ئەگەری کوانتەمیی لە کوێوە سەرهەڵدەدات؟

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 6 خولەک

 3,413 جار بینراوە

لە گوتارێکی فەلسەفیدا سەبارەت بە ” ئەگەر“، کە لە ساڵی ١٩٨٤ بڵاوکرایەوە، لەلایەن سایمن لاپلاس، تیایدا بوونەوەرێکی هزری ناسێنرا ” عاریفێکی مەزن” کە گشت بارودۆخی فیزیکی گەردوونی ئێستامانی دەزانی. بۆ بوونەوەرێکی لەم جۆرە، کە ناسراوە بە “شەیتانەکەی لاپلاس”، هیچ شتێك لە ڕابردوو نییە نەیزانێت و هەموو ڕووداوەکانی داهاتوو هەر لە ئێستاوە دەزانێت. بەپێیی ئەو گەردوونە قورمیشکراوەکەی کە نیوتن وەسفی دەکات، دەکرێت ڕابردوو و داهاتوو لە ڕێگەی ئێستامانەوە دیاری بکرێت.

شەیتانەکەی لاپلاس تاقیکردنەوەیەکی کرداری نییە؛ چونکە ئەم بوونەوەرە زانایە پێویستە هێندەی خودی گەردوون گەورە بێت. و لە واقیعدا، داینامیکی فەوزا دەتوانێت ناکامڵی بچووك لە زانیارییە سەرەتاییەکان بگۆڕێت بۆ نادڵنیایی تەواوەتی، بەڵام لە پرەنسیپدا،  میکانیکی نیوتنی جەبرگەرایە.

دوای سەدەیەك، میکانیکی کوانتەمی هەموو شتێکی گۆڕی. فیزیای ئاسایی پێت دەڵێت سیستەمێك چۆنە و چۆنیش بەپێی تێپەربوونی کات دەگۆڕێت. میکانیکی کوانتەمیش هەمان شت دەکات، بەڵام کۆمەڵێك یاسای تەواو نوێی لەگەڵە، کە دیاری دەکات چی بەسەر سیستەمێك دا دێت کاتێك چاودێری دەکرێت یان پێوانە دەکرێت.
لە هەمووی گرینگتر ناتوانرێت بە دڵنیاییەکی تەواو پێشبینی دەرئەنجامی پێوانەکردنەکان بکرێت، تەنانەت لە پرەنسیپیشدا ناکرێت. ئەوەی پێمان دەکرێ هەژمار کردنی دەرئەنجامە ئەگەرییەکانە، بەپێی یاسای بۆرن: نەخشە شەپۆڵ “فراوانی”ـیەکی هەیە بۆ هەموو دەرئەنجامێکی پێوانەکردنێك، و ئەگەری بەدەست هێنانی ئەو ئەنجامە یەکسانە بە فراوانی نەخشە شەپۆڵەکە توان دوو.
ئەو تایبەتمەندییەی کوانتەم وای لە ئاینشتاین کرد گلەیی بکات و بڵێت خودا یاری بەزار ناکات.

توێژەرەوان هێشتا بەردەوامن لە گفتوگۆکردن لەسەر باشترین ڕێگا بۆ بیرکردنەوە لە میکانیکی کوانتەم. چەندان قوتابخانەی فکری جیاواز هەن سەبارەت بەم پرسە، کە هەندێكجار پیان دوگوترێت “لێكدانەوەکان”ـی بیردۆزی کوانتەم کە هەریەکەیان لێکدانەوەی جیاوازن بەڵام هەمان دەرەنجام دەدەن بەدەستەوە. هەموویان تایبەتمەندیەکی هاوبەشیان کۆیان دەکاتەوە، ئەویش ئەو ڕاستییەیە کە ئەگەر بنچینەییە. ئەوەش ڕامان دەکێشێت بەرەو پرسی ” ئەگەر” چییە؟

وەك هەر چەمکێکی تر، ئەگەر سەرەتا سادە و ساکار دەردەکەوێت، بەڵام هەرکە لێی ورد دەبینەوە ئاڵۆزتر دەبێت. تۆ دراوێك هەڵدەدەی چەندان جار؛  بۆ هەر فڕێدانێك نازانرێت شێر یان خەت دەردەچێت بەهیچ جۆرێك. بەڵام ئەگەر زۆر ئەو دراوە هەڵبدەین، پێشبینی دەکەین نیوەی جارەکان شێر بێت و نیوەکەی تری خەت. بۆیە دەڵێین ئەگەری دەرچوونی شێر ٪٥٠ یە، و هەمان شتیش ڕاستە بۆ خەت.

ئێمە دەتوانین ئەگەر لە ماتماتیک بەکاربهێنین بەهۆی کارەکانی ماتماتیکزانی ڕووسی ئەندری کۆلمۆگۆرۆڤ و ئەوانی تر. ئەگەر ژمارەی ڕاستین لەنێوان سفر و یەک. ئەگەری هەموو ڕووداوە جیاوازەکان کۆبکرێتەوە دەکاتە یەک. بەڵام ئەوە ڕاستەوخۆ پێمان ناڵێت ئەگەر چییە.

زۆر ڕێگە هەن بۆ پێناس کردنی ئەگەر، کە دابەش دەبن بەسەر دوو پۆلی گشتگیر، یەکەمیان دیدگایەکی “فیزیکی” یان “ئۆبجێکتڤە”، کە ئەگەر وەک تایبەتمەندییەکی بنچینەیی سیستەمەکە دەناسێنێت. نموونەیەک لە ئەگەری ئۆپجێکتڤ پێی دەوترێت ” فریکیونتیزم” کە پێناسەی ئەگەر دەکات وەك ڕێژەی دووبارە بوونەوەی ڕووداوێك، بۆ نموونە لە هەڵدانی دراوەکەمان.

دووەمیان، دیدگایەکی “سەبجێکتڤە” یاخود “بەڵگەیی” کە مامەڵە لەگەڵ ئەگەر دەکات وەك ڕەنگدانەوەی بیروڕای کەسەکان سەبارەت بە ڕاستی و درووستی ڕووداوێک یان ئەگەری ڕوودانی شتێك لە داهاتوودا. نموونەیەک لە ئەگەری سەبجێکتڤ پێی دەگوترێت ئەگەری “بەیزیان” کە جەخت لەوە دەکاتەوە ئێمە پێویستە بیروڕای خۆمان ئەپدەیت بکەینەوە سەبارەت بە ڕاستی و دروستی ڕووداوێک کاتێک زانیاری نوێ فێردەبین. کەسێکی “بایزیان” بڕوایان وایە کەسێکی عاقڵ سەرەڕای ئەوەی زانیاری ناکامڵی پێیە، دەگەڕێت و بڕیاری ڕاستی و دروستی لەسەر هەموو شتێك دەدات و بەردەوامیش بیروڕای خۆی نوێ دەکاتەوە هەرکە زانیاری نوێ فێر دەبێت. بەپێچەوانەی فریکیونتیزم، لە بیروباوەڕی بایزیان، تەواو ئاساییە ئەگەر ببەستیتەوە بە ڕووداوێک کە یەکجار ڕوودەدات و بەس، بۆ نموونە کێ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوو دەباتەوە، تەناتەت ڕووداوەکانی ڕآبردوو کە دڵنیانین لێیان.

جێی بایەخە، لێکدانەوە جیاوازەکانی میکانیکی کوانتەم مانای جیاواز بە ئەگەر دەبەخشن، بیرکردنەوە لە میکانیکی کوانتەمی دەتوانیت ڕووناکی بخاتە سەر ئەگەر. بەڵام کوانتەم ناتوانێت پێمان بڵێت کام  مانا و چەمک بۆ ئەگەر ڕاستە، چونکە هەر جۆرێك لەو ئەگەرانە شوێنی خۆیان دەکەنەوە لە یەکێك لە لێکدانەوە جیاوازەکانی میکانیکی کوانتەم

سێ لێکدامەوەی سەرەکیمان هەن لە بیردۆزی میکانیکی کوانتەمی؛

١- داڕمانی داینامیکی، بۆنموونە مۆدێلی (گی ئاڕ دەبڵیو) داڕێژرا لەلایەن گیانکاڕلۆ گیراردی و ڕیمینی و تۆلیۆ ویبەر لە ساڵی ١٩٨٥

٢- لێکدانەوەی “گۆڕاوە نادیارەکان” دیارترینیان بیردۆزی برۆگلی-بۆم، داڕێژراوە لەلایەن دەیڤد بۆم لە ساڵی ١٩٥٢ لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی لویی دی برۆگلی.

٣- لێکدانەوەی “چەندان جیهان” لەلایەن ئێڤرێت لە ساڵی ١٩٥٧

 

هەر یەک لەم لێکدانەوانە چارەسەری کێشەی پێوانەکردن دەکات لە میکانیکی کوانتەم. کێشەکە لەوەدایە کە میکانیکی کوانتەم وەسفی سیستەمێک دەکات لەڕێگەی نەخشە-شەپۆڵ، کە بە ڕێکوپێکی و پێشبینیکراوی پەرەدەسەنێت بەپێی هاوکێشەی شرۆدینگەر. بەلانیکەم تاوەکو سیستەمەکە پێوانە دەکرێت؛ بەپێی کتێبە مەنهەجییەکان نەخشە-شەپۆڵ دادەڕمێت کاتێك پێوانە دەکرێت. خودی پێوانەکردنەکە پێشبینی ناکرێت؛ نەخشە-شەپۆڵ ژمارەیەک دەداتە پاڵ هەریەک لە دەرئەنجامەکان، و ئەگەری دەرچوونی ئەو دەرئەنجامە یەکسانە بە نرخی نەخشە-شەپۆڵـەکە توان دوو. کێشەی پێوانەکردن زۆر بەسادەیی لەو پرسیارانە خۆی دەبینێتەوە؛ پێکهاتەکانی پێوانەکردنە چیین؟، کەی ڕوودەدات؟، لەبەرچی پێوانەکردنەکان جیاواز دەردەکەون لە پەرەسەندنێکی ئاسایی نەخشە-شەپۆڵ؟

بیردۆزەکانی داڕمانی داینامیکی ڕوون و ئاشکراترین چآرەسەر پێشکەش دەکەن بۆ کێشەی پێوانەکردن، ئەوان جەخت دەکەنەوە کە هەربەڕاستی پەرەسەندنی سیستەمێکی کوانتەمی هەڕەمەکییە، کە تیایدا هەر تەنۆلکەیەک ملکەچی یاسای شڕۆدینگەرە، بەڵام لە کۆتاییەکەی نەخشە-شەپۆڵەکان لە شوێنێك تەسک دەبنەوە. ئەو داڕمانانە هێندە دەگمەنن کە هەرگیز تێبینییان ناکەین بۆ تاقە تەنۆلکەیەک، بەڵام لەسەر ئاستی تەنی گەورە کە لەچەندان تەنۆلکە پێکهاتوونە، داڕمان بەردەوام ڕوودەدات. هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە ئێمە تەنی گەورەی _ وەک پشیلەکەی شرۆدینگەر_ نابینین بچێتە حاڵەتی سوپەرپۆزیشن (فرە-شوێنی). هەموو تەنۆلکەکانی سیستەنێکی گەورە گیرۆدەی یەکتر دەبن، بۆیە کاتێک تەنها یەک دانەیان نەخشە-شەپۆڵەکەی تەسک دەبێتەوە و دادەڕمێت، هەموو ئەوانی تریش بەدوای دا دێن.

ئەگەر لەم مۆدێلانەدا بنچینەییە و ئۆبجێکتیڤە. هیچ شتێك لە ساتی ئێستامان ناتوانێت داهاتوو دیاری بکات، داڕمانی داینامیکی ڕێك لەگەڵ بیروڕای فریکوێنتزمی کۆن یەکدەگرێتەوە. ئەوەی لە داهاتوو ڕوودەدات نەزانراوە، تەنها دەتوانین چەندجارەی ئەگەری ڕوودانی هەریەک لە دەرئەنجامەکان بزانین بەپێی تێپەربوونی کات. شەیتانەکەی لاپلاس ناتوانێت هەموو شتێك سەبارەت بە داهاتوو بزانین تەنانەت ئەگەر زانیاری تەواویشی هەبوو لەسەر بارودۆخی ئێستای گەردوون.

بەڵام لێکدانەوەی گۆڕاوە نادیارەکان چیڕۆکۆکی تەواو جیاوازمان پێ دەڵێت. لەمەیاندا هیچ شتێك هەڕەمەکی نییە؛ دۆخی کوانتەمی بەپێشبینیکراوی پەرەدەسەنێت، هەروەکو دۆخە کلاسیکییەکانی نیوتن. بەڵام چەمکی نوێ لەم لێکدانەوەیە بریتیییە لە “گۆڕاوە نادیارەکان”، بۆنموونە، شوێنی ڕاستەقینەی تەنۆلکەکان گۆڕاوێکی نادیارن. خۆی ئێمە تەنۆلکەکان بەڕاستی دەبینین، نەخشە-شەپۆڵەکە تەنها ڕێبەرییان دەکات.

بەمانایەکی تر، بیردۆزی گۆڕآوە نادیارەکان دەمانگەڕێنێتەوە سەر گەردوونە قوڕمیشکراوەکەی میکانیکی کلاسیکی، بەڵام بەیەک جیاوازییەوە؛ کاتێك ئێمە چاودێری سیستەمەکە ناکەین، ناتوانین و نازانین نرخی ڕاستەقینەی گۆڕاوە نادیارەکان بزانین، بۆنموونە ناتوانین بزانین شوێنی ڕاستەقینەی تەنۆلکەکە بەتەواوی لە کوێیە، تەنها دەتوانین نەخشە-شەپۆڵ ئامادە بکەین تاوەکو بەتەواوی بزانین، ئێمە تەنها ئەوکاتە نرخی گۆڕاوە نادیارەکان دەزانین کاتێک چاودێرییان دەکەین.
لەبەرئەوە پێویستە ددان بە نەزانیمان دا بنێین و ئەگەر بدەینە پاڵ نرخە جیاوازەکان.

واتا ئەگەر لە بیردۆزی گۆڕاوە نادیارەکان تەواو سەبجێکتڤە. پەیوەندی بە توانای زانینی ئێمەوە هەیە، نەوەکو چەندجارەی ئۆبجێکتیڤی ڕووداوەکان بەپێی تێپەربوونی کات. ئەگەر بێتو شەیتانەکەی لاپلاس زۆر بەتوانا بێت، هەموو شتێك سەبارەت بە نەخشە شەپۆڵ و گۆڕاوە نادیارەکان بزانێت، ئەوکات دەتوانێت پێشبینی حەتمی داهاتوو بکات، بەڵام ئەگەر شەیتانەکە تەنها زانیاری لەسەر نەخشە-شەپۆڵەکە هەبوو ئەوا تەنها دەتوانێت پێشبینی ئەگەریی بکات.

لەلایەکی تر، لێکدانەوەی چەندان-جیهان-ـمان هەیە. ئەوەیان لێکدانەوەی دڵخوازی خۆمە لە میکانیکی کوانتەمی، بەڵام ئەمەیان زەحمەترینە لە شیکردنەوەی هۆکاری هاتنەناوەی ئەگەر بۆ ناو هاوکێشەکە.

میکانیکی کوانتەمی چەندان-جیهان سادەترین پێکهاتەی هەیە. نەخشە-شەپۆڵێک هەیە کە ملکەچی هاوکێشەی شرۆدینگەر دەکات، ئەوەندە و بەس. داڕمانی تێدانییە، گۆڕاوی شاراوەی تێدانییە. لەجیاتی ئەوە، هاوکێشەی شرۆدینگەر بەکاردەهێنین تاوەکو پێشبینی بکەین چی ڕوودەدات کاتێك چاودێرێك پێوانی سیستەمێکی کوانەمی دەکات کە لە دۆخی سوپەرپۆزیشن دایە. وەڵامەکەش ئەوەیە چآودێر و سیستەمەکە بەیەکەوە گیرۆدە دەبن. لە هەر بەشێکی سوپەرپۆزیشنەکە سیستەمەکە چ دەرئەنجامێکی پێوانەیی هەبێت، چاودێرەکە ئەو دەرئەنجامەی پێوانە کردووە.

بیرۆکە مەزنەکەی ئێڤرێت ئەوە بوو “تەنها لەسەرمانە بزانین هەر بەشێکی سیستەمەکە لەیەکتر جیا دەبنەوە و بەجیا پەرەدەسەنن، و دەبنە لقی جیاوازی نەخشە-شەپۆڵ، یاخود لقی جیاوازی “جیهان”

واتا بەپێی بیروڕای ئێڤریت بۆ هەر ڕووداوێك چەندان دەرئەنجاممان هەیە لەهەمان کاتدا، بەڵام هەر دەرئەنجامێک جیا دەبێتەوە و دەبێتە جیهانێکی سەربەخۆ؛ بە مانایەکی تر، هەر نەخشە-شەپۆڵێك جیا دەبێتەوە بۆ لقی سەربەخۆ.

لەوانەیە بیرکردنەوە لەو هەموو جیهانە نەگونجاو و ناخۆش دەرکەوێت، بەڵآم ئەم شتانە ڕەخنەی زانستی مەعقول نین. پرسیارێكی مەعقوڵتر، پرسی ئەگەرە لەناو ئەم لێکدانەوەیە. لە لێکدانەوەی چەندان-جیهان ئێمە هەموو شتێك لەسەر نەخشە-شەپۆڵ دەزانین، و دەزانین چۆن پەرەدەسەنێت، هیچ شتێك تیایدا نەزانراو و پێشبینی نەکراو نییە. شەیتانەکەی لاپلاس دەتوانێت بەتەواوی داهاتووی گەردوون پێبینی بکات بە دڵنیاییەکی تەواوەوە. گەر وابێت ئەگەر هیچ ڕۆڵیکی هەیە لەم لێکدانەوەیە؟

وەڵآمەکەی بەڵێیە. هێشتا نادڵنییایەکی “خۆجێییانە” بوونی هەیە. بێنە بەرچاوت کەوا تۆ خەریکە سیستەمێکی کەوانتەمی پێوانە دەکەیت، بەوجۆرە نەخشە-شەپۆڵەکە کەرت دەکەی بەسەر دوو جیهانی جیاواز (گریمان تەنها دوو جیهان) هیچ مانایەکی نابێت بپرسی “دوای پێوانەکردنەکە من لەکام جیهانە دەبم؟” دوو کەس دەبن، هەر یەکێکیان لە جیهانێك و هەردووکیشیان لە تۆوە دروست بوون؛ هیچیان مافیان نییە خۆیان پێ دروستتر بێت لەوی تر.

بەڵآم تەنانەت ئەگەر هەردووکیان نەخشە-شەپۆڵی گەردوون بزانن، هیشتا شتێك هەیە نایزانن؛ ئەوان سەر بەکام لقی نەخشە-شەپۆڵەکەن. حەتمەن دوای کەرت بوونەکە دەرئەنجامەکە دەبینن و دەزانن سەر بەکام لق بوون، بەڵام بەر لە پێوانەکردنە کردنەکە ناتوانن بزانن لە کام لقی نەخشە-شەپۆڵ دان. فیزیازانی کوانتەمی لیڤ ڤایدمان ناوی لەم نادڵنیاییە نا، نادڵنیایی خۆجێی.

لەوانەیە بیربکەیتەوە دەکرێت زۆر بەخێرایی سەیری دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکەت بکەیت، تاوەکو هیچ کاتێک نەهێڵیەوە بۆ نادڵنیاییەکەت و هەر دەمودەست دڵنیا بیت لەوەی سەر بەکام لقی نەخشە-شەپۆڵەکەیت، بەڵام لە ڕاستیدا، نەخشە-شەپۆڵ زۆر خێرا دابەش دەبێت، بەماوەی ١٠-٢١  ـی چرکە یا کەمتریش لەوە. ئەوە زۆر خێراترە لەوەی هەر ئاماژەیەك بگاتە مێشکت. بۆیە هەردەم ساتێك بوونی دەبێت کە لەسەر لقێکی نەخشە-شەپۆڵەکەی، بەڵام نازانیت کامەیانە.

خۆم و چاڕلس سیبینس کار لەسەر پەرەپێدانی ئەم بیرۆکەیە دەکەین و پرەنسیپی تایبەتمان بۆ داڕشتووە، کە هەمان دەرەنجامی یاسای بۆرنـی میکانیکی کوانتەمیی دەدات بەدەستەوە؛ ئەگەری ئەوەی تۆ لەسەر هەر یەک لە لقەکانی نەخشە-شەپۆڵ بیت یەکسانە بە توان دووی نەخشە-شەپۆڵەکە خۆی.

لێکۆڵینەوە و خوێندنی ئەگەر لە هەڵدانی پارچە دراوێك دەمانبات بۆ کەربوونی گەردوون. بەخۆشحاڵییەوە تێگەیشتنمان لەم چەمکە نهێنیئامێزە باشتر دەبێت هاوشانی تێگەیشتنمان لە میکانیکی کوانەمیی خۆی.
___________________________________________________________________________________________________________________

لە نووسینی؛ شۆن کاڕؤڵ
وەرگێرانی؛ دابان ژیان

 

ئەگەر – probability
شەیتانەکەی لاپلاس – Laplace’s demon
نەخشە شەپۆڵ – wave function
بایزیان – Bayesian
داڕمانی میکانیکی – dynamical collapse
گۆڕاوە نادیارەکان – hidden variables
چەندان جیهان – many worlds
فرە شوێنی – superposition

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *