پۆڵ دیراک: پەیوەندی لە نێوان ماتماتیک و فیزیکدا!

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 12 خولەک

 52 جار بینراوە

پۆڵ دیراک: پەیوەندی لە نێوان ماتماتیک و فیزیکدا!

‘خودا ماتماتیکی جوانی بەکارهێنا بۆ ئەفراندنی گەردون’

پۆڵ دیراک

کاتێک فیزیکناس  دیاردەی سروشتی دەخوێنێت، دوو میتۆدی لە پێشدایە بۆ فەراهەمکردنی بەرەوپێشچون:

١ – میتۆدی تاقیکردنەوە و سەرنجدان و

 ٢ – میتۆدی بیرکردنەوەی لۆژیکییانەی ماتماتیکی.

 یەکەمیان تەنها بریتییە لە کۆمەڵێک داتای هەڵبژاردە و دووەمیش یارمەتی کەسێک دەدات کە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوانە پێشکەش بکات کە هێشتا ئەنجام نەدراون. هیچ بەهانەیەکی بیرکردنەوەی لۆژیکی لە ئارادا نییە بۆچی میتۆدی دووەم هەر هیچ مومکین بێت، بەڵام ئنسان بە پراکتیکی شتەکە دەبینیت کە باش ئیش دەکات و بە سەرکەوتنێکی ماقوڵەوە دێتەدی. جا ئەمە هەر هیچ نەبێت، دەبێت هۆکاری سەرکەوتنەکە بگەڕێنینەوە بۆ بەهای چلۆنایەتی ماتماتیکی لە سروشتدا، چلۆنایەتییەک، لای ئەو کەسانەی لە سروشت ڕادەمێنن، هیچ جێگای گومان نییە، بەڵام هەر چییەک بێت، ڕۆڵێکی گرنگ لە نیزام و پلانی سروشتدا دەبینن.

لەوانەیە کەسێک وەسفی چلۆنایەتی ماتماتیکی لە سروشتدا بکات و بڵێت گەردون وەها دروستبووە کە ماتماتیک ئامرازێکی بەسودە بۆ وەسفکردنی. بەڵام هەرچۆنێک بێت، پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی زانستی فیزیک ئەوە دەردەخەن ئەم جۆرە بانگەشانە لەمەر ئەم پرسانە زۆر هیچن. پەیوەندی نێوان ماتماتیک و وەسفکردنی گەردون زۆر لەوە قوڵترە و دەکرێت کەسێک بێت و تەنها لە رێگای چێکردنی ئەو هەقیقەتە فرە چەشنانەی لێی دروستبوون ئیعتیباری بۆ بکات. لێرەدا مەبەستی سەرەکی گوتارەکەم بۆ ئێوە ئەوەیە ئەم ئیعتیبارەتان پێشکەش بکەم. من پێشنیازی ئەوە دەکەم دونیابینی فیزیکناس لەمەڕ ئەم بابەتە تاووتوێ بکەم کە چۆن هێدی هێدی بە هۆی پەرەسەندنی یەک لە دوی یەکی ئەم دواییانەی فیزیکەوە دەستکاری کراوە، دوایش کەمێک لە بارەی ئایندەوە چەند شتێکتان بۆ باس دەکەم.

با خاڵی دەستپێکمان بریتی بێت لەو پلانە زانستیەی فیزیک کە بە گشتی لە سەدەی رابردودا جێگای رەزامەندی بوو – ئەویش بریتی بوو لە پلانی میکانیکی. ئەمە هەموو گەردون بە سیستەمێکی داینەمیکی لە قەڵەم دەدات( بێگومان سیستەمێکی داینەمیکی لە ئاسابەدەر ئاڵۆز) و ملکەچی ئەو یاسایانەی جوڵەن کە لە بنەڕەتدا بە هی نیوتن ناسراون. رۆڵی ماتماتیک لەم پلانەدا بریتییە لە بەرجەستەکردن یان نمایشکردنی ئەم یاسایانەی جوڵە لە هاوکێشەدا و فەراهەمکردنی حلەکانی ئەم هاوکێشانەش بە گەڕانەوەمان بۆ مەرجەکان یان حاڵەتەکانی تێرامان.

پێویستە ئایدیای باڵادەست لەم ڕاڤەکارییەی ماتماتمیک بەسەر فیزیکدا ئەوە بێت کاتێک هاوکێشەکان تەمسیلی ئەم یاسایانەی جوڵە دەکەن دەبێت فۆرمێکی سادە لەخۆبگرن. سەرتاپای سەرکەوتنی پلانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەقیقەتەی هاوکێشەکان، چونکە فۆرمێکی سادەیی لەخۆدەگرن بۆیە ئیشەکە بە باشی ئەنجامدەدەن. بەمجۆرە فیزیکناس بۆ خۆی پرینسپی سادەیی دێتە بەردەم و دەتوانێت وەک ئامرازێکی توێژینەوە بیخاتەگەڕ. خۆ ئەگەر، ئەو داتایانەی لە ئەنجامی چەند تاقیکردنەوەیەکی خێراوە بەدەست دێن، بە نزیکەیی لەگەڵ چەند هاوکێشەیەکی دیاریکراودا یەکانگیرن بوون، ئەمەش ئیشارەدەدات بەوەی ئەگەر تەجروبەکەی زۆر وردتر ئەنجام بدایە، ئەوا بڕە ئەنجامێکی بەدەست دەهێنا کە زۆر باشتر و وردتر دەچنە دووتوێی هاوکێشەکانەوە. هەرچۆنێک بێت، میتۆدەکە زیاتر سنوردارە، چونکە پرینسپی سادەیی تەنها بەسەر یاسا بنەڕەتییەکانی جوڵەدا راڤەدەکرێت نەک بەسەر دیاردە سروشتییەکاندا بە گشتی. بۆ نمونە، تاقیکردنەوەی هەڵەشە لەمەڕ پەیوەندی لە نێوان فشار و قەبارەی گازەکاندا، بێگومان ئەگەر پلەی گەرما نەگۆڕ بێت، ئەنجامگەلێک دروست دەبێت کە تەریبن لەگەڵ یاسای رێژەی پێچەوانەیی، بەلام لێرەدا پێویستە بلێێن کە شتێکی هەڵەیە وەها تەسەور بکەین ئەگەر تاقیکردنەوەکە زیاتر بە وردی دوبارەبکەینەوە ئەوا یاساکە پشراست دەکاتەوە، چونکە لێرەدا مامەڵە لەگەڵ دیاردەیەکدا دەکەین کە راستەوخۆ نەبەستراوە بە یاسا بنەڕەتییەکانی جوڵەوە.

دۆزینەوەی تیۆری نسبیەت وەها پێویستی کرد کە پرینسیپەکانی سادەیی simplicity دەستکاری بکرێن. گومانی تێدا نییە یەکێک لە یاسا بنەڕەتییەکانی جوڵە بریتییە لە یاسای هێزی کێشکردن، لای نیوتن، بە هاوکێشەیەکی زۆر سادە گوزارشت دەکرێت، بەڵام، لای ئاینشتاین، پێویستی بە پەرەپێدانی تەکنیکێکی ئاڵۆز هەبوو بەر لەوەی هەر هیچ نەبێت هاوکێشەکە بخرێتە سەر کاخەز. بەڵێ ڕاستە کە، لە پێگەی ماتماتیکی بەرزترەوە، ئنسان دەتوانێت ئەو هۆکارانە پێشکەش 

تیۆری نسبیەت، سەرباری ئەوەی بە بەردەوامی دژایەتی سادەیی دەکات، بەڵام بە هۆی خەسڵەتی گەورەی جوانی ماتماتیکییەوە بوو بە مایەی ڕەزامەندی فیزیکناسان. ئەمە لە خۆیدا جۆرە خاسیەتێکە پێناس ناکرێت، هەروەک بەوجۆرەی لە هونەردا هەیە. بەڵام خەڵکانێک کە سەرقاڵی خوێندنی ماتماتیکن عادەتەن هیچ کێشەی ئەوەیان نییە ئەم جوانییە لەبەرچاوبگرن. تیوری نسبیەت، بە جۆرێک جوانی ماتماتیکی خستەئاراوە کە هەرگیز لەوەبەر نەگەیشتووەتە ئەو پلەیە کاتێک وەسفی سروشت دەکات. تیورییە سنوردارەکە ئایدیاکانی ئنسانی لە بەرانبەر فەزا-زەمەن بە جۆرێک گۆڕی کە دەتوانین بە کورتی بڵێین ئەو گروپی گواستنەوەیە١ کە فەزا–زەمەن بابەتەکەیان بوو پێویستە لە گروپی گالیلۆییەوە بگۆڕێت بۆ گروپی لۆرێنتسی. ئەم گروپەی دوایی٢، واتە گروپەکەی لۆرێنتس زۆر جوانتربوو لە گروپەکەی گالیلۆ – لە هەقیقەتدا دەتوانین بڵێین گروپە گالیلۆییەکە لە باری ماتماتیکییەوە نمونەیەکی تایبەتی خراپی گروپە لۆرێنسییەکە بوو. تیوری گشتی نسبییەت هەنگاوێکی تری لەخۆگرت کە خەسڵەتێکی هاوشێوەی هەبوو، هەرچەندە ئەم جارەیان لە ڕوی بەرزبونەوەی ئاستی جوانییەوە عادەتەن ئەوەندە گەورە نەبوو وەک ئەوەی لە تیورییە سنوردارەکەدا هەبوو، ئەمەش چونکە دەرەنجامەکانی تیوری گشتی نسبی وەک ئەوانەی لە تیورییە سنوردارەکەدا هەبون تەواو جێگای باوەڕ نەبون.

ئێستا وا ئیجاب دەکات پرینسیپەکانی سادەیی بگۆڕین بۆ پرینسیپی جوانی ماتماتیکی. توێژەر، لە هەوڵەکانیدا پێویستە یاسا بنەڕەتییەکانی سروشت بە فۆرمێکی ماتماتیکی گۆزارشت بکات، پێویستە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ جوانی ماتماتیکی تێکۆشێت. بەڵام لە هەمان کاتیشدا هێشتا پێوستە ئیعیبار دابنێت بۆ پرینسیپی سادەیی وەک لارێیەک بەرەو جوانی. (بۆ نمونە کاتێک ئاینشتاین یاسای کێشکردن هەڵدەبژێرێت، سادەترین فۆرمی هەڵبژارد کە تەبایە لەگەڵ بەردەوامی فەزا–زەمەندا، لەمەشدا سەرکەوتوو بوو.) گەلێک جاران کارەکە بە جۆرێک دەبێت کە وەک یەک پیوستی بە هەر یەکە لە سادەیی و جوانی هەیە، بەڵام ئەگەر چووینە هەلومەرجێکەوە دوچاری بەیەکداچوون بووین ئەوا پێویستە جوانی جڵەو بگرێت و رۆڵی پێشینەیی ببینێت.

با لێرەدا بچینە سەر شۆڕشی دووەم لە هزری فیزیکی سەدەی ئێستامان(سەدەی بیستەم)– کە بریتییە لە تیوری کوانتەم. ئەمیش بۆ خۆی تیۆری دیاردەی ئەتۆمییە و بەندە لەسەر میکانیکێک لە بنەڕەتدا لەوەی نیوتن جیاوازە. دەشێت جیاوازییەکە بە کورتی گوزارشت بکرێت، بەڵام بە رێگایەکی پوخت، ئەوەش بڵێین گۆڕاوە داینەمیکییەکان، لە میکانیکی کوانتەمدا ملکەچی جۆرە جەبرێکن کە ئەکزیۆمی ئاڵوگۆری لێکدان تێیدا جایز نییە. جگە لەمەش، هاوشێوەیەکی فەرمی زۆر نزیک لە نێوان میکانیکی کوانتەم و میکانیکی کلاسیکدا هەیە. لە هەقیقەتدا، شتێکی نایابە کاتێک دەبینین چۆن میکانیکی کۆن خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ جەبری نا–ئاڵوگۆردا. دەکرێت هەمو سیما و خەسڵەتە جوانەکانی میکانیکی کۆن یان کلاسیک بگوازرێتەوە بۆ میکانیکی نوێ بەڵام بە جوانییەکی فراوانترەوە دەردەکەوێتەوە.

میکانیکی کوانتەم پێویستی بەوە هەیە کایەیەکی ئێجگار نوێی ماتماتیکی پوخت بهێنێتە ناو فیزیکی تیۆرییەوە- سەرتاپای کایەیەک کە پەیوەستە بە لێکدانی نا–ئاڵوگۆرییەوە. ئەمەش بۆ خۆی، لە سەر جیومەترییە تازەکەی تیوری نسبییەوە، ئیشارەیە بۆ تەرزێک لەوانەیە چاوەڕوان بین لە بەردەوامیدا. لەوانەیە چاوەڕوانی ئەوە بین کە لە ئایندەدا کایەیەکی گەورەتری ماتماتیکی پوخت بێتە ناوەوە کە مامەڵە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی فیزیکی بنەڕەتیدا بکات.

ماتماتیکی پوخت و فیزیک لە جاران زیاتر لە یەکتر نزیک دەبنەوە و پێکەوە دەبەسترێنەوە، سەرباری ئەوەی میتۆدەکانیان بە جودایی دەمێننەوە. کەسێک لەوانەیە وەزعەکە وەها وەسف بکات و بڵێت ماتماتیکناس گەمەیەک دەکات کە تێیدا خۆی رێساگەلێک دادەهێنێت و لە کاتێکدا فیزیکناس گەمەیەک دەکات کە رێساکان لە لایەن سروشتەوە بۆی فەراهەم کراوە، بەڵام لەگەڵ گوزەری زەمەندا زیاتر ئاشکرا دەبێت کە ئەو رێسایانەی لای ماتماتیکناس سەرنجڕاکێشە هەر هەمان ئەو رێسایانەن کە سروشت هەڵیبژاردون. زەحمەتە ئنسان بتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە ئەنجامی هەموو ئەمانە چین. لەوانەیە هەردوو بابەتەکە یەکبگرن، پاشان هەموو لقێکی ماتماتیکی پوخت شرۆڤەی فیزیکی خۆی هەبێت، گرنگییەکەی لە فیزیکدا بەندە لەسەر ئەوەی تا چ ڕادەیەک خولیاکە دەچێتە سەر ماتماتیکەکە و بە گوێرەی ئەم خولیایە گرنگیەکەشی دەگۆڕێت. بێگومان، ئێمە، لە حاڵی حازردا نەک هەر لەم ئاستەوە زۆر دورین، بەڵکو ئەگەر بێتو سەرەتاییترین پرسیش لەبەرچاوبگرین. بۆ نمونە، لە کاتێکدا تەنها فەزای چوار–ڕەهەندی لە فیزیکدا کە گرنگە، کەچی دەبینین لە ماتماتیکدا هەمان حەز و خولیای کارکردنیان لەسەر فەزایەک هەیە کە ڕەهەندەکانی زۆر لە چوار ڕەهەند زیاترە.  

هەرچۆنێک بێت، ئەم جیاوازییە لە باسکردندا لەوانەیە هۆکەی بگەڕێتەوە بۆ ناتەواوی ماریفەت لە رۆژگاری ئەمڕۆدا و پاشان پەرەسەندنەکانی ئایندەش ئەوە دەردەخەن کە فەزای چوار ڕەهەندی لە هەموو ئەوانی تر زۆر زیاتر خولیا و حەزی کایەی ماتماتیکی بێت.

مەیلی ماتماتیک و فیزیک بە ئاراستەی یەکگرتن میتۆدێکی زۆر کاریگەر و بە هێزی توێژینەوە لەمەڕ بنچینەی بابەتەکە بۆ فیزیکناس دەستەبەر دەکات، میتۆدێک کە هەتا ئێستا بەسەرکەوتویی ڕاڤەنەکراوە، بەڵام من هەست دەکەم و متمانەم هەیە بەهای خۆی لە ئایندەدا دەسەلەمێنێت. میتۆدەکە بە هەڵبژاردنی لقێکی ماتماتیک دەست پێدەکات کە ئنسان باوەڕی وایە بناغەی تیورییەکی نوێ پێکدەهێنێ. پێویستە ئنسان بە لەبەرچاوگرتنی جوانی ماتماتیکی بەم بژاردەیە زۆر موتەئەسیر بێت. هەروەها لەوانەیە شتێکی باشیش بێت ئەگەر مرۆڤ ئەفزەلییەت بدات بەو لقانەی ماتماتیک کە خاوەن گروپێکی سەرنجڕاکێشی گواستنەوەیان هەیە، چونکە گواستنەوە رۆڵێکی گرنگ لە تیوری فیزیکیدا دەگێرێت، وا دەردەکەوێت هەردوو تیوری نسبییەت و تیوری کوانتەم ئەوە بخەنەڕوو کە گواستنەوەکان گرنگییەکی بنەڕەتی زیاتریان هەبێت وەک لە هاوکێشەکان.

 کاتێک مرۆڤ بڕیار لەسەر لقێکی ماتماتیک دەدات، ئەوا پێویستە بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی لەسەر هێڵێکی گونجاو، لە هەمان کاتیشدا بگەڕێت لە دوی ئەو ڕێچکەیەی بە شێوەیەکی سروشتی خۆی تەسلیمی تەفسیرێکی فیزیکی دەکات.

ئەم میتۆدە لە لایەن جۆردنەوە وەک هەوڵێک بەکارهێنرا بۆ ئەوەی تیورییەکی باشتری کوانتەم لەسەر بناغەی جەبری لێکدانی نا-ئاڵوگۆڕ دەست بکەوێت. هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو، هەروەک چاوەڕوان دەکرێت، ئەگەر ئنسان ئەو جەبری نا–ئاڵوگۆڕییە لەبەرچاوبگرێت کە بە تایبەت لقێکی جوانی ماتماتیک نییە و پەیوەست نییە بەو تیوری گواستنەوەوە کە سەرنجڕاکێشە. من پێشنیازی ئەوە دەکەم، وەک ئایدیایەکی یاریدەدەر بۆ گەران لە دوی تیورییەکی باشتری کوانتەم کە ئنسان بیکات بە بنچینەی تیوری دالەکانی گۆڕاوی ئاوێتە (functions of a complex variable) . ئەم لقەی ماتماتیک جوانییەکی نایابی هەیە، لەوەش زیاتر، گروپی گواستنەوەکە لە ڕووتەختی ئاوێتەدا، هەروەک گروپەکەی لۆرێنتس وەهان، ئەو گروپەی بە نسبییەتێکی سنوردار حوکمی فەزا–زەمەن دەکات.

با ئێستا گفتوگۆ لەمەڕ مەودا و سنوری چلۆنایەتی ماتماتیک لە سروشتدا بکەین. بە گوێرەی پلانی میکانیکییانەی فیزیک یاخود بە پێی پلانە نسبییە دەستکاریکراوەکە، بۆ وەسفی سەراپایی گەردون، ئنسان نەک هەر کتومت پێویستی بە سیستەمێکی سەراپایی هاوکێشەکانی جوڵە هەیە، بەڵکو پێویستی بە سێتێکی تەواوی (پێوانی)حاڵەتە سەرەتاییەکانیش هەیە، تیورییە ماتماتیکییەکانیش تەنها بەسەر ئەو حاڵەتانەدا راڤەدەکرێن کە وەسفی سەراپایی گەردون دەکەن. ئەوانەی تر ئەو حسابەیان بۆ دەکرێت کە لە باری تیورییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت و تەنها بە هۆی وردبونەوە و تێڕامانەوە دیاری دەکرێن.

ئەو ئاڵۆزییە گەورەیەی لە گەردوندا هەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاڵۆزییە گەورەیەی لە حاڵەتە سەرەتاییەکاندا هەیە، ئەمەش لە چوارچێوەی گفتوگۆ ماتماتیکییەکان دوریان دەخاتەوە.

لە روی فەلسەفییەوە، لای من ئەم حاڵەتە مایەی رازیبون نییە، چونکە دژایەتی هەمو ئایدیاکانی یەکێتی سروشت دەکات. هەرچۆنێک بێت، ئەگەر تیورییە ماتماتیکییەکە تەنها بەسەر بەشێکی وەسفکردنی گەردوندا راڤەبکرێت، ئەوا ئەم بەشە بە دڵنیاییەوە پێوستە زۆر بە وردی لەوەی ماوە جودابکرێتەوە. بەڵام لە هەقیقەتدا پێناچێت هێج پێگەیەکی سروشتی لە ئارا هەبیت بۆ کێشانی هێڵی جیاکردنەوە. ئایا ئەم جۆرە شتانەی وەکو خاسیتەکانی تەنۆلکە سەرەتاییەکانی فیزیک، بارستاییەکانیان و یاوەرە ژمارەییەکانیان کە لە یاساکانی هێزەکەیاندا ڕودەدەن ملکەچی تیوری ماتماتیکین؟ بە گوێرەی دیدی تەسکی میکانیاکییانە، دەبێت وەک حاڵەتی سەرەتایی حساب بکرێن و بکەونە دەرەوەی چوارچێوەی تیوری ماتماتیکییەوە. بە هەرحاڵ، چونکە تەنۆڵکە سەرەتاییەکان هەموو دەچنەوە سەر جۆرێک یان ژمارەیەک جۆری دیاریکراو، ئەوا ئەندامانی یەکێک لە جۆرەکان هەموو دەبێت بە وردی هاوشێوە بن، هەر هەموویان پێویستە تا ئاستێکی باش ملکەچی یاسایەکی ماتماتیکی بن، پاشان هەموو فیزیکناسان لە سەردەمی ئێستادا ئاستەکە وەها دەبینن کە گەورەیە. بۆ نمونە، ئارتەر ئەدینتن (1944 – 1882) سەرقاڵی بونیاتنانی تیورییەکە کە حساب بۆ بارستاییەکان دەکات. بەڵام خۆ ئەگەر کەسێک هات و وەهای فەرزکرد کە هەر هەموو خاسیەکانی تەنۆڵکە سەرەتاییەکان بە هۆی تیورییەوە دیاری دەکرێن، کەچی دەبینین کەسێكی تر دێت و هێشتا نازانێت هێڵەکە لە کوێدا بکێشێت، وەک چۆن یەکێک لە ئایندەدا ئەم پرسیارە بەرەو ڕووی دەبێتەوە – ئایا ئەو بڕە نسبییەی جۆرەها توخمی کیمیایی بە هۆی تیورییەوە دیاری دەکرێت؟ بەمجۆرە یەکێک دێت هێدی هێدی لە پرسیاری ئەتۆمییەوە دەچێتە سەر پرسیاری ئەسترۆنۆمی.

ئەم حاڵەتە کە مایەی رازیبون نییە بە هۆی میکانیکی کوانتەمی نوێوە بەرەو خراپتر دەگۆڕێت. سەرباری وێکچونی گەورە لە نێوان میکانیکی کوانتەم و میکانیکی کۆن لە باری سیمای فۆرمالیزمی ماتماتیکییەوە هەیە، بەڵام لە ڕوی سروشتی دەرەنجامی فیزیکییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو و بنەڕەتی جیاوازن. بە پێی میکانیکە کۆنەکە، ئەنجامی هەموو وردبونەوەیەک دەشێت دیاری بکرێت، تەنانەت لە توانادا هەیە لە هەموو حاڵەتێکی بەرایی زانراوەوە بە فۆرمێکی تیوری حساب بکرێت، بەڵام لە میکانیکی کوانتەمدا، عادەتەن لە ئەنجامی هیچ وردبونەوەیەکەوە دیاری ناکرێت، هۆکاری ئەمەش چونکە بەندە بەوەی مومکینە هەر بازدانێکی کوانتەمی ڕوبدات، ئەوەی بە فۆرمێکی تیوری دەتوانرێت حساب بکرێت بریتییە لە ئیحتمالی ئەو ئەنجامە تایبەتەی بەدەست دێت. پرسیارەکە ئەوەیە، هەر ئەنجامێکی تایبەت لە هەر حاڵەتێکی تایبەتدا بە دەست دێت، دەکەوێتە دەرەوەی سنوری تیورییەکەوە. هیچ پێویست ناکات ئەمە بدەینە پاڵ ناکۆمپلیتی تیورییەکە، بەڵام شتێکی گرنگ و بنچینەییە کە راڤەکردنی فۆرمالیزمێکی لەم جۆرە لە لایەن میکانیکی کوانتەمەوە بەکاربهێنرێت.

بە پێی میکانیکی کوانتەم، بۆ ئەوەی بتوانین وەسفێکی سەراپایی گەردون بکەین، ئەوا نەک هەر پێویستمان بە یاساکانی جوڵە و حالەتە سەرەتاییەکان هەیە، بەڵکو پێویستمان بە زانیاری هەیە لەمەڕ کاتێک بازدانە کوانتەمییەکە لە هەموو حاڵەتەکاندا هەیە. ئەم زانیارییەی دوایی پێویستە لەگەڵ حاڵەتە سەرەتاییەکاندا بچێتە دوو توێی ئەو بەشەی لە دەرەوەی سنوری تیوری ماتماتیکی وەسفی گەردون دەکات. 

بەمجۆرە زیادبونی ئەو بەشەی وەسفی گەردون دەکات، کە سیمایەکی نا-ماتماتیکی هەیە، رەتکردنەوەی فەلسەفییانە پێشکەش بە میکانیکی کوانتەم دەکات، ئەمەش، بە باوەڕی من، هۆکاری بنەڕەتییە کە بۆچی هەتا زەحمەتە لای هەندێک لە فیزیکناسان ئەم میکانیکە قبوڵ بکەن. هەرچۆنێک بێت، نابێت دەستبەرداری میکانیکی کوانتەم بین، یەکەم، چونکە بە فراوانی بڵاوبووەتەوە و بە تەفسیڵیش لەگەڵ تاقیکردنەوەدا تەبایە، دووەمیش، ئەو نا-دیاریکردنەی(indeterminacy) کە دێتە نێو ئەنجامی تێڕامانەکانەوە جۆرێک لە رازیبونی فەلسەفیمان دەداتێ، دووەمیش، چونکە ئەو نەتوانییەی لە دیارکردنەکەدا دەچێتە دووتوێی ئەنجامی تێڕامانەکانەوە جۆرە شتێکە و لە باری فەلسەفییەوە مایەی ڕازیبوونە، پێشتریش دراوەتە پاڵ کرچ و کاڵی ئەو هۆیانەی تێرامان لە ئارادا هەن بۆ تەجروبەیەک کە لە ئاستێکی بچکۆلەدایە. رەتکردنەوەکە ئەوە نیشاندەدات کە بناغەی فیزیک هێشتا زۆر ماوە بگاتە دوا فۆرمی خۆی.

ئێستا دێینە سەر سێیەم پەرسەندنی گەورەی زانستی فیزیک لە سەدەی ئێستاماندا – ئەویش کۆزمۆلۆژیای نوێیە. ئەمە، وەک دەردەکەوێت، لەوانەیە لە ڕوی فەلسەفییەوە زۆر شۆڕشگێڕانەتر بێت لە هەر یەکە لە تیوری نسبی یان تیوری کوانتەم، هەرچەندە لە حاڵی حازردا ئنسان بە زەحمەت بزانێت تەواوی راڤەکاری ئەمە چییە. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، بریتییە لە تێرامانی لادانە-سورەکان٣ کە دەریدەخەن تەنە ئاسمانییە دوورەکان لێمان دووردەکەونەوە، دوورکەوتنەوەکە بە خێراییەکە راستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ دوورییاندا. خێرایی تەنە ئاسمانییە هەرە دوورەکان ئەوەندە بەرزە کە ئێمە لێرەدا هەقیقەتێکمان لە بەردەمدایە و زۆر گرنگە، هەقیقەتێك کاتی نییە، لۆکاڵی نییە، بەڵکو شتێکی بنەڕەتییە لە وێنەی گەردون لای ئنسان.

ئەگەر بە ئاڕاستەی ڕابڕدوو بگەڕێینەوە ئەوا دەگەینە زەمەنێک، دوو بلێۆن٤ ساڵ پێش ئێستا، کاتێک هەرچی مادە هەیە لە گەردوندا لە نوقتەیەکی چڕدا بوو و قەبارەکەشی زۆر بچکۆلەبوو. وەک دەردەکەوێت تەقینەوەیەک ڕویداوە، کە پارچەکانی هێشتا لە گەردوندا دەبینرێن. ئەم وێنەیەی گەردون لە لایەن جۆرج لیمەترێ٥ –وە پێشکرشکراوە، ئەو فەلەکناسەی دەڵێت گەردون لە ئەتۆمێکی تاکی زۆر قورسەوە، کە سەرەتا بە تیشکدانەوەیەکی پڕ ئاشوب و شەرانگیزدا تێپەڕیوە، دەستی پێکردووە، دوایش سەرەنجام ئەم کۆمەڵە تەنە ئەسترۆنۆمییەی ئێستای لێ هاتووەتە بەرهەم، لە هەمان کاتدا تیشکی کۆزمۆیی پەخشکردووە.

لەگەڵ ئەم وێنە کۆزمۆلۆژییەدا ئنسان دەگاتە ئەو گریمانەی کە کاتیش سەرەتای هەبووە، هەربۆیە شتێکی بێ مانایە ئنسان بپرسێت پێش ئەوە چیبووە؟ بەمجۆرە، ئنسان دەتوانێت ئایدیایەکی ڕوکەشی لەمەڕ پەیوەندی جیۆمەتری دەست بکەوێت بەوەی ئێستا ڕوی گۆیەکە، ئەگەر بە ئاڕاستەی ڕابڕدوو هەنگاو هەڵبگرین، ئەوا بەرەو چەقی گۆیەکە دەچین، خۆ ئەگەر بە ئاڕاستەی ئایندە بجوڵێین، ئەوا بەرەو دەرەوەی گۆیەکە دەچین. بەمجۆرە، کاتێک بە ئاڕاستەی ئایندە دەجوڵێین، هیچ سنورێک بوونی نییە، بەڵام بە ئاڕاستەی دواوە سنورێک هەیە، ئەویش گەیشتنە بە چەقی گۆیەکە. سەرەتای زەمەن ئەو بناوانە سروشتییەمان بۆ دەستەبەردەکات کە کاتی پێچووی رووداوەکان پێوانە بکەین. عادەتەن ئەنجامەکە بە تەمەنی ڕوداوەکە حساب دەکرێت. بەمجۆرە تەمەنی ئێستا 2 بلیۆن ساڵە.

با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە داینەمیکییەکان. لە کۆزمۆلۆژی نوێدا گەردون دەبێت لە خاڵێکی زۆر سادەوە دەستی پێکردبێت. ئەی کەواتە، ئەو هەلومەرجە سەرەتاییانە چین کە لە تیوری داینەمیکدا پێویستن؟ بە ڕونی هیچ پێویست ناکات، یاخود پێویستە بچکۆلەبن. بەمجۆرە لە حاڵەتێکداین کە لەگەڵ میکانیکی کلاسیکدا کۆک نییە. 

ئەگەر گەردون بە شێوازێکی سادە و ساکار بریتی بێت لەو جوڵەیەی وەدوی پلانێک دەکەوێت کە لە کۆمەڵە هاوکێشەیەکی جوڵە پێکهاتووە و بە سەرەتایەکی زۆر بچکۆلە دەست پێدەکەن، هیچ ئەو ئاڵۆزییە لەخۆناگرێت کە تێبینی دەکەین. میکانیکی کوانتەم زەمینەیەکی بۆ ڕاکردن لە ئیشکالاتەکە خۆشکردووە. یارمەتیمان دەدات ئاڵۆزییەکە بگەڕێنینەوە بۆ بازدانی کوانتەمی، کە دەکەوێتە دەرەوەی سیستەمی هاوکێشەکانی جوڵەوە. بازدانە کوانتەمییەکان لەمڕۆدا ئەو بەشەی دیاردە سروشتییەکە پێکدەهێنن کە حساب ناکرێت، بەڵام جێگای حاڵەتە سەرەتاییەکانی تێڕوانینی میکانیکی کۆن دەگرنەوە.

خاڵێکی تر کە پەیوەستە بە کۆزمۆلۆژیای نوێوە، شایانی هەڵوێستەکردن و تێڕامانە ئەوەیە لە سەرەتای دەستپێکی زەمەندا لەوانەیە یاساکانی سروشت زۆر جیاوازبوبن لەو حاڵەتەی ئێستا دێتە بەرچاومان. بەمجۆرە، دەبێت وەها ڕەچاوی یاساکانی سروشت بکەین کە بە بەردەوامی لەگەڵ دۆخەکەدا دەگۆڕێن، نەک بە پانتایی فەزا – زەمەن هەر نەگۆڕن. ئەوەی یەکەمجار ئەم ئایدیایەی خستەڕوو میلن ٦( Edward Milne 1950-1896) بوو، میلن لەسەر بنەمای ئەو فەرزیەیە گەیشتە ئەو ئەنجامە کە گەردون لە دۆخێکی دیاریکراودا لە هەموو شوێنێک نەگۆڕە و بە شێوەیەکی خۆجێییش گۆییە. ئەم جۆرە فەرزییانە زۆر رازیمان ناکەن، چونکە دەرچونی لۆکاڵی(دەڤەری) لە نەگۆڕ ئەوەندە گەورەیە و ئەوەندە لە بنەڕەتدا گرنگە بۆ دونیای ژیانی ئێمە کەوا دەردەکەوێت هیچ پرینسپێکی نەگۆڕی هەبێت. لەوەش زیاتر، ئەو یاسا سروشتییانەی هەن و بەندن لەسەر قۆناغەکە، دەبێت وا چاوەڕوان بکرێت کە بە هەمان شێوە بەندن لەسەر مەوقعەکەیان لە فەزادا، هەر بۆیەش دەبینین بۆ پارێزگاری لە ئایدیای جوانی تیوری نسبی ئاینشتاین، ئەوا دەبێت هاوشێوەیەکی بنەڕەتی لە نێوان فەزا و زەمەندا بوونی هەبێت. ئەمە لە ڕیشەوە زیاتر دژی گریمانەکەی میلن-ە وەک لەوەی پێویستییەکی پوختی نەگۆڕی بێت لە دابەشبوونی مادەدا.

تا ئێستا وەدوی رەوتی سەرەکی پەرەسەندنی پەیوەندی نێوان ماتماتیک و فیزیک هەتا رۆژگاری ئەمڕۆ کەوتووین و ئێستاش گەیشتوینەتە دۆخێک کەوا شتێکی خۆشە ئەگەر بکەوینە گفتوگۆ و تاووتوێی ئایندە بکەین. هەمیشە لەم پەیوەندییەدا سیمایەکی ناڕازیبوون هەبووە، بە تایبەتی سنورێک بۆ ئەو مەدایەی کاتیک تیورییە ماتماتیکییەکان بەسەر وەسفکردنی گەردونی فیزیکیدا واری دەکرێن. ئەو بەشەی لەگەڵ گەیشتنی میکانیکی کوانتەمدا راڤەناکرێت زیاتر دووچاری ئیشکالات بووە و لەگەڵ گەیشتنی کۆزمۆلۆژیای نوێشدا دوچاری ئیشکالاتی کەم بووەتەوە، بەڵام هەمیشە هەر ماوە.

ئەم خەسڵەتە ئەوەندە نارەزامەندی لەخۆدەگرێت کە بە ڕای من وا باشترە پێشبینی بکەم کە بۆ خۆی لە ئایندەدا ئاوادەبێت، سەرباری ئەو گۆڕانە سەرسامانەی لە فکرە ئاساییەکانماندا هەن و دەبێت ڕێنماییمان بکەن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت لە بەرانبەر هەموو پلانێک (یان سیستەمێك) کە وەسفێکی سەراپایی گەردون دەکات وێنەیەکی ماتماتیکی هەیە و پێویستە وەها فەرزی بکەین ئەگەر کەسێک ماریفەتی تەواوی ماتماتیکی هەبێت ئەوا دەتوانێت، نەک هەر داتا ئەسترۆنۆمییەکە، بەڵکو بە هەمان شێوە، هەموو ڕوداوە مێژوییەکان کە لە دونیادا ڕودەدەن، تەنانەت هەرە بچکۆلەکانیش، کورت بکاتەوە. بێگومان، لە هەقیققەتدا لە سەروو قودرەتی ئنسانەوەیە کە بتوانێت ئەم هەمو کوتکردنەوانە ئەنجام بدات، چونکە ئنسان بەو جۆرەی لە ژیاندایە، مەحالە بتوانێت حساباتی ڕوداوەکانی ئایندە بکات، بەڵام ئەو مێتۆدانەی بەکاریان دەهێنین بۆ خوێندنەوەی ئایندە پێویستە زۆر باش پێناسەکرابن. سیستەمەکە لەوانەیە ملکەچی پرینسپی سادەکاری نەبێت چونکە لەو کاتەدا زیاتر ئاڵۆز دەبێت، بەڵام مومکینە بە باشی مەحکومی پرینسپی جوانی ماتماتیکی بێت.

حەزدەکەم پێشنیازێک بخەمەڕوو سەبارەت بە پلانی لەمجۆرە کە چۆن دەرکی پێ بکرێت. ئەگەر قۆناغی ئێستا (واتە تەمەنی گەردون) بڵێین ٢ بلیۆن ساڵە و بە زمانی یەکەی زەمەن بە نەگۆڕی ئەتۆمی پێناسی بکەین، ئەوا ژمارەیەکمان بۆ دەردەچێت کە بڕەکەی 1039 ، ئەم ژمارەیە تەمسیلی ئێستا دەکات. ئنجا تۆ بڵێی ئەو هەموو روداوانەی ئێستا ڕوودەدەن ئیشارە نەبن بۆ خاسیەتی ئەم ژمارە گەورەیە؟ لەوەش شمولیتر، ئایا هەموو سەرتاپای مێژوی گەردون هێما نییە بۆ خاسیەتەکانی زنجیرەیەک لە ژمارە سروشتییەکان؟. لە یەکەم ڕوانیندا وا دەردەکەوێت گەردون زۆر لەوە ئاڵۆزترە و بەراوردێکی ئاوا مومکین نییە. بەڵام وای بۆ دەچم ئەم رەتکردنەوەیە هەروا بەردەوام نابێت، چونکە ژمارەیەکی وەکو 1039 لە ئاسابەدەر ئاڵۆزە، ئەویش لەبەر ئەوەی بێشومار گەورەیە. دەتوانین بە ڕێگایەکی کورت بینوسینەوە، بەڵام دەبێت ئەمە لە ئاستی ئەو هەقیقەتەدا نابینامان نەکات کە پێویستە خاسیەتەکانی لە ئاسا بەدەر ئاڵۆزبن.

بەمجۆرە ئەو ئیحتیمالاتە لە ئارادا هەیە کە خەونی دێرینی فەیلەسوفان لەمەڕ بەستنەوەی هەموو سروشت بە سیما و خاسیەتە سەراپاییەکانی ژمارەوە رۆژێک دێت کە دەرکی پێ بکرێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە، فیزیک دەبێت رێگایەکی درێژ پەرەپێبدات بۆ داڕشتنی ئەو وردەکارییەی چۆن ئەم پەیوەندییە بونیات بنرێت. یەکێک لەو سەرەداوانە بۆ ئەم پەرەسەندنە تەواو ڕوون و ئاشكرایە، بە تایبەتی، خوێندنی ژمارە تەواوەکانە لە ماتماتیکی هاوچەرخدا کە بێ دابڕان بەستراوە بە تیوری دالەکانی(فەینکشەکانی) گۆڕاوە ئاوێتەکانەوە، لەوە پێش بینیمان چۆن هەلێکی باش هەیە لە پێکهێنانی بناغەی فییزیکی ئایندە. حلکردنی ئەم فکر و ئایدیایە رێگا خۆش دەکات بۆ بەستنەوەی تیوری ئەتۆمی و کۆزمۆلۆژی پێکەوە.

پەراوێزەکان:
 ١.  ئەمە یەکێک بوو لەو گروپانەی کە هێنریک لۆرێنتس وەک رابەرەکەی ناسراوە، لە سەرەتا سەدەی بیستەمدا کۆمەڵێک یاسای فیزیکی کلاسیکی و کوانتەمی لەخۆگرتبوو.
 ٢. مەبەست لە فیزیکناسی هۆڵەندی هێندریک لۆرێنتسە (1928-1853)
 ٣.  لە تیوری کشانی گەردوندا، مەبەست لە لادانە–سورەکان ئەوەیە کە گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە، بەڵام لە لادانە-شینەکاندا گالاکسییەکان لە یەکتر نزیک دەبنەوە، ژمارەی گالاکسییەکان، بێگومان لەو سەردەمەدا نزیکەی چل بوون، تەنها سیانیان بە ئاراستەی لای ئیمە دەجوڵان، واتە لادانی-شینیان هەبوو، هەموو ئەوی تر لادانی-سوریان هەبوو.
 ٤. بێگومان ئەو ژمارەیە کە بە حساب تەمەنی گەردونە، هی ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستەمە. ئێستا تەمەنی گەردون یان بڵێین بیگ-بانگ کە تەقییەوە 13.8 بلیۆن ساڵە.
٥.   جۆرج لێمەترێ (1966-1894)، رابەری هەرە مەزنی بیگ-بانگ، لە ساڵی 1927 پەیپەرێکی نوسی، بە داخەوە لە ژورناڵێکی لۆکاڵیدا بڵاویکردوە، کە هێچ شۆرەتێکی نێودەوڵەتی زانستی نەبوو. لە پەیپەرەکەیدا، جگە لەوەی بانگەشەی کشانی گەردونی کرد، لە هەمان کاتدا هەنگاوێکی زۆر گەورەتری هەڵگرت، ئەویش گەردون لە ئەتۆمێکی بەرایی زۆر بچکۆلەوە دەستی پێکردووە. کاتێک چەمکی تیورییەکەی خۆی بە ئاینشتاین نیشاندا، ئاینشتاین گوتی،’ ماتماتیکەکەت جوانە، فیزیکەکەت کارەساتە.’ لێمەترێ قەشە بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا ماتماتیکناس و فیزیکناس بوو. کاتێک لە ساڵی  1953 پاپا تیوری بیگ-بانگی لێمەترێی لە گوتارێکی دینیدا بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی ئیمانداران، لێمەترێ زیارەتی کرد و پێی گوت تکایە زانست و ئاین تێکەڵ مەکە، ئەوە دوو دونیای جودان. دوایی کە لێیان پرسی ئیمانی چۆن بە خودایە، لە وەڵامدا گوتی،’ من ئیمانم بە هەقیقەت هەیە لە دوو لایەنەوە، هەقیقەتی زانستی و هەقیقەتی ئاینی، هیچیان تێکەڵ ناکەم.’
٦.  میلن، تیورییەکی لەمەڕ کشانی گەردون داڕشت کە لەوەی ئاینشتاین جودابوو، لە گەردونەکەی میڵندا، بە پێچەوانەی ئەوەی ئێستا و ئەوەی ئاینشتاینەوە، مادە بە تەرزێکی هۆمۆجینەس دابەشنەبووە لەسەرەتادا، ئەمە جگە لەوەی کارلێکی کێشکردنیشی نەخستە دووتوێی مۆدڵەکەیەوە.

ئەم گوتارە لە ساڵی 1938 دا نوسراوە.
سەرچاوەکان:

Lecture delivered on presentation of the JAMES SCOTT prize, February 6, 1939
Published in: Proceedings of the Royal Society (Edinburgh) Vol. 59, 1938-39, Part II pp. 122-129

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *