یادی لەدایکبوونی بابی زانستی هاوچەرخ

گالیلۆ هەمیشە گەورەیە؟بە داخەوە خوێنەری کورد لە کار و بەرهەمەکانی زانایەکی گەورەی وەکو گالیلۆ بێبەرییە. گالیلۆ پاڵەوانێکی زۆر مەزنی شۆڕشی زانستی بوو. ڕابەری یەکەمی بیرکردنەوەی ئازادانە بوو لە زانستدا و بە جورئەتترین فەلەکناس بوو کە دژایەتی زانستی باڵادەستی ئەرستۆیی کرد، ئەمە لەو سەردەم و ڕۆژگارەدا شتێکی هەروا گاڵتە و سادە نەبوو، ئەرستۆ وەکو کتێبی پیرۆزی مەسیحان سەرچاوەی زانست و کۆزمۆلۆژیای کڵێسە و ئایینی مەسیحی بوو. گالیلۆ بە ڕوخاندنی ئەرستۆیی توانی سیستەمی چەقە–خۆری کۆپەرنیکۆسی بکاتە دیاردەیەکی بڵاو و باڵادەست لە نێو خەڵکدا، دواجار هەر ئەمەش بووە هۆی مەحکومکردن و دەستبەسەری ئەبەدی. چونکە لە ساڵی ١٨٣٢ کتێبە هەرە خەتەرەکەی خۆی ‘دایەلۆگ’ بڵاوکردەوە، هەرچەندە گالیلۆ ئەم شاکارەی پێشکەشکرد بە پاپای هەشتەم، بەڵام دوای کەمتر لە شەش مانگ هەموو شتێک پێچەوانە شکایەوە، سەرباری ئەوەی خۆی هاوڕێیەکی نزیکی پاپا بوو، بەڵام پاپا خۆی فەرمانیدا هەموو نوسخەکان لە شارەکانی ئیتالیادا کۆبکرێتەوە و بسوتێنرێت.

گالیلۆ گالیلەی (1642-1564)

گالیلۆ یەکەم نوسەر بوو کە بە ئیتالی زانست بنوسێت، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی لاوانی نیشتیمانەکەی، بە تایبەت گەنجانی هەژار و نەدار توانستی خوێندنەوەی کتێبەکانیان هەبێت، تەنانەت ئەو سەردەمە هەموو نوسەران و فەیلەسوفانی سروشتی بە زمانی لاتین شتیان دەنوسی، گالیلۆ مەبەستی بوو زانست بە زمانێکی سادە بچێتە نێو خەڵکەوە. ئەمە جگە لەوەی یەکێک بوو لە پەخشان-نوسە هەرە بلیمەتەکانی سەدەی هەڤدەی ئیتالیا، ئێستاش بەرهەمەکانی وەک تێکستی بەرزی ئەدەبی دەخوێندرێن و دەخوێندرێنەوە. گالیلۆ بابی هەرە یەکەم و داهێنەری میتۆدی زانستی بوو، بە یەکێک لە پێشڕەوانی فیزیکی هاوچەرخ هەژمارد دەکرێت، یەکێک بوو لەو ماتماتیکناسە هەرە بلیمەتانەی ئەو چەرخە کە زانستی جوڵەی لە وشەی پوخت و ڕستەوە، واتە لە وەسف و سەلیقەوە گۆڕی بۆ هاوکێشەی ماتماتیکی، تەنها ئەمە بەس بوو کە کۆتایی بە میکانیکی ڕزیوی ئەرستۆ بهێنێت، کە لەو رۆژگارەدا بووبوو بە بنێشتەخۆشەی سەر زوبانی فەیلەسوفانی ئەرستۆیی. لای گالیلۆ فەیلەسوفانی ئەرستۆیی جگە لە چەلەحانی زانستی هیچی تریان لە هەمبەر ماتماتیکناساندا پێ نییە، چونکە سوربوو لەسەر ئەوەی ماتماتیک هەقیقەتە و وشەکاری تەنها بیروڕایە و لە بەردەم فۆرمولای ژمارەییدا شکست دەهێنێت و دەچێتە خانە مێژوەوە. ئیمانی تەواوی بە ماتماتیک هەبوو وەک زمانی سروشت و گەردون، وەک بەهێزترین ئامراز لە دەستی زانستدا. ئەمە جگە لەوەی یەکەم کەس بوو کە هەستا بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە وەک میتۆدێک بۆ تێڕامان و دەرەنجامی فیزیکی، بەڵام هەموو ئەمانە، هەتا لە فۆرمی ماتماتیکیدا بەرجەستە نەکرێن، نابنە هەقیقەت. هەربۆیەش گالیلۆ بە پێشڕەوی ماتماتیکردنی فەلسەفەی سروشت یان زانستی ئەمڕۆ هەژماردەکرێت. با ئەوەش بڵێین گالیلۆ مۆسیقاژەنێکی زۆر بلیمەت بووە، ئەمە بەهرەیەک بوو لە بابیەوە بۆی ماوەتەوە، کە بێتاقەت دەبوو سەری دەکردە سەر مۆسیقا و خواردنی ئیتالی. گالیلۆ زۆر بە توندی دژی ئەو زانا و فەیلەسوفانە بوو کە بۆ سەلماندنی ڕاستی پەنایان دەبردە بەر ئایدۆلۆژیای فەرمانڕەوا، هەمیشە ئەم گوتە بە نرخەی بابی دەهاتەوە یاد کە بە منداڵی لە بابی خۆی دەبیست، ” ئای هاش بەسەر ئەوانەی بۆ سەلماندنی بیروڕاکانیان پەنا دەبەنە بەر دەسەڵات.”

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *