چوار هێزە بنچینەییەکەی سرووشت

لە پیاسە کردن بەدەم ڕێگا و لکاندنی موگناتیسێك بە دەرگای بەفرگرەکەت، تا ناردنی ڕۆکێتێک بۆ بۆشایی ئاسمان؛ لە هەموویاندا هێزەکانی سرووشت ڕۆڵیان هەیە لە ئەنجامدانی ئەم کردارانە. بەڵام هەموو ئەو هێزانەی ڕۆژانە ئەزموونیان دەکەین، دەکرێت سادە بکرێنەوە بۆ چوار هێزی بنچینەیی.

هێزی کێشکردن
هێزی لاواز
هێزی کارۆموگناتیسی
هێزی بەهێز

ئەم چوار هێزە بنچینەییەی سرووشت حوکمی هەموو ڕووداوەکانی گەردوون دەکەن.

هێزی کێشکردن

کێشکردن هێزی ڕاکێشانی نێوان دوو تەنە کە بارستاییان هەیە یان وزە، جا لە کەوتنە خوارەوەی سێوێك لە دارێکەوە بگرە تا خولانەوەی هەسارەکان بەدەوری ئەستێرەکان هەمووی بەهۆی کێشکردنەوەیە. کێشکردن دیارترین و ئاشکراترین هێزی سرووشتە بەڵام شیکردنەوەی لە هەمووان زەحمەتترە.

ئیسحاق نیوتن یەکەم کەس بوو بیرۆکەی کێشکردنی پێشکەش کرد. گوایە ئیلهامی لە کەوتنە خوارەوەی سێوێکەوە بۆ هاتبوو. نیوتن کێشکردنی وەک ڕاکێشانی ڕاستەوخۆی نێوان دوو تەن وەسف کرد. دوای چەندان سەدە، ئاینشتاین بیردۆزی ڕێژەیی گشتی پێشکەش کرد و وەسفی کێشکردنی کرد وەک دەرئەنجامی چەمانەوەی شوێنەکات لەلایەن بارستایی و وزە، نەوەکو وەک هێزی بنچینەیی یان ڕاکێشان.

سەرەڕای ئەوەی کێشکردن ئەستێرە و هەسارە و سیستەمی خۆری بەیەکەوە ڕاگرتووە، بەڵام ‌هێشتا لاوازترین هێزی سرووشتە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی گەردیلەیی.  بەمشێوەیە بیری لێ بکەوە؛ هەڵگرتنەوەی تۆپێك  لەسەر زەوی چەند زەحمەتە؟ یا بەرزکردنەوەی قاچت لەکاتی هەنگاونان؟ هەموو ئەو کردارانە زاڵ بوونە بەسەر هێزی کێشکردنی تەواوی زەوی. و لەسەر ئاستی گەردیلەیی کێشکردن هیچ بایەجێكی نییە بەبەراورد بە هێزە بنچینەییەکانی تری سرووشت.

هێزی لاوازی ناوەکی

هێزی لاواز، هەروەها ناسراوە بە “کارلێکی ناوەکی لاواز”، بەرپرسە لە هەڵوەشانەوەی تەنۆلکەیی. ئەوەش واتا گۆڕانی تەنۆلکەیەکی بچوکتر لە ئەتۆم بۆ تەنۆلکەیەکی تر. بۆنموونە، نیوترینۆیەك (کە تەنۆلکەیەکی سەرەتایییە) کاتێك نزیک دەبێتەوە لە نیوتڕۆنێك، دەتوانێت نیوتڕۆنەکە بگۆڕێت بۆ پرۆتۆن، لە کاتیكدا نیوترینۆیەکە خۆی دەگۆڕێ بۆ ئەلیکتڕۆن. 
فیزیکزانەکان وەسفی ئەم کارلێکە دەکەن لە ڕێگەی تەنۆلکەی هێز-گوێزەرەوەی ناسراو بە “بۆزۆنەکان”. هەر بۆزۆنێک تایبەتە بە هێزێك، بۆزۆنی بەرپرس لە هێزی لاوز بارگەدارن و ناسراون بە “دەبڵیو” و زێد” بۆزۆن. هەر کاتیك تەنۆلکەیەکی بچوکتر لە ئەتۆم وەکو، پرۆتۆن، نیوتڕۆن یا ئەلیکتڕۆن یەکجار نزیک دەبنەوە لە یەکتر، ئەوا دەتوانن ئەو بۆزۆنانە لەگەڵ یەکتردا ئاڵوگۆڕ بکەن. و لە ئەنجامدا هەڵدەوەشێنەوە بۆ تەنۆلکەی نوێ.

هێزی لاواز زۆر گرینگە بۆ ڕوودانی کارلێکی ناوەکی کە وزەی خۆری پێویست بەرهەم دەهێنێت بۆ تەواوی ژیان لەسەر زەوی. هەروەها هۆکارە بۆ گۆڕینی ماددەی کاربۆن- ١٤، کە شوێنەوارناسان بەکاریدەهێنن بۆ زانینی تەمەنی ئێسک و درەختە و فۆڕمەکانی تری پاشماوەی ژیانی کۆن.کاربۆن-چواردە شەش پرۆتۆن و هەشت نیوتڕۆنی هەیە، یەک لەو نیوتڕۆنانە دەگۆڕێت بۆ پرۆتۆن تاوەکو نایترۆجین-١٤ـی لێ دروست بێ، کە حەوت پرۆتۆن و حەوت نیوتڕۆنی هەیە. ئەو هەڵوەشانەوەیە بە ڕێژەیەکی پێشبینی کراو ڕوودەدات کە یارمەتی زانایان دەدات تەمەنی پاشماوە زیندەییەکان دەستنیشان بکەن.

هێزی کارۆموگناتیسی

هێزی کارۆموگناتیسی لەنێوان دوو تەنۆلکەی بارگەدار دروست دەبێت، بۆ نموونە، ئەلیکترۆنی بارگە سالب و پرۆتۆنی بارگە موجەب. بارگە یەکسانەکان یەکتر پاڵدەدەن و بارگە جیاوازەکان یەکتری کێش دەکەن. چەندە بارگەکە گەورەتر بێت، هێزەکەش زۆرتر دەبێت. هەروەکو هێزی کێشکردن، ئەم هێزەش مەوداکەی بێ کۆتا درێژ دەبێتەوە ( سەرەڕای ئەوەی زۆر زۆر لاواز دەبێت لە مەودای دوور)

هەروەکو بەناوەکەیەوە دیارە، هێزی کارۆموگناتیسی لە دوو بەش پێك دێت: هێزی کارەبایی و هێزی موگناتیسی. سەرەتا فیزیکناسان ئەم دوو هێزەیان بە جیا ناساند، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت دوو پێکهاتەی هەمان هێزن.

تەنۆلکە بارگەدارە وەستاوەکان هێزی کارەبایی دەردەکەن، بەڵام هەر کە کەوتنە جوڵە پێکهاتە موگناتیسییەکەش سەرهەڵدەدات، بەجۆرێك تەنۆلکە بارگەدارە جوڵاوەکان بوارێكی موگناتیسی لە دەوری خۆیان دروست دەکەن. واتا کاتیك ئەلیکترۆنەکانی ناو تەلێکی کارەبایی دەست بە جوڵە دەکەن بۆ بارگاوی کردنی مۆبایلەکەت، یا لاپتۆپەکەت، لەوکاتەدا تەلە کارەباییەکە دەبێتە موگناتیس.

هێزی کارۆموگناتیسی دەگوازرێتەوە لەنێوان تەنۆلکە بارگەدارەکان لە ڕێگەی بۆزۆنی هێز-گوێزەرەوەی بێ بارستە، کە ناسراون بە فۆتۆنـــــەکان.

هێزی کارۆموگناتیسی بەرپرسە لە هەندێك لە باوترین دیاردەکانی دەوروبەرمان: لێکخشان، تایبەتمەندی لاستیکی، هێزی ستوونی، و ئەو هێزەی دۆخی ڕەقی پێکەوە بەستۆتەوە و شکڵی پێ بەخشیون. ئەو کردارانە ڕوودەدەن بەهۆی کارلێکی تەنۆلکە بارگاوییەکان لەگەڵ یەکتری.

هێزی بەهێزی ناوەکی

هێزی بەهێزی ناوەکی هەروەکو بەناوەکەی دیارە، بەهێزترین هێزی بنچینەیی سرووشتە. ٦ هەزار تریلیۆن، تریلیۆن، تریلیۆن جار بەهێزترە لە هێزی کێشکردن. ئەم هێزە تەنۆلکە بنچینەییەکانی ماددە بەیەکەوە دەبەستێتەوە بۆ دروست کردنی تەنۆلکەی گەورەتر. کوارکەکان (کە تەنۆلکەی بنچینەیین) بەیەکەوە دەبەستێتەوە بۆ دروست کردنی پڕۆتۆن و نیوتڕۆنەکان، و بەشێکی ئەم هێزە پڕۆتۆن و نیوتڕۆنەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. 

وەکو هێزی لاواز، هێزی بەهێزیش تەنها ئەوکاتە کاردەکات کە تەنۆلکەی بچووکتر لە ئەتۆم زۆر لەیەکتر نزیک دەبنەوە. (بەقەد تیرەی پڕۆتۆنێك لەیەکتر نزیک ببنەوە)

هێزی بەهێز جیاوازە، چونکە جیا لە هێزە بنچینەییەکانی تر، بێ هێزتر دەبێت کاتێك تەنۆلکەکان لێك نزیک دەبنەوە. و دەگاتە بەهێزتین ئاستی خۆی کاتێك دووری نێوان تەنۆلکەکان دەگاتە دوورترین مەودا. لە دووری گونجاودا، بۆزۆنی بارگەداری بی بارستە، کە ناسراون بە “گلیۆنەکان” هێزی بەهێز دەگوازنەوە لە نێوان کوارکەکان و بەیەکیان دەچەسپێنێت. بەشێکی بچووکی هێزی بەهێز کە ناسراوە بە پاشماوەی هێزی بەهێز کار لەسەر پڕۆتۆن و نیوتڕۆنەکان دەکات. پڕۆتۆنەکانی ناو ناوک پاڵ بەیەکتر دەنێن بەهۆی یەکسانی بارگەیان، بەڵام پاشماوەی هێزی بەهێز دەتوانێت بەسەر ئەم پاڵنانە زاڵ بێت، بۆیە پڕۆتۆنەکان بە یەکگرتوویی لەناو ناوکی ئەتۆم دەمێننەوە.

وەرگێرانی؛ دابان ژیان

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *