یەکخستنی سرووشت

گرینگترین پرسیار سەبارەت بە چوار هێزە بنچینەییەکەی سرووشت ئەوەیە ئایا ئەم چوار هێزە لە بنچینەدا یەک هێزن و دابەش بوون بەسەر چوار هێز؟ ئەگەر هەر بەڕاستی وایە، ئەوا دەبێت ئەم چوار هێزە بتوانن یەکتر بگرن، و بەڵگەشمان هەیە بۆ ئەم باسە.

فیزیاناسان؛ ستیڤن واینبێرگ و عەبدولسەلام پاکستانی و شێڵدن گلاشۆ لە ساڵی ١٩٧٩ خەڵاتی نۆبڵی فیزیایان وەرگرت بەبۆنەی یەکخستنی هەردوو هێزی کاڕۆموگناتیسی و هێزی لاواز، بەمجۆرە مەفهومی هێزی کاڕۆلاوازیــــــان دروست کرد. ئێستا فیزیاناسان کاردەکەن بۆ یەکخستنی هێزی کاڕۆلاواز لەگەڵ هێزی ناوەکی بەهێز تا مەفهومی هێزی کاڕۆناوەکی دروست بکەن. ئێستاکە مۆدێڵ دروست کراوە بۆ هێزێکی لەمجۆرە، بەڵام پشتڕاست نەکراوەتەوە. و دوا زەحمەتی شیکارکردنی ئەم مەتەڵە، یەکخستنی هێزی کاڕۆناوەکی و هێزی کێشکردن دەبێت. ئەوکات تاقە بیردۆزێکمان دەبێت کە وەسفی هەر چوار هێزە بنچینەییەکەی سروشت دەکات، ئەم بیردۆزەش ناسراوە بە “بیردۆزی هەمووشتێك“. و بەم بیردۆزە دەتوانین وەسفی هەموو گەردوون بکەین.

بەڵام یەکخستنی جیهانی بچووك و جیهانی گەورە زۆر زەحمەتە بۆ زانایان. لە جیهانی گەورەدا، هێزی کێشکردن زاڵە و وەسفی کێشکردنیــش بە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین دەکرێت. بەڵام لە جیهانی بچووکدا، هێزی ناوەکی زاڵە و وەسفی جیهانی بچووکیش بە میکانیکی کوانتەم دەکرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا کەس نەیتوانیوە ئەم دوو جیهانە یەکبخات، بەواتایەکی تر، کەس نەیتوانیوە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی و بیردۆزی کوانتەم میکانیك یەکبخات.

فیزیاناسان هەوڵدەدەن وەسفی هێزی کێشکردن بکەن بەزمانی کوانتەمیی، چونکە ئەو هەوڵە دەبێتە هۆی یەکخستن. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە “گراڤیتۆن” بدۆزرێتەوە کە بۆزۆنی هێز گوازەرەوەی هێزی کێشکردنە.
هێزی کێشکردن تاقە هێزە فیزیاناسان نەیانتوانیوە بۆزۆنی هێز گوێزەرەوەی بۆ بدۆزنەوە. بەڵام چونکە هەموو هێزەکانی تر بۆزۆنی هێز گوێزەرەوەیان هەیە، بۆیە زانایان بڕوایان وایە هێزی کێشکردنیش دەبێت هەیبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

و لەوەش زەحمەتر باس و خواسی مادەی تاریک و وزەی تاریکە، ئایا بوونیان هەیە؟ ئایا سەدا ٩٥ـی گەردوون پێكدەهێنن؟، ئایا ئەوانیش تەنۆلکەی خۆیان و هێزی تایبەت بەخۆیان هەیە؟ و بۆزۆنی تایبەت بەخۆیان هەیە؟

خەونی گەورەی فیزیاناسان وەسفکردنی هەموو گەردوونە بە تاقە بیردۆزێکی یەکگرتوو. هێشتا ماویەتی ئەم خەونە بەدی بێت.
_________________________________________________________________________________________________________

وەرگێرانی دابان ژیان

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *