ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر
4,706 جار بینراوە
ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر؛ باوکی چەکی ئەتۆمی
ڕۆبەرت ئۆپنهایمەری فیزیاناس، بەڕێوبەری تاقیگەی لۆس ئەلەمۆس بوو لەسەردەمی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. دوای داگیرکردنی پۆڵەندا لەلایەن ئەڵمانیای نازی، ئۆپنهایمەر ئەرکی پرۆژەی مانهاتنی پێسپێردرا، ئەو پرۆگرامەی کە بووە دروستکردنی یەکەم چەکی ناوەکی لەکاتی جەنگی جیهانی دووەم. دوای دەست لەکار کێشانەوەی لە پۆستەکەی لە ساڵی ١٩٤٥، بوو بە سەرۆکی لێژنەی ڕاوێژکاری گشتی بۆ کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی. جۆن کەنەدی، بەرلەوەی تیرۆر بکرێت، ڕایگەیاند ئۆپنهایمەر خەڵآتی ئینریکۆ فێرمی پێ دەبەخشرێت بۆ دەستکەوتە فیزیاییەکانی. دواتر خەڵاتەکەی پێ بەخشرا لەلایەن سەرۆک لیندن جۆنسن لە مانگی دوازەی هەمان ساڵ. ئۆپنهایمەر ناسراو بە “باوکی چەکی ئەتۆمی” بەنەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوای کرد لە تەمەنی ٦٢ ساڵی لە شاری نیوجێرزی لە ساڵی١٩٦٧.
سەرەتای ژیانی
ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر لە ٢٢ ـی نیسانی ساڵی ١٩٠٤ لە شاری نیویۆرک لە دایک بووە، باوکی جولەکەیەکی ئەڵمانی بوو، کۆچی کردبووە ئەمەریکا لە تەمەنی ١٧ ساڵی، خاوەنی کۆمپانیایەکی سەرکەتوو بوو لە هاوردەکردنی قوماش. باوکی کەسیکی چاڵاک بوو لەچەندان کاروباری کۆمەڵایەتی، و زۆری حەز لە بابەتی هونەری و مۆسیقی بوو. کۆمەڵێك تابلۆی باشی کۆکردبەوە، لەوانەش سی تابلۆی ڤان کۆخ.
دایکی ئۆپنهایمەریش، ئیلیا، کەسێکی نەرمونیان و نیگارکێش بووە، و براکەشی زانای تاقیکاری فیزیا بوو. ئۆپنهایمەر پەیوەندی توندی لەگەڵ دایکی و براکەی هەبووە. و هەروەها لەخوێندن قوتابییەکی زیرەک بوو، و لێزان و بەهرەمەند بوو و حەزی بە ئەدەبیاتی ئینگلیزی و فەرەنسی هەبووە و بەتایبەتیش زانستی کانزاناسی. پۆلی سێیەم و چوارەمی بەیەک ساڵ بڕیوە، لە دوا ساڵی خوێندنی حەزی دەچێتە کیمیا، و دەچێتە کۆلێژی هارڤارد لە تەمەنی ١٨ ساڵی. بەمجۆرە دەستی بە خوێندنی کیمیا کرد، بەڵام لە هارڤارد دەبوو قوتابیانی بەشی زانستی وانەکانی مێژوو و ئەدەبیات و فەلسەفە و بیرکاریش بخوێنن. لەوێدا ئۆپنهایمەر حەزی دەچێتە فیزیای تاقیکاریی لە کۆرسی داینامیکی گەرمی کە ئەوکاتە لەلایەن زانا پێرسی برێجمان دەگوتراوە.
خوێندنی لە ئەوڕوپا
لە ساڵی ١٩٢٤، ئۆپنهایمەر لە کۆلێژی کرایست لە زانکۆی کامبرێج قبوڵ کرا. نامەیەکی بۆ ڕەزەرفۆرد نووسی تیایدا داوای قبووڵی کردبوو لە تاقیگەی کانڤادیش وەربگیرێت، بەڵام مامۆستاکانی ئۆپنهایمەر ڕەزەرفۆردیان ئاگادار کردبەوە کەوا ئەو لە تاقیگەدا هەڵەشە و نەشارەزایە، و لە ڕاستیدا لە بواری بیردۆزیی زیرەکترە. لە کۆتایدا ڕەزەرفۆرد ئۆپنهایمەری قبوڵ نەکرد. بەڵام ئۆپنهایمەر کۆڵی نەدا و ئۆفەری دیکەی پێشکەش کرا، لە کۆتاییدا قبوڵ کرا لە لایەن ج. ج، تۆمپسن بەومەرجەی کۆرسی بنچینەیی تاقیگەی وەرگرت.
لە ساڵی ١٩٢٦، ئۆپمهایمەر کامبرێجی جێهێشت و چووە زانکۆی گۆتنگن تاوەکو لە ژێر دەستی ماکس بۆرن بخوێنێت. ئەوکاتە گۆنتنگن یەکێك لە باشترین سەنتەرەکان بوو لە فیزیای بیردۆزیی. ئۆپنهایمەر لەوێ چەندان هاوڕێی پەیداکرد کە دواتر بوون بە کەسایەتی گرینگ، لەوانیش؛ ڤێرنەر هایزنبێرگ، ئینریکۆ فێرمی، وۆڵفگانگ پاوڵی و ئیوارد تێڵەر
لەساڵی ١٩٢٧، بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرت لەلایەن ماکس بۆرنـەوە. گوایە ماکس بۆڕن دوای پێدانی بڕوانامەکە گوتبووی “پێمخۆشە پرۆگرامەکەی تەواو بوو، خۆ خەریک بوو گومانی لە خۆشم دەکرد”
کارە پەروەردەییەکانی
ئۆپنهایمەر خەڵاتی ئەنجومەنی توێژینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای بەدەست هێنا لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیا (ناسراو بە کاڵتێک). لە سپتێمبەری ساڵی ١٩٢٧. ئەو بە هاوەڵی لەهەردوو زانکۆی کاڵتێک و هارڤارد وانەی دەگوتەوە لە ساڵەکانی ١٩٢٧ و تا ١٩٢٨.
لەپایزی ساڵی ١٩٢٨، سەردانی زانکۆی لیدینـی کرد لە هۆڵەندا، تیدا هەمووانی سەرسام کرد سەرەڕآی ئەوەی ئەزموونی کەمی هەبوو لەسەر زمانەکەیان. دواتریش چووە پەیمانگای فیدڕالی سویسری تەکنەلۆژی لە زیورخ، لەگەڵ وۆڵفگانگ پاوڵی کاری کرد لەسەر میکانیکی کوانتەم و شەبەنگی ڕووناکی. ئۆپنهایمەر هێندە سەرسامی پاوڵی بوو کە هەمان شێوازی ستایلی کەسی و چۆنییەتی بیرکردنەوەی لە کێشەکانی ئەوی لاسایی دەکردەوە،
دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا، بەهاوەڵی لە هەردوو زانکۆی بێرکڵی و کاڵتێك وانەی دەگوتەوە.
قوتابییەکانی بەسەر دوو بەرە دابەش بوو بوون، بەشێکیان پێیان وابوو کەسێکی بلیمەت و دوورەپەرێز و جوانپەرستە. بەشەکەی تر پێان وابوو لەخۆبایی و پۆزلێدەر و جێگەی باوەڕ نییە،
بەڵام زۆرینەی قوتابییەکان سەر بە بەرەی یەکەم بوون و سەرسام بوون پێی، تا ئەو ئاستەی هانس بێس ئەم نامەیەی لەسەر نووسی؛ پێموایە گرینگترین توخمی نێو وانەکانی زەوق و سەلیقەی جوانی بوو، هەردەم دەیزانی کام پرسیار گرینگن، تەواو لەگەڵ پرسیارەکان دەژیا و خۆی بۆ وەڵامەکانیان ماندوو دەکرد. و هەموو بیروڕاکانی خۆی بە گروپەکانی دەگوت.
پڕۆژەی مانهاتان
لە ساڵی ١٩٤٢، لەشکری ئەمەریکی پڕۆژەی مانهاتنی دامەزراند بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. ئۆپنهایمەر وەکو سەرۆکی بەشی تاقیگەی چەکی نهێنی هەڵبژێردرا. ئەو بڕیارە زۆر کەسی سەرسام کرد، چونکە ئۆپنهایمەر هەرگیز پێشتر ڕابەرایەتی هیچ پرۆژەیەکی گەورەی لەم شێوەیەی نەکردبوو. سەرەڕآی ئەوەی ئۆپنهایمەر خەڵاتی نۆبڵی نەبوو، وە لەوانەیە هێندە شۆکۆمەندیشی نەبووبێت تاوکو هاوەڵە فیزیاییەکانی ڕێبەری بکات لە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە، بەڵام شارەزایی و لێهاتوویی لە لایەنی عەمەلی درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و تموحی لەڕادەبەدەری بۆ پرۆژەکە وای کرد هەڵبژێردرێت وەک سەرۆکی پڕۆژەکە.
ئۆپنهایمەر و گڕۆڤس ناوچەیەکی نهێنیان لە نیو مەکسیکۆ هەڵبژارد بۆ درووستکردنی تاقیگەی لۆس ئەڵامۆس.
تاقیگەی لۆس ئاڵامۆس لە پرۆژەیەکی بچووکی چەند سەد کەسی لە ساڵی ١٩٤٣، گۆڕا بۆ تاقیگەیەکی مەزنی ٦٠٠٠ کەسی تا ساڵی ١٩٤٥.
هەوڵی بە کۆمەڵی زانایان لە لۆس ئەڵمۆس بووە هۆی درووستکردن و تاقیکردنەوەی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی. ئەو شوێنە نهێنییەی بۆمبەکەیان لێ تاقیکردنەوە ناوی نرابوو “ترینیتی” لە نیو مەکسیکۆ لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٤. ئۆپنهایمەر گوتبووی لە کاتی بینینی تەقینەوەکە بۆ یەکەمینجار، دەقێکی لە کتێبی پیرۆزی هیندۆسییەکانی بەخەیاڵ داهاتبوو لە کتێبی گیتا “مەگەر ڕۆشنایی هەزاران خۆر لە ئاسماندا بەیەکجار کڵپەبگرن، ئەوکات دەگات بە جوانی خودا”
دوای چەندان ساڵ لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی زیاتر باسی ئەو هەستی خۆی کرد لەکاتی نیگاکردنی تاقیکردنەوەی بۆمبەکە؛
دەمانزانی دونیا وەکو خۆی لێنایەتەوە. هەندێك پێکەنین و هەندێکیش گریان، بەڵام زۆربەیان بێدەنگ بوون،
“ئێستا من بووم بە مردن، وێرانکەری دونیا” هەموومان ئەو خەیاڵەمان کرد لە ساتی بینینی تەقینەوەکە.

پرۆژەی مانهاتان
تۆماس فارێڵ کە ئامادەبوو لەگەڵ ئۆپنهایمەر لە شوێنی چاڵاک کردنی بۆمبەکە بەمجۆرە کاردانەوەی ئۆپنهایمەر باس دەکات؛ دکتۆر ئۆپنهایمەر، کە ئەرکێکی یەکجار قورسی لەسەر شآن بوو، هەستی بە گرژی و پەشێوییەکی توند کرد لەدوا چرکەساتەکانی بەر لە تاقیکردنەوەی بۆمبەکە. بە زەحمەت هەناسەی دەدا و خۆی بە ستوونێکەوە گرتبوو. لەدوا ساتەکاندا بەردەوام چآوی لەسەر شوێنی تاقیکردنەوکە بوو، و کاتێک جاڕدەرەکە گووتی “ئێستا!!”ڕۆشناییەکی بێئەندازەی ڕووناکی ئاسمانی داگرت، لە دوایش نەڕەی تەقینەوەیەکی یەکجار گەورە هات. دوای ئەمە ڕووخساری گۆڕا بۆ حەسانەوە و ئاسوودەییەکی زۆر.
دوای ئەوەی پرۆژەکە بە سەرکەوتووی ئامادەبوو، لە ٦ و ٩ ی ئۆگەستی ساڵی ١٩٤٥، دوو بۆمبی ناوەکی
هەردوو شاری هیرۆشیما و ناکازاکی پێکا لە وڵاتی یابان. دەرئەنجام ٨٠ هەزار هاووڵاتی لە شاری هیرۆشیما مردن و ٤٠ هەزاریش لە شاری ناکازاکی. و دەیان هەزاریش دواتر وەك بەرکەوتەی تیشکی بۆمبەکە مردن. یابان دوای چەند ڕۆژێك لە بۆمباران کردنەکە خۆی دا بەدەستەوەو جەنگی جیهانی دووەم کۆتایی پێهات.
لەو شەوەی هیرۆشیمان بۆمباران کرا ئۆپنهایمەر هاتە سەر ستەیج لە لۆس ئاڵمۆس و دەستەکانی بەرزکردەوە وەک نیشانەی سەرکەوتن لەکاتێكدا هاوەڵەکانی ئاهەنگیان دەگێرا. و داخ و پەژارەی خۆی دەربڕی سەربارەت بە ئامادەنەبوونی بۆمبەکە لەو کاتەی هێشتا نازییەکان لەسەر حوکم بوون. هەرچۆنێك بێت، ئۆپنهایمەر و زۆرێك لە ستافی پرۆژەکە دڵتەنگ بوون دەربارەی بۆمبارانکردنی ناکازاکی چونکە پێیان وانەبوو دووەم تەقینەوە هیچ پێوسیتییەکی هەبووبێت لەلایەنی سەربازییەوە.
دوای جەنگ
دوای ئەوەی زانیاری تەواو گەیشتە دەستی ستافی پرۆژەی مانهاتن و لە ئەندازەی ئەو کاولکارییە تێگەیشتن کە بەسەر وڵاتی یابانیان هێنا، دەستان کرد بە پرسیارکردن لەسەر ڕاستی و دروستی بەکارهێنانی بۆمبەکە.
لەکۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٤٥، ئۆپنهایمەر سەردانی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکای کرد، هاری ترومن، سەبارەت بە کۆنترؤڵ کردنی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی لە سەرانسەری جیهان. هاری داواکارییەکەی ڕەت کردەوە، چونکە ترسی هەبوو لە یەکێتی سۆڤیەت لە پەرەپێدانی چەکی ناوەکی خۆیان.
ئۆپنهایمەر بە سەرۆک هاری گوتبوو لەبەر ئازاری ویژدان چیتر ناتوانێت هیچ بکات و هەست دەکات “دەستی سوورە بە خوێن” ئەوەش سەرۆک هاری توڕە دەکات و ئۆپنهایمەر دەردەکات لە ژوورەکەی و دەڵێت “ئەوە منم کە دەستەکانم سوورە بەخوێن، ئەو خەمە بۆ من جێ بهێڵن”
دوای جەنگ ئۆپنهایمەر بەردەوام بوو لە هەوڵی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و دەستی کرد بەکارکردن لگەڵ کۆمسیۆنی وزەی ئەتۆمی لەپێناو کۆنترۆڵ کردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام سەرۆک هاری ترومن دژی ئەم هەوڵە وەستایەوە و لەساڵی ١٩٥٢ بۆمبی هایدرۆجییان دروست کرد و تاقییان کردەوە.
حکومەت ئۆپنهایمەری لە پۆستەکەی دوورخستەوە بەبۆنەی ئەوەی دژی درووستکردنی چەکی هایدرۆجینی وەستایەوە و هاوکات هاوەڵی کۆمیونستی هەبوو، ئەوەش بووە شک و گومان لەسەری کە سیخوڕی یەکێتی سۆڤییەت بێت.
مەرگی ئۆپنهایمەر
ئۆپنهایمەر جگەرەکێشێکی بەردەوام بوو، لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٥ تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی قورگ بوو. دوای نەشتەرگەرییەکی نیوەچڵ و چوونە ژێر چآرەسەری تیشکیی و چارەسەری کیمیایی شکستخواردوو.
لە ١٥ ی فابرایەری ساڵی ١٩٦٧ کەوتە باری بێهۆشی (کۆما) و ماڵەکەی خۆیدا لە پرینستن لە نیوجێرزی دوای سێ رۆژ کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٦٢ ساڵی دا. پرسەکەی بەڕێوە چوو بە ئامادەبوونی ٦٠٠ زانا و هاوەڵی سیاسی و جەنگی خۆی و کەسانی دیار.
________________________________________________________
وەرگێران؛ دابان ژیان