کتێبی پرینکیپیا: ترۆپکی شۆڕشی زانستی و لەدایکبوونی فیزیکی هاوچەرخ

”ئەمە ئەو پیاوەیە کتێبێکی نوسیوە خۆشی لێی تێناگات” رێبوارێک کە نیوتن دەبینێت.
لە ساڵی 1684 دا لە یەکێک لە قاوەخانەکانی شاری لەندەن سێ زانای گەورەی ئنگلیز لەو سەردەمەدا پێکەوە دانیشتبوون قسەیان دەکرد، لە درێژەی گفتوگۆدا، باسەکەیان چووە سەر پرسی جوڵەی هەسارەکان. ئەو سێ زانایە بریتی بوون لە کریستۆفەر رێن، تەلارسازی گەورەی ئەو کاتە کە بەرپرسی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی لەندەن بوو دوای کارەساتە خاپوورییەکەی ئاگرکەوتنە مەزنەکەی لەندەن لە ساڵی 1666دا ، دووەم ئیدمۆند هەیللی بوو، کە فەلەکناسێکی بلیمەت بوو، کلکداری هەیللی دۆزییەوە، سێیەمیش، رۆبەرت هووک بوو، دۆزەری خانەی رووەک و بونیاتنەری یەکەمی مایکرۆسکۆپ بوو.
هەیللی پرسی و گوتی،’ ئایا ئەو هێزەی هەسارەکان بە دوری خۆردا و لەسەر خولگەکەیان دەهێڵیەوە لەگەڵ دوجای دووریدا دەگۆڕێت.’ هەردوک لە وەڵامدا گوتیان ئەو گریمانەیە، واتە فەرزییەیە، ئنجا هەیللی گوتی،’ ئەی باشە کەس ئەمەی سەلماندووە.’ لە وەڵامدا رۆبەرت هووک، لاف و گەزافی لێدا و گوتی، ‘بەڵێ من چەند ساڵێکە سەلماندوومە، بەڵام لای خۆم بە نهێنی پاراستوومە بۆ ئەوەی بزانم کاتێک خەڵکانی تر فەشەل دەهێنن ئنجا بڵاوی دەکەمەوە کە چۆن کردوومە!’
نە رێن و نە هەیللی باوەڕیان بەم خۆهەڵکێشانەی هووک کرد، رێن گوتی ئەگەر هووک لە ماوەی دوو مانگدا سەلماندنەکەی بخاتەڕوو ئەوا کتێبێکی پێشکەش دەکات کە بەهاکەی چل شلینگ (سێ دۆلارێک) بێت. هووک فەشەلی هێنا، رێن گوتی،’ من هێشتا لەودا(مەبەست لە هووک) ئەوە نابینم وەک وشەکانی باش بێت.’ هەیللی گوتی،’ یەکێک دەناسم لە کامبریجە و خولیای لە پرسی کێشكردندا هەیە.’ ئەو کەسە پێاوێکی گۆشەگیری هەتا بڵێی هەمیشە تەنهای بێ هاوڕێ و مات بوو، ناوی ئیسحاق نیوتن بوو.
دە ساڵ پێش، نیوتن ئەندامی کۆمەڵەی شاهانە بوو، بەڵام لەسەر پرسی روناکی و تەلەسکۆپەکەی بوو بە دەمەقاڵێیەکی زانستی گەورە لەگەڵ رۆبەرت هووک خۆیدا. نیوتن بڕیاریدا ئەم ناوەندە زانستییە بە تەواوی جێبهێڵێت و گووتی هەتا ئەم کابرایە لێرە بێت، جارێکی تر سەرناکات بە هۆڵی کۆمەڵەدا. هووک نیوتنی تاوانبارکرد هەردووک بابەتەکەی، هەم ئایدیای روناکی و رەنگەکان و هەم داهێنانی تەلەسکۆپەکەی، لە هووک وەرگرتووە. هووک بوو بە سەرۆکی کۆمەڵەی شاهانە بۆ سی ساڵ. نیوتن لە ساڵی 1704 دا، دوای مردنی هووک، ئنجا هاتەوە بۆ کۆمەڵە، بەڵام بوو بە سەرۆک، هەرچی شتێک لە ناوەندی کۆمەڵەی شاهانەدا هەبوو، کە پەیوەست بوون بە هووکەوە، نیوتن فەوتاندی و ئێستاش کەس نازانێت چی لێکردن. لە مێژووی زانستدا، هەرگیز زاتێکی پڕ کینەی وەک نیوتن نابێتەوە.
هەیللی هەستا و چوو بۆ کامبریج بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات. ئەم بڕیارەی هەیللی رەوتی مێژووی گۆڕی. ئەبراهام دیمۆیڤرێ، کە هاوڕێی هەردوکیانە، داستانەکە بەمجۆرە دەگێڕێتەوە:
‘لە 1684 دا دکتۆر هەیللی هات بۆ سەردانی (نیوتن) لە کامبریچ، دوای ئەوەی ماوەیەکی کورت پێکەوە بوون، دکتۆر لێێ پرسی لای وی ئەو چەماوەیەی هەسارەکان لە رەوتەکەیاندا لە سوڕانەوە بە دەوری خۆر هەیانە چییە و ئەو هێزی کێشکردنەی کە بە ئاراستەی خۆر هەیانە پێچەوانە دەگۆرێت لەگەڵ دوجای دووریەکەیان لە خۆرەوە، ئایا ئەو لەم مەسەلەیەدا چی دەڵێت؟ سێر ئیسحاق یەکسەر وەڵامی دایەوە و گوتی ئەو چەماوەیە فۆرمێکی هێلکەیی هەیە. دکتۆر لە خۆشیدا شانی هەڵتەکاند و سەرسام بوو، ئنجا پرسی چۆن زانیت؟ نیوتن گوتی بۆچی؟ حسابم کردووە، دکتۆر هەیللی گوتی بەڵکو حساباتەکەی پیشان بدات. بە بێ وەستان سێر ئیسحاق کەوتە پشکینین و گەڕان بە نێو وەرەقەکاندا، هیچی نەدۆزییەوە، بەڵام پەیمانی دایە کە تازەی بکاتەوە و بۆی بنێرێت.’
هەیللی بە پەرۆشەوە سێ مانگ چاوەڕوان بوو بۆ ئەوەی هەواڵێک لە نیوتنەوە بێت، بە دڵ حەزی دەکرد پەیوەندی پێوە بکات. بەڵام دواجار شتێک هات، نوسێنێکی نیوتن بوو بە ناوی ” لەمەڕ جوڵەی تەنە سوڕاوەکان”، بەڵام شتی زۆر زیاتر دوایی هات. ئەم نوسینە سەرەتای شتێک بوو، دوای دوو ساڵی تر، فراوان بوو بۆ پرینکیپا ، گرنگترین کتێبی فیزیک لە هەموو سەردەمەکاندا.
پرینکیپیا، کە کورتکردنەوەی ”پرینسیپە ماتماتیکییەکانی فەلسەفەی سروشتی”یە، لە تەموزی 1687 دا لەدایکبوو. ئەوەی شایانی باسە، سەرەتا وەک پێویست بوو کۆمەڵەی شاهانە ئەرکی دارایی چاپەکەی بگرێتە ئەستۆ، بەڵام کۆمەڵە، بە هۆی گەمژەیی خۆیەوە تازە بە تازە ئیفلاسی کردبوو، چونکە هەر پارە و پولێکی هەبوو لە چاپی کتێبێکدا بە ناوی ” مێژووی ماسی” سەرفیکرد، کە پڕبوو لە وێنە. ئەمە جگە لەوەی هووک چەند جارێک ئیشارەیدا بەوەی نیوتن ئایدیای ”یاسای دووجای پێچەوانەیی” کە بەشێکی گەورەی شاکارەکەی نیوتن بوو هی هووکە و بەڵگەی هەیە لە ساڵی 1679 چۆن وەک نامە بۆ نیوتنی ناردووە، نیوتن پێویستە هیچ نەبێت لە کتێبەکەدا سوپاسی ئەو بکات.. لە چاپتەرێکدا نیوتن ناوی هووکی هێنابوو، بەڵام کاتێک ئەم بەزمەی بیست، لە داخا ئەو چاپتەرەی بە تەواوی سڕییەوە و خەریک بوو نیوتن بە یەکجارەکی پەشیمان بێتەوە لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکە، بەڵام هەیللی تکا و رجای دنیای لە نیوتن کرد شتی وا نەکات. هەیللی، چونکە بە بنەماڵە دەوڵەمەندبوون، ئەرکی لە چاپدانی کتێبەکەی نیوتنی گرتە ئەستۆ. بەمجۆرە شۆڕشی نیوتن لەدایکبوو.
تێگەیشتن لە کتێبی نیوتن، نەک بۆ ئنسانی ئاسایی سەخت و زەحمەت بوو، بەڵکو زانایان و ماتماتیکناسانیش پێێان ئەزم نەدەکرا. یەکەم بە لاتین نوسرابوو، دوومیش پڕبوو لە ماتماتیک، بە تایبەتیش ماتماتیکی کالکیولەس، کە نیوتن هەر خۆی دایهێنا بەو مەبەستەی خێرایی هەندێک لە هەسارەکان بدۆزێتەوە و تیوری کێشکردن بە هۆیەوە دابڕێژێت. کتێبی پرینکیپیا، تاجی زێڕینی هەرە گەورە و ترۆپکی هەرە بەرزی شۆڕشێ زانستی سەدەی هەڤدە بوو. هەتا ئێستاش ئایدیاکانی لە زۆر راڤەکارییەکانی میکانیکدا بەکاردێن، هەرچەندە نیوتن ئەمەشی نەنوسیایە هەر زانایەکی گەورە و مەزن دەبوو، بەڵام پرینکیپیا نیوتنی بەرزکردەوە بۆ لوتکە و پلە یەک لە مێژووی بەشەرییەتدا، چونکە پرینکیپیا سیمای هەموو شتێکی گۆڕی، زانست، ماتماتیک، فەلسەفە و ئایین.
پرینکیپیا لە سێ کتێب پێکهاتووە. کتێبی یەکەم، لەمەڕ جوڵەی تەنەکان، هەر سێ یاساکەی نیوتن لەمەڕ جوڵە و حساباتەکەی لەسەر خولگەی هێلکەیی هەسارەکان لەخۆدەگرێت. کتێبی دووەم، ئەمیش هەر ناونیشانی لەمەڕ جوڵەی تەنەکان و ئەمیش تاووتوێێ جوڵە دەکات لەو تەنانەدا کە بەرهەڵستی ناوەندەکە دەکەن، وەکو کاریگەری بەرهەڵستی هەوا لەسەر پەندۆڵ، لێرەدا وەسفی فۆرمی تەنەکان دەکات و کاریگەری ئەم فۆرمە لەسەر جوڵەیان لەو ناوەندانەی بەرهەڵستی جوڵەی تێدا دەکەن. کتێبی سێیەم، لەمەر سیستەمی دونیا، یاسای گشتی یان گەردونی کێشكردن لەخۆدەگرێت.
ئەمە جگە لەوەی هەر ئەم کتێبە شاکارە بەرزەی ئەقڵی مرۆڤ یەکێک لە داهێنانە ماتماتیکییە هەرە پڕ قودرەت و تۆکمەکانی نیوتن لەخۆدەگرێت کە هەتا ئێشتاش لە بازاڕەکانی تەکنەکۆلۆژی سەتەلایت و بورسە و هەڵبەز و دابەزی کەشوهەوا و نرخی پشکەکاندا زۆر بە گەرمی بەکاردێن. ئەو زانستە ماتماتیکییە بریتییە لە کالکیولەس، بە زمانی کوردی پێی دەڵێن تەواوکاری و جیاکاری، کە بە داخەوە هەتا ئێستاش قوتابیان ئەم ماتماتیکە دەخوێنن، تەنانەت هەن دکتۆراشی لەسەر دەهێنن، کەچی نازانن چییە و بۆچییە.
نیوتن سێ ساڵی پێچوو بۆ تەواوکردنی پرینکیپیا، وەک دەڵێن چەندین شەو نەخەوتووە تەنها بۆ ئەوەی شتێک بنوسێت بە نەمری بمێنێتەوە. دوای پرینکیپیا ئیتر هیچی نەنوسی، تەنها کتێبی ئۆپتیک نەبێت، ئەویش لە شەستەکانی هەمان سەدەی هەڤدەدا نوسیبووی.
دوای پرینکیپیا، نیوتن تووشی نەخۆشی خەمۆکییەکی سەخت بوو، ئەوەندی تر بووە هاوسەری تەنیایی. جگە لەوەی بە منداڵی ئەوینی کچۆڵەیەک بوو، ئیتر نیوتن هەرگیزاو هەرگیز سۆزی خۆشەویستی بۆ کچان نەبووە. وەک دەڵێن دەستی بەر دەستی کچان نەکەوتووە.
لە ساڵی 1727 دا، کاتێک بۆ یەکجاری ماڵئاوایی لە دونیا کرد، گەورەترین و شکۆدارترین مەراسیمییان بۆ رێکخست، لە ناشتنەکەیدا ڤۆڵتێر، فەیلەسوفی هەرە گەورەی فەرەنسی حزووری هەبوو، لە نامەیەکدا گوتی،” لێرە سەری رێز و نەوازش بۆ زاناکانیان دەدانەوێنن، لای ئێمەش بۆ ژەنەراڵەکان.”
دوای مەرگی نیوتن، زانست و ماتماتیکی وڵاتی ئنگلیزەکان بۆ زیاتر لە دوو سەد ساڵ چووە دەورانی سبوتەوە. چونکە وەک تارماییەک باڵی کێشا بەسەر بیرکردنەوەی رۆشنفکری زانستییانەی ئنگلیزەکاندا.
کتێبی پرینکیپیا هەتا ئێستاش لە برەودایە و لە کتێبخانەکان دەفرۆشرێت. بەڵام وەک رێبوارێک کاتی خۆی نیوتن بە لایدا تێپەڕ دەبێت و دەیناسێت، رێبوارەکە دەڵێت،’ ئەوە ئەو کابرایەیە کە کتێبێکی نووسیوە خۆشی نازانێت باسی چی دەکات.’
شێرکۆ رەشید قادر

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: