چوار ئامۆژگاری ئاڵتوونی
3,198 جار بینراوە
ستیڤن واینبێرگ (١٩٣٣ – ٢٠٢١) فیزیازانی ئەمەریکی، هاوشانی فیزیازان عەبدوسەلام پاکستانی کاری کرد لەپێناو یەکخستنی هێزی کارۆموگناتیسی و هێزی لاواز لە ساڵی ١٩٦٧. دواتر خەڵآتی نۆبڵی لە فیزیا وەرگت بۆ ئەم کارەی.
ناوبانگی واینبێرگ تەنها بەهۆی زانستەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ڕاشکاوی لە قسەکردندا و جوانی نووسینەکانی بوو، تەنانەت لە بابەتی نازانستیشدا. بەمجۆرە خزمەتی بوارەکانی سیاسەت و مێژووشی کردووە.
١- پێویست ناکات هەموو شتێك بزانی
ئەو کاتەی دەستم بە خوێندنی زانکۆ کرد، فیزیا وەك زەریایەکی گەورەی نهێنی-ئامێز دەهاتە بەرچاوم. “چۆن بتوانم توێژینەوەی خۆم هەبێت لە کاتێکدا هەموو شتێک لەسەر فیزیا نازانم”. زۆرێك لە قوتابیان هێندە سەرسام دەبن بە گەورەیی و قووڵی فیزیا، پەکیان دەکەوێت و ناتوانن بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.
تۆ پێویست ناکات هەموو شتێك بزانیت، چونکە ئەوکاتەی من دکتۆرام بەدەستهێنا، هەموو شتێکم نەدەزانی.
٢- لە دەریای سەخت مەلە بکە
کاتێك لە زانکۆی MIT وانەم دەگوتەوە، قوتابییەک پێی گوتم کە دەیەوێت لە بواری ڕێژەیی گشتی کاربکات نەوەکو لە بوارەکەی من – فیزیای تەنۆلکەی سەرەتایی. چونکە پێی وابوو پرەنسیپەکانی ڕێژەیی گشتی باشتر زانرابوون و دۆزرابوونەوە. و فیزیای تەنۆلکەیش زۆر ئاڵۆزاو و زەحمەت بوو.
بەبیروڕای من ئەو تەواو پێچەوانە بیری دەکردەوە، چونکە فیزیای تەنۆلکەیی هێشتا دەتوانرا داهێنانی تێدا بکرێت. ڕآستە ئەوکات فیزیای تەنۆلکەیی زۆر ئالۆز بوو، بەڵام چەندان زانای زیرەک داهێنانیان تیادا کرد و بوارەکەیان ڕیکوپێك خست، و هەروەها بیردۆزێکی جوانیان داڕشت بەناوی مۆدێلی ستاندارد.
بۆیە ئامۆژگاری من ئەوەیە، خۆت لە بواری سەخت بدە تاوەکو داهێنان بکەیت.
٢- خۆت ببەخشە ئەگەر کاتت بەفیڕۆدا
لەوانەیە جێبەجی کردنی ئەم ئامۆژگارییە سەخترینیان بێت. لەخۆبووردەبە لە بەفیڕۆدانی کاتت لەسەر کێشە و پرسە هەڵەکان. زۆر زەحمەتە بزانیت کام پرس گرینگە و کامەی کاتی شیکارکردنی هاتووە. لەسەرەتای سەدەی بیستەم، هەندێك لە باشترین فیزیازانان، وەکو لۆرێنتز و ئەبراهام، دەیانویست پرسی ئەلیکترۆن شیکار بکەن، بەڵام شیکارکردنی ئەلیکترۆن مەحاڵ بوو ئەوکاتە، چونکە هێشتا بیردۆزی میکانیکی کوانتەم نەدۆزرابەوە.
ئەگەر دەتەوێت داهێنان بکەیت، بەدڵنیاییەوە دەبێت کاتێکی زۆر بەفیڕۆ بدەیت لە کارکردن لەسەر ئەو کێشانەی کە داهێنانیان تێدا ناکرێت. و پێویستە ڕآبێیت لەسەر ئەمە.
٤- مێژووی زانست بەهەند وەربگرە
خوێندنەوەی مێژووی زانست وا دەکات کارەکەی خۆت بەگرینگ سەیر بکەی.
وەکو زانایەک، لەوانەیە داراییەوە دەوڵەمەند نەبیت. لەوانەیە هاوڕێ و ناسیاوەکانت تێنەگەن تۆ خەریکی چیت. و ئەگەر تۆ لە بەشێکی وەکو فیزیای تەنۆلکەیی کار بکەیت، ئەوا چێژ لەوە نابینیت کارەکەت یەکسەر سوودی بۆ کۆمەڵگا هەبێت. بەڵام دەتوانیت چێژ لەو ڕآستییە ببینی کە کارکردنت لە زانست دەبێتە بەشێك لە مێژوو.
بیربکەوە، سەد ساڵ بەر لەئێستا، کێ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو؟ یا کێ سەرۆکی ئەمەریکا بوو؟ زۆر گرینگ نییە. ئەوەی بەڕاستی گرینگە و دەبێتە بەشێک لە مێژوویەکی دیار، ئەوەیە کە سەد ساڵ بەر لەئێستا ئێرنست ڕەزەرفۆرد و فرێدریک سۆدی کاریان لەسەر سرووشتی تیشکاوەرەکان دەکرد و کارەکەیان گرینگییەکی زۆری هەبوو لەسەر کۆمەڵگا، لە ڕووی کردارییەوە نا، بەڵکو لەڕووی کلتووریەوە. چونکە ئەوکاتە بۆ یەکەمجار کۆمەڵگا لە سرووشتی خۆر و زەوی تێگەیشتن.
و ئەوکاتەی لە دەوڵەمەندی مێژوو تێدەگەی، بۆت دەردەکەوێت هەر لە گالیلۆوە تاوەکو نیوتن و داروین، زانست هەردەم پێگەی دۆگماتیزمی لاواز کردووە.
سەرچاوە؛ گۆڤاری نەیچەر
وەرگێران؛ دابان ژیان