پارادۆکسی زانیاری؛ چۆن هۆوکین گرەوەکەی دۆڕاند؟

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 3 خولەک

 88 جار بینراوە

پارادۆکسی زانیاری یەکێکە لە مەتەڵە حلنەکراوەکانی فیزیکی تیوری و ئەقڵی زۆر لە فیزیکناسە بەناوبانگەکانی ئەم سەدەیەی بەخۆوە خەریک کردووە، لەوانە ستیڤن هۆوکین. پارادۆکسەکە پەیوەستە بە پرسی کۆزمۆلۆژی هاوچەرخ چاڵە-رەشەکان و پرسیارەکە ئەمەیە: چی بەسەر زانیاریدا دێت کاتێک دەکەوێتە نێو چاڵە-رەشەوە؟
هۆوکین، کە ساڵی ڕابردوو، لە تەمەنی هەفتاو شەش ساڵیدا مرد، لە دوی خۆی گەڵیک تیوری گرنگی لەمەڕ چاڵە رەشەکان بەجێهێشت، سەرباری ئەوەی بە یەکێک لە رابەرە هەرە گەورەکانی سەدەی بیست و بیست و یەکەم دادەنرێت لە مەسەلەی چاڵە رەشەکاندا، بەڵام مەخابن، ئەم زانا مەزنە هەرگیز خەڵاتی نۆبڵی وەرنەگرت.
بۆ حاڵیبون لە پارادۆکسی زانیاری با تەسەوربکەین کتێبخانەیەک هەیە کۆمەڵ دوای کۆمەڵ، بڕێکی بێشومار زانیاری تێدا کەڵەکە بووە. دواجار ئەم زانیارییە بەشێکی خۆرسکە و لە بونیاتی هەر یەک لە مۆلیکیولی لاپەڕەکان و ئەو مەرەکەی پێی نوسراوە، هەیە: بە بێ نمایشی فیزیکی هیچ زانیاری بوونی نییە. ئەگەر کتێبخانە بسوتێت، ئەوا بۆ ئنسانی ئاسایی شتێکی تراژیدییە، هەرچی زانیاری هەیە لەناوچووە.
لە گۆشەنیگای فیزیکەوە، بە تایبەت لە فیزیکی کوانتەمەوە شتەکان ئاوا خراپ نین. وەک سیستەمێکی فیزیکی کتێبخانەکە بە بابەتێکی ماتماتیکی وەسف دەکرێت کە پێی دەگوترێت فەنکشنی شەپۆل. کاتێک دەسوتێت، فۆرم و یەکانگیرییەکەی دەگۆڕێت، فەنکشنی شەپۆلەکەشی دەگۆڕێت. لە کۆتاییدا فەنکشنی شەپۆلەکە وەسفی ئەو خۆڵەمێشە دەکات کە وەک ئەسەر و پاشماوە دەمینێتەوە. هیچ زانیارییەک لە پرۆسەکەدا لەدەست نەچووە.
بێگومان ئەمە تیورییەکی پوختە، لە روی پراکتیکییەوە ناتوانین ئەنجامی بدەین، نەک لەبەر ئەوەی هێشتا لە میکانیکی کوانتەمی شتی گەورەی بۆ نمونە کتێبخانەکە نەگەیشتووین. بەڵکو تیورییەکە لە سنوری خۆیدا هێشتا هەیبەتی خۆی هەیە.
با بڵێین کتێبخانەکە ئاگر ناگرێت، لە بری ئەمە بچوک و بچوکتر دەبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا بارستاییەکەی پاراستووە. کێشکردنەکەی بەهێز و بەتینتر دەبێت (تەنێکی بچکۆلە کێشکردنەکەی گەورەتر دەبێت لە تەنێکی گەورە کە هەمان بارستایی هەیە) هەتا چاڵە-رەشێک دروست دەبێت. بە پێی تیورمی بێ-قژی، کە دەرەنجامیکی بەناوبانگە لە هەفتاکانی سەدەی رابردوودا و لە لایەن هۆوکینەوە سەلمێنراوە، چاڵە-رەش سادەیە: تەنها بارستایی، خولانەوە و بارگەی کارەباییەکەیمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین وەسفی بکەین. چیتر ناتوانین بڵێین ئایا ئەم چاڵە-رەشە لە کتێبخانەیەکەوە دروستبووە یان لە بەردێکی بێ خەسڵەتەوە. بە پێی دەرەنجامی تیورییەکی تری مەنشور، کە هەر هی هۆوکینە، چاڵە-رەش کاتێک بە پرۆسەی بەهەڵمبووندا دەڕوات، جۆرە فۆرمێکی تیشک پەخشدەکات. بەڵام ئەو تیشکدانەوەیەی دوای بەهەڵمبوون دەمێنێتەوە بە هەمان شێوە سەربەخۆیە لەوەی کە چی بووە بە چاڵە-رەش، واتە کاتێک چاڵە رەشەکە دروستبووە. بە واتایەکی تر، هەرچی ئەو زانیارییەی لە کتێبخانەکەدا بە خۆڕسک هەبووە سڕدراوەتەوە.
ئەمە پارادۆکسەکەیە، بە پێی ئەنجامەکانی هۆوکین، چاڵە-رەشەکان توانستیان هەیە زانیاری لەناوبەرن، بەڵام بە حسابی میاکانیکی کوانتەم لەناوچوونی زانیاری بوونی نییە. ئەی کەواتە کێ راستە؟
زۆر لە فیزیکناسان بڕیاریاندا لایەنی میکانیکی کوانتەم بگرن، سووربوون لەسەر ئەوەی دەبێت رێگایەک لە ئارادا هەبێت بۆ تەفسیرکردنی پارادۆکسەکە کە نابێت بە هۆی بزربوونی زانیاری. هۆوکین، خۆی بۆ ماوەیەکی زۆر سووربوو لەسەر ئەوەی کە میکانیکی کوانتەم هەڵەیە و پیویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت بۆ ئەوەی مۆڵەت بدات بە لەدەستدانی زانیاری.
لە ساڵی 1997 دا، هۆوکین و کیپ نۆرت لە لایەک و جۆن پرێسکڵ لە لایەکەی ترەوە گرەویان لەسەر ئەوەی کێ راستە ئەنجامدا:
ئەوەی دۆڕاندی دەبێت شتێک بە براوە خەڵات بکات، خەڵاتەکەش بریتی بێت لە ئنسایکلۆپیدیایەک کە بژاردەی براوە خۆی بێت، بە ویستی خۆی زانیاری لێ دەربهێنێت.
لە ساڵی 2004 دا، هۆوکین رایگەیاند، چیتر سوور نییە لەسەر بیروڕاکەی خۆی، بەڵکو سازش لە گرەوەکە دەکات، چونکە دوای خوێندنەوەی کارەکەی جەوان ماڵداجێنا، باوەڕی وایە کە چاڵە-رەشەکان سەرەنجام هەموو ئەو زانیارییەی بۆیان دەچیت دەیدەنەوە، ئەگەرچی لە فۆرمی شێواو و خراپیشدا بێت. بەمجۆرە هۆوکین کۆپییەکی لە ئنسایکلۆپیدیای بەسبۆڵ پێشکەشکرد بە پرێسکڵ، دوایی هۆوکین بە گاڵتەوە گوتی، ”کتێبەکەم دایە بەڵام دەبوو خۆڵەمێشی پێشکەش بکەم”. بەڵام کیپ تۆرن بە سەلماندنەکەی هۆوکین قایل نەبوو، هیچ رازینەبوو لە خەڵاتەکەدا بەشداربێت. هەتا ئێشتاش کۆمەڵگەی زانستی نەگەیشتووەتە ئەو هەقیقەتەی کە هۆوکین مشتومرێکی تۆکمەی خسبێتەڕوو. بەداخەوە هۆوکین ساڵی پار مرد.
پێشتر هۆوکین ئەو بانگەشەیەی کرد گوایە سینگولارەتی لە چەقی چاڵە-رەشدا مومکینە پردێک بونیات بنێت بەرەو ”گەردونی کۆرپەیی”، کە تێێدا دەکرێت زانیاری بگوازرێتەوە، ئەم جۆرە تیورییانە لە داستانە خەیاڵبافییە زانستییەکاندا زۆر بڵاوە. بەڵام بە پێی ئایدیا نوێکەی هۆوکین، کە لە هەڤدەمین کۆنفرانسی نیودەوڵەتی لەمەڕ تیوری گشتی نسبی و کێشكردن، کە لە 21 تەموزی 2004 دا، لە دەبڵن، پێشکەشکرا، هۆوکین گوتی چاڵە-رەشەکان هەرچی زانیارییەک دەربارەی مادە کە هەڵیدەلووشن، سەرەنجام بە شێوەی خاشاک نەقڵی دەکەن.

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *