ئایا بەڵگەی کۆزمۆلۆژی بۆ بوونی خودا هەیە؟

من ئیمانم بە (خودایەکە) کە لە هارمۆنی یاسایەکی دونیادا خۆی واڵادەکات، نەک بە خودایەک کە خۆی سەرقاڵکردووە بە چارەنوس و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤایەتییەوە.’
ئەلبێرت ئاینشتاین


سافکردنی بەرچاوی گەردون بۆ ژیانی ئنسان

گالیلۆ گالیلەی لە ڕەوتی پێکدادانی لەگەڵ پیاوانی ڤاتیکان-دا، تانەیەکی نوسی کە ئەو هێڵە دیاریدەکات لە نێوان ئەسترۆنۆمی و ئاییندا هەیە. گالیلۆ گوتی،’ کتێبی پیرۆز فێرمان دەکات بچین بۆ ئاسمان، نەک ئاسمان چۆن دەگەڕێت.١‘ ئیتر هەر لە ڕۆژگاری گالیلۆوە، ئەسترۆنۆمی ناوبەناو لەگەڵ ئاییندا لەسەر پرسی هەبوونی خودا ڕووبەڕووی کێشە و پێکدادان بووەتەوە. هەندێک ئیعتیباری ئەوە دەکەن کە یاساکانی گەردون بە شێوەیەکی غەریب وەها سافکراون (Fined) بۆ ئەوەی مۆڵەتی ئەفراندنی ژیان بڕەخسێت. بەڵام ئەگەر گەردونەکەی ئێمە تەنها ڕوویەکی فرە-گەردونییە، ئەوا گەردونەکەی لەمەڕ خۆمان هیچ خەسڵەتێکی تایبەتی تێدا نییە و وەک دەردەکەوێت هیچ پێویست بە دەستی خودا ناکات کە هەبێت.

مەبەستی گالیلۆ لە تانەکەی ئەوەبوو کە ئاییناسانی ڤاتیکان هەق نییە هەوڵبدەن سیستەمی کارکردنی گەردون لە ڕێگای تەفسیرکردنی دەقەکانی کتێبی پیرۆزەوە دابڕێژن و دیاری بکەن. تەنها ئەسترۆۆمی و بیرکردنەوەی ئەقڵگەرایی دەتوانێت ڕەوشی کارکردنی گەردون واڵابکات، بەڵام بانگەشەکەی گالیلۆ بە هیچ جۆرێک نەبوو بە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆڵی کتێبی پیرۆز لە ڕێنمایی مرۆڤایەتیی بەرەو پاکژکردنەوەی ڕۆحی لاواز و شکاوی ئنسان.

کاتێک لە ساڵی 1687 دا، ئیسحاق نیوتن تیورییەکەی لەمەڕ کێشکردنی گشتی بڵاوکردەوە، بە هەمان شێوە لەسەر بنەمای ئایینی هێرشکرایە سەری، چونکە وەک گوتیان بانگەشەی ئیلحاد دەکات و تیۆرییەکەی وەک دەردەکەوێت تەفسیری هەموو جوڵە لەسەر زەوی و گەردون دەکات بێ ئەوەی پێوستی بە دەستی خودا هەبێت. بەڵام نیوتن خۆی ئادەمێکی ئیماندار و خواپەرست بوو، لە وەڵامدا گوتی تیورییەکەی وی تەفسیری کێشکردن ناکات، بەڵکو تەنها کتومت وەسفی ئەوە دەکات کە هێزی کێشكردن چی دەکات، پاشان مومکینە خودا خۆشی لە تەفسیرکردنی سروشتی کێشکردندا بوونی هەبێت. دوای چەندین سەدە، ئاینشتاین هات و گوتی باوەڕی بە دەستێوەردانی ئیلاهی نییە، ئەوە شتێکە یاریکردنە بە واقیع، بەڵام گوتی باوەڕی وایە کە یاساکانی فیزیک بریتین لە بەرجەستەی خودا.

ئەم فکر و بیروڕایانەی زانایانی گەورە جیاوازی لە نێوان زانست و ئاییندا دەخاتەڕوو: زانست لە بنچینەی پێناسێکی ڕوون و شەفافەوە هەنگاو هەڵدەگرێت کە شایانی تاقیکردنەوە و دووبارەبوونەوەیە، بەڵام ئایین لە پرینسپە بنەڕەتییەکانیدا زیاتر نەرمە. لە قەرارداندا لەمەڕ هەبوونی خودا، سەرەتا زانا ئەو پرسیارە دەکات کە،’مەبەستمان لە خودا چییە؟’ بە واتایەکی تر، چۆن پێناسی خودا دەکەین؟

مانای خودا

کتێبی پیرۆزی مەسیحان باس لە موعجیزە دەکات، بۆ نمونە باس لە ماڵئاوایی دەکات لە دەریای سور و گۆڕانی ئاوەکەی بۆ شەراب. ئەگەر ئەمە بە مانای حەرفی وەربگرین، ئەوا ئەم حیکایەتانە بە جدی پێشنیازی ئەوە دەکەن کە خودا لە دەرەوەی یاساکانی فیزیکدایە. لەم حاڵەتەدا، ئەگەر بە وردی و ڕژدی قسەبکەین، ئەوا هیچ پێویست بە مشتومڕی زانستی ناکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر خودا بکەین، چونکە ئەو دەتوانێت بە ئیڕادەی خۆی سروشت بگۆڕێت: ئەو (خودا) سوپەر-سروشتە. ئەو مشتومڕەی ئەمڕۆ زانایان لە دژی ئەم جۆرە ئیلاهییە سوپەر-سروشتییە بەرزیدەکەنەوە ئەوەیە کە لە گەردوندا هیچ پێویست بە حزوری ئەو ناکات.

هەرچۆنێک بێت، زانایانی کۆن، باسیان لە توێژینەوەی سروشت کردووە بۆ ئەوەی پێگەی خودا بدۆزنەوە. بەو هیوایە بوون ئەو دیاردەیە واڵابکەن کە بە تەررزێکی ئەقڵگەرایی تەفسیرناکرێت و بۆیەش پێویستی بە دەستێوەردانی دەستی خودا هەیە. کاتێک زانست تۆکمەتر و بە دەسەڵاتتر بوو، توانای تەفسیری دیاردەی زیاتر بوو. بۆ نمونە، لە سەدەی شازدەدا، خەڵکانێک هەبوون بیریان دەکردەوە بۆچی هەسارەکان بەوجۆرە دەجوڵێن، زۆربەیان باوەڕیان وابوو کە ئەم جوڵەیە ئیرادەی خودایە. بەڵام حلکردنی پرسەکە مەحاڵبوو، هەتا ئەو کاتەی تیکۆ براهە هات و زۆربەی ژیانی خۆی بەوە گوزەراند کە شەوانە مەوقع و پێگەی هەسارەکانی تۆماردەکرد، دوایی یۆهان کیپلەر، کە بوو بە یاریدەدەری، توانی سێ یاسای بەناوبانگ لەمەڕ جوڵەی هەسارەکان گەڵاڵەبکات (سەیری ‘بۆچی هەسارەکان لە خولگەی خۆیاندا دەمێننەوە‘ بکە). دواجار، نیوتن یاساکانی کێپلەری لەمەڕ جوڵەی هەسارەکان تەفسیرکرد کە ئەنجامی ئەو هێزەیە پێی دەگوترێت کێشکردن، لە سەدەی بیستەمیشدا، ئاینشتاین تەفسیری کێشکردنی کرد کە چییە! گوتی پێکهاتەی فەزا بە جۆرێکە بە هەموو ئاڕاستەکاندا دەکشێت(سەیری’ ئایا ئاینشتاین ڕاست بوو؟’ بکە). فەلەکناسان بۆیان دەرکەوت کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گەردون لە ساتەوەختێکەوە دەستی پێکردووە و خەڵقبووە کە ئێستا پێی دەگوترێت بیگ-بانگ (سەیری ‘ چۆن گەدرون دروستبوو؟‘ بکە).

کڵێشەکە بە جۆرێکە کە لەگەڵ تیپەڕبوونی کاتدا زانست زیاتر و زیاتر تەفسیری دیاردەکان دەکات و هێدی هێدی بوارێکی کەمتر دەهێڵێتەوە کە ئەرک و سنعەتی ئیلاهی تێدابێت. لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیارە بنەڕەتییەکان هەر بە بێ وەڵام دەمێننەوە. بۆ نمونە چی بوو بە هۆی بیگ-بانگ؟ چۆن ژیان لەسەر زەوی خەڵقبوو؟ لە هەنووکەدا هیچ تەفسیرێک لە ئارادا نییە، هەر ئەمەش زەمینە دەخوڵقێنێت بۆ ئنسان کە باوەڕ بە دەستوەردانی خودا بکات. زۆر لە زانایان شتەکە بە جۆرێکی تر دەبینن و بە زمانی سادە و ساکار باوەڕیان وایە کە هەتا ئێستا وەڵامی تەواومان نەدۆزیوەتەوە. مومکینە ئینسان وەها بیربکاتەوە کە زانست پەیوەستە بە یەقینەوە. بە پشبەستن بە بنەمای سەرکەوتنەکانی کێپلەر و بە تایبەتی نیوتن، زانایان لە چەند سەدەی ڕابڕدوودا ئەو تێڕوانینەیان گەڵاڵەکردووە کە مومکینە هەموو شتێک پێشبینی بکرێت: ئەگەر بتوانین مەوقیع و جوڵەی هەموو پێکهاتەی سیستەمێک پێوانەبکەین، ئەوا دەتوانین ڕەوشی ئایندە بە وردی و درشتی حساب بکەین. کەچی لەگەڵ ئەمانەشدا ئێستا دەزانین کە پانتاییەک هێشتا لە فیزیکدا هەر هەیە کە یەقینی ڕەها تێیدا مەحاڵە: ئەویش تیوری کوانتەمە.

موعجیزەی فیزیک

تیوری کوانتەم مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامی ئیحتیمالیدا دەکات (سەیری’ ئایا گەردونی بەدیل هەیە؟‘ بکە). هەرچەندە هاوکێشەکانی کوانتەم بوارنادات مەحاڵ ڕووبدات، بەڵام دەهێڵێت شتی زۆر نامومکین ڕووبدات. تیۆرییەکە بەو مەبەستە پەرەیسەند کە وەسفی ڕەوشی تەنۆڵکەی ژێر-ئەتۆمی بکات، بچوکترین شت کە لە سروشتدا هەیە. یەکێک لە تەلاسازانی تیۆرییەکە، فیزیکناسی ئەڵمانی وێرنەر هایزنبێرگ (1975-1901) لە ساڵی `1926 دا ئەوەی کەشفکرد کە لە پێوەری بچکۆلەی تەنۆڵکەی ژێر-ئەتۆمیدا، گەردون ملکەچی حوکمی شانسە نەک هی یەقین. بەڵام ئاینشتاین لە لایەکی ترەوە، قایلنەبوو بەوەی کە شانس هیچ ڕۆڵیکی هەیە لە یاساکانی فیزیکدا. بە بێ یاسایەکی ڕۆشن و شەفاف کە بتوانین کارلێکی تەنۆڵکەیەک پێشبینی بکەین، ئاینشتاین فکرەی وەهابوو کە ئازادییەکی زۆر لە ئارادا هەیە، بۆشاییەکی فراوان کە دەتوانرێت بە دەستێوەردانی ئیلاهییانە پڕ بکرێتەوە. ئاڵنگارییەکەی ئاینشتاین بۆ هایزنبێرگ بوو بە هۆی لەدایکبوونی ئایدیا هەرە بەناوبانگەکەی کە دەڵێت: ‘خودا یاری بە زار ناکات!

ئایدیا هەرە دیار و بەرچاوی کارەکەی هایزنبێرگ، کە ئیهانەی ئاینشتاینی کرد، ئەوەبوو کە فەزا تەنها لە مەودایەکی گەورەدا پێهاتەیەکی سافی تەختی بارستایی و وزەیە. لە مەملەکەتی ژێر-ئەتۆمیدا، کە پێکهاتەیەکی پشێوی بڵقی تەنۆڵکەیییە و لەخۆڕا دروستدەبێت و لە چاوتروکانێکدا ئاوادەبێت. هایزنبێرگ بۆی دەرکەوت هەندێک دیاردەی جووت کە خاسیەتی فیزیکییان هەیە، بۆ نمونە زەمەن و وزە، مەوقیع و تەوژم، بە شێوەیەکی ناوەکییانە پێکەوە بەستراون هەتا یەکێک وردتر پێوانە بکەین، ئەوا کەمتر بە وردی ئەوی تر پێوانە دەکەین. ئەم سنوری وردەکارییە هیچ پەیوەندییەکی نییە بەسەر وردی ئەو ئامرازەی بەکاردەهێنرێت، بەڵکو نایەقینێکی بنەڕەتییە وەک خەسڵەت بەستراوە بە گەردونەوە و لە سەردەمی ئەمڕۆماندا پەیوەستە بە پرینسپی نایەقینی هەیزنبێرگ-ەوە.

بۆ پیشاندانی ئەو وابستەیەی لە نێوان مەوقیع و تەوژمی تەنۆڵکەیەکدا هەیە، با بیر لە تۆپی بلیارد بکەینەوە کاتێک لەسەر ڕووی مێزەکە خلدەبێتەوە و لە ژورێکی تاریکیشداین. بۆ پێوانەکردنی بەرەوپێشچونی تۆپەکە، دەتوانین تۆپی تریش هەر بە هەمان ڕەوتی تۆپەکە خلبکەینەوە و چاوەڕووانبین کاتێک دەدەن بە قەراغی مێزەکەدا و دەگەڕێنەوە. هەر کە گوێمان لێبوو تۆپەکان بەریەککەوتن، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە لە ڕەوتەکەیاندا یەکتر دەبڕن و بەم شێوەیەش دەتوانین مەوقیعی تۆپە یەکەمەکە دیاری بکەین. بەڵام لە کەشفکردنی ئەمەدا تەوژمی تۆپەکە دەگۆڕین ئەویش بە هۆی پێکدادانەکە و گۆڕان لە خێراییەکەیدا. بەمجۆرە، هەرچەندە ئێستا مەوقیعی تۆپەکە دەزانین، بەڵام چیتر تەوژمەکەی نازانین، بە واتایەکی تر، بۆ کوێ دەچێت.

جووتەکەی تر کە بە شێوەیەکی ناوەکی و توند پێکەوە بەستراون بریتییە لە زەمەن و وزە. هەنگاوە گەورەکەی هایزنبێرگ ئەوەبوو کە بۆی دەرکەوت، لە کاتێکدا وزە پێویستە بۆ زەمەنێکی دیاریکراو پارێزراوبێت، بەڵام لە سەقفێکی زەمەنی زۆر بچکۆلەدا دەکرێت لە خۆڕا و هەڕەمەکی بخوڵقێنرێت. ئەمە دەرەنجامێکی ئێجکار سەرسوڕهێنی بە دوادا دێت، چونکە ئەوە دەگەیەنێت کە جووتێک تەنۆڵکە، یەکێکیان مادە و ئەوی تر دژە-مادە، دەتوانن لە ناکاو و بێ ئەوەی سەرچاوەکەی بزانین بازبدەنە واقیعەوە و پاشان بە خێرایی یەکتر مەحەپ دەکەنەوە. پرینسپی نایەقین ئەو کەوانە زەمەنییەمان بۆ دیاریدەکات کە ئەم جووتە لە واقیعدا دەمێننەوە. هەرچەندە شتەکە لە ئاسابەدەر سەرسام دیارە، بەڵام پرینسپی نایەقین هەر بەسەر تەنۆڵکەکاندا ناکرێت. لە ڕووی تیورییەوە، هەموو شتێک مومکینە لە ‘هەڵبەزی کوانتەمی (Quantum Fluctuation) ‘ ئاوادا بخوڵقێت – بەرد، مێز، خانوو، هەور – هیچ شتێک لە یاساکانی فیزیک بەربەست نییە لە بەردەم ئەم ڕەوشە لە ئاسابەدەرە. تەنانەت کائینێکی ژیری تەواویش لەوانەیە بۆ کاتێکی زۆر کورت بێتە بوونەوە خەڵقبێت چونکە مێشکی لەو ساتەدا بەوجۆرەی بە ‘وایەر پێکەوە بەستراوە’، تەنانەت مومکینە بچێتە دونیای وەهمی بیرەوەری و خەیاڵاتی گەردونییەوە.

ئەمە وەک شتێکی شێتانە دێتە بەرچاو، هەرچەندە ئەقڵ قبوڵی ناکات، بەڵام فەلەکناسان و فیزیکناسان هۆیەکی ماقووڵیان تەبەنناکردووە کە باوەڕ بە پرینسپی نایەقین بکەن، بە بێ ئەم پرینسپە، خۆر نادرەوشێتەوە. پلەی گەرمای کرۆکی خۆر، هەرچەندە بە تەخمین نزیکەی 16 ملیۆن پلەی سەدییە، بەڵام هەر نزمە بۆ ئەوەی هایدرۆجین ناچاربکرێت بە هۆی پێکدادانەوە یەکبگرێت. تەنها ئەو یەکگرتنی ناوکییە مومکینە کە تێیدا حساباتی پرینسپی نایەقین بە هەند وەردەگیرێت: چونکە مەوقیعی ناوکی هایدرۆجینەکان بە هەر شێوەیەک بێت دڵنیایی تێدانییە، دەکرێت لە سنوری بازنەکەیدا بن کە حسابمان کردووە و ئیتر ئەوەندە لە یەکتر نزیک دەبنەوە کە سەرەنجام یەکبگرن.

وەک دەردەکەوێت، هەڵبەزەی کوانتەمی (quantum fluctuation) هۆکارێکە بۆ ڕوودانی موعجیزە لە فیزیکدا. تەنانەت هەندێک لایەنی تری تیوری کوانتەم بواردەدات بە تەنۆڵکەکان بە تەرزێکی چاوەڕواننەکراو مامەڵەبکەن، هەندێک ئەنجامی تاقیکاری دیاریکراو تەنها کاتێک دەتوانین لێیان تێبگەین کە ئەگەر تەنۆڵکەکان لە دوو مەوقیعی جیاوازدا بن. ئەزمکردنی ئەم دۆزینەوانە لای زانایان شتێکی زەحمەت بوو، زۆریان سەرقاڵی ئەوەبوون کە گەردون بە هیچ جۆرێک پێویستی بە خودا نییە، دەکرێت بە لۆژیکی ئەقڵ هەموو شتێک تێبگەین. بەڵام هەموو ڕەوشێکی لە ئاسابەدەری ناقۆڵا گورزێک بوو لە دژی ئەم تێڕووانینە، دواجار دیارە خودا ڕۆڵێک یاریدەکات. بەڵام سەرباری هەموو سیمای سەیر و غەریبی، ئەوە ناگەیەنێت کە لە پرینسپی نایەقینی  تیوری کوانتەمدا لەوانەیە هەموو شتێک ڕووبدات. بۆ نمونە لە گەردونی ناکۆتادا، حەتمەن شتێک هەر ڕوودەدات ئەگەرچی ئیحتیمالیشی زۆر بچکۆلەبێت، بەڵام – ئەمە ‘بەڵام’ێکی زۆر گرنگە– ئەگەر چانسی ڕوودانی شتێک سفرە، واتە مەحاڵە، ئەوا لە زەمەنێکی هەتا بڵێی ناکۆتاشدا ڕوونادات. بەمجۆرە کورتکردنەوەکە بە جۆرێکە کە پێویستە هێشتا یاساکانی فیزیک بەکاربهێنرێن بۆ جیاکردنەوەی چی مومکینە لەوەی چی مەحاڵە کە ڕووبدات.

خودا، لە لایەکی ترەوە، دەبێت قودرەتی خاڵق و ڕوودانی هەموو شتێکی هەبێت، تەنانەت ئەگەر یاساکانی فیزیکیش بوارنەدات. هەرچەندە ئاینشتاین هەرگیز حەزی لە ئایدیای نایەقینی کوانتەم نەبوو، بەڵام سەرەنجام بەوە قایلبوو کە بە زەرورەت پێگەیەک بۆ خودا دابین ناکات. لە دوا ساڵانی ژیانیدا، هێندەی تر تێڕوانینی خۆی ڕەقترکرد و بە تەواوی ئایدیای خۆی ڕەتکردەوە. لە ساڵی 1954 دا دەنوسێت،’ وشەی خودا بۆ من جگە لە گوزارشتێک هیچی تر نییە و زادەی بەرهەمی لاوازی مرۆڤە.’

سافکردن Fine-tuning 

لە نێو کۆزمۆلۆژیستاندا ژیانەوەی مشتومڕێکی بەهێز بەدیدەکرێت لەمەڕ ئایا خالقێکی ئیلاهی ڕۆڵی هەیە لە گەردوندا یان نەء. ئەم مشتومڕە لەو ئیشارانەوە لەدایکبوو کە هەیکەلی گەردون وەک دەردەکەوێت بە تایبەتی بۆ ژیانی ئنسان داتاشراوە. لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری تێگەیشتنی تیۆریستان لە بەرانبەر یاساکانی فیزیکدا، توانیویانە تاووتوێی ئەوە بکەن کە گەردون چۆن دەبوو ئەگەر نەگۆڕەکانی گەردون کەمێک جیاواز بوونایە (سەیری ‘ئایا گەردونی بەدیل هەیە؟‘ بکە). ئەم فیزیکناسە تیوریستانە تەواو سەرسام بوون کاتێک بۆیان دەرکەوت کە زۆربەی گەردونە مومکینەکان شیاو نین بۆ ژیان. هەندێک زانا ئەم دەرەنجامە بە ‘سافکردنی گرفتەکە’ ناودەبەن و باوەڕیان وایە پێویستی بە تەفسیرێک هەیە.

وەک نمونەیەک بۆ سافکردن، ئەو ڕێژەیە وەربگرە کە بە هۆیەوە گەردون دەکشێت یان گەورەدەبێت. ئەگەڕ ڕێژەی کشانەکە بەرزتر بوایە لەوەی ئەمڕۆ کە لە ئارادایە، ئەوا مادە زۆر بە تەنکی پەرشوبڵاو دەبووەوە و گالاکسییەکانیش توانستی هەڵبەستن و پێکهێنانی خۆیان نەدەبوو. لە لایەکی تری پێوەرەکەوە، ئەگەر ڕێژەی کشانەکە زۆر نزمتر بێت لەوەی پێوانەکراوە، ئەوا گەردون هەر زوو بە ئاڕاستەی ناوەوەی خۆی هەرەسی دەهێنا، ئەو کاتە هیچ ئەستێرە، هەسارە و ئینسان دروست نەدەبوون. بە گشتی، سافکردن ئیشارەیە بۆ هەستیاری و وردی لە نەگۆڕە فیزیکییەکاندا کە دەبن بە هۆی سەرهەڵدانی ژیان و وەها دیارە پێمان دەڵێن کە زۆربەی هەرە زۆری گەردونە مومکینەکان بۆ ژیان نەزۆکن، هەر هیچ نەبێت بۆ ئەو ژیانەی خۆمان لەبەرچاومانە. هەر ئەمەش هانی زانایان دەدات بیربکەنەوە کە دوای هەموو شتێک بۆچی گەردونێک بۆ ژیانی مرۆڤ بوونی هەیە، بە جۆرێک هەتا ئەو ڕادە بەرزە مەحاڵ و جێگای گومان و پرسیارە. 

ئیشکالاتی کاربۆن

پێدەچێت باشترین نمونە لەمەڕ سافکردن لە گەردوندا بریتی بێت لەوەی بە ‘ئیشکالاتی کاربۆن’ ناودەبرێت. کاربۆن ئەو توخمەیە کە ژیان دەبەخشێت بە مۆلیکیولی دی.ئێن.ئەی (DNA). وەک زۆربەی توخمە کیمیاییەکان، لە ئەنجامی پرۆسەی یەکگرتنی ئەتۆمی سادەترەوە لە نێو ئەستێرەکاندا دروستبووە.

لە ساڵانی 1950 کاندا، فەلەکناسان هەرچییەکیان لەمەڕ ناوکی ئەتۆمەوە زانی، بەکاریانهێنا بۆ پەرەپێدانی سیناریۆیەک بۆ ئەفراندنی کاربۆن و پرۆسەکەیان ناونا ‘پرۆسەی ئەلفای سیانە’. تەسەوریانکرد سێ ناوکی هیلیۆم بە ڕیز پێکدابدەن بۆ ئەوەی تەنها تاکە ناوکێکی کابون بونیاتبنێن. بەڵام هەرچۆنێک بوو، دوا هەنگاوی پرۆسەکە تێگەیشتنەکەی زەحمەتکرد. فەلەکناسی بەریتانی، فرێد هۆیڵ (2001-1915)، ئەوەی نیشاندا کە ڕێژەی کاردانەوە لە نێوان بێریلیۆم (beryllium) و هیلیۆم-دا، دوا دوو ناوک کە کاردانەوەیان هەیە، جووت نییە. بە گوێرەی ئەو تێگەیشتنەی لەمەڕ کاردانەوەی ناوکی هەیە و باڵادەستە، دەبێت کاردانەوەیەکی زۆر سەیربێت – ئەمەندە سەیربێت کە کاربۆنەکە توخمێکی دەگمەن بێت لە فەزادا، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا فەلەکناسان لە هەر شوێنێک دەڕوانن بڕەکە بە نسبەتێکی گەورە دەبینن. هەتا ڕێگایەک بۆ ئەم ئیشکالاتەی کاربۆن نەدۆزرێتەوە، ئەوا پێکهێنانی ئەو کاربۆنەی پێویستە بۆ ژیان بە پەنهان دەمێنێتەوە.

فیزیک لە بەردەم ڕێگایەکی داخراودا بوو. هەرچۆنێک بێت، هۆیڵ بەوجۆرە نەبوو،- ئەوەندە جورئەتی هەبوو کە شتەکە بخاتەڕوو. هۆیڵ بیریکردەوە کە ئێمە لە گەردوندا کاربۆنەکە دەبینین، ئێ کەواتە هەر دەبێت بە ڕێگایەک بەرهەمبێت. لەوەش زیاتر، کاربۆن بەشێکی بنەڕەتی ژیانی سەر عەردە و مرۆڤی بە مێشکەوە لێکەتووەتەوە کە توانستی بیرکردنەوەی ئیشکالاتی دروستبوونی توخمەکەی هەیە. بەمجۆرە وەک دەرەنجامێک، هۆیڵ گەیشتە ئەو هەقیقەتەی ئینسان زیندووە و بیردکردنەوەش ئەوە دەسەلەمێنێت کە شتێک سەبارەت بە ئەتۆمی کاربۆن هەیە کە هێشتا لێی تێنەگەیشتووین. هۆیڵ دەستیکرد بە بە بیرکردنەوە کە چۆن سروشت بتوانێت ڕێژەی کاردانەوە لە نێوان بێریلیۆم و هیلیۆمدا خێرابکات. 

ئەگەر ناوکە ئەتۆمییەکان لە ئاستی وزەدا هاوشێوە بوون ئەوا بە ئاسانی یەکدەگرن (کە ئەمە بەندە لەسەر ڕێکخستنی ناوەکی ناوکەکە) بۆ ئەوەی دوا بەرهەم دروستبکەن. بەڵام لەمەڕ حاڵەت یان ئاستی وزەی بێریلیۆم و هیلیۆمەوە، هیچ هاوشێوەی حاڵەتی وزەی کاربۆنیان تێدا بەدینەکراوە. هۆیڵ ڕای وا نەبوو، لای وی بۆیە مرۆڤ زیندووە چونکە کاربۆنەکە پێویستە ئەو بڕي وزەیەی تێدابێت، هۆیڵ گوتی هەموو خەڵکانێک ئەم تەجروبەیەیان ئەنجامداوە، بەڵام نەیاتوانیوە بیدۆزنەوە. ناوکی کاربۆن، هەروەک خۆ ئەقڵی بۆ چووە، توانای نییە بۆ ماوەیەکی درێژ ئەم حاڵەتە وزەییە بهێڵێتەوە دەنا تاقیکارەکان زووتر زەفەریان پێ دەبرد و کەشفیان دەکرد. بەمجۆرە پێشبینی ئەوەی کرد کە هەرچەندە کاربۆن دەتوانێت ئەم وزەیەی هەبێت، بەڵام وەک پێویست بە خێرایی بڕە وزە زیادەکە فڕێدەدات و بەرەو فۆرمێکی جێگیر هەرەسبدەهێنێت، هەر بەوجۆرەی لە دەوروبەری خۆمان بەدیدەکەین. تەنها ئەوەندە پێویستی بە بڕە وزە زیادەکە هەیە هەتا کارلێکی بێریلیۆم-هیلیۆم بکاتە شتێکی واقیع.

هەرچەندە فیزیکناسانی تر زۆر بەگومان بوون، بەڵام کاتێک تەجروبەکانیان دووبارەکردەوە، لە زەرفی دە ڕۆژدا ئەو حالەتە وزەیەیان دۆزییەوە کە هۆیڵ بۆ کاربۆن پێشبینیکردبوو. ئەمە سەرەتای ئەوەبوو کە پێێ دەگوترێت بیرکردنەوەی ئەنترۆپیک (Anthropic Reasoning)، کە دەڵێت هەقیقەتی ئەوەی کە ئێمە لە ژیانداین و زیندووین وەها ئیجاب دەکات کە ئاگاداری بیرکردنەوەمان بکات کە لە گەردوندا چی مومکینە و چی مومکین نییە. بە واتایەکی تر، کاتێک لە دوی یاساکانی فیزیک دەگەڕێین پێویستە لەسەرمان حساب بۆ ئەو ڕاستییە بکەین کە ئەم یاسایانە پێویستە دواجار بە ئاڕاستەی مرۆڤمان بەرن.

توێژینەوەی زیاتر لەم بوارەدا ئەوە دەسەلێنێت کە ئەو بڕە دەوڵەمەندەی توخمەکان تۆڕێکی سافکراوە (finely tuned). گۆڕینی قودرەتی هێزی بەتینی ناوکی (Strong Nuclear Force)، کە ئەتۆمی وەک یەکەیەک هێشتووەتەوە و ڕاگرتووە، بە بڕی لە سەدا 0.4 دەبێت بە هۆی ڕوخاندنی ئەم هاوسەنگییە هەستیارە و داڕمانی کارخانەی ئەستێرەکان. کاتێک ئێمەی ئینسان دەزانین کە گەردون لەسەر ئەم نوکە چەقۆیە وەستاوە، وامان لێدەکات بیربکەینەوە و خوردبینەوە: بۆچی پێکهێنانی توخمەکان ئا بەوجۆرە هاوسەنگییە سافکراون کە ژیان لەسەر عەرد بکەن بە شتێکی مومکین؟

دەستی خودا؟

وەڵامی کورت بۆ ئەم پرسیارە کە پەیوەستە بە بوونی پڕ-گومانی ئێمەی ئنسانەوە کەس نازانێت. هەندێك باوەڕیان وایە پرسیارەکە ناقۆڵایە چونکە ئەگەر گەردون بەوجۆرە نەبوایە کە ئێستا تێیدایە، ئەوا ئێمە هەرگیز لێرە نەدەبووین هەتا پرسیاری وەها بکەین. هەندێکی تر باوەڕیان وایە کە هەردەبێت هۆکارێکی قووڵ بوونی هەبێت: خودا بە تایبەت لە ڕێگای دیزاینی یاساکانی فیزیکەوە  گەردونی بەمجۆرە خەڵقکردووە بۆ ئەو مەبەستەی مرۆڤ بوونی هەبێت. بە دڵنیاییەوە ئەمە تەبایە لەگەڵ ئەو خودایەی ئاینشتاین کە دەست وەرناداتە گەردون، بەڵام سەدایەکی ناسای هەیە لەگەڵ ئەقڵیەتی زانایانی سروشتگەرایی سەرەتای سەدەی نۆزدەدا.

لە سەرەتای 1800 کاندا، توێژینەوە مرۆییەکان نایابترین خۆگونجاندیان لە نێوان فۆرمە جیاوازەکانی ژیان و ئەو ناوەندەی تێیدا دەژین واڵاکرد. تێڕوانینەکە بەوجۆرەبوو کە ئەمە بەڵگەیەکی ڕوونە کە خودا دونیای بە تەرزێکی کەماڵ دیزاینکردووە بۆ ئەوەی ژیان لەخۆبگرێت. بەڵام لە ساڵی 1859 دا هەموو شت پێچەوانەوە بووەوە، ئەم دونیابینییە هەڵگەڕایەوە، ئەویش کاتێک داروین تێڕامانەکانی خۆی پێشكەشکرد کە فۆرمەکانی ژیان نەوە لە دوی نەوە دەگۆڕێن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەروبەرەکەی خۆیان بگونجێن. ئەم ئایدیایە، وایە ئایدیای هەڵبژاردنی سروشتی بوو بە هۆی سەرهەڵدانی تیوری پەرەسەندن و ئەو باوەڕەی کە هەسارەکان و ناوەندی هەسارەکان خۆیان بە زۆری ڕێکەوتن و فۆرمەکانی ژیان بە هۆی پرینسپی ڕەمەکی هەوڵ و هەڵەوە (trial and error) ، بەزۆریش هەڵەوە، پەرەدەستێنن بۆ ئەوەی لەگەڵ هەر پێگەیەیەک لە ئارادا هەیە بگونجێن. بە پێی تێڕووانینی داروین، توانستی ئەم فۆرمانە بۆ ئەوەی بە هۆی میکانیزمی مەیلی-هەڵە کۆپیکردن لە نێو ئامرازەکانی خانەدا پەرەبستێنن بەستراوە بە مەخلوقاتی زیندووەوە. لە کاتێکدا کە هەندێک لە گروپە مەسیحییە موحافیزەکان هێشتا بڕوایان بە دونیابینی ‘دیزاینی ژیری’ هەیە، بەڵام لە نێوەندی زانستیدا جۆرە هارمۆنییەک هەیە کە دەڵێت ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک بەڵگەیەک بۆ کەماڵی خودا هەبووە لە ڕاستیدا لە ئاستی مۆلیکیولیدا ئەندازیارییەکی غەیر-کەماڵە.

ئنجا تۆبڵێی هەر هەمان شت بە نیسبەت گەردون بەو گەورەییەی کە هەیە ڕاست بێت – واتە ئەم سافکردنەی لە دەوروبەری خۆمان دێتە بەرچاومان ئەنجامی هەندێک فۆرمی پەرەسەندنی کۆزمۆیی بێت؟ ئا لێرەدا فرە-گەردونی خۆی قوتدەکاتەوە و دێتە ناو باسەکەوە، ئەگەر دیمەنی تیوری-ئێم (M-theory) ڕاست بێت(سەیری ‘ئایا گەردونی بەدیل بوونی هەیە’ بکە)، ئەوا هەموو گەردونێکی مومکین لەگەڵ هەموو یەکگرتنێکی مومکینی نەگۆڕی فیزیکیدا پێکەوە تاقیدەکرێتەوە، چونکە ژمارەی ئەو گەردونانەی دێنە ئاراوە ناکۆتا دەبن. پاشان وەک زەرورەت، بە لایەنی کەمەوە، یەکێک لەم گەردونانە کە ژیانی مرۆڤ تێیدا مومکینە، هەرچۆنێک سافبکرێت، بە هەرشێوەیەک بێت، ئەوا پێوستمان بە هەبوونی یاساکانی فیزیک هەر هەیە. بەم جیهانبینییە، گەردون هیچ خاسیەتێکی تایبەتی تێدا نییە: تەنها بە ڕێکەوت لەو گەردونەدا ئادەمیزاد پەرەیسەندووە کە گونجاوە بۆ نەشونماکردنی ئەو فۆرمەی ژیانی ئێمە، بەمجۆرە هیچ پێویستیەکی کۆزمۆلۆژی بۆ خودا بوونی نییە.

گەردونی سەرسوڕهێن

کاتێک لەمەڕ سافکردن و ڕاڤەکارییە موکینەکان گفتوگۆ دەکەین پێویستە ئەوەمان لە یادبێت کە – ئایا تەسەوری ئێمە لە بەرانبەر سافکردنی گەردون بۆ ژیان تەنها لەبەر ئەوەیە کە توانستی ئەو خەیاڵەمان نییە کە وێنای ئیحتیمالەکانی تر بکەین؟ گەردون بە بەردوامی ڕووبەڕوی سەرسوڕمانمان دەکاتەوە، موعجیزەی وەهامان پێشکەشدەکات کە ئێمەی ئینسان ناتوانین نە بە سەلیقە و نە بە خیبرەی خۆمان چاوەڕوانی بکەین. نمونەیەکی نایاب لەم بارەیەوە بریتییە لە کەشفکردنی هەسارە بە دەوری ئەستێرەکانی تردا. فەلەکناسان لایان وابوو کە دابەشبوونی هەسارەکان ملکەچی ئەو سیستەمە خۆری-یەیە کە ئاشنایەتیمان لەگەڵدا هەیە: هەسارە بەردینەکان نزیکن لە خۆرەوە و زەبەلاحە گازییەکانیش زیاتر لە سنورە زیاتر دوورەکانن. تەنانەت گروپێک فەلەکناس کەوتنە کۆکردنەوەی داتا بەڵام هیچ شیکارییەکیان ئەنجامنەدا چونکە دڵنیابوون لەوەی کە دە ساڵ تێڕامان پێویستە بۆ ئەوەی ئۆربیتی درێژخایەنەی ئەو هەسارانە ببینن کە هاوشێوەی هەسارەی مشتەرین. لە ڕاستیدا، ئەو هەسارانەی یەکەمجار دۆزرانەوە لە قەبارەی مشتەریدا بوون، بەڵام ئۆربیتەکەیان زیاتر هاوشێوەی ئەستێرەکانی(مشتەری) بوون وەک لەوەی شێوازی ئۆربیتی هەر هەسارەیەکی تر بێت بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. ئەم کەشفکردنە بە تەواوی بوو بە مایەی سەرسامییەکی گەورە بۆ فەلەکناسان و ئەوە دەردەخات کە ئەم فەلەکناسانە بیریان لە مەحاڵ دەکردەوە، چونکە، تۆ بڵێیت ڕەوتی تر بۆ ژیان بوونی هەبێت کە نەگۆڕی سروشتی خۆی هەبێت؟ سەیرە، کەس لەوە پێش خەیاڵی بۆ فکرەی وا نەچووە. هەتا ئەو کاتەی پێناسەی ژیان دەکەین کە چییە(سەیری ‘ ئایا ئێمە لە گازی ئەستێرەکان دروستبووین؟ بکە) و ڕێسایەکی مەلموسمان دێتەدەست کە کامە زیندووە و کامە زیندوو نییە، بە واتایەکی تر گفتوگۆکەمان لەمەڕ ئایا ئێمە لە گەردونێکی سافکراو-دا دەژین یان نەء لەوانەیە هێشتا پێشوەخت و خام بێت. 

ئەوەی لە گەردوندا دێتە بەرچاومان و تاووتوێی دەکەین بە زۆری بە تەفسیرنەکراوی دەمێنیتەوە. هەتا نزیکتر لە گەردون بڕوانین، بێگومان زیاتر لێی تێدەگەین، بەڵام لە هەمان کاتدا دیسان موعجیزە و لوغزی نوێ و زیاتر کەشفدەکەین. ئەمە لەوانەیە زەغرەفەی ئەبەدی فیزیک بێت و هەرگیز تیورییەک بۆ هەموو شت نەیەتە ئاراوە، تەنها جگە لە زنجیرەیەکی ناکۆتا تەفسیڵاتی ورد و وردتر دێت و هەر دێت. یاخود، کێ ناڵێت تیورییەک لە ئایندەیەکی نزیکدا خۆی قوتدەکاتەوە و هەموو شتێکی لەخۆدا گەڵاڵەکردووە. هەرکام لەمانە دەگریت، بە کۆزمۆلۆژی سەرسامین کە سەفەرێکی سەخت و پڕ لە دۆزینەوەی گرتووەتەبەر، پاشان لەوانەیە دوا وەڵامی پرسیارە گەورەکان بخاتە بەردەممان.

پەراوێزەکان:
١. بێگومان گالیلۆ هەر لە تەمەنی بیست ساڵییەوە لەگەڵ کۆزمۆلۆژیای ئەرستۆییدا گرفت و کێشەی هەبوو ، ئەمە تەنانەت پێش ئەوەی تەبەننای سیستەمی چەقە-خۆری کۆپەرنیکۆسی بکات. گالیلۆ زۆر دەرکی بەو هەو هەقیقەتە کرد کە کاتێک تەنەکان دەکەونە خوارەوە، لە هەمان کاتدا دەدەن بە زەویدا، کە ئەمە لە خۆیدا دژایەتی ئەرستۆیی بوو، لەو سەردەمەدا کۆزمۆلۆژیای ئەرستۆیی بەشێک بوو لە فەلسەفەی کۆزمۆلۆژی کڵێسە. دوایی ئەم ململانێیە گەشەیکرد بۆ ئاڵنگاری پیاوانی کڵێسە. گالیلۆ ویستی بڵێت زانست و ماتماتیک بۆ خەڵکانی خۆی، فەلسەفە و ئایینیش چیتر دەستوەرنەداتە زانست. لەم گوتەیەدا، کە زۆر بەناوبانگە نەیارانی گالیلۆ زۆر بە لاڕیدا بردیان، بە تایبەت فەیلەسوفانی ئەرستۆیی، کە مەبستیان بوو گالیلۆ بکەوێتە داوی کڵێسەوە و بە هەمان دەردی گیوردانۆ برۆنۆی بەرن کاتێک لە ساڵی 1600 دا بە زیندویی برژاندیان. هەتا ئێستا خەڵک وا دەزانێت بەهەشت لە ئاسماندایە، بەڵام لە ئاسماندا هەسارە و ئەستێرە و خۆر بوونی هەیە، هەر بۆیەش گالیلۆ دەڵێت ئایین فێرمان دەکات بچین بۆ ئاسمان نەک (تەنەکانی) ئاسمان چۆن دێن و دەچن. لای گالیلۆ کتێبی پیرۆز، وەکو هەموو کتێبە ئاسمانییەکانی تر، کتێبی خوای گەورەیە، نەک سەرچاوەی زانستی. کتێبێکە سەبارەت بە ڕۆح و سروشی خواپەرستی، نەک واڵاکردنی پەنهانییەکانی سروشت. گالیلۆ لەگەڵ هەموو پاپاکاندا دۆستایەتییەکی زۆر نزیکی هەبوو، کەسێک بوو پێگەیەکی بەرز و عەرشێکی زانستی بڵندی هەبوو، جگە لەوەی هەموو نوسینەکانی لە کڵێسەدا دوژمنایەتی نەدەکرا، بەڵام لە هەمان کاتدا نەیاری فەلسەفی و ڕەقیبی زانستی قەشەی نەزان هەبوون فیتنەییان بۆ دروست دەکرد، خۆشی هەتا بڵێێ کەسێکی بەجورئەت بوو لەگەڵ ئەرستۆییەکاندا.

نوسینی:شێرکۆ ڕەشید قادر

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: