کتێبی” ژیان چیە؟”ی ئێروین شرۆدینگەر

پێشەکەی وەرگێڕ:
هەموو ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕێیان کەوتووەتەوە زانکۆ بۆ ئەوەی فیزیا بخوێنن، بێ گومان شرۆدێنگێر و هاوکێشەکەی دەناسن و ناچاربوون بە بەکار هێنانی ئەم هاوکێشەیە، نەخشەشەپۆل و وزەی تایبەتی ئاستە کوانتەمییەکانی سیستەمێکی فیزیایی دیاری بکەن. شرۆدینگێر یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی فیزیای کوانتەمە، هەموو کتێبێکی کوانتەم بە هاوکێشە هەرە ناسراوەکەی ئەوەوە دەست پێدەکات. لە فیزیادا ئەو کەسێکی پیشڕەو و ڕچە شکێنە، بەڵام لەوانەیە زۆر کەس نەزانن لە هەندێک وتاری گشتیدا، کە دواتر بووبە کتێبێک بە ناوی “ژیان چییە؟” بووبەهۆی ئەوەی زانستی بایۆلۆجی بازێکی گەورە بهاوێت و ئەو مۆڵکیوڵە ناسراوەی کە کەس نییە لانیکەم ناوی نەبیستبێت واتە DNA بدۆزرێتەوە. بێگومان شرۆدینگێر زیندەناس نییە بەڵکو فیزیاییە، بەڵام بۆچی پەل دەهاوێت بۆ زانستێک کە لە پسپۆڕی ئەودا نییە؟ لە ڕاستیدا ئەم هەوڵەی شرۆدینگێر سەرەتایەکە بۆ دەرکەوتنی بوارە نێوانگیرەکان واتە ئەو بوارانەی چەندین پسپۆری پێکەوە بۆ چارەسەری پرسێک پلاتفۆرمێک پێکدەهێنن و پێکەوە هاوکاری دەکەن.

کتێبی “ژیان چیە؟” لە نوسینی ئێروین شرۆدینگەر

ڕاستە زۆر کەس وادەزانن کە پرسی ژیان تایبەتە بە بواری بایۆلۆجی، بەڵام پرسی ژیان گەورەترین پرسیاری هەموو مرۆڤایەتی بووە. چی پێوەرێک بوونەوەرێکی زیندوو و نازیندوو لەیەکتری جیا دەکاتەوە و ژیان چۆن دەستی پێ کردووە و پەرەسەندن لە بنچینەیترین ئاستدا چوون ڕوودەدات. ئەگەر سەردەمێک زیندەوەرناسەکان و تیۆلۆجیستەکان لەم بوارەدا کاریان کردبێت، ئیستا ئیتر وانییە و سەردەمەکە گۆڕاوە، ئەم گۆڕانەش شرۆدینگێر شانازی ئەوەی هەیە یەکەم ڕچەشکێنی گرنگی تێدا کردووە. لە ئێستا سێ نزیکبوونەوە بۆ چارەسەری پرسی ژیان لە ئارادایە، کە لە ڕاستیدا هەر سێکیان بریتییە لە لاسایی کردنەوەی ئەو ژیانەی کە بەشێوەی سروشتی هەیە(ژیانی دەسکرد)، بەڕێگەی تەڕ، نەرم و ڕەق. ڕێگەی تەڕ لە کۆنتڕۆڵی بایۆکیمییاییەکاندایە و گۆڕانکارییەکان زۆر هێواشە، دەکرێت بگوترێت لەسەر پشتی کیسەڵە! ڕێگەی نەرم و ڕەق لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی پێشکەوتنی ئەندازیارییەوە پێشکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە، کە ڕەنگدانەوەکەی لە تەکنەلۆجیای ڕۆبۆتیکدا بە هەردوو لقی نەرمە ئامێر و ڕەقە ئامێرەوە دەبینین. هەرچەند ئەمانە بەڕاستی پێشکەوتنن بەڵام هێشتا پرسە سەرەکییەکە بێ وەڵامە! لە ئێستا نزیکبوونەوەیەکی گرنگ بەرەو ژیانی دەسکرد هاتووەتەوە ئاراوە، کە ئەویش بریتییە لە نزیکبوونەوەی کوانتەمی بەرەو پرسەکانی زیندەناسی. لە ئێستادا زۆر کەس بە پەیڕەوی لە شرۆدینگێر بڕوایان وایە تاقە ڕێگە بۆ وەڵام دانەوەی پرسی ژیان ڕێگەی کوانتەمییە. شرۆدینگێر لەم کتێبەدا ئاماژە بەوە دەکات بازدانی جینێتیکی و فیزیای کوانتەمی پێکەوە دۆزراونەتەوە، بەڵام دەیان ساڵی ویستووە بۆ ئەوەی، ئاوەڕی گرنگ بدرێتەوە لەوەی ئەم دوانە پێوەندی زۆر نزیکیان لەگەڵ یەکتریدا هەیە. ئێستاش لەوە دەچێت دەیان ساڵ پێویست بووبێت بۆ ئەوەی زیندەوەرناس و کیمیایی و ئەندازیارەکان بەختی خۆیان لەگەڵ ژیان تاقی بکەنەوە، بۆ ئەوەی فیزیای کوانتەمی لە کۆتاییدا بێت بەختی کۆتایی تاقی بکاتەوە. هەڵبەت ئەمە بەواتای ئەوە نییە کارەکانی پێشووتر لەسەر ژیان بێ بەهان، نەخێر ئەوان دەکرێت نەخشە ڕێگەیەکی زۆر گرنگ بۆ فیزیای کوانتەمی بن بۆ ئەوەی ڕێگەکەی لێ ون نەبێت و ئامانجەکە باشتر بدۆزرێتەوە. زۆر کەس بڕوای وایە سەرەتای سەدەی بیست و یەک زۆر لەسەرەتای سەدەی بیستەم دەچێت، ئەو سەردەمەی زانستی فیزیا دەستی بۆ بواری ئەتۆم واتە موڵکی کیمیاییەکان برد و فیزیای کوانتەمی بنیادنا.

لە ئێستاشدا فیزیایی خەریکە خۆی یەک لا دەکاتەوە دەست بۆ پرسی ژیان ببات، کە موڵکی زیندەناسەکانە. لەهەرحاڵدا زانستی فیزیا لەسەرەتای ڕێگەکەدایە، داهاتوو پیشاندەدات ئایا لەم کارەدا چەنێک سەرکەوتوو دەبێت. ئەم کتێبە وەک باسمان کرد نووسینی فیزیاییەکی گەورەیە سەبارەت بەپرسی ژیان، بە چەندین شێوە بڵاوبووەتەوە، هەندێکیان لەگەڵ بابەت و کتێبی تردان، چونکە کتێبەکە بچووک بووە، لەم ساڵانەدا لەسەر پرسی فەلسەفی یان زیندەناسی زۆر جار لەگەڵ کۆمەڵەی بابەتی تردا بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئێمە بڕیارماندا هەر ئەوەی کە یەکەمجار بڵاوبووەتەوە بکەین بە کوردی، بەڵام گرنگ بوو بەلامانەوە پێشەکییەکەی ڕۆجێر پێنرۆزی لەگەڵدا بێت. بێگومان ئەم کتێبە هەموو دێڕێکی گرنگە، هەوڵمانداوە تا ئەو جێگەی دەکرێت وەرگێڕانەکە لە دەقی سەرەکی بچێت و لەهەمانکاتیشدا تاسەو بەرزو نزمی تێدا نەبێت. کتێبەکە بریتییە لە حەوت بەش بەڵام خودی شرۆدێنگێر پاشکۆیەکی فەلسەفی لێ زیاد کردووە، کە بەجۆرێک وەڵامی پرسە تیۆلۆژی و فەلسەفییەکانە کە لە کاتی پێشکەش کردنی ئەم وتارانەداهاتووەتە ئاراوە.

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: