فیزیک و فەلسەفە چین؟

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 10 خولەک

 1,284 جار بینراوە

نوسینی:ژەیمس ژەینس
وەرگێرانی بۆ کوردی:شێرکۆ ڕەشید قادر

لە ساڵی 1942 دا، فەلەکناس و فیزیکناسی گەورەی بەریتانی ژەیمس ژەینس James Jeans کتێبێکی بە ناوی ”فیزیک و فەلسەفە” وە بە چاپ گەیاند. مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە، وەک نوسەر خۆی لە پێشەکیدا ئیشارەی پێدەدا: ”بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت-_ تا ڕادەیەکیش بۆ گەڕان بە ناو – ئەو سنورە هاوبەشانەی لە نێوان فیزیک و فەلسەدا هەن کە ناڕۆشنایی و لێڵییان پێوە دیاربو، بەڵام لەم دواییانەدا کە پەرەسەندنی فیزیکی تیوری هاتە ئاراوە، لە پڕ زۆر پایەخدار و گرنگ بون.”

فیزیکناسی گەورەی بەریتانی ژەیمس ژەینس

عادەتەن زانست بە هەنگاوی بچکۆلەی یەک لە دوای یەک بەرەو پێش دەچێت، بە تەمێکدا گوزەردەکات کە تەنانەت چاوتیژترین گەڕیدەش بە دەگمەن دەتوانێت چەند بستێک لە بەردەمی خۆی ببینێت. جار نا جارە، تەمەکە دەڕەوێتەوە، شتێکی گەورە بە دەست دێت، زەمینێکی فراوانتر ڕوپێودەکرێت، هەندێک جاریش دەرەنجامی سەرسوڕهێن فەراهەم دەکرێت. بەمجۆرە لەوانەیە سەرتاپای زانست بە زنجیرەیەک گۆڕاندا بڕوات، زانیاری پەرش و بلاو یەکدەگرن بۆ ئەوەی ڕەوشێکی دور لە گومان پێک بهێنن. هەندێک جار ڕێکخستنەوەکە لەوانەیە زانستەکانی تریش بگرێتەوە، هەندێک جارییش لەوانەیە سەراپای ڕەوتی فکریی بەشەرییەت بە ئاڕاستەیەکی تردا بگۆڕێت.

روداوی لەم جۆرەی باسمان کرد دەگمەنە، بەڵام نمونەگەلێک هەن کە بە ئەقڵدا دێن. بۆ نمونە، ئەگەر، یەکەمجار، بیر لەو دەرەنجامانە بکەینەوە کە سیستەمی کۆپەرنیکۆسی جێگەی ئەسترۆنۆمی چەقە – زەوی[i] چەرخەکانی ناوەڕاستیان گرتەوە، لێرەوە مرۆڤ سەرنجیدا کە پێگەی ماڵەکەی خۆی، واتە زەوی، عەرشێکی جێگیر و چەقی گەردون نییە و هەمو هەسارەکانی تر بە دەوریدا بسوڕێنەوە، بەڵکو خۆی یەکێکە لەو مادە پەرشوبڵاوە زۆرانەی کە بە دەوری یەکێک لەو ئەستێرە بێشومارە ئاساییانەی ئاسماندا دەسوڕێنەوە. یاخود ئەگەر بیر لە دەرەنجامەکانی بایۆلۆژیای داروینی بکەینەوە – چونکە مرۆڤ سەرنجیدا کە جەستەی خۆی شتێک نییە بە تایبەت بۆ ئەو، واتە بۆ خۆی، دروست کرابێت، بەڵکو بریتییە لە ئەنجامی گونجاندن و پەرەسەندنی ئەو ئاژەلانەی بەر لە وی لەسەر زەوی ژیاون و لە هەقیقەتدا باپیرانی خۆی دەگرێتەوە. بەمجۆرە، هەمو مەخلوقاتەکانی سەر زەوی، تەنانەت دڕندەکانیش، بە خوێن خزمی مرۆڤن. خۆ ئەگەر مرۆڤ زاڵە بەسەر هەر هەمو ئەمانەدا، ئەوا هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئنسان بە ڕێکەوت لە لقێکی زیرەکی خێزانێکی گەورەوە لەدایکبوە.

سێیەم، ڕێکخستنەوەی ئەم ئایدیایانە کاتێک هاتە ئاراوە کە سیستەمی نیوتن لە مەڕ میکانیک و هێزی ڕاکێشان لە ناو خەڵکدا برەوی پەیداکرد. مرۆ بۆی دەرکەوت کە تەنە ئاسمانییەکان چیتر مایەی ترس نین و تەنانەت هیچ پێویست ناکات وەک هێزێكی کاریگەر لە کاروباری ژیانی مرۆڤدا ڕاوێژیان پێ بکرێت، ئەمانە تەنها مادەی مردوی زەبەلاحن و لە ئاسماندا دەجوڵێن و ملکەچی یاساکانی گەردونن. سیستەمی نیوتنی لەمەڕ شتەکان وا هاتە بەرچاو کە پێشنیازی ئەوە بکات کە هەمو تەنەکان، تەنانەت بچکۆلەکانیش، ملکەچی هەمان یاسای گەردونین، بەمجۆرە هەمو گۆڕان و جوڵەیەک بە تەبیعەتی خۆیان میکانیکین، ئەو ئایندەیەی بە دوی ڕابردودا دێت بە هۆی حەتمیەتی جوڵەی ماشێنێکەوەیە. خۆ ئەگەر ئەمە وا بێت، خەیاڵی ئازادییانەی مرۆڤ لە هەڵبژاردنی باش و خراپدا یان لە نێوان ڕەوتی خۆی لە ژیاندا وەهمێکە کە مایەی بەزەییە، چونکە تۆپەکە تەنها بۆ ئەو ئاڕاستەیە دەچێت کە یاریکەرەکە لێی دەدات.

چوارەم شۆڕشی لەم جۆرە لەم ساڵانەی دواییدا لە فیزیکدا ڕویداوە. دەرەنجامەکانی سنورەکانی فیزیکییان بڕیوە و بە تایبەت کاریگەرییان لەسەر دیدی ئێمە هەیە بۆ جیهان کە ژیانمانی تێدا بەرجەستە بووە، بە کورتی، کاریگەرییان لەسەر فەلسەفە هەیە. فەلسەفەی هەر قۆناخێک بگریت، دەبینیت هەمیشە بە پلەیەکی بەرز لەگەڵ زانستی ئەو قۆناخەدا بەیەکداچوون، بە جۆرێک هەر گۆڕانێکی بنەڕەتی لە زانستدا بووە بە هۆی دروستکردنی کاردانەوەیەک لە فەلسەدا. ئەمە لە حاڵی حازردا بە تەواوی بەمجۆرەیە، کاتێک دەبینین کە گۆڕانەکانی فیزیک خۆیان ڕەنگێکی فەلسەفییان هەیە، چونکە توێژینەوە لە سروشت لە ڕێگای تاقیکردنەوەوە ئەوە نیشاندەدات کە پاشینە فەلسەفییەکان هەتا ئێستا لە دیدی فیزیکەوە ناتەواون. دەستکاری ناچارانە بە شێوەیەکی حەتمی کاریگەریی کردوەتە سەر بنەمای زانستییانەی فەلسەفە و هەر بەو هۆیەشەوە، کاریکردوەتە سەر دیدی ئێمە لە هەمبەر پرسە فەلسەفەییەکانی ژیانی ڕۆژانەمان. بۆ نمونە، ئایا ئێمە ئامێرین یان بونەوەری ئازادین، توانستی کارکردنە سەر ڕەوتی ڕوداوەکانمان بە شێوەیەکی هۆشیارانە هەیە؟ ئایا دونیا لە دوا تەبعیدا، شتێکی مادییە یان ئەقڵییە؟ یاخود هەردوکیانە؟ ئەگەر وایە! ئایا مادە و ئەقڵ کامیان زیاتر بنەڕەتین؟ ئایا ئەقڵ مادەی بەرهەمهێناوە یان مادە ئەقڵی بەرهەمهێناوە؟ ئایا ئەو دونیایەی لە زەمان و فەزادا تەسەوری دەکەین دوا واقیعە، یاخود تەنها پەردەیەکە و واقعێکی قوڵتری لەو دیوەوە مەڵاسداوە.

فیزیک چییە؟

هەردوک فیزیک و فەلسەفە سەرەتاکەیان دەگەڕیتەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە پڕ تەمومژاوییەی کە مرۆ تێیدا بۆ یەکەمجار خۆی لە دونیای باپیرانی دڕندەی جودادەکردەوە، خەریکی دەستەبەرکردنی خەسڵەتی نوێێ عاتیفی و ئەقڵی بوو کە ئیتر بوون بە سیما جیاکەرەوەکانی. یەکێک لەو خاسیەتە هەرە بەراییانەی مرۆڤ بریتی بوون لە فزوڵی فکریی و بوو بە هۆی گەشەکردنی فەلسەفە و فزولی پراکتیکی کە دوایی ئەمیش بوو بە هۆی پەرەسەندنی زانست.

مرۆڤی بەرایی، فڕێدرایە نێو دونیایەکەوە کە هیچی لێ حاڵی نەبوو، هەر زوو بۆی دەرکەوت کە ئیسراحەت، خۆشی و تەنانەت ژیانییشی بە هۆی ئەم سەرکەشییەی کە پێێ دەگوترێت ئیڕادە و ویستی تێگەیشتن کەوتە مەترسییەوە. سروشتی بێبەزییانە و سیما مردووی سروشت گەلێک جار یاریدەدەر بوون، هەندێک جاریش داڵدەی پێدەدان، بەڵام گەلێک جاریش دەبوو بە دوژمن، بۆ نمونە کاتێک لە بری تیشکی خۆری ژیانبەخش و بارانی نەرم، دەبوو بە تۆفان و تەرزە؛ ئەمانە بوون بە هۆی دروستبونی هەستی ترس و دڵەڕاوکێ، هەروەک چۆن ئاژەڵە دڕندە و مرۆ نەیارەکانیش ژیانیان خسبووە مەترسییەوە. یەکەم کاردانەوەی ئنسان بریتی بوو لە ئاڕاستەکردنی هەستونەست و پاڵنەرە مرۆییەکانی خۆی بەرانبەر شتەکانی دەوروبەرەکەی، بۆ نمونە دونیای ناوەندی خۆی بە ڕۆحیانەت و شەیتان تەنییەوە و پڕکرد، خوداوەندە گەورە و بچکۆلەکانی خوڵقاند، هەروەک سێر ئەندرو لانگ دەڵێت، ”سروشت پڕبوو لە کەسایەتی زیندوو و ڕۆحیانەت.” ئەم جۆرە خەیاڵ و ئەندێشانە تەنها سیمای مرۆی ئەشکەوتەکان و بەڕبەڕییەکان نەبوون، بەڵکو تەنانەت تالیسی میلێتەسی (640 – 546) ، فەلەکناس، ماتماتیکناس و فەیلەسوفیش دەیگوت کە هەموو شتەکان ”پڕن لە خوداکان.”

مرۆڤی بەرایی گەلێک سیما و خاسیەتی بەم کەسایەتییانە بەخشی کە هێندەی نەیارە ڕاستەقینەکانی و دوژمنەکانی بە ڕاستی دەچوون. لە هەموو ئەم کارانەدا مرۆ تەواو هەڵە نەبوو، چونکە ئەوەی یەکەمجار ئازاریداوە بووە هۆی دروستکردنی ئەو گومانەی کە جارێکی تر ئازاری پێدەداتەوە. تەنانەت ئاژەڵانیش لەمە تێدەگەن، خۆیان لە جێگایەک بە دوردەگرن کە لە ڕابردودا ئازاریان پێگەیشتبێت، بە گومانەوە لەوانە دەڕوانن کە جارێک ئازاریان داون و سام دەکەن لەوەی دیسانەوە ئازاری بدەن، بەڵام دەگەڕینەوە بۆ شوێنێک کە جارێک لە جاران خواردنیان تێدا دەستەبەرکردوە، چونکە ئەوە بە شوێنێکی سەلامەت و هیوابەخش دەزانن کە تێیدا بگەڕێن بۆ خواردنی تر. ئەوەی لە مێشکی ئاژەڵاندا تەنها کۆمەڵە بیرۆکەیەک بوو لە مێشکی مرۆدا، کە توانستی بیرکردنەوەی هەبوو، زووتر وەک یاسایەکی سروشت تەرجەمەی واقیعکرا و بوو بە هۆی دۆزینەوەی پرینسیپی یەکخستن (تەنسیق) لە سروشتدا، بۆ نمونە، ئەوەی ڕویدا، لە هەمان هەلومەرجدا، هەمان شت دیسانەوە ڕودەدات، روداوەکانی سروشت بە شیوەیەکی ڕەمەکی ڕونادەن، بەڵکو بە پێی کڵێشەیەکی نەگۆڕ ڕودەدەن. کاتێک ئەم دۆزینەوەیە هاتەدی، زانستی فیزیک بوە شتێکی مومکین. ئامانجی سەرەکی بریتیە لە دۆزینەوەی ئەم کڵێشەیەی(Pattern) ڕوداوەکان، هەر بەو شێوەیەی کە لە دونیای مردوودا ڕودەدەن.

پۆزەتیڤیزم

قۆناخی بەرایی پەرەسەندنی مرۆڤ کە ئێستا ئیشارەمان پێدا ئەوەیە کە ئۆگەست کۆمتێAuguste Comte (١٧٩٨ – ١٨٥٧) وەک قۆناخی فێتیچیزم[ii] وەسفی دەکات، هەرچەندە ئێستا بە ڕۆحانیزم ناوی دەبەین. لەم قۆناخەدا، مرۆ باوەڕی وابوو کە دەتوانێت بۆ ویست و ئارەزوی خۆی، یان بۆ بەرژەوەندی خۆی، دەستکاری گوزەر یان ڕەوتی ڕوداوەکان بکات، ئەمەش بەو شێوەیەی کە کاربکاتە سەر خواوەندەکان و ڕۆحیانەتەکان کە دونیای دەوروبەریان پڕکردووە – هەندێک جار لە ڕێگای سیاسەتی هودنە و ڕێکەوتنەوە، بۆ نمونە بە هۆی پەرستن و قوربانییەوە ئەم کارەی کردووە، یان هەندێک جاری تر لە ڕێگای نوێژ و نزاو و گۆرانی ئایینییەوە.

لای کۆمتێ لە کاتی خۆیدا، ئەم قۆناخە، واتە ڕۆحانیزم زەمینەی خۆشکرد بۆ قۆناخی دووەم کە بە میتافیزیک ناودەبرێت، کە تێیدا ڕۆحەکان و خواوەندەکانی قۆناخی رۆحانیستی بوونە بابەتی ناجەستەیی و جێگایان چۆڵکرد بۆ هێزگەلێک، چالاکیگەلێک یان چەند گەوهەرێک کە پەنهانی بوون. لەم قۆناخەدا، دونیای وا نەخشێنراوە کە لە لایەن ”هێزە بنەڕەتییەکان و زیندووەکانەوە” ، ”چالاکییە کیمیاییەکان” و” پرینسپی هێزی ڕاکێشان” و شتی تری لەم جۆرە کۆنترۆڵ کرابێت. هەموو ئەمانە سەرەنجام لە بۆتەی چالاکییەکدا یەکیان گرت کە عادەتەن بە سروشت ئیشارەی پێ دەدرێت. ئیتر زنجیرەی ڕوداوەکان لە کۆنترۆڵی مرۆ دەرچون.

کۆمتێ وا حساب بۆ قۆناخی دووەم یان قۆناخی میتافیزیکی دەکات کە پێویستە ببێت بە هۆی ڕێگاخۆشکردن بۆ سەرهەڵدانی قۆناخێکی تر – قۆناخی پۆزەتیڤی. ئەو هێزانەی کە خۆیان ڕۆحیانەت و خواوەندیان دەردەکرد، ئێستا خۆیان روبەڕوی دەرکردن بوونەتەوە. هیچ شتێک لە دونیادا نەماوە، جگە لەو ڕوداوانەی کە نە تەفسیریان هەیە و نە هیچ هەوڵێکیش هەیە بۆ لێکدانەوەیان و زانستیش لە حاڵی حازردا تەنها ئامانجەکەی بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو یاسایانەی کە لەگەڵ ئەم ڕوداوانەدا کۆکن – واتە کڵێشەی ڕوداوەکان.

بەمجۆرە لای مرۆڤی بەرایی، خۆر خواوەندی ژین – بەخش بووە، بۆ نمونە لای یۆنانەکان خواوندی ئەو ئەسپانەن کە گالیسکەکانیان یان ئارەبانەکانیان ڕاکێشاوە – ئەمە لە کاتێکدا لە چەرخێکدا کە کەمتر بت – پەرست بوون فریشتەکان ئەو ئەرکەیان پێ سپێردراوە کە مانگ و هەسارەکان بە تەریبی خۆر ڕابکێشن و جوڵەی ئەو گۆ ئاسمانییانەی کە ئەستێرە دورەکان پێیانەوە هەڵواسراون لە رەوتەکەیاندا بهێڵنەوە. ئەم قۆناغە ڕۆحانییە، هەر لە خواوەند، بە خۆی و ئەسپ وگالیسکەکەیەوە، بە فریشتە و گۆ ئاسمانییەکانییەوە، کاتێک کۆتاییان هات کە زانست پیشکەوت، و لەناوچون. خۆ ئەگەر زیاتر ڕاشکاوانە قسەبکەین، ئەوا دەڵێین کاتێک کۆتاییان هات کە کۆپەرنیکۆس هات و بە پێی دەرسە کۆنەکانی فیساگۆرس، ئەریستاکەس و هەموو ئەوانی ترەوە، توانی ئەوە نیشان بدات کە جوڵەی بەرچاوی خۆر، مانگ و ئەستێرەکان بە بارتەقای ئاسماندا دەرەنجامی خولانەوەی ڕۆژانەی زەویە بە دەوری خۆیدا و لە لایەکی تریشەوە جوڵەی هەسارەکان بە ناو ئەستێرەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ سوڕانەوەی ئەم هەسارانە بە دەوری خۆری جێگیردا. تەنانەت کاتێک کێپلەریش، دوای زیاتر لە شەست ساڵ، هات و شێوەی ڕاستەقینەی ڕەوتی جولانەوەی ئەم هەسارانەی دۆزییەوە، هەتا ئەو کاتە ئەویش هێشتا ”هێزێک” یان کاریگەرییەکی بە فەرزییە دادەنا بۆ هێشتنەوەی جوڵەی هەسارەکان، لای کێپلەر، ئەگەر ئەو مادە ژین – بەخشەی لە خۆرەوە دێت بوەستێت و چێتر بە بەردەوامی پاڵێان پێوە نەنێت بۆ جوڵە، ئەوا هەموو هەسارەکان یەکسەر دەمرن و دەوەستن. بەم جۆرە جوڵەی هەسارەکان، مرۆڤ توانی قۆناغی دووەم بەدەست بهێنێت.

نیوتن باوەڕی بە هێزی کێشکردن هەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاگاداری ئەو ئیشکالیەتە فەلسەفییانە بوو کە ئەم پرسە دروستی دەکەن. کاتێک لەیبنیز(Leibniz)، لەسەر ئەوەی کە نیوتن خاسیەتەکانی سیحر و موجیزەی تێکەڵ بە فەلسەفەکەی کردبو، هێرشیکردە سەری، نیوتن لە وەڵامدا گوتی ” تێگەیشتن لە جوڵەی هەسارەکان لە ژێر کاریگەری هێزی کێشکردندا، بە بێ ئەوەی هۆکاری هێزی کێشکردنەکە خۆی بزانین، هێندەی تێگەیشتن لە کارکردنی سەعات، پێشکەوتنە بۆ فەلسەفە و پاشان پشبەستنی ڕەوڕەوەکان بە یەکتری، بە بێ زانینی هۆکاری هێزی کێشکردن کە ئامێرەکە دەجوڵێنێت، لە فەلسەفەی سەعاتەکەدایە”. بەمجۆرە ئەسترۆنۆمی بە ئاڕاستەی تێگەیشتن بەرەو قۆناغی سێیەم کەوتە جوڵە ، کە تەنها بەم دواییانە بە تەواوی بەدەست هاتوە. فەلەکناسی ئەمڕۆ ئیدعای ئەوە ناکات کە بۆچی هەسارەکان بەو جۆرە دەجوڵێن کە دەجوڵێن، تەنها بەوە ڕازییە ئەوە بزانێت کە نەخشی (pattern) ڕوداوەکان بە پوختی وەسف بکات و بە وردی وێنەی جوڵەی هەسارەکان بکێشێت کە لە گەردونێکی چەماوەدا ڕودەدەن.

کۆمتێ باوەڕی وابوو کە هەموو زانستێک لە واقیعدا پێویستە بەم سێ قۆناغەدا بڕوات – ئەمەش یاسا بە ناوبانگەکەیەتی ”یاسای سێ قۆناغەکە”. لەوەش زیاتر بانگەشەی دەکرد کە زانستی پوخت دەکرێت بە شێوەی زنجیرەی هەڕەمی ڕێکبخرێت، بە شێوەی ماتماتیک، ئەسترۆنۆمی، فیزیک، کیمیا، بایولۆژی، سۆسیۆلۆژی کە هەر زانستێک:

1- لە ڕوی مێژوویەوە ڕیکخراوە

2- لە ڕوی لۆژیکییەوە سادەترە

3 -لە هەمو ئەو زانستانەی تر کە بە دویدا دێن فراوانتر واری دەکرێت.

هەندێک زانستی دیاریکراو، بۆ نمونە جیۆلۆژی و سایکۆلۆژی، کە لە ماریفەتی ڕۆژگاردا دەردەکەون، لە لیستەکەدا حزوریان نییە و بە تەبیعەت شیاوی هەڕەمەکە نین. هەرچۆنێک بێت، ئەگەر زانستە کەمینەییەکان (minor ) بخەینە دوتوێێ زانستە گەورەکانەوە و فۆرمێکی سادەتر بە هەڕەمەک ببەخشین، ئەم بەمجۆرە دەردەچێت:

ماتماتیک، فیزیک، بایلۆژی، سۆسیۆلۆژی

بەمجۆرە هەمو ئەو خەسڵەتە باشانەی دەبێت کە نوسەرەکەی بانگەشەی بۆ  دەکات.

لەوەش زیاتر کۆمتێ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هەر زانستە و لە هەڕەمەکەدا بۆ خۆی لەوانەی دوای خۆی دێن سەربەخۆیە و پێویستیشە بەر لەوان بگاتە پلەی پۆزەتیڤ یان پلەی کۆتایی. بۆ نمونە، چونکە ماتماتیک هەر لە سەرەتای دەستپێکییەوە لە قۆناخی پۆزەتیڤدا بوە، ئەوا زانستی فیزیک بەندە لەسەر ماتماتیک و پێویستە یەکەم زانستی ئەزمونکاری(تاقیگەری) بێت بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی یان پلەی پۆزەتیڤی.لە باسەکەماندا ئەم بانگەشانە تاووتوێ دەکەین، بەڵام سەرەتا با بزانین سروشتی ڕاستەقینەی زانیاری فییزیکی چییە.

زانیاری فیزیکی

ژیانی ئەقڵی هەر یەک لە ئێمە بریتییە لە ماڵێکی زیندانی کە توانای هەڵهاتنمان نییە لێی. ئەویش جەستەی خۆمانە؛ تەنها کەناڵی ئاڵوگۆڕیش لەگەڵ دونیای دەرەوەدا لە ڕێگای ئەندامەکانی هەستمانەوەیە – وەکو چاو، گوێ، هەتا دوایی. ئەمانە وەک پەنجەرەیەک وەهان کە بەسەر دونیای دەرەوەدا دەڕوانن و زانیاری وەردەگرن. ئەو مرۆڤەی لەم هەستانە بێبەرییە هیچ شتێک دەربارەی ئەم دونیایەی دەرەوە نازانێت، چونکە هیچ هۆکارێکی نییە بۆ ئەوەی پەیوەندی بکات بە دونیای دەرەوە، سەراپای ناوەڕۆکی مێشکی بریتییە لەو فۆرمەی لەگەڵ لە دایکبوندا هاتووە.

ئەندامەکانی هەست لە مرۆڤی ئاساییدا پێشوازی لە تیشکی ڕوناکی و شەپۆلە دەنگیە هاندەرەکانی دونیای دەرەوە دەکەن و ئەمانەش دەبن بە هۆی بەرهەمهێنانی جۆرە گۆڕانێک بەسەر دەمارەکاندا و لەوێوە دەپەڕنەوە بۆ مێشک. لێرەش گۆڕانی گەورەتر بەرهەم دێنن، وەک دەرەنجامێک – دوای زنجیرەیەک پرۆسە، کە بە هیچ شیوەیەک لێیان تێناگەین و نازانین بۆچی؟ ئەگەر زمانی هیوم بەکاربهێنین ئەوا دەڵێین کە ئەقڵ تەسەورات بەدەست دەهێنێت. ئەمانەش بۆ خۆیان دەبن بە هۆی دروستبونی ئینتباعات و ئایدیا، مەبست لە ئنتیباعات بریتییە لە هەستێک، عاتیفەیەک یان هەستکردن بە تەسەورێک کە یەکەم جار لە ئەقڵدا بەدەردەکەوێت، مەبەست لە ئایدیاش ئیشارەیە بۆ ئەوەی چی لە دوای ئنتیباع جێ دەمێنێت، بۆ نمونە بیرەوەری ئینتیباعێک یان دوبارەبونەوەی لە خەوندا.

بەمجۆرە سەرتاپای ناوەڕۆکی ئەقڵی مرۆڤ دەکرێت بە زۆری لە سێ بەش پێکبێت – بەشێک کە لەگەڵ لەدایکبوندا لە مێشکیدا بووە، بەشێک کە لە ڕێگای ئەندامەکانی هەستەوە هاتونەتە ئەقڵەوە و بەشەکەی تریش لە هەناوی دوو بەشەکەی ترەوە و بە هۆی پرۆسەی کاردانەوە و پەرچەکردارەوە پەرەیان سەندووە. هەندێک بە هەموو شێوەیەک ئنکاری بوونی بەشی یەکەمیان کردووە، لەگەڵ هۆبس (1588 – 1679) دا یەکدەگرن کە دەڵێت: ” لە ئەقڵی مرۆڤدا چەمکێک نییە کە یەکەم جار لەگەڵ ئەندامەکانی هەستدا نەهاتبن”. هەندێکی تر هاوڕان لەگەڵ لەیبنیز(1646 – 1716)دا کە دەڵێت ”ئەوی لە ڕێگای هەستەکانەوە نەهاتووە، ناکرێت لێیان تێ بگەین، تەنها تێگەیشتن خۆی نەبێت.”

هەر کاتێک مرۆ شتی زیاتر دەخاتە سەر خەرمانی ئەقڵی خۆی، ئەوا زانیاری نوێ بەدەست دەهێنێت و ئەمەش هەموو جارێ ڕوودەدات کاتێک پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان هەردو بەرەکەی هەستدا دادەمەزرێت، ئەو دو بەرەیەش بریتین لە جیهانی ئایدیاکان لە ئەقڵێکی تاکدا و جیهانی بابەتەکان کە لە دەرەوەی ئەقڵدا بونیان هەیە و لای هەموانیش ناسراوە.

خوێندن و توێژینەوەی زانست ماریفەتی نوێی لەم جۆرەمان بۆ دابین دەکەن. فیزیک زانیاری وردمان پێدەبەخشێت، چونکە زانستێکە بەندە لەسەر پێوانەکردنی ورد. بۆ نمونە، فیزیکناسێک دەتوانێت ئەو بانگەشەیە بکات کە چڕی ئاڵتون 19.32 ، بێگومان مەبەستی ئەم فیزیکناسە ئەوەیە کە ڕێژەی کێشی هەر پارچە ئاڵتونێک بۆ قەبارەی ئەو ئاوەی هەمان پارچە ئاڵتونەکە لای دەبات دەکاتە 19.32، یاخود درێژی شەپۆلی Ha (توخمێکی کیمیاییە) لە سپێکترەمی ئەتۆمی هایدرۆجینیدا 0.000065628  سانتیمەترە، سانتیمەتریش وا پێناسەکراوە کە کەرتێکی دیاریکراوە لە چیوەی زەوی، یاخود درێژی پارچە شیشێکی دیاریکرای پلاتینیۆمە، یاخود هێڵی چەند درێژییەکی شەپۆلی دیاریکراو لە سپێکترەمی کادمیمەمدا cadmium.

ئەم جۆرە حاڵەت و دەستەواژانە زانیاری بەرەو مێشکمان دەهێنن، چونکە هەر یەکەیان بۆ خۆیان ژمارەیەک دیاریدەکەن، ئەو چەمکەی کە لەوەبەر لە مێشکماندا حزوری هەیە، لەگەڵ بەهای ئەو ڕێژەیەی کە لە دونیای دەرەوەدا بونی هەیە، ئەو ئایدیایەی کە مێشکمان لەوەبەر ئاشنایەتی لەگەڵدا هەیە. بەمجۆرە ئەم حاڵەتە شتێکی نوێمان بە زمانێک پێدەڵێت کە دەتوانین لێی تێبگەین.

هەمو ڕێژەیەک گوزارشت لە پەیوەندی دوو شت دەکات کە ناتوانین لە هیچیان جودا لەوی تریان تێبگەین، وەکو ئاڵتون و ئاو. ئەقڵی ئێمە هەرگیز توانستی دەرچونی لە زیندانی ماڵەکەی خۆی نییە هەتا بکەوێتە توێژینەوە لە سروشتی ڕاستەقینەی شتەکان. – ئاڵتون، ئاو، هایدرۆجینی ئەتۆمی، سانتیمەتر یان درێژی شەپۆلەکان – ئەمانە کە لە دونیای ئەفسوناوی ئەودیو سنورەکانی ئۆرگانە هەستیارەکانی ئێمەوە نشتەجێن. ئێمە تەنها لە ڕێگای ئەو پەیامانەوە ئاشنایەتیمان لەگەڵیاندا هەیە کە لە پەنجەرەی هەستەکانمانەوە پێمان دەگەن، ئەمانەش هیچی وامان سەبارەت بە سروشتی بنچینەیییان پێناڵێن. بەڵام ئەقڵمان و میشکمان دەتوانێت لە ڕێژەکان تێبگات و ئەزمیان بکات، چونکە بریتین لە ژمارەی پوخت. بەمجۆرە دەتوانین زانیاری لەمەڕ دونیای دەرەوەی فیزیک فەراهەم بکەین، بەڵام ئەمەش بۆ خۆی و لە خۆیدا هەمیشە پێوستە لە ڕێژە پێکهاتبن، یاخود بە واتایەکی تر لە ژمارە پێکهاتبن.

کەرەستە خامەکانی هەموو زانستێک هەمیشە پیوییستە بریتی بن لە کەڵەکەبونی هەقیقەتەکان، بەهای ئەو ڕێژانەی کە حاڵی حازر قسەیان لەسەر دەکەین مادە سەرەتاییەکانی فیزیک پێکدەهێنن. بەڵام، هەروەک پایۆنکەیەر ئیشارەی پێداوە، کەڵەکەبونی هەقیقەتەکان هەر هێندەی کۆمەڵە بەردێک لە ماڵێکدا زانستین و هیچی تر. کاتێک دەست دەکەین بە بنیاتنانی خانوەکەمان، واتە، بۆ ئەوەی زانست بخوڵقێنین، پیویستە لەسەرمان تەپۆڵکە کەڵەکەبوەکانی هەقیقەت ڕێک بخەین و شیکاربکەین. ئنجا عادەتەن، دوای ئەمە دەردەکەوێت کە دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە ‌هەقیقەتی لە یەکتر جودا یەکبگرن و ژمارەیەکی بچوکتر لە یاسا گشتییەکان دروست بکەن. لە ڕاستیدا ئەمە بنەڕەتیترین و شمولیترین هەقیقەتە کە لە ئەنجامی توێژینەوەی تەجریبییانەوە کە دەتوانین بەردەکان پێکەوە ڕێکبخەین و ڕیزبکەین لەبۆتەی گەوهەری سروشتییاندا خانوەکەی پێ دروستبکەین. بە کورتی، سروشت یەکەیەکی ئەقڵانییە. بەمجۆرە، خانوەکە، کە بونیاتێكی ئەقڵانی هەیە و بریتی نییە لە کۆمەڵە بەردێکی بێسەروبەر، گەلێک خاسیەتی دیاریکراو پیشاندەدات. ئەمانە گوزارشت لە کۆمەڵە ڕودایكی کڵێشەئامێز دەکەن کە ئێمە لە دویان دەگەڕێین.

لە فیزیکدا، بەردە لە یەک جوداکان ژمارەن – واتە ئەو ڕێژانەی کە ئێستا باسمان کردن – و خاسیەتگەلی خانوەکەش بریتین لە پەیوەندییەکانی نێوان گروپێک لە ژمارە. شتێکی ئاشکرایە لە ڕیگای بەرجەستەکردنیان لە فۆرمولای ماتماتیکیدا، دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی ئەم پەوەندییانە تۆماربکرێن و تەفسیربکرێن، پاشان بۆ ئەوەی کە خانوە زانستییەکەمان پێکهاتەیەک بێت لە فۆرمولا، ئەوا لەم ڕێگایەوە و تەنها لەم ڕیگایەوە، دەتوانین گوزارشت لە نەخشی(pattern) ڕوداوەکان بکەین. بۆ ئەوەی وێنەکە سادە و ساکارنە وەربگرین، ئەوا دەبینین کە فیزیکناس شەبەنگی ئەتۆمی هایدرۆجین وا دەبینێت کە هێڵی Ha ی تێدایە کە لەوەبەر ئیشارەمان پێدا و ژمارەیەکی زۆر گەورە لە هێڵی تریش دیاریکراون کە عادەتەن بە Hb، Hg، Hd،  ناسراون. دەکرێت درێژی شەپۆلی ئەم هێڵانە بپێورێت و ببینرێت کە بە شێوەیەکی سادە پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە کە دەتوانرێت لە فۆرمۆلایەکی ماتماتیکییانەی ساکاردا دەرببڕێن. ئەمە ڕێگایەکی نمونەیی نایابە کە خانویویەکی زانستی تایبەتی فیزیک لەسەری بنیات دەنرێت و ژمارەیەکی زۆر هەقیقەتی لە یەکترجودای ڕامان لە تەنها فۆرمولایەکی ماتماتیکدا کۆدەکرێنەوە، پاشان زانیاریمان لەمەڕ دونیای فیزیکی لە ژمارەیەک لە فۆرمولای لەم چەشنەدا گوزارشت دەکرێن.

پەراوێزەکان:
[i]  ئەسترۆنۆمی چەقە – زەویی، بریتییە لە سیستەمی پەتلیمۆسی، کە زەوی، چەقی گەردونە وهەمو هەسارەکانی تر بە دەوریدا دەسوڕێنەوە. تەمەنی ئەم تیورییە هەڤدە سەدە بو، هەتا لە سەدەی شازدەدا، لەسەر دەستی کۆپەرنیکۆس کۆتایی هات، هەرچەندە ئەم مۆدڵە فەلەکییە مێژویەکی دورودرێژی هەبو، بەڵام مەسیحییەت لەگەڵ کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆییدا بەرجەستەی کرد و وەک تەنها تەفسیری ئایینی سەبارەت بە گەردون تەبەننای کرد و هیچ کەس بۆی نەبو، تاخود بڵێین جورئەتی نەکرد کە تەحەدای بکات. تەنانەت کۆپەرنیکۆسیش، تیورییەکەی خۆی سەبارەت بە سیستەمی چەقە – خۆری نزیکەی سێ دەیە دواخست چونکە بە پلەی یەکەم یان لەوە دەترسا گاڵتەی پێ بکەن یان جورئەتی نەبو.
[ii]فێتیچیزم: بریتییە لە ئیمان و برواهێنان بە دەسەڵاتی سیحری گیاندارێک کە لای مرۆڤ پێدەچێت خاوەن ڕۆح بێت.

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *