ئەرێ ئاینشتاین هەڵە بوو؟


هێزی کێشکرن لە نێو هەر چوار هێزە سرووشتییەکەی گەردووندا دیارترین و ئاشکراترین هێزە. (کێشکردن، کارۆموگناتیسی، و هێزی لاواز و بەهێزی ناوەکی). کێشکردن یەکەم هێز بوو بیردۆزێکی مەعقولی زانستییمان بۆ داڕشت؛ “یاسای نیوتن بۆ کێشکردنی گەردوونیی“. ئێستاکە بیردۆزی باشمان هەیە بۆ هەر چوار هێزەکە، و بیردۆزەکەی نیوتن شوێنی گیراوە بە بیردۆزێکی باشتر، “ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین“.

بیردۆزی ڕێژەیی گشتی زۆر بەباشی لە کۆمەڵێك ئاستەنگی تاقیکردنەوەیی ناجیح بووە: وردی لە وەسفکردنی جوڵەی هەسارەی عەتارد، چەمانەوەی ڕووناکی، دیاردەی بە سوور بوونی ڕووناکی و خاوبوونەوەی کات، و فراوان بوونی گەردوون.
بەڵام هێشتا ئەم بیردۆزە لەگەڵ فیزیا یەکناگرێتەوە بەتەواوی، سێ هێزەکەی تر دەگونجێن لەگەڵ بیردۆزی میکانیکی کوانتەم، بەڵام بۆ مەسەلەی کێشکردن شتێکی ترە. بۆیە ڕێژەیەکی کەمی خەڵك بڕوایان وایە ڕێژەیی گشتیی وەڵامی کۆتایییە؛ لە کۆتایییەکەی پێویستە مۆدێلێکی تری باشتر بخەینە ساحەکە (بیردۆزی سترینگ[١] کاندیدی سەرەکیییە) بیردۆزێك کە لە ئەسڵدا کوانتەمییە بەڵام دەگۆرێت بۆ ڕێژەیی گشتی لە ژێر بارودۆخی پێویست.

عادەتەن لە بیردۆزی بوارەکاندا، ئەگەر مۆدێلێك لە ڕژێمێكدا کاربکات، پێشبینی ئەوەی لێ دەکرێت لە دوورییە کورتەکان یا وزە بەرزەکان لە کاربکەوێت. بەڵام کێشەی نابێت لە دوورییە درێژەکان و وزە نزمەکان. هەرچۆنێك بێت، خەڵك خەریکە قەناعەتی دێت کە ڕێژەیی گشتی لە ئاستی سیستەمی خۆر کاردەکات، بەڵام لە ئاستی گەورەتر (گەلەئەستێرە – گەردوون) لە کاردەکەوێت.
و هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم قەناعەتە ئەوەیە پێویستە گریمانەی ماددەی تاریک و وزەی تاریک[٢] دروست بکەین تاوەکو گەردوونێکی مەعقولمان هەبێت ئەگەر بێتو ڕێژەیی گشتی ڕاست بێت.
ئەگەری زۆرە ڕێژەیی گشتی ڕاست بێت و ماددەی تاریك و وزەی تاریك بوونیان هەبێت، بەڵام چونکە سەد لە سەد لەو مەسەلەیە دڵنیا نین، دەڵێین لەوانەیە تێگەیشتنمان لە هێزی کێشکردن هەڵە بێت.

ئەکید، بە قسە ئاسانە بڵێی “یاڵلا با تێگەیشتنمان لە هێزی کێشکردن چاك بکەینەوە” چونکە دروست کردنی مۆدێلێکی تری باش زۆر زەحمەتە. هەر نازانی بە مۆدێلە نوێیەکەت کام کێشە حەل بکەی – کێشەی ماددەی تاریک لەناو گەلەئەستێرەکان، کێشەی بچووکی نرخی نەگۆڕی گەردوونیی، کێشەی وەسف کردنی فراوان بوونی گەردوون بە وزەی تاریك… هتد.

لەجیاتی بەکارهێنانی ماددەی تاریک، داڕشتنی مۆدێلێکی نوێ بۆ چاكکردنەوەی هێزی کێشکردن[٣] پڕۆژەیەکی کۆنە و تا ئاستێک سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، گرینگترینیان هەوڵەکانی زانا میلگرۆم و هاورێکانی بووە. میلگرۆم گریمانەیەکی هەیە بەناوی “داینامیکی نیوتۆنی چاککراو“[٤] بە کورتییەکەی “مۆند” MOND. بۆ تێگەیشتنێکی سەرەتایی دەتوانن لەڕێگای ئەم لینکەوە زیاتر لەسەر بابەتەکە بخوێننەوە {Sellwood and Kosowsky}. بیرۆکەی ئەم گریمانەیە ئەوەیە تاودانی هێزی کێشکردنی نیوتنی تۆزێك زیاد بکرێت کاتێك تاودانەکە زۆر کەمە، بەخاتری ئەوەی تەنۆلکە خاوەکان هەست بە هێزێکی زیاتر بکەن، ئەوەش قەرەبوونی وجودی مادەیەکی نەبینراو دەکاتەوە (ماددەی تاریک).
ئەم بیرۆکەیە زۆر بەکارامەیی کاردەکات بۆ تاقە گەلەئەستێرەکان؛ فعلەن، میلگرۆم پێشبینی دیاردەی کزی ڕۆشنایی ڕووکەشی [٥] گەلەئەستێرەکانی کرد بەرلەوەی بە تاقیکردنەوە سەلمێنران، و دواتر پێشبینییەکانی زۆر بە جوانی پشتڕاست کرانەوە.

بەداخەوە، گریمانەی مۆند خۆی لەخۆیدا کێشەی هەیە. پێش هەموو شتێك، مۆند “بیردۆز” نییە، تەنها یاسایەکە بۆ پێشبینی کردن لە بارودۆخی زۆر تایبەتدا – وەکو ئەوکاتانەی تەنۆلکە خاوەکان دەخولێنەوە بەدەوری تەنە زەبەلاحەکان. (بەڵام پێناچێت باش ئیش بکات بۆ کۆمەڵە گەلەئەستێرەکان، سەرەڕای ئەوەی بەباشی ئیش دەکات بۆ تاقە گەلەئەستێرەکان.) چونکە بیردۆزێکی گشتگیر نییە، زەحمەتە بتوانێت پێشبینی بکات بۆ تاقیکردنەوەی دیکە، بۆنموونە چەمانەی ڕووناکی. بۆیە زانایان هەوڵیان داوە بیردۆزێکی کامڵ دروست بکەن کە تەسك ببێتەوە بۆ مۆند لە بارودۆخی گونجاودا. بەمدواییە زانا بیکشتاین هەولێکی داوە و بانگەشەی سەرکەوتن دەکات؛ ئێستا زانایان کار لەسەر ئەوە دەکەن بیرۆکەکەی بیکشتاین بخە ژێر تاقیکردنەوە تاوەکو بزانن مەعقولە و هاوڕایە لەگەڵ ئەو شتانەی دەیانزانین سەبارەت بە گەردوونناسی.

جگە لەوەی داڕشتنی بیردۆز زەحمەتە، هۆکارێکی تر هەیە وامان لێدەکات بیربکەینەوە هەرگیز نەتوانین مۆدێلێک بۆ چاکردنەوەی کێشکردن دابڕێژین لەپێناو شوێن گرتنەوەی ماددەی تاریک: چونکە بەودوایییە بەڵگەکان ئاماژە بە بوونی ماددەیەکی نائاسایی دەکەن. دیارترین بەڵگە هاوێنە کردنی کێشکردنە[٦] کە دەکرێت ئاماژە بێت بۆ بەربڵاوی بوونی ماددەی تاریك لەناو کۆمەڵە گەلەئەستێرەکان. سەرئەنجام ماددەی تاریک زۆر بەیەکسانی بڵاودەبێتەوە بە بەراورد بە ماددەی ئاسایی لەناو گەلەئەستێرەکان: بۆ بینی ئەم دەرئەنجامە سەیری ئەم وێنە دروست کراوە بکە. {Dark matter map}.
لەوەش زیاتر، چەندان بەڵگەی دیکەی ناڕاستەوخۆ هەن سەبارەت بە بوونی ماددەی تاریک، و زەحمەتی شیکردنەوەی هەندێك دیاردەی گەردوونیی بە چاکردنەوەی هێزی کێشکردن.

بەدڵنیاییەوە ئەگەری هەیە بیردۆزێك دابڕێژرێت بۆ چاک کردنەوەی هێزی کێشکردن، مۆند نەیتوانی، و ئەکید داڕشتنی مۆدێلێکی وا ئاسان نابێت.
________________________________________________________________________________________________
نووسینی؛ شۆن کاڕۆل
وەرگێرانی؛ دابان ژیان


1- String theory
2- dark matter and dark energy
3- modified gravity
4- modified Newtonian dynamics
5- low-surface- brightness
6- gravitational lensing


 

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: