زانست چییە؟ – کتێبی سەرتایەکی زۆر کورت بەرەو فەلسەفەی زانست

نوسینی: دابان محەمەد

زانست چییە؟

ئەم پرسیارە لەوانەیە وا دەرکەوێت وەڵامدانەوەی ئاسان بێت: هەموومان دەزانین کە بابەتانێکی وەکو فیزیا، کیمیا، و زیندەزانی پێکهێنەرەکانی زانستن، لەکاتێکدا بابەتانێکی وەکو هونەر، مۆسیقا، و ئایین پێکهێنەری زانست نین. بەڵام کاتێک فەیلەسوفان ئەو پرسیارە دەکەن، ئەوە ئەو وەڵامە نییە کە دەیانەوێت. فەیلەسوفان پرسیاری لیستێك لەو چالاکییانە ناکەن کە بە بەشێک لە زانست هەژمار دەکرێن. بەڵکو پرسیار دەکەن ئاخۆ بەشەکانی لیستەکە ( فیزیا و کیمیا و زیندەزانی… هتد) چ تایبەتمەندیگەلێکی هاوبەشیان هەیە لەنێوانیان، بەواتایەك چی وای کردووە ئەو بەشانە وەک زانست ناوبەرین؟ئێستا بەمجۆرە پرسیارەکەمان زۆر بێ مانا دەرناکەوێت. بەڵام لەوانەیە ئێستاش وا بیر بکەیتەوە کە ئەوە پرسیارێکی ئاسانە وە بلێی بە دڵنیایەوە زانست تەنها هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوە و پێشبینی کردنی ئەو رووداوانەی لە جیهانی دەوروبەرمان روودەدەن. ئەوە وەڵامێکی گونجاوە، بەڵام هەرئەوەندە و تەواو؟ ئێ خۆ ئایینە جیاوازەکانیش هەوڵی شیکردنەوە و تێگەیشتنی جیهان دەدەن، کەچی ئایین وەك لقێکی زانستی هەژمار ناکرێت. بەهەمان شێوە، کەڵوزانی( ئەسترۆلۆجی) و فاڵچییەتی هەوڵێکن بۆ پێشبینی کردنی داهاتوو. کەچی زۆربەی خەڵكی ئەوانەش وەک چالاکی زانستی هەژمار ناکەن. یان مێژوو، مێژووناسان هەوڵدەدەن تێبگەن و شیبکەنەوە کە چی لە ڕابردوودا روویداوە، کەچی مێژووش وەک بابەتێکی هونەری پۆلێن کراوە نەوەك زانستیی.

وەکو زۆربەی پرسیارە فەلسەفیەکان، پرساری “زانست چییە؟” دەرکەوت کە زەحمەتر بێت لەوەی بیرمان لێدەکردەوە. زۆربەی خەڵك بڕوایان وایە تایبەتمەندی جیاکەرەوەی زانست بەهۆی ڕێبازە جیاوازەکەیەتی. ئەو وەڵامە ڕێی تێدەچێت. لە زۆربەی بەشە زانستییەکان ڕێبازی جیاوازی لێکۆڵینەوە بەکاردێت کە لە بەشە نازانستیەکان بەدی ناکرێن. یەک لە نموونەی زەقەکان بەکارهێنانی:

١- تاقیکردنەوەکانە کە لەڕووی مێژووییەوە خاڵی وەچەرخانە  لە پەرەسەندنی زانستی مۆدێرن.

٢- تایبەتمەندیەکی تری گرینگی زانست بریتییە لە “داڕشتنی بیردۆز”.

وەنەبێ زانایان بە ساکاری ئەنجامی تاقیکردنەوە و تێڕوانینەکانیان بنووسنەوە لە تۆمارنامەکانیان، بەڵکو زۆرجار دەیانەوێت ئەو ئەنجامانەی لەشێوەی بیردۆزێکی گشتی شیبکەنەوە. وە ئەنجامدانی ئەوە زۆرجار ئاسان نییە، سەرەڕای ئەوەش زانست سەرکەوتنی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە.

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: