ناساندنی کتێبی “ژیان لە لێوارەکان “

پێشەکی وەرگێڕ:
خوێنەری هێژا، ئەو کتێبەی ئێستا بەدەستەوەیە، لەوانەیە تاقە کتێبی ئەم بوارە بێت کە بۆ هەمووان نووسراوە. لەلایەن دوو ئاڵاهەڵگری سەرەکی بوارەکەوە نووسراوە کە دەیانساڵە خەریکی توێژینەوەن بۆ ئەوەی پرسی سەرچاوەی ژیان بەشێوازێکی نوێ بخەنە ڕۆژەڤەوە. مرۆڤ لەوکاتەوەی لە دارستان و پێدەشتەکانی ئەفریقا، هەستی بە بوونی خۆی کرد، سێ پرسیاری سەرەکی لەلا دروستبووە، ئەم ژینگەم لە کوێوە هاتووە؟ من چۆن هاتووم؟ و بۆچی ئەم پرسیارانە دەکەم؟ بە زمانی زانستی ئەمڕۆ ئەم سێ پرسیارە دەبێت بە پرسیار لەسەر سەرچاوەی گەردوون، سەرچاوەی ژیان و سەرچاوەی ئاگایی! سێ پرسیاری سەرەکی لە سێ بواری سەرەکی زانست، واتە بوارەکانی فیزیا و گەردوونناسی‌، زیندەناسی و دەروونناسی. پرسیار لەسەر سەرچاوەی گەردوون لەسەردەمی یۆنانی کۆنەوە، فەیلەسووفەکانی فەلسەفەی سروشتی گرنگی زۆریان پێداوەو ڕێچکەیەکی دوورودرێژیی بڕیوە و لەم سەردەمەدا گەیشتووین بەو ئەنجامەی کە بیگبانگ هەبووەو زۆرلایەنی ئەستێرە و گەلەئەستێرە ڕوون کراوەتەوە. ئەوەی یارمەتی گەردوونناسەکانی دا بۆ ئەوەی پێشکەوتنی بەرچاو بەدیبهێنن، لەپاڵ تیۆریی گشتی ڕێژەیی ئاینشتاین، بەکارهێنانی تیۆریی نوێی کوانتەم بوو. کارکردن لەسەر سەرچاوەی ژیان مێژووەکەی بەکۆنی کارکردنە لەسەر سەرچاوەی گەردوون، هەر لەسەردەمی کۆن جەوهەری ڕۆح بۆ جیاوازیی کردن لە نێوان مادەی زیندوو و نازیندوو داهێنرا، بەڵام تاوەکو سەدەی نۆزدەهەم کاری جیدی زانستی سەبارەت بە سەرچاوەی ژیان نەهاتە ئاراوە، کە هەڵبەت توێژینەوە لەسەر بابەتەکە کەوتە ئەستۆی زیندەناسەکان و کیمیاییەکان.

سەرەڕای کاری زۆر لەسەر ڕوونکردنەوەی هەموو لایەنەکانی بوونەوەری زیندوو هێشتا سەرچاوەی ژیان بەڵێڵی سەدەی نۆزدەهەمە و پێشکەتنی گەورە و شۆڕشگێڕانە نەهاتووتە ئاراوە. لەگەڵ دەرکەوتنی زانستی کوانتەم ژمارەیەکی دەگمەن لە زانایانی پێشرەوی فیزیا، سەبارەت بە بوونی ڕۆڵ بۆ فیزیای کوانتەم لە زیندەناسی و سەرچاوەی ژیان هەندێک بۆچوون و لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان پێشکەش کرد کە لەوانەیە گرنگترینەکەیان کتێبەکەی شرودینگیر ” ژیان چییە؟” بێت. لەسەرەتای ئەم سەدەوە ڕۆڵی فیزیای کوانتەم لە ڕوون کردنەوەی سەرچاوەی ژیاندا بەجیدی وەرگیراوە و بەردەوام توێژینەوەو کاری نوێ پێشکەش دەکرێت و دەیان گروپی توێژینەوە بە پانتایی هەموو جیهان کار لەسەر بوارەکە دەکەن. ئامانجی سەرەکی ئەم کتێبە بەگشتی کردن و پێشکەشکردنی ئەنجامی ئەو کارە نوێیانەیە. سەرەڕای ئەوە پرسیاری سێهەمیش، سەرچاوەی ئاگایی، گرنگی پێدراوە. بەڵام وەکو دیارە ئەم بوارە لە بوارەکانیتری زیندەناسی کوانتەمی ئاڵۆزترە و کارەکان هێشتا زۆر سەرەتاییتر لەوەن تاوەکو بزانین، بەڕاستی ئاگایی چییە؟ لە کۆتاییدا هیوادارم تۆی خوێنەر بە وردیی و گرنگییەوە ئەم کتێبە بخوێنیتەوە، کێ ناڵێت تۆش لە داهاتوودا نابی بە توێژەرێکی سەرەکی لەم بوارە هەرەنوێیەدا.

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: