فیزیای سەدەی 21:دووەم

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 8 خولەک

 297 جار بینراوە

وەرگێڕانی هیوا ئەبوبەکر

بەشی یەکەم
پێکهێنەرە بنچینەییەکانی ماددە

بەندی سێیەم: تەنۆلکەکانی نێو تیشکە گەردونیەکان

ئەو تێڕوانینە سادەیەی کە هەموو ماددەکان پێکدێن لە سێ تەنۆلکە(ئەلیکترۆن، پرۆتۆن، نیوترۆن) چیتر درێژەی نەخایاند. لەساڵانی 1930کانەوە کاتێک فیزیازانەکان دەستیان کرد بەلێکۆڵینەوە لە تیشکە گەردونییەکان، دەستەیەکی نوێ لەتەنۆلکەکان بەدەرکەوتن. ئەمانە ئەو تەنۆلکانەن کە دروست بوون لە تاودەرە سروشتییەکانەوە: پرۆتۆنە وزە بەرزەکان لە خۆرەوە، ئەستێرە نیوترۆنیئەکان، سۆپەرنۆڤا، و سەرچاوە گەردونیەکانی ترەوە. لە ئەنجامی بەریەککەوتنی ئەو تەنۆلکانەی دەکەونە بەشی سەرەوەی بەرگە هەوای زەویەوە لەگەڵ ناوکی ئۆکسجین یان نایترۆجین، کۆمەڵێک تەنۆلکەی نوێی پەیدادەبن. هەرچەندە زۆربەی تیشکە گەردونیەکان تێکڕای تەمەنیان کورتە، بەڵام بەهۆی کاریگەری بیردۆزی ڕێژەیی تایبەتەوە ڕێگە دەدرێت بە زۆربەیان کە گەشت بکەن بە خێراییەکی زۆر بەرز تاوەکو بگەنە زەوی پێش ئەوەی شیببنەوە. ئەم دیاردەیە کە فیزیازانەکان پێی دەڵێن “خاوبونەوەی کات” کاریگەریەکەی زیاد دەکات لەگەڵ خێرای تەنۆلکەکەدا و دەردەبڕدرێت لەڕێگەی هاوکێشەی هاوکۆلکەی لۆرێنتزەوە :  

γ= √(1- v^2/c^2 )

کارڵ ئاندسۆن، پۆڵ دیراک، وە ڕێڕەوی بینراوی پۆزترۆن لە ژوری هەڵمیدا

بۆ دۆزینەوەی تیشکی گەردونی، فیزیازانەکان پشتیان دەبەست بە ژوورەهەڵمییەکان (ژورێکی داخراوی بچوکە پڕدەکرێت لە هەڵمی ئاوی ساردکراوە و دەپارێزرێت لە نزیک خاڵی شەونمدا) .تێپەڕبونی تەنۆلکە بارگەدارەکان بەناو هەڵمەکەدا دەبێتە هۆی دروست بونی  ڕێڕەوە ئایۆنایزبووەکان و خەستبونەوەی دڵۆپە ئاوە بچوکەکان. هەڵمی ناو ژورە هەڵمینەکە ڕێڕەوی تەنۆلکەکان دەردەخات، هەروەکو ئەو دوکەڵەی کە بەجێ دەمێنێت لە دوای فڕۆکەکانەوەو ڕێڕەوی فڕۆکەکان پیشاندەدات. بە خستنەسەری بوارێکی موگناتیسی بۆ چەماندنەوی ڕێڕەوی تەنۆلکەکە، فیزیازانەکان بەڵگەی زیاتریان کۆکردەوە دەربارەی تەوژم و بارگەی تەنۆلکەکان.

شۆڕشی دۆزینەوەکانی فیزیازان کارڵ ئاندرسۆن کە کاری دەکرد لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیا دەستی پێکرد لەساڵی 1932ز دا. ئاندرسۆن تەنۆلکەیەکی جێگیری بارگە موجەبی دۆزیەوە کە ناونرا پۆزترۆن لە ژورێکی هەڵمیدا. دۆزینەوەکەی ئاندرسۆن بەچوار ساڵ هات لەدوای ئەوەی کە فیزیازانی ئینگلیزی پۆڵ دیراک بە بیردۆزەییانە پێشبینی هەبونی دژەتەنۆلکەی کردبوو. بەکارکردنی لەسەر هاوکێشەی جوڵەی ئەلیکترۆنە خێراییە بەرزەکان دیراک دوەمی شیکاری نادیاری  بۆ هاوکێشەکە دۆزییەوە کە تێیدا وزەی تەنۆلکەکە سالبە. لێکدانەوەیەکی دروست، دیراک وایدانا کە ئەمە تەنۆلکەیەکە بەهەمان بارستایی ئەلیکترۆن بەڵام بە بارگەی موجەبەوە. بەدەربڕینێکی تر پۆزترۆن بریتییە لە دژەتەنۆلکەی ئەلیکترۆن. کاتێک ئەلیکترۆن و پۆزترۆن بەیەک دەگەن یەکتر لەناو دەبەن و وزەکەشیان بەشێوەی تیشکدان دەردەپەڕێت (سەلماندنێکی تری هاوکێشەکەی ئاینیشتاین E=mc^2 ). دیراک دواتر پێشبینی هەبونی جیهانێکی تری کرد کە دروستکرابێت لە دژەماددە، ئەم جیهانەپێویستە بونی هەبێت ئەگەر یاساکانی فیزیا بەتەواوی چونیەک بن بەگوێرەی ماددە و دژەماددە. هەروەکو دواتر لەم بەشەدا دەیبینین ئەمە پێشبینیەکەی دوربینانەبوو، کە تاقیکردنەوەکان لەسەری هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە.

تەنۆلکە نوێیە نامۆکە
هەبونی دژەماددە هەنگاوێکی لەرزێنەر بوو کە بەشێکی زۆر لە زانستکارەکان و نازانستکارەکان قورس بوو لەسەریان قبوڵی بکەن، هەرچەندە بیردۆزدانەرەکان بەئاسانی ڕاهاتن لەگەڵ پۆزترۆندا. بەڵام تەنۆلکەی دواتر کەدۆزرایەوە ، میۆن، نامۆبوو. میۆنیش هەر لە تاقیکردنەوەی ژوری هەڵمیدا دۆزرایەوە لە ساڵی 1936ز ، و ڕەفتاری وەکو ئەلیکترۆنە بەڵام بارستاییەکەی نزیکەی 200 ئەوەندەی بارستایی ئەلیکترۆنە. فیزیا زانی براوەی خەڵاتی نۆبڵ ئیسحاق ڕابی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا پرسیاری کرد ” کێ ئەمەی داواکردووە؟”

باوترین شێوەی شیبونەوەی میۆن

لێکۆڵینەوەکان پیشانیانداوە کە میۆن تەنۆلکەیەکی تەمەن درێژە، و شیدەبێتەوە لە نزیکەی مایکرۆچرکەیەکدا. ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە باوترین تەنۆلکەکانی تیشکی گەردونی کە ڕزگاریدەبێت لە هەموو بەربەستەکانی گەیشتن بە زەوی پێش شیبونەوەی. لەڕاستیدا ئەم تەنۆلکەیە یەکەم ئەندامی نەوەی دووەمی مۆدێلی ستانداردی تەنۆلکەکانە کە دۆزرابێتەوە، هەرچەندە دەیەها ساڵی خایاند تاوەکو فیزیازانەکان ئەم ڕاستییە پێبزانن. نەوە بریتییە لە خێزانێکی پەیوەندیدار بە تەنۆلکە بچوکەکانی ناو گەردیلەوە؛ نەوەی  یەکەم پێکدێت لەو تەنۆلکانەی کەوا شینابنەوە وەکو ئەلیکترۆن. لە دواتردا باسی زیاتر دکەین دەربارەی نەوەکانی ناو مۆدێلی ستاندارد. نزیکەی دە ساڵ دوای دۆزینەوەی میۆن، لەو وێنە فۆتۆگرافیەی کە بۆ تیشکی گەردونی گیرابوو تەنۆلکانێکی دەرکەوتن کە ناویان لێنرا پایۆنەکان و کایۆنەکان. تاقیکارەکان بە پەرۆشییەوە بەدوای پایۆنەکاندا دەگەڕان، بۆ پشتگیری کردن لە پێشبینیەکەی فیزیازانی یابانی هدێکی یۆکاوا. ئەم پێشبینیە هەڵێنجراوە لە دەرئەنجامی هەوڵەکانی بۆ تێگەێشتن لە وەی بۆچی هێزی دورخەرەوەی کارەبایی نێوان پرۆتۆنەکان کە هەموویان لە ناو شوێنێکی زۆر بچوکدا کۆکراونەتەوە نابێتە هۆی پارچەپارچە بونی ناوکی گەردیلە. یۆکاوا گریمانەی بونی هێزێکی کێشکەری ناوکی کورت-مەودای بەهێزی کرد لە نێوان پرۆتۆنەکاندا، کە زاڵدەبێت بەسەر هێزی دورخەرەوەی کارەبایی نێوانیاندا. یۆکاوا پایۆنەکانی پێشنیارکرد وەکو هەڵگرێکی ئەو هێزە، کە بارستاییەکەی دەوروبەری یەک لە شەشی بارستایی پرۆتۆنە. دۆزینەوەی پایۆن گومانی نەهێشت دەربارەی بونی ئەم هێزە نوێیە، هەروەکو دەیبینین لە بەشی دووەمدا. لەلایەکی ترەوە کەس پێشبینی کایۆنەکانی نەکردبوو ، کەهەربەزووی بەهۆی ڕەفتارە نائاسییەکەیەوە ناوبانگی “تەنۆلکەی نامۆ” ی وەرگرت.(بیردۆزدانەرەکان دواتر چەمکی نامۆیەتیان داڕشت، کە جێبەجێ دەکرێت بەسەر تەنۆلکەکانی وەک کایۆنەکاندا بەهۆی ئەوەی کەوا زۆرخاوتر لەوەی پێشبینی دەکرێت شی دەبنەوە ). لەبەر ئەوەی پایۆنەکان و کایۆنەکان بارستاییان لەنێوان ئەلیکترۆن و پرۆتۆندایە، زاناکان پێیان دەڵێن میزۆنەکان کەوەرگیراوە لە وشەی یۆنانی(mesos) کەبەمانای “مامناوەند” دێت، ئەلیکترۆن و میۆن ناونراون بە لیپتۆنەکان کە وەرگیراوە لەوشەی یۆنانی (leptos) کەبەمانای “تەنک” دێت.

پایۆنەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە ڕونکردنەوەی ئەوەی بۆچی ناوکی گەردیلە پارچە پارچە نابێت

بەندی چوارەم : لە ژوری هەڵمیەوە بۆ ژوری بڵقی

فیزیازانەکان ئارامییان لێبڕابوو لە چاوەڕوانیکردنی ئەوەی کە تیشکی گەردونی دیاردەیەکی دەگمەن بەرهەم بهێنێت کە ڕابەری دۆزینەوە نوێیەکان بکات. لەبەرئەوە دوای جەنگی جیهانی دووەم ئاڕاستەی توێژینەوەکان گۆڕان بۆ تاقیگە نێودەوڵەتیەکان کە تاودەرەکانیان تێدا بونیادنا بۆ بەرهەم هێنانی گورزەیەکی پرۆتۆنی توندی بەرزی و وزەبەرز. فیزیازانەکان بۆ تۆمارکردنی تەنۆلکەکان و ڕێڕەوی شیبونەوەکەیان ژورێکی بڵقی گەورەیان بونیادنا. ئەم جۆرە نوێیە هەزاران وێنەی ڕێڕەوی تەنۆلکەکانی تۆمار دەکرد.

گەورەترین ژوری بڵقی لە تاقیگەی فێرمی

تاودەرە نوێیەکان لەسەر بنچینەی تاودەرە سەرەتاییەکانی تۆمسۆن و ڕەزەرفۆردن کە بەکاریان دەهێنان بۆ لێکۆڵینەوەی پێکهاتەی گەردیلەکان بەڵام بە تاڕادەیەکی مەزن چاکسازیان تێداکرابوو. ئامێرە بنەڕەتیەکان خاڵی لاوازی بنچینەییان هەبوو: تەنۆلکەکانی ئەلفا و بێتا کە بەسروشتی دروست دەبن کاتێک دەهاوێژرێن بۆ تاودەرەکان وزەیەکی تاڕادەیک بچوکیان هەیە. لەساڵی 1927ز دا ڕەزەرفۆرد چاکسازی کرد لە ئامێرەکەی پێشودا بەڕێگەیەک بۆ دروستکردنی تەنۆلکەیەکی وزە بەرزتر. پرۆفیسۆری فیزیای لاو ئێرنست لاورینس لەزانکۆی کالیفۆرنیا، بێرکلی، ڕێگەیەکی ناوازەی دۆزییەوە بۆ برەودان بە ڕکابەریەکە. ڕێگەکەی بریتی بوو لە ئامێرێکی بازنەی کە بەهۆی بوارێکی موگناتیسیەوە تەنۆلکەکان ڕادەگرێت لەسوڕگەکەیاندا تاوەکو بسوڕێنەوە لە ڕوتەختێکی ئاسۆییدا وە لەهەمان کاتدا ئەرکێکی کارەبای گۆڕاو دەخرێتە سەر هەر نیوەیەکی بازنەکە، ئەمەش دەبێتە هۆی دووئەوەندە زیادبونی وزەی تەنۆلکەکە لە هەر سوڕێکدا. ئەم تەکنیکە ناوازەیە بووە هۆی نەهێشتنی بەکارهێنانی ڤۆڵتییەکی زۆر بەرز (دەستکەوتنی ئەو ڤۆڵتیە بەرزە قورس و مەترسیدارە). لەجێی ئەوە ڤۆڵتیەیەکی مامناوەند چەندجارێک بەکاردێت. یەکەم ئامێری تاودەری تەنۆلکەیی کە پێیدەوترێت سایکلۆترۆن لەلایەن لاورێنس و خوێندکارەکەی ستانلی لڤینگستنەوە بونیاد نرا کە تیرەکەی 4.5 ئینج بوو. هەرئەوەندەی سەلماندیان ئەم ئامێرە بەباشی کاردەکات، دانەیەکی گەورەتریان بونیادنا بەتیرەی 11 ئینج، ئەم ئامێرە پرۆتۆن تاودەدات بۆ وزەی زیاتر لە یەک ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت. لەکۆتاییدا لاورێنس تاقیگەی تیشکدانی دامەزراند لە بێرکلی (ئێستا ناونراوە تاقیگەی نێودەوڵەتی لاورێنس بێرکلی) و چاودێری دروست کردنی گەورەترین ئامێری سایکلۆترۆن دەکرد. ئەو کۆمەڵە ئامێرەی کە تاودەرێکی تێدا بوو بەناوی بێڤاترۆن، ڕابەری دۆزینەوەی میزۆنە نوێکانی دەکرد و توانای هەبوو کە یەکەم دژە پرۆتۆن بدۆزێتەوە، دروستکردنی توخمی ترانزیۆرانیک، و تەنانەت پێدانی گورزەیەک لەتەنۆلکەکان بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە.

زیاد بونی جۆری نوێ بۆ باخچەی تەنۆلکەکان

بێڤاترۆن لە بێرکلی و کۆزمۆترۆن لە تاقیگەی نێودەڵەتی برۆکهاڤن لە دورگەی درێژ ڕابەرایەتی کاروانی دۆزینەوە نوێیەکانیان دەکرد. بەگەیشتن بە مەزنترین توانا لەساڵی 1953ز، کۆزمۆترۆن بووە یەکەمین تاودەری تەنۆلکەیی کە بتوانێت جوڵەوزەی تاکە تەنۆلکەیەک بگەیەنێتە زیاتر لە یەک گێگا ئەلیکترۆن ڤۆڵت(Gev یان ئەلیکترۆن ڤۆڵت). کۆزمۆترۆن دەستیکرد بە چالاکیەکانی لەساڵی 1954زدا، لەهەمان ساڵدا، بێڤاترۆن توانای تاودانی پرۆتۆنی هەبوو بۆ وزەی زیاتر لە 6.2 Gev بەرەوڕوی ئامانجێکی کانزایی جێگیرکراو. لێکۆڵینەوەکان بونە هۆی زیادکردنی چەندین چەشنی نوێ بۆ باخچەی تەنۆلکەکان بەناوەکانی وەکو سیگما(Σ) ، کاسکەید (Ξ) و دەلتا (Δ). لەبەرئەوەی ئەم تەنۆلکانە قورستربوون لە پرۆتۆن، فیزیازانەکان پێیان دەڵێن باریۆنەکان(کە لەیۆنانیدا مانای دانە قورسەکان دەگەیەنێت). هەروەها لەدەرئەنجامی توێژینەوەکانەوە تەنۆلکە بارگە جیاوازەکان (موجەب، سالب، هاوبارگە) دەرکەوتن بەهەمان بارستایی و سیفەتی شیبونەوەوە، ئەمەش ئەو پێشنیارە دەهێنێتە ئاراوە کە ئەمانە ئەندامی یەک خێزان بوون. فیزیازانەکان تەنانەت تەنۆلکەی (++^Δ)یان دۆزییەوە کە بارگەکەی 2+ ە(دوو ئەوەندەی بارگەی پرۆتۆن)!

لەلای چەپەوە بۆ ڕاست: یەکەم سایکلۆترۆن، بێڤاترۆن ، ڕێڕەوی تەنۆلکەکان

ئێستا بارودۆخەکە هاوشێوەی ئەودەمەیە کە کیمیازانەکان تێیکەوتبوون، پێش دەرکەوتنی مۆدێلە گەردیلەییەکەی ڕەزەرفۆرد و بۆر. بۆ ڕێکخستنی تەنۆلکەکان، فیزیازانەکان شوێنی نمونەکەی دیمیتری مەندەلیڤ کەوتن و خشتەیەکیان درست کرد کە تێیدا هەشت میزۆنی زانراو و نۆ باریۆنی زانراوی تێدا ڕیزکرابوو بە گوێرەی بارگەی کارەبایی و بڕی نامۆیەتیانەوە (وەکو دیاریدەکرێت بە هۆی ژمارەی کایۆنەکانەوە لە زنجیرەی شیبونەوەکاندا). وە بەئاشکرا دیاربوو کە پێویستیان بە بیردۆزێکی نوێ هەبوو بۆ دۆزینەوەی چونیەکیەکی بنەڕەتی بۆ ئەم باخچەی تەنۆلکانە.

سێ تەنۆلکە بنچینەییەکە

لەساڵی 1964ز دا ماری جێڵ مان و جۆرج زویگ بێ ئاگا لەیەک پێشنیاریان کرد کەوا هەموو میزۆن و باریۆنە دۆزراوەکان پێکهاتون تەنها لە سێ تەنۆلکەی بنچینەیی. هەردوکیان کوارکانەیان دانا وەکو بونیادێکی ماتماتیکی کە دەتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت بۆ ڕونکردنەوەی زانیاریە پێوراوەکان، نەک وەکو تەنۆلکەیەکی بنچینەیی کە دەربڕی ڕاستییەکی فیزیایی بێت. ئەم مۆدێلە وادادەنێت کە سێ جۆرەکەی یان تامەکەی(Flavor) کوارکەکان (فیزیازانەکان ناویان لێناون بە سەروو ، خواروو، نامۆ) بارگەی کارەبای کەرتیان هەیە(ژمارەی تەواو نیە). وایان دیاریکرد کە کوارکی سەروو بارگەی( +2/3) هەیە (دوو لە سێی بارگەی پرۆتۆن)، و کوارکی خواروو ونامۆ بارگەکەیان( -1/3 )ە (یەک لە سێی بارگەی ئەلیکترۆن). مۆدێلەکە وا پێشنیار دەکات کە هەموو باریۆنەکان پێکدێن لە سێ کوارک، و بەشێوەیەک یەکدەگرن کە بارگەکەیان ژمارەی تەواو یان سفر بێت. بۆنمونە، پرۆتۆن  پێکدێت لە دوو کوارکی سەروو و یەک کوارکی خواروو کە تێکڕای بارگەکەی دەکاتە (+1) . نیوترۆنەکان پێکدێن لە یەک کوارکی سەروو و دوو کوارکی خواروو کە تێکڕای بارگەکەی دەکاتە سفر.

ناوی کوارک
“گرنگی ناو چیە”؟ جولیێت کاپولێت دەپرسێت لە ڕۆمانی ڕۆمیۆ و جولێتی شکسپیردا. ” ئەوە شتێکە کە ئێمە پێی دەڵێین گوڵەباخ وە هەرناوێکی تری هەبێت بۆنەکەی هەر خؤشە” تەنۆلکە بچوکەکانیش هەمان بارودۆخی وەک گوڵەکانیان هەیە. ماری جێڵ مان و جۆرج زویگ کەهەر یەکەو لەلای خۆیەوە چەمکی سێ تەنۆلکە بنچینەییەکانیان هێنایە ئاراوە لەساڵی 1964زدا، هەریەکێکیان ناوێکی جیاوازیان دانا بۆ ئەم قەوارانە. زویگ ناوی لێنان “aces”. جێڵ مان ناوێکی لێنان کە زیاتر ئەدەبی بوو،و ناوی “کوارک (quark)”ی بۆ دانا کەوەرگیراوە لەم دێڕەوە “سێ کوارک(پارچەپەنیر) بۆ مۆستەر مارک” لە ڕۆمانی (Finnegans Wake)ی جەیمس جۆیسەوە. ئەم دەستەواژەیە جوانیەکی سروشتی تێدایە لەبەرئەوەی خودی ئەم چەمکە تەنها سێ دانە دەگرێتەوە لە پێکهێنەرە بنچینەییەکانی ماددە. سەرەڕای ئەوەی فیزیازانە ئەمریکیەکان کوارک دەخوێننەوە بە شێوەی کوارت(quart)، بەڵام زۆربەی فیزیازانە ئەوروپییەکان دەیخوێننەوە بە پاشگری (arc). سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەموویان دەستەواژەکە ئەخوێننەوە و دەزانن کە چەمکەکە هەڵگری وتووێژە.

لەهەمان کاتتدا میزۆنەکان پێکدێن تەنها لە دوو کوارک، و بارگەیەکی کارەبایی ژمارە تەواو وەردەگرن بەهۆی یەکگرتنی کوارکێک و دژە کوارکێک. دژە کوارکەکان بریتین لە هاوتای کوارکەکان لە جیهانی دژە مادەدا، دژەکوارکەکان بارگەیان پێچەوانەی کوارکەکانە و هەمان پەیوەنیان هەیە بە کوارکەکانەوە کە پۆزیترۆن هەیەتی لەگەڵ ئەلیکترۆندا. بۆنمونە، پایۆنی موجەب پێکدێت لە کوارکێکی سەروو و دژە کوارکێکی خواروو بەبارگەی +1 ، پایۆنی بێبارگە پێکدێت لە کوارکێک و دژە کوارکێی سەروو (یان کوارکێک و دژە کوارکێکی خواروو) ، وە پایۆنی سالب پێکهاتووە لە کوارکێکی خواروو و دژە کوارکێکی سەروو . وەئەگەر کایۆنەکانت دەوێت ئەوا تەنها کوارکی خواروو بگۆڕە بە کوارکی نامۆ.

کوارکی 1کوارکی 2کوارکی 3باریۆن
سەرووسەرووخوارووپرۆتۆن
سەرووخوارووخواروونیوترۆن
سەرووخواروونامۆلامدا
چۆنیەتی دروستبونی باریۆنەکان لە کوارکەکانەوە

قەشەنگی لە سادەیدایە، لە بیردۆزی گەردیلە دا، پرۆتۆن و نیوترۆن و ئەلیکترۆن دانراون وەکو بەردی بناغەی زیاتر لە 100توخمی جیاواز. مۆدێلی کوارک وای دەبینێت کە پرۆتۆن و نیوترۆن چیتر بنچیینەی نین، بەڵکو تەنۆلکەی داڕشتەن و دروستبون لە کوارکەکانەوە. ئەم مۆدێلە جێبەجێ دەکرێت بەسەرهەموو تەنۆلکە زانراوەکاندا بە پێکەوەبەستنی سێ جۆری کوارک و دژە کوارک بەشێوەیەکی گونجاو کە پێشێلی یاساکانی فیزیانەکەن.

یەکێک لە یەکگرتنەکان زۆر دژواربوو بۆ چاودێریکردن : باریۆنی دەیەم، کە دروست بوە لە سێ کوارکی نامۆ، و جێڵ مان ناوزەندی کردووە بە “ئۆمێگای سالب” بەڵام وەکو ئەو خانە بەتاڵەی کە لەخشتەی خولیدایە و توخمێک چاوەڕێیە بیدۆزنەوە،لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی مۆدێلی کوارک دەست بەگەڕان کرا بۆ دۆزینەوەی باریۆنە ونبووەکان. بە تێپەڕبونی ساڵ، مۆدێلەکە گەیشتە لوتکە بە دۆزینەوەی ئۆمێگای سالب لە ژوری بڵقی 80 ئینجی لە تاقیگەی نێودەوڵەتی برۆکهاڤن. هەروەکو خشتەی خولی ، مۆدێلی کوارک توانای پێشبینی کردنی هەیە. سەرەڕای ئەم سەرکەوتنەش، زۆربەی فیزیازانەکان هێشتا باوەڕیان نەدەکرد کە کوارک بونێکی ڕاستەقینەی هەبێت. لەجیاتی ئەوە تەنها ڕونکردنەوەی زیهنی بەسودیان بەکاردەهێنا بۆڕونکردنەوەی تەنۆلکەکانی کە دەدۆزرانەوە لە سروشتدا. ئەم ڕایە بەهێزتر بوو لەکاتێدا تاقیکردنەوەکان شکستیان هێنا لە دۆزینەوەی تەنۆلکەیەکدا کە بارگەکەی بڕی کەرتی بێت. بەڵام تاودەرە ئەلیکترۆنیە نوێ و بەهێزەکەی کالیفۆرنیا ئەو تێڕوانینەی سەراوبن کردەوە.

خشتەی خولی میزۆن و باریۆنە قورسەکان

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *