چی ڕوودەدات ئەگەر بکەویتە ناو چاڵەڕەشەکان؟ – فیزیای ئەم ساڵ (بەشی یەکەم)

وەرگێڕان و ئامادەکرنی: دابان محەمەد

چاڵەڕەشەکان ئەستێرەی داڕماون، کە چڕییەکەیان هێندە زۆرە تەنانەت ڕووناکیش توانای دەربازبوونی نییە لێیانەوە. بیرۆکەی بوونی چاڵەڕەشەکان ئەوکاتە بە مێشکی زانایانی فیزیا تێپەڕی دوای ئەوەی ئاینشتان بیردۆزی ڕێژەیی گشتی خۆی پێشکەیشی کۆمەڵگای زانستی کرد. بەپێی ئەم بیردۆزە، ئەگەر هاتو تەنێكمان هەبێت چڕییەکەی هێندە زۆربێت، چەمانەوەیەکی لەڕادەبەدەر لە بۆشایییە-کات دروست دەکات، وەکو چاڵێكی نێو گەردوون، و هیچ خێراییەك توانای دەربازبوونی لەم چاڵەی نابێت، تەنانەت خێرایی ڕووناکییش. سەرەنجام چاڵێکی ڕەشمان دەست دەکەوێت.


بوونی چاڵەڕەشەکان بەشێوەی بیردۆزیی و پراکتیكیی یەکلایی بۆتەوە و وجودیان بۆتە بابەتێکی حاشا هەڵنەگر. سەرەڕای ئەمە، هێشتا یەکێکن لە نهێنیئامێزترین تەنەکانی گەردوون. یەکێك لەو پرسانەی تاوەکو ئێستاش جێی پرسیار و لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە چاڵەڕەشەکان، پێیدەگوترێت “پارادۆکسی زانیاری”

ئەگەر تەنێك بکەوێتە ناو چاڵەڕەشێکەوە چی بەسەر دێت؟


وەڵامێکی کلاسیکی بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە؛ کاتێك تەنێك دەکەوێتە ناو چاڵەڕەشێکەوە، هەڵدەمژرێت بۆ ناو تاکییەتی چاڵەڕەشەکە، و بۆ هەتاهەتایە لەناو دەچێت و وجودی نامێنێت لە گەردوون. بەڵام ئەم وەڵامە دژی یەکێك لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی میکانیکی کوانتەم دەوەستێتەوە کە پێی دەگوترێت “یونیتاریتی”. لێرەدا کێشە لەنێوان بیردۆزی ڕێژەیی و میکانیکی کوانتەمی دروست دەبێت. بۆ شیکارکردنی ئەم دژبەیەکییە. ستیڤن هۆوکینگ، لە ساڵی حەفتاکان، چارەسەرێکی نیمچە-کلاسیکی داڕشت. کە تیایدا نیشانی دا چاڵەڕەشەکان تیشک دەدەن و بەپێی تێپەڕبوونی کات بەهەڵم دەبن و بچووك دەبنەوە تاوەکو ون دەبن. بەڵام هێشتا بە بیروڕای ستیڤن هۆوکینگ زانیاری ئەو تەنەی کە دەکەوێتە ناو چاڵەڕەشێکەوە بۆ هەتاهەتایە ون دەبێت.
ئەم بابەتە بووە جێگای مشتوموڕی زۆر لەنێوان فیزیازانان و کۆمەڵگای فیزیا بەسەر دووبەرەدا دابەش بوون، ئەوانەی پێیان وابوو کە زانیارییەکان ون دەبن. و ئەوانەی پێیان وابوو زانیاری لە گەردوون پارێزراوە و ون نابێت. بۆ شیکارکردنی ئەم کێشەیە، دۆن پەیج، کە هاوپیشە و هاوڕێی ستیڤن هۆوکینگ بوو، پێچەوانەی ستیڤن هۆوکینگ، بروای وابوو زانیارییەکان ون نابن و چارەسەرێکی بۆ ئەم پرسە دۆزییەوە. دۆن پەیج پێی وابوو؛ ئەو تەنۆلکانەی دەکەونە ناو چاڵەڕەشێکەوە گیرۆدە دەبن لەگەڵ ئەو تیشکانەی لە دەوری چاڵەڕەشەکەوە دەردەچن کە زانیاری پێویستیان پێیە سەبارەت بەو تەنەی کەوتۆتە ناو چاڵەڕيشەکەوە. بەمشێوەیە زانیاری نێو گەردوون ون نابێت.

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *