لە نێو چاڵە رەشەکاندا چ خەبەرە؟

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 9 خولەک

 867 جار بینراوە

لە دوا کتێبی ستیڤن هۆوکین: (وەڵامە کورتەکان بۆ پرسە گەورەکان) دەڵێن “هەقیقەت هەندێکجار لە داستانی خەیاڵی سەیرترە”، ئنجا هێچ شتێک لەوە راستتر نییە کە دێتە سەر مەسەلەی چاڵە-رەشەکان. چاڵە-رەشەکان زۆر لەوە سەیرترن کە نوسەرانی داستانی خەیاڵی-زانستی خەونی پێوەدەبینن، بەڵام دەتوانین بە راشکاوی بڵێین ئەمانە شتێکن کە هەقیقەتی زانستین.

یەکەم ئاخافتن لەمەڕ چاڵە رەشەکان لە ساڵی 1783 دا لە لایەن پیاوێکی کامبریج، بە نێوی جۆن میچڵەوە، بوو. مشتومڕەکەی بەمجۆرە بوو. ئەگەر یەکێک هات و تەنێکی وەکو تۆپی بە ئاراستەی ئاسمان تەقاند، ئەوا بە هۆی هێزی کێشکردنەوە خاودەبێتەوە. سەرەنجام، تەنەکە لە جوڵەی بۆ ئاسمان دەکەوێت، ئنجا بەرەو عەرد دێتەوە. خۆ ئەگەر بێتوو خێرایی سەرەتایی تەنەکە بە ئاڕاستەی ئاسمان گەورەتربوو لە بەهای شلۆق، ئەوا پێی دەگوترێت خێرایی هەڵاتن و کێشكردن چیتر ئەوەندە بە قودرەت نابێت تا بتوانێت تەنەکە بوەستێنێت. بەمجۆرە تەنەکە قوتاردەبێت و دەردەچێت. خێرایی هەڵاتن بۆ زەوی تەنها شتێک بەرزترە لە 11 کم/چرکەیەکدا، بۆ خۆریش نزیکە 617 کم/چرکەیەکدا. ئەم دووانە، هەردووکیان بەرزترن لە خێرایی راستەقینەی تۆپ-هاوێژەکە. بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ خێرایی روناکیدا، ئەوا نزمن، چونکە خێرایی روناکی 300000 کم/چرکەیەدا. بەمجۆرە روناکی دەتوانێت خۆ قوتاربکات لە عەرد یان خۆر بە بێ هیچ زەحمەتێک. بەڵام پێدەچێت مشتومڕەکەی بەوجۆرە بێت کە لەوانەیە ئەستێرە هەبێت زۆر لە خۆر زەبەلاحتر و خێرایی هەڵاتنیان زۆر گەورەتربێت لە خێرایی روناکی. ئێمە توانستی بینینیمان نییە، چونکە هەر روناکییەک ئەستێرەکە ئیفرازی دەکات بە هۆی کێشكردنەوە دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی خۆی. بەمجۆرە دەبنە ئەو ئەستێرەیەی جۆن میچڵ پێیان دەڵێت ئەستێرە تاریکەکان، ئەوەی ئێمە ئێستا پێێان دەلێین چاڵە-رەشەکان.

بۆ تێگەیشتن لەمە، پێویستە لە کێشکردنەوە دەست پێ بکەین. کێشکردن لە تیوری گشتی نسبییەتی ئایشتایندا وەسفکراوە، ئەو تیورییەی هەم لە فەزا و زەمەن و هەم لە کێشکردنیشدا هەیە. رەوشی فەزا و زەمەن ملکەچی کۆمەڵێک هاوکێشەیە کە بە هاوکێشەکانی ئاینشتاین ناودەبرێن و لە ساڵی 1915 دا نمایش کراون. سەرباری ئەوەی کێشکردن لاوازترین هێزە لە نێو ئەو هێزانەی بە هێزەکانی سروشت ناودەبرێن، بەڵام ئەگەر بەراوردبکرێت بە هێزەکانی تر، ئەوا دوو لایەنی ئیجابی بنەڕەتی لەخۆدەگرێت. یەکەم، لە مەدایەکی دووردا کاریگەری هەیە. خۆر، کە نەوەد و سێ ملیۆن میل (سەد و پەنجا ملیۆن کیلۆمەتر) لە عەردەوە دوورە، عەردی لە رەوتەکەی خۆیدا هێشتووەتەوە، خۆریش، ئەویش کە دە هەزار ساڵی رووناکی (لە گالاکسییەکەمانەوە) دوورە، لە رەوتەکەیدا بە دەوری چەقی گالاکسیی رێچکەی شیریدا ماوەتەوە. لایەنی ئیجابی دووەم بریتییە لەوەی هێزی کێشکردن هەمیشە هێزێکە تەنەکان بۆ لای خۆی رادەکێشیت. بە پێچەوانەی هێزی کارەباییەوە کە دەکرێت هەر یەک لە هێزی کێشكردن یان دورکەوتنەوە بێت. ئەم دوو خەسڵەتە، ئەوە دەگەیەنێت لە ئەستێرەیەکی زۆر زەبەلاحدا هێزی کێشکردنی نێوان دوو تەنۆڵکە بەسەر هەموو هێزەکانی تردا باڵادەست بێت و ببێت بە هۆی هەرەسهێنانی کێشکردن. سەرباری ئەم هەقیقەتانە، کۆمەڵگەی زانستی زۆر خاوبوون لەوەدا دەرک بەوە بکەن کە ئەستێرەی زەبلاح لەوانەیە لە سایەی هێزی کێشكردنی خۆیاندا بۆ ناوەوەی خۆیان هەرەس بهێنن و چۆنیش تاووتوێی رەوشی پاشماوەکەی بکەن. تەنانەت ئەلبێرت ئاینشتاین خۆشی پەیپەرێكی لە ساڵی 1939 دا نوسی کە بانگەشەی ئەوەی کرد ئەستێرەکان ناتوانن لە سایەی کێشكردنی خۆیاندا هەرەس بهێنن، چونکە لە دوی خاڵێکەوە چیتر ناتوانرێت بگوشرێت (یان چڕبکرێتەوە). زۆرێک لە زانایان کۆک بوون لەگەڵ ئایدیا سەیرەکەی ئاینشتایندا. ئەوەی لە نێویاندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی شازبوو زانای ئەمریکی جۆن ویلەر بوو، ئەویش لە زۆر لایەنەوە لە ساڵانی1950 و 1960 دا پاڵەوانی داستانی چاڵە-رەشەکان بوو، ویلەر سوربوو لەسەر ئەوەی زۆر ئەستێرە سەرەنجام هەرەس دەهێنێ و تاووتوێی ئەو پرسانەی کرد کە روبەڕوی فیزیکی تیوری بوونەوە. هەر ئەویش، واتە جۆن ویلەر، گەلێک لە خاسیەتەکانی ئەو تەنانەی پێشبینیکرد کە بە ئەسڵ ئەستێرە بوون و هەرەسیان هێناوە – واتە بوونەتە چاڵە-رەش.
بە درێژایی ژیانی ئەستێرەیەکی ئاسایی، کە بلیۆنان ساڵ دەبێت، ئەستێرەکە دژایەتی هێزی کێشكردنی خۆی دەکات، ئەو هێزەی بە هۆی فشاری گەرمی پرۆسە ناوەکییەکانەوە دروست دەبێت، کە تێیدا هایدرۆجین دەگۆرێت بۆ هیلیۆم. بە هەرحاڵ لە کۆتاییدا ئەستێرەکە هەموو وزە ناوکییەکەی بەکاردێنێت. ئەستێرەکە دەچێتەوەیەک. لە هەندێک حاڵەتدا، لەوانەیە وەک ئەستێرەیەکی قەموری سپی خۆی بژێنێت، کە خاشاکی چڕی ناوەوەی کرۆکی ئەستێرەیەکە. هەرچۆنێک بێت، سوبرەحمانیان چاندراساخار ، لە سالی 1930 دا، ئەوەی خستەڕوو کە بەرزترین بارستایی ئەستێرەیەکی قەموری سپی نزیکەی 1.4 ئەوەندەی بارستایی خۆرە. هاوشێوەی بەرزترین بارستایی لە لایەن فیزیکناسی روسی لیو لانداوەوە بۆ ئەستێرەیەک حساب کراوە کە سەرتاپا نیوترۆنە.
ئایا چارەنوسی ئەو ئەستێرە بێشوومارانە چییە کە بارستاییەکانیان گەورەترە لە بەرزترین بارستایی ئەستیرە قەمورە سپییەکان یان نیوترۆنەکان کاتێک وزەی ناوکی خۆیان تەواوبووە؟ پرسەکە لە لایەن رۆبێرت ئۆپینهایمەرەوە تاووتوێ کرا، ئەو زانایەی دوایی بە بۆمبی ئەتۆمی شۆرەتی پەیداکرد. لە دوو پەیپەری زانستیدا، لە سالێ 1939 لەگەڵ جۆرج ڤۆڵکۆڤ و هارتلاند سنیادەردا بڵاویکردەوە، ئەوەی خستەڕوو کە ناتوانرێت ئەم جۆرە ئەستێرانە بە فشار رابگیرێت. خۆ ئەگەر فشارمان فەرامۆش کرد، ئەوا ئەستێرەیەکی خۆجێیی سیستەماتیکی گۆیی رێک دەچێتەوەیەک بۆ تاقە نوقتەیەک کە چڕییەکەی ناکۆتایە. ئەم جۆرە خاڵانە پێیان دەگوترێت سینگولارەتی هەموو تیورییەکانی فەزا لەسەر ئەو فەرزیەیە بەرجەستەبوون کە فەزا-زەمەن نەرمە و بە نزیکەییش تەختە، بەمجۆرە لە سینگولارەتیدا شکست دەهێنن، کە تێیدا چەمانەوەی فەزا-زەمەن ناکۆتایە. لە هەقیقەتدا، ئەمە هێمایە بۆ کۆتایی فەزا و زەمەنیش خۆی. بۆیە لای ئاینشتاین ئەمە شتێک بوو شایانی رەتکردنەوە بوو.
ئیتڕ جەنگی دووەمی جیهانی بەرپابوو. زۆربەی زانایان، لە نێویاندا رۆبێرت ئۆپینهایمەر، رویانکردە فیزیکی ناوکی، پرسی هەرەسهێنانی کێشكردن بە زۆری چووە خانەی بیرچونەوەوە. بایەخدان بە مەسەلەکە دیسانەوە لەگەڵ دۆزینەوەی ئەو تەنانەدا ژیایەوە کە بە کوەیزارەکان ناسرابوون. یەکەم کوەیزەر، 3C273 ، لە ساڵی 1963 دا دۆزرایەوە. هەر زوو کوەیزەری تر دۆزرایەوە. سەرباری ئەوەی لە عەردەوە دووربوون بەڵام سیمایان گەشاوەبوو، دەرچووی وزەیان هیچ کاریگەری نەبوو لەسەر پرۆسەی ناوکییان، چونکە تەنها هۆکار ئەوەیە کە بڕێکی بجکۆلە لە باقیاتی بارستەیەکەیان وەکو وزە پەخش دەکەن. تەنها بەدیلیش بریتی بوو لەو وزە کێشکردنەی لە هەرەسهێنانی کێشکردنەوە پەخش دەبێت.
هەرەسهێنانی کێشكردنی ئەستێرەکان دیسانەوە دۆزرایەوە. کاتێک ئەمە رودەدات، کێشکردنی تەنێک هەموو مادەکانی دەوروبەری خۆی بەرەو ناوەوەی خۆی رادەکێشێت. دەرکەوت ئەستێرەیەکی گۆیی رێک سەرەنجام لە خاڵێکدا دەچێتەوەیەک کە چڕییەکەی ناکۆتایە، بە واتایەکی تر دەبێت بە خاڵی سینگولارەتی. بەڵام چی دەبێت ئەگەر ئەستێرەکە هەم گۆیی و هەم رێک نەبێت؟ تۆ بڵێیت ئەم نارێکی دابەشبونەی ئەستێرەکە ببێت بە هۆیەک کە هەرەسهێنانی ئەستێرەکە ناڕێک بێت و خۆ لە سینگولارەتی لابدات؟ لە پەیپەرێکی نایابدا لە 1965 ، رۆجەر پێنرۆز ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ ئەوەشدا سینگولارەتی بوونی هەر دەبێت، ئەویش بە هێنانەوەی ئەو هەقیقەتەی کە کێشکردن هێزی یەکترڕاکێشانە.
لە سینگولارەتیدا، ناتوانرێت هاوکیشەکانی ئاینشتاین پێناسەبکرێن. مەبەست لەمە ئەوەیە لەم نوقتەیەدا کە چڕییەکەی ناکۆتایە ئنسان ناتوانێت پێشبینی ئایندە بکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەر کاتێک ئەستێرەیەک هەرەس دەهێنێت لەوانەیە شتێکی غەریب روبدات. خۆ ئەگەر سینگولارەتییەکە روتبوو- واتە بە توێکڵ دەورە نەدرابوو- ئەوا هیچ کاریگەری لەسەرمان نابێت. پێنرۆز پێشنیازی فەرزییەی رەقابەی گەردونی cosmic censorship conjecture کرد: کاتێک هەمو سینگولارەتییەکان لە ئەنجامی هەرەسهێنانی ئەستێرە و تەنەکانی ترەوە دروست دەبن لە ناو چاڵە-رەشدا پەنهان و نادیاردن. چاڵە –رەش دەڤەرێکە کە کێشکردن تێیدا ئەوەندە بەهیزە تەنانەت رواناکیش توانستی قوتاربونی لە رکێفەکەی نییە. تا پلەیەکی بەرز فەرزییەی رەقابەی گەردونی راستە چونکە ژمارەیەک هەوڵ لە ئارادابوون بە مەبەستی ناسەلماندنی فەرزییەکە بەڵام شکستیان هێناوە.
“چاڵەڕەشەکان قژیان نییە”
کاتێک لە ساڵی 1967 دا، جۆن ویلەر زاراوەی ”چاڵە-رەشی” پێشكەشکرد، ئیتر جێگەی ”ئەستێرەی بەستوو”ی گرتەوە. ناوناکەی ویلەر جەختیکردە سەر ئەوەی خاشاک و پاشماوەی هەرەسهێنانی ئەستێرەکان بۆ خۆیان جێگای سەرنجن، سەربەخۆ لەوەی چۆن دروستبوون. ناوەکە زۆر زوو چووە سەر زاران.
لە دەرەوە، ئنسان ناتوانێت بزانێت لە ناوەوەی چاڵە-رەشدا چ خەبەرە. هەرچی فڕێ بدەیتە ناوییەوە، یاخود هەرچییەک دروسبووە، چاڵە-رەشەکە هەر هەمان سیمای هەیە. جۆن ویلەر بەوە ناسراوە ئەم ئەم پرینسپەی بەمجۆرە دەربڕیوە ” چاڵە-رەش قژی نییە.”
چاڵە-رەش سنورێکی هەیە پێێ دەگوترێت ئاسۆی روداو. لێرەدا، واتە ئا لەم سنورەدا هێزی کێشكردن وەک پێویست ئەوەندە بەهێزە کە دەتوانێت روناکی بگەڕێنێتەوە و نەهێڵێت قوتاربێت. چونکە هیچ شتێک ناتوانێت لە روناکی خێراتر بجوڵێت، ئەوا هەرچی شتی تر هەیە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. کەوتنە نێو ئاسۆی روداوەوە وەک ئەوە وایە لە بەلەمێکدا بیت و بکەویتە نێو تاڤگەکانی نیگاراوە. خۆ ئەگەر لەسەروو تاڤگەکەوە بیت، ئەوا دەتوانیت خۆت رزگاربکەیت، ئەویش بەوەی زۆر بە خێرایی سەوڵ لێ بدەیت، بەڵام هەر ئەوەندە لای قەراغەکەوە بیت، ئەوا تیاچویت. گەڕانەوە بوونی نییە. ئنجا کە لە تاڤگەکە نزیک دەبیتەوە، لێشاوی ئاوەکە خێراتر دەبێت. واتە توندتر پێشەوەی بەلەمەکە لە دواوەی بەلەمەکە بۆ خۆی راپێچ دەکات. خەتەرێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە بەلەمەکە پارەپارە بکات. لە چاڵە-رەشدا هەمان شت دەگوزەرێت. ئەگەر بە ئاراستەی چاڵە رەشێک مل بنێیت، ئەوا یەکەم قاچت دەکەوێتە ناوییەوە، کێشكردن فشارێکی زۆر زیاتر دەخاتە سەر قاچت وەک لە سەرت، چونکە قاچت نزیکترە لە چاڵە-رەشەکە. ئەنجامەکە بە جۆرێک دەبێت کە قاچت لە ئاسابەدەر دەکشێت و لە لاکانیشەوە باریک دەبێتەوە. ئەگەر بارستایی چاڵە-رەشەکە دوو سێ ئەوەندەی بارستایی خۆربێت، ئەوا لێک دەترازێیت و بەر لەوەی بگەیتە ئاسۆی روداو شکڵی ماکارۆنیی دەگریت. هەرچۆنێک بێت، خۆ ئەگەر بکەویتە نێو چاڵە-رەشێکی گەورەترەوە کە بارستاییەکەی ملیۆنێک ئەوەندەی بارستایی خۆری لەمەڕ خۆمان بێت، ئەوا راکێشانی کێشكردن لەسەر سەرتاپای هەموو جەستەت هەر هەمان شت دەبێت و بە ئاسانی دەگەیتە ئاسۆی روداو. بەمجۆرە ئەگەر دەتەوێت ناوەوەی چاڵە-رەشێک تاووتوێ بکەیت، ئەوا دڵنیابە لەوەی یەکێکی ”واتە چاڵە-رەشێکی” گەورە هەڵدەبژێریت. لەنێو چەقی گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان(رێچکەی شیری) چاڵە-رەشێک هەیە بارستاییەکەی چوار ملیۆن ئەوەندەی بارستایی خۆرەکەی خۆمانە.
هەرچەندە، کاتێک دەکەویتە چاڵە-رەشەوە، دەرک بە هیچ شتێکی تایبەت ناکەیت. کەسانی دەرەوەش، کاتێک لە دوورەوە سەیرت دەکەن هەرگیز تۆ نابینن کە لە ئاسۆی روداو دەپەڕیتەوە. لە بری ئەمە، زیاتر وەها دێیتە بەرچاو خاودەبیتەوە و دەڵێیت لە دەرەوە فڕەت دێت. سیمات کز و کزتر دەبێت، سوور و سوورتر دەبێت، هەتا سەرەنجام لە چاوان بزردەبیت. ئەوەی پەیوەستە بە دونیای دەرەوە، ئیتر تۆ بۆ هەتا هەتایی لەناودەچیت.
ماوەیەک دوای لەدایکبونی کچەکەم، لوسی، ساتەوەختی خەیاڵاتی ئوریکام بۆ هات. تیورمی رووبەرم دۆزییەوە. ئەگەر تیوری گشتی نسبی راستە و چڕی وزەی مادە پۆزەتیڤە، هەروەک عادەتەن وایە، ئەوا روبەری روی ئاسۆی روداو، سنوری چاڵە-رەش خاسیەتێکی هەیە ئەویش ئەوەیە کاتیک مادە یان تیشک دەڕژێتە ناو چاڵە-رەشەوە هەمیشە گەورەدەبێت. لەوەش زیاتر، ئەگەر دوو چاڵەرەش بە یەکدا بدەن و یەکبگرن، ئنجا تاکە چاڵە-رەشێک دروست بکەن، ئەوا روبەری روی چاڵە-رەشە نوێکە گەورەترە لە کۆی روبەری ئاسۆی روداوی هەردوو چاڵە-رەشە ئەسڵییەکە. تیورمی روبەر لە باری تەجروبەوە دەکرێت راڤەبکرێت، ئەویش بە هۆی کێشكردنی ئینفرۆمیتەری لەیزەری بنکەی فەزایی شەپۆلی (لایگۆ LIGO). لە 14 ئەیلولی ساڵی 2015 دا، لایگۆ، دوای بەیەکدادان و یەکگرتنی دوو چاڵە-رەش، شەپۆلەکانی کێشکردنی کەشفکرد. لە فۆرمە شەپۆلییەکانەوە، ئنسان دەتوانێت بە نزیکەیی بارستایی و تەوژمی گۆشەیی چاڵە-رەشەکان حساب بکات، پاشان بە یارمەتی ”تیورمی بێ- قژی”دەتوانرێت روبەری ئاسۆکان دیاری بکرێت.
ئەم خاسیەتانە ئەوە نیشان دەدەن کە لێکچوونێک لە نێوان روبەری ئاسۆی چاڵە-رەش و فیزیکی کلاسیکی تەقلیدیدا هەیە، بە شیوەیەکی دیاریش چەمکی ئینترۆپی لە تێرمۆدایەمیکدا. دەکرێت ئینترۆپی وەک پێوەرێک بەکاربهێنرێت بۆ پێوانی پشێوی و نانیزامی لە سیستەمێکدا، یاخود هاوتایەکە بۆ نەبونی زانیاری وردی حاڵەتەکەی. یاسای دووەمی بەناوبانگی تێرمۆداینەمیک دەڵێت کە ئیترۆپی هەمیشە لەگەڵ زەمەندا زیاددەکات. ئەم دۆزینەوەیە یەکەم سەرەداوی ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە بوو.
دەکرێت بەراوردی نێوان خاسیەتی چاڵە-رشەکان و یاساکانی تێرمۆداینەمیک فراوان بکرێت. یەکەم یاسای تێرمۆداینەمیک دەڵێت گۆڕانێکی بچکۆلە لە ئیترۆپی سیستەمێکدا بڕە گۆڕانێک لە وزەی سیستەمەکەدا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. براندن کارتەر و خۆم یاسایەکی وەهامان دۆزییەوە کە پەیوەستە بە گۆڕان لە بارستایی چاڵە-رەشێک بۆ گۆڕان لە روبەری ئاسۆی روداودا. لێرەدا رادەی رێژەیی بڕێکی چەندایەتی لەخۆدەگرێت کە بە کێشكردنی روویی surface gravity ناودەبرێت، ئەمیش بریتییە لە پێوانی قودرەتی کایەی کێشکردن لە ئاسۆی روداودا. ئەگەر یەکێک بەوە رازی بێت کە روبەری ئاسۆی روداو پێوەرێکە بۆ ئیترۆپی، ئەوا کێشکردنی روویی پێوەرێکە بۆ پلەی گەرمی. لێکچونەکە بەو راستییە پتەوبووە کە کێشکردنی روویی دەرکەوت لە هەموو نوقتەکانی ئاسۆی روداودا وەک یەکە، هەروەک چۆن پلەی گەرمیش لە هەموو شوێنێکی تەنێکی گەرمی هاوسەنگدا وەک یەکە.
هەرچەندە بە ئاشکرا هاوشێوەیی لە نێوان ئیترۆپی و ئاسۆی روداودا هەیە، بەڵام لە راستیدا لای ئێمە روون نەبوو کە چۆن روبەرەکە خۆی وەک ئینترۆپی چاڵە-رەش ناسرا. مەبەست لە ئینترۆپی چاڵە-رەش چی بوو؟ پێشنیازی بنەڕەتی لە ساڵی 1972 دا لە لایەن جاکۆپ بێکێنستاینەوە پێشكەشکرا، کاتێک قوتابی بوو لە زانکۆی پرینستن. ئا بەمجۆرە بوو،” کاتێک بە هۆی هەرەسهێنانی کێشکردنەوە چاڵە-رەش دروست دەبێت، خێرا ئارام دەبێتەوە بۆ حاڵەتێکی مەند، کە خەسڵەتی سێ رادەی parameters هەیە: بارستایی، تەوژمی گۆشەیی و بارگەی کارەبایی.
ئەمە وا لە شتەکە دەکات دەڵێیت دوا حالەتی چاڵە-رەش سەربەخۆیە لەوەی ئایا ئەو تەنەی هەرەس دەهێنێت لە مادە یان دژە-مادە پێکهاتووە، یاخود گۆیی یان لە شێوەدا زۆر ناڕێکە. بە مانایەکی تر، چاڵە-رەشێک بارستایی، تەوژمی گۆشەیی و بارگەی کارەباییەکەی زانراوبێت مومکینە لە هەرەسهێنانی هەر یەکێک لەو ژمارە زۆرە پێهکاتەی مادە جیاوازەکانەوە دروست بووبوو. بەمجۆرە ئەوەی وەک چاڵە-رەشێک دێتە بەرچاو لەوانەیە لە ئەنجامی هەرەسهێنانی ژمارەیەکی زۆر چەشنەها جۆری ئەستێرەوە لەدایک بوبێت، ئەگەر کاریگەرییەکانی کوانتەم پەراوێز بخەین، ئەوا ژمارەی پێکهاتووەکان ناکۆتا دەبێت چونکە چاڵە-رەشەکە مومکینە لە ئەنجامی هەرەسهێنانی هەورێکەوە دروست بووبێت کە لە ژمارەیەکی گەورەی نادیار لە تەنۆڵکەکان پێکهاتبێت کە بارستاییان بە شێوەیەکی نادیار نزمە. بەڵام تۆ بڵێیت ژمارەی پێکهاتەکان هەر بە راست ناکۆتا بێت؟
میکانیکی کوانتەمی زۆر بە شۆرەتەوە پرینسپی نایەقینی لەخۆدەگرێت. ئەم حاڵەتە پێمان دەڵێت کە مەحاڵە ئنسان بتوانێت لە هەمان ساتەوەختدا هەم مەوقیع و هەم خێرایی تەنێک پێوانە بکات. ئەگەر ئنسان بە وردی مەوقیعی تەنێک پێوانەبکات، ئەوا خێراییەکەی دەبێتە قوربانی. خۆ ئەگەر یەکێک خێراییەکەی بە دانسقەیی پێوانەبکات، ئەوا مەوقیعەکەی دەبێتە قوربانی. لە باری پراکتیکەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە مەحاڵە شوێنی هیچ شتێک دیاری بکرێت. سەیرکە، با وا دابنێین دەتەوێت پێوانەی قەبارەی شتێک بکەیت، ئەو کاتە پێویستت بەوەیە بزانیت کۆتایی جوڵەی ئەم تەنە لە کوێدایە. هەرگیز ئەمەت بە وردی بۆ ئەنجام نادرێت، چونکە شتەکە پەیوەستە بە ئەنجامدانی پێوانی هەم مەوقیع و هەم خێرایی تەنەکەوە لە هەمان کاتدا. وەک ئاکامێک، مەحاڵە ئنسان بتوانێت قەبارەی تەنێک دیاری بکات. تەنها دەتوانین بلێین کە پرینسیپی نایەقینی شتەکەی وەها مەحاڵ کردووە کە بە وردی و بە راستی بزانین قەبارەی شتێک چەندە. بەمجۆرە پرینسیپی نایەقینی سنوری سەپاندووە بەسەر قەبارەی شتێکدا. ئەگەر تەنێکمان هەبێت و بارستاییەکەی زانراوبێت، ئنجا دوای تۆزێک حسابات، بۆمان دەردەکەوێت تەنەکە بچوکترین قەبارەی هەیە. ئەم بچوکترین(کەمترین) قەبارەیە بۆ تەنێکی قورس بچکۆلەیە، بەڵام کاتێک ئنسان سەیری تەنێکی سوکتر و سوکتر دەکات، کەمترین قەبارە گەورە و گەورەتر دەبێت. ئەم کەمترین قەبارەیە دەکرێت وەک دەرەنجامێکی ئەو هەقیقەتە سەیربکرێت کە دەکرێت تەنەکان لە میکانیکی کوانتەمیدا، یان وەکو شەپۆل یاخود وەکو تەنۆڵکە سەیربکرێن. هەتا تەنەکە سوکتر بێت، درێژی سەپۆلەکەی درێژتر دەبێت و زیاتر بڵاودەبێتەوە. هەتا تەنەکە قورستر بێت، درێژی شەپۆلەکەی کورتتر دەبێت و چڕتر(چووەیەک compact ) دەردەکەوێت. کاتێک ئەم ئایدیایانە لەگەڵ تیوری گشتی نسبییەتدا یەکدەگرن، ئەوە دەگەیەنێت تەنها ئەو تەنانە کە قوسترن لە کێشێکی تایبەت دەتوانن چاڵە-رەش بخوڵقێنن. کێشەکەیان بە نزیکەیی وەک کێشی دەنکە خوێیەک دەبێت. دەرەنجامی لەوەش زیاتر سەبارەت بەم ئایدیایانە ئەوەیە کە ژمارەی پێکهاتەکانی چاڵە-رەشێک، کە بارستاییەکەی، تەوژمی گۆشەیی و بارگە کارەباییەکەی زانراون، دروست دەکەن، هەرچەندە زۆر گەورەبێت، لەوانەیە بە هەمان شێوە کۆتاداربێت. جاکۆب بێرکێنشتاین لەم ژمارە کۆتادارەوە ئەوەی پێشنیازکرد کە ئنسان دەتوانێت تەفسیری ئیترۆپی چاڵە-رەش بکات. ئەمەش دەبێت بە پێوەرێک بۆ بڕی ئەو زانیارییەی بزربووە و ناگەڕێتەوە، ئەویش لە کاتی هەرەسهێناندا کە چاڵە-رەشەکە لەدایکبوو.
هەڵەی هەرە گەورەی بەرچاوی پێشنیازەکەی بێرکێنشتاین ئەوە بوو ئەوە ئەگەر چاڵە-رەشێک ئینترۆپی کۆتاداری هەبێت کە راستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ روبەری ئاسۆی روداوەکەیدا، ئەوا دەبێت پلەی گەرمی نا-سفری هەبێت کە راستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ کێشکردنی روییەکەیدا surface gravity . ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە دەشێت چاڵە-رەشێک لە دۆخی هاوسەنگیدا بێت لە حاڵەتێکدا تیشکدانەوە گەرمییەکەی جگە لە سفر لە پلەیەکی گەرمی تردا بێت. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی چەمکە کلاسیکییەکان هاوسەنگی ئا لەمجۆرە مەحاڵە چونکە چاڵە-رەشەکە هەرچی تیشکی گەرماییەک دەکەوێتە سەری هەڵیدەمژێت بەڵام بە پێی پێناسە ناتوانێت هیچ شتێک لە بەرامبەردا پەخش بکات. ناتوانێت هیچ شتێک پەخش بکات، ناتوانێت گەرما پەخش بکات.
شێرکۆ رەشیدا قادر کردوویە بە کوردی

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *