ئەخلاق لە فیزیادا

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 3 خولەک

 763 جار بینراوە

پرۆفیسۆر نیما ئەرکانی حەمید لە کۆلێژی کۆرنێل لە وانەیەکی سەرنجڕاکێشدا باس لە ئەخلاقیەت لە فیزیای بنچینەیی دەکات. لەم بەشەی زانستدا ئێمە زۆر لەمێژە ئەو هەستەمان لا درووست بووە کە حەقیقەتێك، کۆمەڵە یاسایەك بوونیان هەیە کە تەواو بابەتین( ئۆبجێکتیڤ)ـن، دروستکراوی کۆمەڵگا نین، دروستکراوی مرۆڤ نین، ئێمە هەوڵ دەدەین بگەین بەو حەقیقەتە، و پێمان وایە بەپێی کات تێگەیشتنمان بۆی باشتر و باشتر دەبێت.

ئەو حەقیقەتە هیچ باکی ئێمەوە نییە، بەڵام ئێمە پێویستیمان پێی هەیە چونکە دەمانەوێت پێی بگەین. وە ئێمە بە درێژایی چەندان سەدە فێربووین کە شێوازێکی ڕەفتار کردنی دیاریکراو هەن کە ئەگەر ئێمە پابەندیان بین ئەوا ئاسانتر و باشتر دەمانگەیەنێتە ئەو حەقیقەتەی کە هەیە. بەمشێوەیە ڕەفتارانێکی ئەخلاقی دینە کایەوە کە دروستکراوی ئێمەن، خۆیان بوونیان نییە بەڵام کاتێک دێنە کایەوە کە ئێمە دەمانەوێت بە حەقیقەت بگەین. ئێستا با ئاماژە بە چەند ڕەفتارێکی ئەخلاقی باش بکەم کە لە ئێمە دەخوازێت پابەندبین پێیانەوە ئەگەر هەر بەڕاستی خەممان گەیشتن بێت بەو ڕاستییەی کە هەیە، بەڵام بەرلەوە دەبێت تێبگەین کە ئەو ڕەفتارە ئەخلاقییە باشانە ناکەین چونکە کەسانی باشین، نەخێر بەڵکو ئێمە خۆپەرستین و دەمانەوێت بە زووترین کات بگەین بەوەی کە دەمانەوێت.

١ـ یەکەم ڕەفتاری ئەخلاقی باش ئەوەیە کە دەبێت ڕاستگۆ بیت، لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە لەگەڵ خۆت ڕاستگۆ بیت و دواتر لەگەڵ کەسانی دەوروبەر، ئاشکرایە کە هەموومان دەمانەوێت لە جیهان تێبگەین وە کەسانێکی زۆر لێکۆلینەوە دەکەن، بۆیە هەموومان سودمەند دەبین ئەگەر کەسانێکی زیاتر فێری ئەو شتانە بکەین کە خۆمان دەزانین ڕاستن، ئێمە شت ناشارینەوە وە زانیاری بەش دەکەین وە گرینگە زانیاری درووست بەش بکەین، نەوەک بڵێی ”دەی با ئەو زانیارییە بە هەڵە بڕوات کەس تێبینی ناکات یا دواتر دێمەوە و شیکردنەوەێکی قووڵتر لەسەر بابەتەکە پێشکەش دەکەم”. نەخێر! ئەوە لە کاروانی گەیشتن بە حەقیقەت خاومان دەکاتەوە بۆیە ڕاستگۆبوون تەواو پێویستە.

٢- ڕەفتارێکی تر ئەوەیە کە گرینگ نییە تۆ کێی، تەنها ناوەڕۆکی بیرۆکەکەت گرینگە، ئەگەر قوتابیەکی 20 ساڵەیت و بیرۆکەیەکی نایابت هەیە ئەوا خەڵك گوێت بۆ ڕادەگرێت وە بەپێچەوانەوە ئەگەر براوەی خەڵاتێك یان دوو خەڵاتی نۆبڵ بیت دواتر بیرۆکەیەی بێ مانا پێشکەش بکەی ئەوا کەس گرینگیت پێنادات، هەروەك ستیڤن واینبێرگ دەڵێت ” ئێمە لە زانستدا پاڵەوانمان هەیە نەوەکو پێغەمبەر” وە ئەوەش شتێکی باشە چونکە ئێمە تەنها گرنگی بەو شتانەوە دەدەین کە بەرەوە پێشەوەمان دەبات وە گرنگ نییە بیرۆکەکە لە چ کەسێکەوە یان لە چ ئاراستەیەکەوە دێت.

٣- وە دانەیەكی تر ئەوەیە کە ئێمە هەرگیز لەزانست مامەڵە لەگەڵ دڵنیایی ناکەین، پێمان وانییە کە هەموو راستییەکان لای خۆمانن وە وا ڕەفتار ناکەین کە هەموو شتێک دەزانین، باوەڕ بەخۆبوون گرینگ بەڵام تا رادەیەك بۆنموونە دەکرێت کەسێک بڵێت چۆن دەزانین کە ئەو ئەتۆمانەی لەسەر هەسارەی نیپتۆنن هەمان شێوەی ئەو ئەتۆمانەی ئێرەن؟ دەبێت رۆکێت بنێرین وە بی پشکنین، نەخێر پێویستە باوەڕ بەخۆبوونت هەبێت بەڵام نەوەك تاڕادەیەک کە بگاتە دڵنیابوون.

٤-  شتێکی تر کە زۆر گرینگە لە زانستدا ئەوەیە کە دەبێت سنگ فراوان و مێشك کراوە بیت بەرامبەر بیرۆکەیەی کەسانی تر، چونکە بەدڵنیاییەوە ئێمە هەموو ڕاستییەکەمان لا نییە وە دەکرێت کەسانێکی تر بەشێك لە ڕاستی لابێت سەرەڕای ئەوەی بەشەکانی تری زۆربەی هەڵە بێت بۆیە پێویستە گوێ لەکەسانی تر رابگرین و سنگ فراوان بین.
باشە مادام هەموومان وادەکەین رێك دەکەوین و گوێ لەیەکتر ڕادەگرین، نەخێر، ئەوە شمشێرێکی دوو سەرەیە چونکە پێویستە تەنها بەرامبەر ئەو کەسانە سنگ فراوان و مێشك کراوە بین کە وەك ئێمە ڕاستگۆن و بەسەختی هەوڵدەدەن و پابەندن بەو گەڕانە هاوبەشەی کە هەموومان ئەنجامی دەدەین، ئەگەر وانەکەن ئەوا زۆر گرینگە کە سنگ فراوان نەبین بەرامبەریان، وەك ئەو ووتەیەی ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر کە دەڵێت ” پێویستە مێشك کراوە بیت بەڵام بە رادەیەکیش نا کە مێشکت بکوژێتەوە”.، وە کەسێکی تر کە پێویستە سنگ فراوان نەبیت بەرامبەری ئەوا خۆتی دەگوترێت باشترین فیزیکزانی بیردۆزی ئەوەیە کە بەزووترین کات خۆی بەهەڵە دەکاتەوە.

٥- و دوا ڕەفتاری ئەخلاقی باش کە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە هەندێک جار لە زانستدا دەگەین بە خاڵێك کە وا پێدەچێت دوو ڕاستی دژ بەیەك هەبن، بۆنموونە: ڕووناکی تەنۆلکەیە،، ڕووناکی شەپۆلە،، ئەو بابەتە هەردووك پێدەچێت ڕاست بێت بەڵام دژبەیەکن، لەم حاڵەتەدا پێویستە هەوڵبدەی لەدیدی بەرامبەرەکەت تێبگەی وە لەسەری بخوێنیتەوە سەرەڕای ئەوەی کە دژی ڕای تۆیە، چونکە ئەگەر وا نەکەیت ئەوا لە تەواوی چیڕۆکەکە ناگەیت چونکە هیچ کامیان تەواوی چیرۆکەکە نین، تەواوی چیرۆکەکە شتێکی قووڵتر و گەورەترە لە پشتیانەوە.

لەکۆتاییدا دەڵێم ئەو ڕاستییەی کە ئێمە بەدوایەوەین ئەو یاسایانەی کە ئێمە دەمانەوێت بیان دۆزینەوە بێ گەردن، قووڵن، وە سادەن یاساکان بێ عەیبن ئێمە عەیبدارین، وە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو یاسایانە ئێمە باشتر دەبین، ئەو کات کۆمەڵگەیەکی زانستی ڕاستگۆیی سنگ فراوانی مێشك کراوە دێتە کایەوە، نەوەك لەبەر ئەوەی خۆمان باشین بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆپەرستین وە هەمان ئامانجی خۆپەرستانەمان هەیە، کە ئەویش گەیشتنە بەڕاستیەك کە چاوەڕوانی دۆزینەوەیە.

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *