داستانی لەدایکبونی چەمکی چاڵە-ڕەشەکان لە هاوکێشەکانی ئاینشتایندا

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 5 خولەک

 1,162 جار بینراوە

رۆژانێک بوو، لە ساڵی 1919 دا، ئارتەر ئەدینتن، فەلەکناسی هەرە گەورەی ئنگلیز، ویستی بیسەلمێنێت کە تیوری هێزی کێشکردنی گشتی نسبییەتی ئاینشتاین راستە و کاتێک روناکی لە ئەستێرەیەکی دورەوە دێت و بە لای تەنێکی زەبەلاحی وەکو خۆردا گوزەردەکات، ئەوا دەچەمێتەوە، سکرتێرەکەی ئاینشتاین لە ئاینشتاین خۆی پرسی، ”چی دەبێت ئەگەر تەجروبەکە سەرکەوتوو نەبێت و تیورییەکەی تۆش فەشەل بهێنێت!” لە وەڵامدا وتی ”من باکم نییە، ئەوە هەڵەی ئەوانە، تیورییەکەی من هەر راستە.” لە راستیدا ئاینشتاین باکی نەبوو، چونکە بە ماتماتیک شتەکەی سەلماندبوو. تاقیکردنەوەکەی ئەدینتن تیورییەکەی ئاینشتاینی لەمەر چەمانەوەی روناکی لە سایەی هێزی کێشکردندا سەلماند. ئاینشتاین لە شەوروژێکدا گەورەتر لە ئەکتەرێکی هۆلیوود شۆرەتی بڵاوبوەوە. لە هەموو گۆشەیەکی دونیاوە بانگهێشت کرا بۆ کۆڕی زانستی و بینینی سەرۆک کۆمار و پادشای گەورە و خانمانی بەناوبانگی تر.

ئاینشتاین هەرگیز زانایەکی پراکتیکی نەبووە

هەمیشە بێ گۆرەوەی و قژبژ، دەتگوت تازە بە تازە بارگاوی بووە. پیاوێکی سادەبووە، بەڵام خەیاڵبافێکی لە ئاسابەدەر گەورە بووە. کاتێک قوتابی بوو لە زانکۆ، مامۆستاکەی مینکۆوسکی ناویناوە ”سەگە تەنبەڵەکە”، چونکە جگە لە گاڵتە و گاڵتەجاڕی تاقەتی هیچی تری نەبووە، بەڵام هەر زوو خولیای فەلسەفە بووە، لای وی جیومەتری چێژێکی تایبەتی هەبووە. لە ساڵی 1896 دا، هێشتا لە تەمەنی شازەدە ساڵان دەبێت کاتێک بیردەکاتەوە کە چی دەبێت ئەگەر ئنسان سواری پاسکیلێک بێت و بە خێرایی روناکی بۆی دەرچێت. هەر لەو ساڵانەدا دەبێت بە میتۆدێکی تایبەتی خۆی تیورمی نەمر و دوو هەزار ساڵەی فیساگۆرسی دەسەلمێنێت.

کاتێک لە زانکۆ دەردەچێت، بێ ئیش و بێ پارە دەسوڕێتەوە، بەو مەبەستەی عانەیەک پەیدابکات، رێکلامێک لە رۆژنامەی دەڤەرەکەدا بڵاودەکاتەوە کە ئامادەیە دەرسی تایبەتی بە قوتابیان بڵێتەوە. تەنها یەک قوتابی وەڵام دەداتەوە، ئەویش ناوی مارسل گرۆسمان دەبێت، کاتێک یەکتر دەبینن، بە حساب دەرسی بیرکاری بڵێتەوە، دەکەونە مشتومڕی فەلسەفییەوە، ئیتر لێرە بە دواوە پێکەوە دەبنە هاوڕێ و بۆ خۆیان سەرقاڵی زانست و گفتوگۆی فەلسەفی و شەراب دەبن، بەمجۆرە نە ئەو دەرسی وەرگرت و نە پارەش هاتە لای ئاینشتاین. دوایی هاوڕێیەکی تری کە زانی ئاینشتاین موحتاجی پارەیە، تکای لە بابی کرد و ئیشی لە فەرمانگەی ”پەیتنت” بۆ دۆزییەوە، ئەویش ئۆفیسێکی زانستی بوو مافی پەیپەری زانستی دەپاراست و تۆماری دەکردن. لێرە ئاینشتاین دەیان و سەدان گوتاری زانستی بە وردی خوێندەوە. بەمجۆرە لە زانکۆ نەبووە زاتێکی ئەکادیمی، بەڵام لە ئۆفیسەکە بووە داهێنەرێکی بێوێنە.

لە تەمەنی 26 ساڵیدا چوار نامەی زانستی بڵاودەکاتەوە، هەر چواریان بۆ خۆیان، سەربەخۆ لەوی تر شایانی خەڵاتی نۆبڵ بوون، بەڵام بە داخەوە لە ناوەندە زانستییەکاندا، بە تایبەت زانکۆکان کەس لێی حاڵی نەبوو. ئەو ساڵە لە ژیانی ئەم پیاوە قژ بارگاوییە ئەلکترۆنییەدا، کە هەمیشە پایپێکی بە دەمەوە بوو، بە ساڵی موجیزە ناسراوە، مەگەر تەنها نیوتن لەمەدا شان بدات لە شانی.

لە ساڵی 1907 وە، ئاینشتاین تیوری تایبەتی نسبییەتی فراوانکرد بۆ ئەوەی کێشکردن لە باوەش بگرێت و ببێت بە بەشێک و تیورییەکەش تەفسیرێکی گەردونی یان شمولی بێت بۆ سەرتاپای گەردون بە مانا فراوانەکەی گەردون خۆی. کاتێک مینکۆوسکی، دوای ساڵێک، واتە لە1908 دا، هەر ئەو مامۆستایەی لە رۆژانی زانکۆدا، ئاینشتاینی بە سەگە تەنبەڵەکە ناوزەد کرد، کەوتە تاووتوێی تیورییەکەی ئاینشتاین و بۆ یەکەمجار ئایدیای فەزا-زەمەنی چوار-رەهەندی پێشکەشکرد. لای ئاینشتاین خۆشی، کاتێک ئنسان باس لە جوڵەی تەنێک دەکات ئەوا تەنها بە فەزای سێ رەهەندی بەس نییە و بەرەو چەواشەیی کێشمان دەکات. خۆ ئەگەر زانیاری نەتوانێت بە خێرایی روناکی بڕوات، ئەوا تەنە ئەسترۆنۆمییەکان کە لە ئێمەوە دوورن بە بێ رەهەندی زەمەن هیچ بونێکیان نییە، وەسفکردنی گەردونیش بە سێ رەهەندی وەک وەسکردنی تەنێکی شەشپاڵوو وایە بە دوو رەهەندی. پێویستە رەهەندی زەمەن لە هاوکێشەکەدا بەرجەستە بکەین و فەزا- زەمەن وەک رەهەندی چواری وەسف بکەین.

لە کۆتایی ساڵی 1915 دا، دونیا لە گەرمەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا بوو، ئا لەم ساڵەدا بوو کاتێک ئاینشتاین هاوکێشەکانی لەمەڕ تیوری گشتی بڵاوکردەوە، سەرباری ئەوەی تەنها چەند کەسێکی زۆر کەم لێێ حاڵیبوون. ژمارەی هاوکێشەکان دوازدە بوون، بەڵام لە پلەیەکی بەرزی ئاڵۆزیدا بوون

.

لە سەرەاتی 1916 ، لاوێکی فیزیکناسی ئەڵمانی گڕی نەتەوەپەرستی لە دڵیدا کڵپەی سەند و لە تەمەنی چل ساڵیدا تویشوی لێبەست و بەرەو بەرەکانی رۆژئاوای جەنگ لە دژی روسەکان خۆی پێچایەوە و لەگەڵ قافڵەدا کەوتەڕێ. پێش ئەوەی بکەوێتەڕێ، بە دوو هەفتە، چاوی بە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی تیوری گشتی نسبی ئاینشتاین کەوت، فریای کەوت لە هەگبەی بهاوێت و ماڵئاوایی بکات. دوای مەشق، لەسەر تۆپە دوور هاوێژەکان دامەزرا و نشتەجێبوو، گرمەی تۆپ و ئاپۆرای دوکەڵ و مەرگی ئنسان سیمای جەنگ بوون. کاتێک ئارامی باڵی دەکێشا بەسەر شەڕدا، خۆی سەرقاڵ دەکرد بە هاوکێشەکانی ئاینشتاینەوە و ویستی بەسەر هەندێک تەنی ئاسماندا راڤەیان بکات. ژمارەی هاوکێشەکان دوازدە بوون، بەڵام جگە لەوەی هەتا بڵێی سەخت و ئاڵۆزبوون، هەتا ئەو کاتەش هێشتا هیج زانایەک زەفەری پێ نەبردبوون. ئەم فیزیکناسە کەوتە وربوونەوە و لێکۆڵینەوە لە دیاردەی کایەی کێشکردن بە دەوری تەنێک لە فەزادا و ئەم کایەیە چ سیمایەکی دەبێت لە سایەی تیورییەکەی ئاینشتایندا. دەرفەتی دەستکەوت و ئەنجامە ماتماتیکییەکانی خۆی نارد بۆ ئاینشتاین. لە نامەکەدا بە ئاینشتاینی راگەیاند، ئەنجامەکانی لە بەرەی جەنگەوە تیورییەکەی جوان، نایاب و پوختر دەکەن. هەروەها ئەوەشی بۆ نوسی کە تیوری گشتی نسبی سەرکەوتنێکی گەورەیە، بە تایبەت لە تەفسیری دیاردەی لادانی هەسارەی زاوەدا(مێرکوریدا). ئەم فیزیکناسە، راستتر بڵێین ماتماتیکناسە، ناوی کارل شوارتزچایەڵد بوو. ئاینشتاین بە حلەکە زۆر سەرسام بوو. وەڵامی نامەکەی شوارتزچایەڵدی دایەوە و ستایشێکی بەرزی کرد و گوتی،” هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد حلێکی ئاوا وردی پرسەکە هەروا بە سادەیی فۆرمولە بکرێت” ئاینشتاین خۆی پرسەکەی، بە تەواوی و وردی یەکلایی نەکردبوەوە. بە پەلە و هەر بە دەستی خۆی نامە زانستییەکەی شوارتزچایەڵدی گەیاندە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەکادیمیای پروسیایی.

حساباتە وردەکارییەکەی شوارتزچایەڵد پەیوەست بوو بە چەمانەوەی فەزا–زەمەنی دەوری تەنێکی(یان ئەستێرەیەکی) گۆیی، تەرکیزیش زیاتر لەسەر تەنێک بوو کە ناسوڕێتەوە. دوای دوو هەفتە، نامەیەکی تری نارد بۆ ئاینشتاین، ئەمەیان پەیوەست بوو بە ناوەوەی تەنەکە(ئەستێرەکە) وە.

گەڵاڵەی حلە ماتماتیکییەکانی شوارتزچایەڵد شتێکی ئێجگار سەیربوو ، گەیشتە ئەو رایەی ئەگەر سەتاپای بارستایی ئەستێرەیەک بپەستێنرێت بۆ قەبارەیەکی ئێجگار بچکۆلەی وەک نوقتەیەک، کە ئێستا پێی دەگوترێ نیوەتیرەی شوارتچایەڵد، ئەوا هەرچی حلێک ئەنجامیداوە هەرەس دەهێنێت. لە چەقی ئەم ئەستێرەیە یان تەنە بچکۆلەیەدا، فەزا–زەمەن لە چەمانەوەدا دەبێتە ناکۆتا. خۆ ئەگەر بارستایی خۆر وەها چڕبکرێتەوە، نیوتیرەکەشی بچوک بکەێنەوە بۆ سێ کیلۆمەتر، ئەوا بێ هیچ گومانێک خۆر دەچێتە ئەو حاڵەتەوە. بۆ زەویش، ئەگەر بە جۆرێک چڕبکرێتەوە، یان بپەستێنرێت، و نیوەتیرەکەی لە هەڵماتێک بچوکتربێت، ئەوا ئەمیش بە هەمان دۆخدا تێپەڕدەبێت.

بەمجۆرە ئەو نیوەتیرەیەی شوارتزچایەڵد باسیدەکات، هەورێکێ ئەڵقەیی بە دەوری ئەستێرە هەرەسهاتوەکەدا دروستدەکات، هێزی کێشكردنی ئەم ئەستێرەیە یان تەنەکە ئەوەندە بەرزە، کە هەرچییەک بکەوێتە ئەو دیو ئەم بازنەیەوە هەرگیز نایەتەوە، ئەمە نەک هەر بەو جۆرەیە، بەڵکو هیچ شتێک ناتوانێت لێی دەربازببێت، تەنانەت تیشکی روناکی بەو خێراییە بەرزەی خۆیەوە ناتوانێت لەم سنورە ڕابکات، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بەم بازنە هەورییە دەگوترێت ئاسۆی ڕوداو.

بەمجۆرە چەمکی چاڵە رەشەکان(هێشتا ناونەنرابوو چاڵە رەشەکان) لە تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتایندا لە دایکبوو، ئەو چەمکەی ئاینشتاین خۆی دژی وەستایەوە و گوتی دیاردەی وەها مەحاڵە و بە توندی رەتیکردەوە، گوتی لە واقیعی فیزیکیدا شتی وەکو سینگولارەتی بە هیچ جۆرێک بونیان نییە. لە ساڵی 1939 دا، فیزیکناسی ئەمەریکی، رۆبەرت ئۆپنهایمەر، کە دوایی بە بۆمبی ئەتۆمی و ناوکی لە دونیادا ناسرا، پەیپەرێکی بڵاوکردەوە کە بە هیچ جۆرێک مەحاڵ نییە ئەستێرەیەک، کاتێک بە هیچ جۆرێک وزەی تێدا نامێنێت و هەموی سەرفکردووە، ئەم ئەستێرەیە، لە دوا رۆژانی ژیانی نزیک دەبێتەوە، لە ئەنجامدا لە سایەی هێزی کێشكردنی خۆیدا بە ئاراستەی ناوەوەی خۆیدا هەرس دەهێنێت و دیاردەیەکی وەها سەیر دروست دەکات.

بە داخەوە شوارتزچایەڵد هەرگیز گرنگی شیکارە ماتماتیکییەکەی خۆی بە چاوانی خۆی نەبینی. دوای چەند مانگێک، لە تەمەنی چل ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی پێستەوە، کە پێدەچوو لە جەنگ توشی بووبێت، بۆ یەکجاری بەرەو فەننای ئەبەدی ماڵئاوایی کرد و مەرگ فڕاندی بۆ خۆی.

ئیتر لەو رۆژەوە فەلەکناسان عەوداڵن لە دوی چاڵە-رەشەکان، دوای سەد ساڵ، وێنەیان بڵاوکردەوە، ئنجا وێنەکە راستیش نەبێت، ئایدیاکە هەر راستە.

شێرکۆ رەشید قادر

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *