کتێبی حەوت کورتەوانە لەمەڕ فیزیک بە کوردی

پێشەکی وەرگێڕ بۆ کتێبەکە:
ئەم نامیلکەیە بریتییە لە کۆمەڵە گوتارێکی فیزیکناسی گەورە و هاوچەرخی ئیتاڵی، کارلۆ رۆڤێللی، کە بە ئەسڵ بە زمانی ئیتاڵی نوسراوە و لە ڕۆژنامەیەکی ئیتاڵیدا بە زنجیرە بڵاوکراوەتەوە. هەتا بڵێی کورت، پوخت، چڕ و پڕن، تەنها یەکێکیان نەبێت کە تۆزێک درێژە.

کتێبی حەوت کورتەوانە لەمەڕ فیزیک

ناوی کتێب: Seven Brief Lessons on Physics، حەوت وانەی کورتی فیزیا بۆ هەمووان
نوسەر: کارلۆ ڕۆڤێلی
وەرگێڕ: شێرکۆ ڕەشید قادر
بابەت: فیزیک
لینکی داونلۆد:
Download

رۆڤێللی رۆڵێکی بەرچاو و گرنگی لە فیزیکی فەزا و زەمەندا هەیە. لە ئیتالیا و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کاری کردووە، ئێستاش بەڕێوەبەری گروپی توێژینەوەی هێزی کێشکردنی کوانتەمییە لە ” سەنتەری تیوری فیزیک” لە مەرسیلیا، لە فەرەنسا. ئەم نامیلکەیە بۆ زیاتر لە سی و یەک زمان وەرگێڕڕاوە و یەکێکە لە پڕ فرۆشترین بەرهەمەکانی فیزیك لە هەموو وڵاتاندا.

گوتارەکان هیچ هاوکێشەی ماتماتیکی لەخۆناگرن، ئەمەش خولیای خوێنەری شەقام لەسەر گوتارەکان زیاتردەکات. هەر گوتارێک بۆ خۆی پرسێکی فیزیکی سەدەی بیستەم تاووتوێ دەکات، هەر پرسێک لەمانە بگریت، بۆ خۆێ شۆڕشێکی ئکتشافی زانستی بە گشتی و فیزیکی بە تایبەتی گەورە بووو، کاریگەرییان کردوەتە سەر هزری مرۆڤایەتی، بە تایبەتی لە دیدی فەلسەفیەوە. ڕابەڕانی ئەم شۆڕشە فیزیکییانە، زۆریان وەک فەیلەسوفیش مامەڵەیان لەگەڵ دیاردەکانی سروشتدا کردوە. ئەم مەزنانەی سەدەی ڕابردوو بریتین لە هەر یەک لە ئاینشتاین، بۆر، پلانک، هەیزنبێرگ و هەموو ئەوانی تر کە ئەم کایە گەورەیەی فکری بەشەرییان شڵەقاند. 

زۆربەی دەقەکان سادەن و خوێنەری خاکی دەتوانێت لێیان حاڵی ببێت، بەس پێویستە بڕێک پاشینەی لە زانستدا هەبێت. هەر چاپتەرێک دەربارەی بوارێکی زانستی فیزیکی هاوچەرخە، زۆربەشیان بە گشتی جەخت دەکەنە سەر ئەو فەلسەفەیەی لە پشت فیزیکەوەن بە تایبەتیش ئەو ئکتشافانەی لە سەدەی بیستەمدا ئەنجامدراون. لە هەمووی گرنگتر، ئەم نامیلکەیە تێدەکۆشێت جوانییەک بە فیزیکی سەردەم ببەخشێت، بە تایبەت بەو سیما فرە ڕەنگینەی دەڕژێتە نێو فەزای خەیاڵاتی ماتماتیکناسانەوە، ئەمەش بریتییە لە سادەیی و خۆجێیی و کڵێشەیی، کە هەر لە سەردەمی یۆنانیەوە هەتا رۆژگاری ئەمڕۆمان، خاسیەتە ئیستاتیکییەکانی ماتماتیکن. گومانی تێدا نییە فیزیکیش بێ ئەم خاسییەتانە زەحمەتە بچێتە خانەی نەمرییەوە.

ئەم نامیلکەیە هیچ جۆرە وێنە و دایەگرامی باق و بریق و ڕەنگاورەنگ لەخۆناگرێت، زیاتر وەک گوێگرتن وایە لە زانایەکی فیزیکی قسەدەکات و هەوڵدەدات کە زانست ئاسان بکات بۆ ئنسانی سادە و تێدەکۆشێت بە خوێنەر بڵێت بۆچی ئەم ئیکتیشافانە گەورەن لە فیزیکی سەردەم و ئایندەدا.

پێویستە لێرەدا دان بەو راستییەدا بنێم کە من، وەرگێر، هەرگیز حەزم لە تەرجومەی حەرفیی دەق نییە، بەڵکو هەمیشە هەوڵدەدەم کارێکی وا ئەنجام بدەم کە هەست و نەستی خۆم تێکەڵ بە نوسینەکە بکەم. هەر بۆیەش لێرەدا خوێنەری خۆشەویست ئاگادار دەکەمەوە کە گەلێک جاران گۆرانکاریم لە رستەکاندا کردووە، هەرچەندە هەوڵمداوە بەهای ناوەڕۆکی مەبەستی نوسەر بپارێزم.

ئەم کتێبە، بە تایبەت گرنگە بۆ فیزیکناسان، بە تایبەتیش بۆ قوتابیانی ئەم بەشە، ئنجا خوێندکارانی ماتماتیک. خۆ ئەگەر لای خەڵکانیش کە زانست بە گرنگ دەزانن ئەوە سەرچاوەیەکی بە نرخە بۆ شارەزابون لەوەی ئەمڕۆ فیزیک بەرەو کوێ هەنگاو و ئاراستەی هەڵگرتوە. بە گشتی کتێبەکە شایستەی ئەوەیە کە خەڵک بیخوێننەوە، چونکە ئەمڕۆ زانستی میللی بووە بە ئەدەب و میللەتان وەک کلتورێکی ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

پێویستە سوپاسی کاک موحسین بورهان بکەم کە هەمیشە هاندەر بووە لەم کارەدا.

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: