheridan)- بە هەمان شێوە دژی کۆیلایەتی بوەستنەوە. لۆرد مانسفێڵد (Lord Mansfield) دانەری بڕیاڕەکەی کەیسی سۆمەرسێت (Somersett’s Case)، کە کۆتایی بە کۆیلایەتیی لە بەریتانیا هێنا (هەرچەندە ناوچە داگیرکراوەکانی نەگرتەوە)، لە شتێکی باوی ئایینیی زیاتر نەبوو، بڕیارەکەی هیچ جۆرە ئاڕگومێنێکی ئایینی لەخۆ نەگرتبوو. هەرچەندە لە ساڵی ١٧٩٠ ویلبەرفۆرس داینەمۆی کەمپەینی دژی بازرگانیکردن بە کۆیلەوە بوو، ئەو جووڵانەوەیە لە پەڕلەمانەوە پشتگیریی بنەڕەتیی دەکرا لەوانە چاڕلس فۆکس (Charles Fox) و ولیەم پیت (William Pitt) کە ئەوانە بە پیاوانی ئایینی نەناسرابوون. دەتوانم بڵێم، هێندەی تۆنی ئەخلاقیی ئایین سوودی لە ڕۆحی سەردەم بینیووە هێندە ڕۆحی سەردەم سوودی لە ئایین نەبینیووە.
لەو شوێنەدا کە ئاین جیاوازییەکی درووست کرد، زیاتر پشتگیریی کۆیلایەتی بوو تا دژوەستانەوەی. لە پەڕلەماندا، لە کتێبی پیرۆزەوە ئاڕگومێنت بۆ بەرگریکردن لە بازرگانیکردن بە کۆیلە دەهێنرایەوە. فریدریک دۆگڵاس (Frederick Douglass) لە چیرۆکەکەیدا [کتێبێکە بەناوی چیرۆکی ژیانی فریدریک دۆگلاس کە خۆی نووسیویەتی] باسی ئەوە دەکات کە چۆن بارودۆخی ئەو وەکو کۆیلەیەک خراپتر بوو کاتێک گەورەکەی لە ڕووی ئایینییەوە گۆڕاوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕێگەی پێبدات کۆیلایەتی وەکو سزایەک بۆ منداڵەکانی حام (Ham) [کوڕی بچووکی نوح] پاساو بدات. ماڕک توەین (Mark Twain) وا باسی دایکی دەکات کە بەڕاستی کەسێکی باش بووە، دڵە نەرمەکەی تەنانەت بەزەیی بە شەیتاندا هاتووەتەوە، بەڵام هیچ گومانێکی لە ڕەوایەتیی کۆیلایەتی نەبووە، لەبەرئەوەی بە درێژایی ئەو ساڵانەی لە مەزوری پێش شەڕ (antebellum Missouri) ژیابوو هیچ وتارێکی لە دژی کۆیلایەتی بەر گوێ نەکەوتبوو، تەنها ئەو وتارە بێشومارانە نەبێت کە ئامۆژگاری ئەوەیان دەکرد کە کۆیلایەتی ویستی خودایە. ئایین هەبێت یان نەبێت، خەڵكی باش دەتوانن باش مامەڵە بکەن و خەڵکی خراپ دەتوانن کاری خراپ بکەن؛ بەڵام ئایین پێویستە بۆئەوەی خەڵکی باش کاری خراپ بکەن.
لە ئیمەیڵ-ێکدا کە لە لایەن کۆمەڵەی ئەمریکایی بۆ پیشکەوتنی زانست بەدەستم گەیشتووە، زانیم کە مەبەست لەم کۆنفرانسە بوونی دایەلۆگێکی بنیاتنەرانەیە لەنێوان زانست و ئایندا. من تەواو پشتگیری دایەلۆگم لە نێوان زانست و ئایندا، بەڵام نەک بنیاتنەر. یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی زانست ئەوە بووە کە ئەگەر بڕوای ئایینی بۆ خەڵکی زیرەک نەکردبێت بە شتێکی ئەستەم، ئەوا بەلایەنی کەمەوە وای کردووە شیاو بێت خەڵکانی زیرەک نائایینیی بن . پێویستە پاشەکشە لەم دەستکەوتە نەکەین.
لەبارەی ستیڤن واینبێرگ (١٩٣٣-٢٠٢١)

پڕۆفیسۆر ستیڤن واینبێرگ لە [زانکۆکانی] کۆرنێڵ (Cornell)، کۆپنهاگن و پرینستن خوێندوویەتی، لە هەریەک لە کۆڵۆمبا، بێرکلی، ئێم ئای تی و هارفارد وانەی وتووەتەوە، لە کاتێکدا لە نێوان سڵانی ١٩٧٣-١٩٨٢ خاوەنی کورسی پڕۆفیسۆری فیزیای یجین هیگنس (Eugene Higgins) بووە. لە ساڵی ١٩٨٢ چوو بۆ زانکۆی تەکساس لە ئۆستن و گروپی تیۆریی خۆی دامەزراند. لە تەکساس خاوەنی کورسی جۆسێی ڕێجێنتاڵ-ە بۆ زانست (Josey Regental Chair of Science) و ئەندامی بەشەکانی فیزیا و ئەستێرەناسییە. توێژینەوەکانی لە مەودایەکی فراواندا ئەنجام داوە، لەوانە تیۆریی بواری کوانتەم، فیزیای تەنۆلکە سەرەتاییەکان و گەردوونناسیی، ژمارەیەکی زۆر خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیا، مەدالیای نەتەوەیی بۆ زانست، خەڵاتی هاینمان لە فیزیای ماتماتیکیدا، مەدالیای کرێسۆن لە پەیمانگای فرانکلین، مەدالیای مادیسۆن لە زانکۆی پرینستن و خەڵاتی ئۆپنهایمەر.
هەروەها لە ژمارەیەکی زۆر زانکۆ دکتۆرای فەخریی پێدراوە. ئەندامی ئەکادیمیای نەتەوەییە بۆ زانست، ئەندامی کۆمەڵەی شاهانەی لەندەنە، ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکییە بۆ زانستەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ئەندامی یەکێتی نێونەتەوەیی ئەستێرەناسانە و ئەندامی کۆمەڵەی فەلسەفیی ئەمریکییە. جیا لە زانستمانە بەناوبانگەکەی بەناوی کێشکردن و گەردوونناسی، چەند کتێبێکی بۆ خوێنەری گشتیی نووسیوە لەوانە “سێ خوولەکی یەکەم” کە خەڵاتی بردووەتەوە ( بۆ ٢٢ زمان وەرگێڕدراوە)، “دۆزینەوەی تەنۆلکە نیمچە ئەتۆمیەکان” و تازەترین کتێبی بەناوی “خەونەکانی کۆتا تیۆریی” [ئێستا تازەترین کتێبی بریتییە لە ” بۆ لێکدانەوەی جیهان: دۆزینەوەی زانستی مۆدێرن” ]. تێکست بووکێکی ٢ بەرگیی لەسەر ” تیۆریی کوانتەمی بوارەکان” نووسیوە. شایانی باسە واینبێرگ ئەم ساڵ لە بەروای ٢٥/٠٧/٢٠٢١ لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوای کرد.
تێبینی/ کاتی نووسینی ئەم وتارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩١.
سەرچاوە:
https://www.physlink.com/Education/essay_weinberg.cfm?fbclid=IwAR27aKa9xBRvynTVJJ807nMsrHAojloyERA4dhclGZc0OHYLIBKgkJHGqeY