کالکیولەس: تارمایی سروشت و زانستی هاوچەرخ

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 4 خولەک

 783 جار بینراوە

گەورەترین شۆڕش لە ماتماتیکدا لەسەدەی هەڤدەدا هەڵگیرسا، ئەویش کاتێک دوو زانای گەورەی شۆڕشی زانستی ئامرازی پڕقودرەتی کالکیولەسیان داهێنا(یان دۆزییەوە)، لە راستیدا ئەمە بۆ خۆی تاکە گرنگترین بازدانی مێژوویی ماتماتیک بوو، ماتماتیکی لە قۆناغێکی سەرەتاییەوە گواستەوە بۆ قۆناغێکی ئێجگار نوێ. لە لەدایکبونی کالکیولەس هەموو شتیکی گۆڕی. ئیسحاق نیوتن و گۆتفرێد لایبنیز، هەردوک بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە دەوروبەری ساڵانی 1680 کاندا کالکیولەسیان دۆزییەوە. یەکەمجار لەیبنیز بابەتەکەی چاپکرد، بەڵام نیوتن بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو بیست ساڵ پێش لە 1666 دا بابەتەکەی داهێناوە. زانایانی ئنگلتەرە هەستی نەتەوایەتییان خرۆشا و لەیبنیزیان بە کەسێکی غەشاش لە قەڵەمدا. ئەم جەنگە ماتماتیکییە بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان لە نێوان ماتماتیکناسانی ئنگلیز و ئەوروپا، هەتا کار گەیشتە ئەوەی کە لە دوای سەدەیەک ئنگلیز لەم جەنگەدا بە دۆڕاو وازیهێنا و لەیبنیز بە یەکەم داهێنەری کالکیولەس هەژماردکرا.هەرچەندە بە پلەی یەکەم موڵکی هەر یەک لە نیوتن و لایبنیزە، بەڵام بەر لەم دوو مەزنە، گەلێک ماتماتیکناسی گەورەی تر دەستیان هەبووە لە پەرەسەندنی چەمک و تیوری کالکیولەس. بە تایبەتی فێرمات و دێکارت لە فەرنسا و ئیسحاق بارۆ و جۆن والیس لە ئنگلتەرە.

کالکیولەس بریتییە لە تیۆری گۆڕانی بەردەوام، کە ئەمە پرۆسەیەکە، بە نەرمی شتێک دەجوڵێت و ناوەستێت، بۆ نمونە هەسارەکان بە بەدەوامی دەجوڵێن و بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، لەم سوڕانەوەیەدا، نە وەستان بوونی هەیە، نە لادان شتێکە مایەی قبوڵ بێت، شەو بێ یان رۆژ لە ئاسماندا هەمیشە گیزەیان دێت و فۆرمی رەوتەکەشیان هێلکەییە. لە هەر ساتە وەختێکدا بێت فەلەکناس دەتوانێت پێشبینی جوڵەی ئەم هەسارانە بکات و خێرایی و تاودانیان بدۆزێتەوە. بازاڕیش بە هەمان شێوە، هەمیشە لە جەرەیاندایە و هەرگیز ناوەستێت، ئابوریناس لەسەر کورسییەک دانیشتوە و پێشبینی گۆڕانە ئابوورییەکانی بازاڕ دەکات. چەکی هەرە بە هێزی هەموو ئەمانە ماتماتیکی کالکیولەسە. بێ کالکیولەس جیهانی هاوچەرخ مەحاڵە.بەر لە سەرهەڵدان یان دۆزینەوەی کالکیولەس، ماتماتیک بەو جۆرەی ئێستا میتۆدێک یان ئامرازێک بۆ پەرەسەندن و بەرەوپێشچونی کۆمەڵگە نەبوو، زیاتر بابەتێک بوو بۆ چێژ، راستە لە سەردەمی شۆڕشی زانستیدا ماتماتیک هۆکارێکی بەهێز بووە بە دەست هەر یەک لە کۆپەرنیکۆس، کێپلەر و گالیلۆ و نیوتن و دێکارتەوە، بەڵام هێشتا نەبووبوو بە کایەیەک بۆ توێژینەوەی پیشەسازی، پزیشکی و بایولۆژی و شتی تر. دوای دۆزینەوەی ئەلگۆریتم و کالکیولەس، ماتماتیک هەنگاوی گەورە و فراوانی لە گۆڕینی سیستەمی بیرکردنەوەی ئنساندا هەڵگرت. بەتایبەت لە رۆژگاری تەکنەلۆژی ئەمڕۆدا، بە بێ کالکیولەس و ئەلگۆریتم پیشەسازی و بورسە و سەتەلایت و چەندەها بواری تریش سەرتاپا ئیفلیجن، ئامرازی سەرەکی بزوێنەری تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ و کۆمەڵگە پێشکەوتوەکانە.زۆربەی کات روبەڕوی ئەم پرسیارە قورسە دەبمەوە: ماتماتیک سودی چییە؟ منیش یەکسەر دەمەوێت رۆڵی کالکیولەس وەک نمونەیەکی بەرزی پڕ بەها و توانستییانەی زانستی ماتماتیک بۆ خەڵک بە زمانێکی سادە و شەقام ئاسان بکەم. بەڵام ئەمە هەروا کارێکی ساکار نییە، کالکیوس زمانی هەرە پایە بڵندی فیزیک و بایۆلۆژی و فەلەک و پزیشکی و داراییە. کالکیولەس لە دوو کایە پێکهاتووە، یەکەم، پێی دەگوترێت کالکیولەسی جیاکاری، کە چەمکی داتاشینی فەنکشن یان دالە بەکاردەهێنێت بۆ خوێندنی رەوش و رێژەی شتەکان کە چۆن بڕەکان دەگۆڕێن. کاتێک پرۆسەی داتاشین بە سەر فەنکشێنکدا راڤەدەکەین، ئەوا دەتوانین گرافی فەنکشەنەکە شیکار و حساب بکەین یان پێشبینی زۆر شت بکەین هەر لە کەشەوە هەتا دەگاتە گۆڕانی ئەوەی لە زانستی ئابوریدا پێی دەڵێن عەرز و تەڵەب. دووەم کایەی بەهێزی کالکیولەس بە تەواوکاری ناسراوە. تەواوکاری پێچەوانەی پرۆسەی جیاکارییە. یۆنانییەکان، بە تایبەتی ئودۆکس، بە پلەی یەکەم و ئەرکەمیدس بە پلەی دووەم زۆر نزیکبون لە داهێنانی ئەم میتۆدە ماتماتیکییە. خەڵک بە گشتی گەورەیی یۆنانییەکان لە فەلسەفە و شانۆ و دیموکراسی و شتی تردا دەبینن، بەڵام بە داخەوە، هەتا چاوێک بە نایابی ماتماتیکی یۆنانیدا نەخشێنین، نازانین شارستانیەتی یۆنانی چەند ئەقڵێکی پێشکەوتوو بوون، بە راستی مایەی سەرسوڕمان و خوردبونەوەیە.هەرچەندە ئەم دوو کایەیە لە بواری شرۆڤەکاریدا لە یەکتر جودان، بەڵام هەردوک لە سایەی تیورمی بنەڕەتییانەی کالکیولەسدا پێکەوە گرێدراون.لە نێو ئەو دیسپلینە فراوانانەدا کە کالکیولەس رۆڵێکی چالاک و نایابی هەیە بریتییە لە فیزیا، ئەندازەیی، ئابوری، ئامار و پزیشکی. کالکیولەس بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی مۆدڵی ماتماتیکی بۆ ئەوەی حلێکی کامڵ و کاڵا بە قەد باڵای پرۆژەکەمان دەست بکەوێت. لە فیزیکدا لە چەمکەکانی هەر یەک لە جوڵە، کارەبا، گەرمی، روناکی و جوڵەی هارمۆنی، داینەمیک و ئەسترۆنۆمیدا بە مەودایەکی فراوان بەکار دەهێنریت. لە راستیدا هەندێک لە چەمکە هەرە پێشکەوتوەکانی فیزیک، وەکو ئەلکترۆماگنێتیک و تیوری گشتی و بە تایبەتی ئاینشتاین کالکیولەس بەکاردەهێنرێت. لە بواری کیمیادا، کالکیولەس دەخرێتەگەڕ بۆ پێشبینیکردنی فەنکشنەکانی وەکو رێژەی کارلێکی کیمیایی لە چاوگە ناوکییەکان و بەرهەمهێنانی وزەی ناوکی و خراپبوونی تیشکە ناوکییەکان. لە بایۆلۆژیادا رۆلێکی بەرچاوی هەیە لە دیاریکردنی رێژەکانی مردن و لەدایکبون. لە ئابوریدا بەکاردەهێنرێت بۆ پرسەکانی هەر یەکە لە نرخ و سەرمایە، قازانج و داهات، پێشبینیکردنی گۆرانی ساتەوەختی نرخ و پشک لە بازارە گەورە و دەسەڵاتدارەکانی وەک ۆڵڵ ستریت و سیتی و یابان و ناوەندە پێشکەوتوەکانی پیشەسازی بانق و قەرددان بە وڵاتان و قەردوەرگرتنەوە و دیاریکردنی نرخی دراوە جیهانییەکان لە زەمەنێکی زۆر کورتدا. ئابوریناسان بە هۆی ماتماتیکی کالکیولەسەوە دەتوانن بە وردی و دور لە هەمو پشێوییەک پێشبینی بەرزترین و نزمترین قازانج لە هەمو کالاکانی بازاڕی جیهانی سەرمایەریدا بکەن. سەرباری هەموو ئەمانەش دەتوانن یاری بە بازاڕی جیهانی نەوت و ئاڵتون و دراوی نەیارانیش بکەن. جگە لەوەی کالکیولەس لە ماتماتیک خۆیدا لە هەریەک لە جەبر، جیۆمەتری شیکاری و دیسیپلینەکانی تری وەکو ئاماردا رۆڵی بەرچاوی هەیە.سەیرە ئەگەر بڵێین کالکیولەس ئەوەندەی خزمەتی زانستەکان دەکات ئەوەندە خزمەتی ماتماتیک خۆی ناکات، هەر بۆیەش لە کۆنەوە گووتویانە ماتماتیک خزمەتکاری زانستەکانە بەڵام شاژنی هەمویانە. لە راستیدا ئەگەر ماتماتیک، هەروەک ماتماتیکناسی ئنگلیز، ئەلفرێد وایتهێد دەڵێت، ‘باڵاترین داهێنانی پوختی ئەقڵی بەشەرییەت بێت لە مێژودا’، ئەوا کالکیولەسیش بۆ خۆی بەرزترین و نایابترین داهێنان یان دۆزینەوەی ماتماتیکە لە مێژوی چوار سەد ساڵەی رابڕدوی بابەتەکە خۆیدا.لە رۆژگاری ئەمرۆدا، مێژونوسانی ماتماتیک کۆکن لەسەر ئەوەی نیوتن ( 1642 – 1727) و لایبنیز ( 1646 – 1716) هەردوک پێکەوە دۆزەر و داهێنەری کالکیولەسن. بەڵام، بە داخەوە، هەتا نیوتن لە ژیندا مابوو هەرگیزاوهەرگیز ئامادەنەبوو رۆڵی لایبنیز وەک نیوە پشک بناسێنێت، هەمیشە بانگەشەی دەکرد لایبنیز کالکیولەسی لەو دزیوە.

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *