هایپاتیا

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 5 خولەک

 1,970 جار بینراوە

”قۆناغی مەزنی زانستی ماتماتیکی یۆنانی بە لەدایکبوونی پیاوێک دەستی پێکرد، بەڵام بە شێوەیەکی تراژیدییانە بە مەرگی دڕندانەی ماتماتیناسێکی ژن کۆتایی هات.”
مارگرێت وێرتیەم لە کتێبی ”پانتۆڵەکەی فیساگۆرس.”
لە سەرەتای سەرهەڵدانی مەسیحییەتدا، دیاردەیەک لە دژی ماتماتیک و ماتماتیکناسان لەدایکبوو. پیاوان و ڕابەرانی کڵێسەکان خەڵکیان وریادەکردەوە کە بە هیچ جۆرێک توخنی کەسانێك نەکەون کە مەیلی ماتماتیکیان هەیە و نزیك نەبنەوە لەوانەی ماتماتیکیان کردووەتە مەشخەڵ و وشەی کافرانەی فەلسەفی و گەورەیی ژمارە بە گوێی خەڵکی سادە و عەیامی وڵاتەکەدا دەچرپێنن. لە ڕاستیدا هەندێک لە ڕابەرانی کڵێسەی ئایینی نوێی مەسیحییەت توانیان یاری بە ئەقڵ و بیرکردنەوەی ساویلکەی ئنسانی ڕۆژگارەکە بکەن و هەستی سادەی ئاینییان لە هەمبەر ماتماتیکناسان و فەیلەسوفانی یۆناندا بوروژێنن. خۆ ئەگەر ئامادە نین مەزهەبی ئایینیی خۆیان بگۆڕن و ئامادەنین لەگەڵ هێڵەکانی کڵێسەدا بە تەریبی هەنگاو هەڵبگرن، واتە ببن بە مەسیحی، ئەوا پێویستە هێرش بکرێتە سەریان. یەکێک لە قوربانییەکانی ئەم بانگەوازە دڕندانەی پیاوە شەڕانگیزەکانی کڵێسە خانمی بلیمەت و گەورەی ماتماتیک و فەلسەفەی یۆنانی هایپاتیا بوو.
هایپاتیا لە 355 ی پاش زایینی لە ئەسکەندەرییە لەدایکبووە. لە سەردەمانێکدا هاتە دونیاوە کە ژنان هەر هیچ بە ئینسان حساب نەدەکران. بابی وی، تیۆن (405-335) ، بە یەکێک لە پیاوە هەرە رۆشنبیرەکانی ڕۆژگارەکە هەژماردکراوە. ئوستادێکی گەورەی ماتماتیک بوو لە کتێبخانە هەرە مەزنەکەی ئەسکەندەرییە. یەکێک بوو لەو ماتماتیکناسانەی بنەماکانی (Elements) ئەکلیدسی بە تەرزێکی نوێ نوسییەوە و لای خۆی پاراستی، دوایی بوو بە سەرچاوەی یەکەم بۆ شاکارەکەی ئەکلیدس ”بنەماکان” لە هەموو دونیادا، ئەمە جگە لەوەی کاتێک کەوتە داڕشتنەوەی یازدە بەشی کتێبە ئەسترۆنۆمییە بەناوبانگەکەی پەتلیمۆس و تانەی زۆر ورد و نایابی لەسەر نوسی. لەم دوو پرۆژە فراوانەدا، هایپاتیا ڕۆژانە یارمەتی بابی دەدا و ئاشنایەتی لەگەڵ جیۆمەتری و ئەسترۆنۆمی یۆنانی پەیداکرد. تیۆن کچەکەی لە ناوەندێکی فکری، رۆشنبیری، فەلسەفی و کلتوری کراوەی یۆنانیدا پەروەردە کردبوو، بە جۆش و خرۆشێکی لە ئاسابەدەر دەرسەکانی ماتماتیکی بە کچەکەی دەگووتەوە. هایپاتیا، وەک دەڵێن لە تەمەنی نەوجەوانیدا زۆر لە بابی زاناتر و پەرۆشتربوو بۆ ماتماتیک، هەر لە هەمان کتێبخانەکەی بابی بووە مامۆستا. لای وی ماتماتیک و فەلسەفەی یۆنانی ئەوەندە میراتییەکی پیرۆز و نایاب بوون هەرگیز ئامادە نەبوو مەزهەبی ئایینی خۆی بگۆڕێت و بچێتە سەر ئایینی تازەی مەسیحی. لە سایەی ئامۆژگارییەکانی بابییەوە، هایپاتیا، لای گرنگ بوو خەڵک ئازادبێت، بۆ خۆیان چ مەزهەب و ئاینێک هەڵدەبژێرن ئەوە ئیرادەی خۆیانە، با فرە ئایینی بنەمایەکی باڵادەستی سیستەمی کۆمەڵگە بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە هارمۆنی و تەبایی باڵ بکێشێت بەسەر کۆمەڵگەدا، نەک بکرێت بە ئامرازێک یان چەکێک بۆ دوژمنایەتی و کوشتاری یەکتری. لای وی قودرەتی وشە گەورەترین چەکە بە هۆیەوە مرۆڤ بتوانێت کاریگەری لەسەر خەڵک درووستبکات. هایپاتیا لە نێو خەڵکدا بووە گوتاربێژێکی گەورە و بە ویقار، لە شارەکانی ترەوە دەهاتن بۆ ئەسکەندەرییە بۆ ئەوەی لە گوتار و دەرسەکانی بێبەش نەبن. لە ڕووی فەلسەفییەوە سەر بە قوتابخانەی نیو-پلاتۆنیستەکان (ئەفلاتونی نوێ) بوو، کە دوا قوتابخانەی فەلسەفی یۆنانییەکان بوو، لەسەر دەستی پلوتەنەس، کە یەکێک بوو لە بلیمەتانی فەلسەفی و ئاینیی، لە سەدەی سێی دوای زاییندا دەمەزرا. رۆمانەکان ئەم قوتابخانە فەلسەفییەیان بە ناوەندی کافران لەقەڵەمدەدا و کەسانێکیش ئەم جۆرە فکرانە بڵاودەکەنەوە، تەواو دژی ئاینی مەسیحین و پێویستە لە سنوورێکدا بوەستێنرێن
جگە لە هەڵوێستی ئایینی مەسیحیش خۆی، ئینسانی ڕۆژگارەکە هێشتا لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی شۆفێنییانەی ئەرستۆییدا بوو لە بەرانبەر ژنان. هەرچەندە ئەفلاتون و فیساگۆرس باوەڕیان بە یەکسانی و قودرەتی زانستییانەی ژنان هەبووە و کچانیان هانداوە بێن و بەشدار بن لە چالاکیدا، بۆ نمونە لە ئەلقەی برایانی فیساگۆرسەکاندا سێ کچ و ژن هەبوون . بەڵام لای ئەرستۆ ژنان توانستی ڕۆشنفکری پیاوانیان نەبووە. هۆی سەرەکی هزر و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و شیکارییانەی هایپاتیا دەگەڕێتەوە بۆ هاندان و دەستگرتنی بابی.
هایپاتیا جوانییەکی سیحری، هەیکەلێکی شیعری، دڵێکی پڕ میهر و سیمایەکی خەیاڵی هەبووە، بەڵام سەرباری ئەم جوانییانە هەرگیز شووی نەکردووە، سەرتاپای ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ ماتماتیک و ئەسترۆنۆمی.
لە ماتماتیکدا، هایپاتیا، توێژینەوەی لە شێوە جیۆمەترییەکانی کارە نابایەکەی ماتماتیکناسی گەورەی یۆنانی ئەپۆلێنەس (262 – 192) پێشزایینی، ” لەمەر قووچەکەکانی ئەپۆلێنەس”، کردووە. لەم کتێبەدا، ئەپۆلێنەس، چەمکە جیۆمەترییەکانی هایپەربۆلا، پارابۆلا و هێلکەیی پەرەپێدا. هایپاتیا توانی چەمکەکان ئاسان بکات و شاکارەکەی ئەپۆلێنەسی ژیاندەوە و بە درێژایی مێژووش بەرگەی گەرت و دوایی عەرەبەکان تەرجەمەیان کرد، پاشان لە سەدەی پازدەدا هاتەوە ئەوروپا. کاتێک یۆهان کێپلەر کەوتە توێژینەوەی جوڵەی بازنەیی هەسارەی مەریخ، بە هۆی خوێندنی شێوە جیۆمەتری و بڕگەکانی قوچەکەکەی ئەپۆلێنسەوە سەلماندی هەسارەکان، کاتێک بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، بە هیچ جۆرێک ڕەوتی بازنەیی لەخۆناگرن، بەڵکو فۆرمەکەیان هێلکەییە، ئەم یاسایەی کێپلەر لە مێژووی شۆڕشی زانستیدا وەک تەواوکەری سیستەمی چەقە-خۆری کۆپەرنیکۆسی وەهابوو.
جگە لەمانە، هایپاتیا تانەی شیکاری زۆر وردی ماتماتیکییانەی لەمەڕ شاکارە هەرە کلاسیکییە گەورەکەی دایفەنتەس (215 – 299)؟؟ پاشزایین، بە ناوی” تانە لە ئەریتماتیکای دایفەنتەس” نوسیووە. دایفەنتەس، ئەو ماتماتیکناسە گەورەیەی لە سەدەی سێی پاشزاییندا ژیاوە و بە بابی جەبر و ئەریتماتیک دادەنرێت و کارەکانی تەرکیز دەکەنە سەر هاوکێشە جەبرییەکان و تیۆری ژمارەیی. کاتێک تورکەکان لە ساڵی 1453 دا قوستەنتینپۆلیان(ئەستەبوڵێ ئێستا) داگیردەکەن و خەڵک و کتێب پێکەوە غەرقی خەڵتانی خوێن بوون، پسپۆڕانی یۆنانی ئەم کتێبە لەگەڵ خۆیان لە سەربڕینی تورکان قوتاردەکەن و پاشان دوای سەدەیەک تەرجەمەی لاتین دەکرێت و کۆپییەک دەچێتە بەردەم فێرمات. فێرمات (601 –1665) دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە، چەند تێبینییەک لە هامیشەکانی کتێبەکەدا دەنوسێت، سەرەنجام دەبن بە هۆکاری لەدایکبونی دوا تیوری فێرمات، کە لە مێژوودا پێگەیەکی بەرچاو و نەمری هەیە.
زۆربەی قوتابییەکانی هایپاتیا لە دەڤەری جیاجیای ناوچە مەسیحییەکانەوە دەهاتن، تەنانەت لە سوریا و لیبیاوە دەهاتن بۆ ڕاهێنانی كلتوری، دواییش هەموو ئەمانە پێگەی کۆمەڵایەتی، ئایینی و حکومییان وەردەگرت. دەرسە فەلسەفییەکانی هایپاتیا زیاتر پەیوەستبوون بە گەڕان لە دوی هەقیقەتی قووڵی خودا و سروشتی دونیا و بوون، بە هیچ جۆرێک دژایەتی بیروباوەڕی مەسیحانی نەکردووە، جگە لەوەی بە هەموو شێوەیەک تێکۆشاوە لە کڵتوری تقوسی تەقلیدی دووربکەوێتەوە.
کارەکانی هایپاتیا لە بواری ئەسترۆنۆمیدا بریتی بوون لە داهێنانی ئەسترۆلەبڵ (Astrolabe)، کە ئامێرێکە بۆ خوێندنی لاربونەوەی هەسارەکان، لە گەشتە جوگرافی و دەریاییەکاندا سودێکی لە ئاسابەدەری هەبوو. هەرچەندە ئەمە شتێک نییە تەواو ڕاست بێت، چونکە هەندێک سەرچاوەی تر مێژوی لەدایکبونی ئەم ئامێرە دەگێڕنەوە بۆ سەدەیەک پێش هایپاتیا.
لە دەوروبەری 400 ی پاشزاینیدا، سەینت ئەوگەستینی هیپۆ (354–430)، ئەو کڵتورە نەشازەی بڵاوکردەوە کە ” پێویستە مەسیحی پاك وریابێت لە ماتماتیکناسان و هەموو ئەوانەی پێشبینی بەتاڵ دەکەن، ئەمانە لەگەڵ شەیتاندا پەیمانیان بەستووە بۆ ئەو مەبەستەی ڕۆحی ئنسان تاریک بکەن و لە کۆت و بەندی جەهەنەمی بئاڵێنن”. ئەم بانگەشە پڕ ئاشوبانە جگە لە چەواشەکردن و تێکدانی ئەقڵی خەڵک و وروژاندنی ئنسانی ساویلکەی مەسیحی سەردەمەکە هیچ پەیامێکی ئایینی، مرۆیی و بەزەیی تری لە ئامێز نەگرتبوو.
تیۆفیلەس (384–412)، یەکێک بوو لەو مەترانە دڕندە و بێ بەزەییانەی هەتا 412 ی زاینی، حوکمی کڵێسەی ئەسکەندەرییەی لە میسر کرد. چەند ساڵێک بوو هانی عەوام و مەسیحییە ڕۆمانەکانی دەدا هێرش بکەنە سەر پەرستگای خواوەندە یۆنانییەکان. لە سەرەتای ساڵانی 400 کاندا هێرشیان کردە سەر پەرستگای سێراپیۆم، کە ناوەندی خواوەندی میسری و یۆنانییەکان بوو، سەدان کتێبی بە نرخی یۆنانی تێدابوو، خاپوریان کرد. بەڵام تیۆفیلەس هاوڕێیەکی نزیکی هەبوو ناوی سینێسیۆس بوو، کە هەم قوتابی هایپاتیا بوو هەم زۆریش سەرسام بوو بە هایپاتیا، هەر بۆیەش تیۆفیلەس چاوپۆشی لە خوێندنگەی فەلسەفی و ماتماتیکی هایپاتیا کرد. بەڵام ئەم جۆرە لێبوردەییە ئەوەندەی نەخایاند، کاتێک سینێسیۆس مرد و پاشان لە ساڵی 412 دا تیۆفێلەسیش مرد. گڕی ئاشوب و توندوتیژی دژی غەیرە مەسیحان زیاتر کڵپەی سەند. کە سیریڵڵ بووە مەتران لە ئەسکەندەرییە هایپاتیا و قوتابخانەکەی بوونە ئامانج.
بە داخەوە، لە رۆژێکی ساڵی 415 دا، هایپاتیا، لە رێگە دەگەڕایەوە بۆ ماڵ، باندێکی دڕندە بە ڕابەری پیتەر، کە خوێنەری کتێبی پیرۆز بوو لە کڵێسە، هێرشیان کردە سەری، لە گالیسکەکەی دایانگرت، سیپاڵ و پۆشاکیان دادڕی، ڕووتیان کردەوە، بردیان بۆ کڵێسەی کایسەریەم و لەوێ پارچە پارچەیان کرد، دواییش لاشەکەیان بە نێو کۆڵانەکاندا ڕادەکێشا و ئنجا ئەندامەکانی لەشیان سوتاند.
هایپاتیا بەمجۆرە تراجیدییە ژیانی کۆتاییهات، بەرهەمە ماتماتیکییەکانی بە نەمری مانەوە. لە ڕۆژگاری ڕۆشنگەریدا بوو بە سیمبوڵی بیرکردنەوەی ئازاد لە دژی دەسەڵاتی کڵێسە، لەسەدەی نۆزدەدا نوسەری گەورە، چارڵز کینگزلی، لە ساڵی 1853 دا، ژیانی هایپاتیای وەک پاڵەوانێکی ڕۆمانسی داستانێکی مێژوویی داڕشتەوە. لە سەدەی بیستەمیشدا بوو هێمایەک بۆ ئازادی ژنان.
رۆجەر بەیکن (1214 – 1292)، فەیلەسوفی ئنگلیزی لە سەدەی سیازدەدا، تێکۆشا دیدی مرۆڤایەتی لە هەمبەر ماتماتیک بگۆڕێت و خەڵکی وریاکردەوە کە ماتماتیک چالاکییەک نییە ببێت بە هۆی مەحرومکردنی ئنسان لە بەهەشت یان بە ئاراستەی کفر راپێچی بکات، بەڵکو زانستێکە فەرامۆشکردنی زیان بە کۆمەڵ دەگەیەنێت، لەم بارەیەوە دەڵێت، ” ماتماتیک هەم دەروازە و هەم کلیلی زانستەکانە… فەرامۆشکردنی بەرهەمە ماتماتیکییەکان دەبێت بە هۆی ڕووشاندنی سەرتاپای ماریفەت، چونکە ئەو کەسەی لە ماتماتیکدا ناشییە، ناتوانێت لە زانستەکانی تر، یاخود دەربارەی دونیا، شت بزانێت. ئنجا لەوەش خراپتر، خەڵکانێک بەمجۆرە جاهل بن، توانستی وێناکردنی جەهالەتی خۆیان نییە و لە دوی چارەش ناگەڕێن.”
بە مەرگی هایپاتیا، ماتماتیک چووە قۆناغی متبوونەوە، هەتا سەردەمانێک ڕۆشنایی گەڕایەوە بۆ ئەوروپا و قۆناغی ڕێنیسانس لەدایکبوو. ژنێکی تر، کە نێوی ماریا ئەگنێسی بوو، لە ئیتاڵیاوە مەشخەڵی هەقیقەتی ماتماتیکی بەرزکردەوە و لە نێو پیاوانی رٶژگارەکەدا پێگەیەکی بەرزی بۆ خۆی داگیرکرد.
بەشێک لە ”ژن، سیما جوانەکانی ماتماتیک”، نوسینی شێرکۆ رەشێد قادر

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *