ئاینشتاین پلانک شەرمەزاردەکات!

کاتی پێویست بۆ خوێندەوەی ئەم بابەتە: 5 خولەک

 601 جار بینراوە

ساڵی 1905 لە ژیانی ئاینشتایندا بە ساڵی موعجیزە یان هەندێک بە ساڵی خەیاڵات ناوی دەبەن. لەم ساڵەدا بوو ئاینشتاین وەک موەزەفێکی سادە، نەک پسپۆڕێکی ئەکادیمی زانکۆ، پێنچ پەیپەری نوسی و ناردی بۆ ژورناڵی ئەناڵێن دێر فیزیک، پەیپەرەکان چوونە سەر مێزەکەی ماکس پلانک (1947-1858). ئەو کاتە پلانک لە ترۆپکی ناوبانگ و شۆرەتدا بوو، رابەری هەرە گەورەی شۆڕشی نوێی فیزیکی کوانتەم بوو، ئەو زانستە فیزیکییەی نەک هەر باڵیکێشا بەسەر فیزیکی سەدەی بیستەمدا، بەڵکو بوو بە شۆڕشێکی گەورەی پیشەسازی، هەتا گەیشتووەتە قۆناغی کۆمپیوتەری کوانتەمی. کاتێک پلانک پەیپەرەکانی خوێندەوە، لەگەڵ زۆربەی تیورییە نوێکانی ئاینشتایندا ناتەبا بوو، بەڵام باوەڕی وابوو کە پێویستە ئایدیا و هزری نوێی زانستی هانبدەین و گفتوگۆی لەسەر بکەین، لەوەش گرنگتر ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە زەمینە خۆشبکەین بۆ ململانێی زانستی بۆ ئەوەی بیری نوێ و شتی تازە لەدایک ببێت. بەمجۆرە بڕیاریدا پەیپەرەکانی ئاینشتاین یەک یەک هەمووی بڵاوبکاتەوە.لە ناوەندە زانستییەکاندا، پەیپەرەکان و ئایدیاکانی ئاینشتاین و تیورییە شۆڕشگێرە ڕادیکاڵەکانی نەک هەر بوون بە مایەی مشتومڕ، بەڵکو زۆربەیان بوون بە باس و خواسی گاڵتە، هەندێک خەڵک نوکتەی سەمەرەیان لەسەر بڵاودەکردەوە. ئەوانەی لێی تێگەیشتن ژمارەیان زۆر کەمبوو، ئەوانەش کە باوەڕیان بە تیورییەکانی هەبوو هەر زۆر لەوە کەمتربوون.پەیپەری یەکەم پشتگیری بوو بۆ ئایدیاکەی پلانک لەمەڕ کوانتای روناکی، چونکە پلانک خۆی هەتا ساڵی 1911 قەناعەتی بە تیورییەکەی خۆی نەبوو، ئەویش کاتێک لە کۆنفرانسی بەناوبانگی فیزیکناسان لە سالڤۆی ئاینشتاین فرسەتی هێنا و کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ پلانک خۆی، ئاینشتاین، لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەکی، لەم بارەیە دەڵێت،’ بە زۆری لەوەدا سەرکەوتووبوم کە قەناعەتم پێهێنا چەمکەکەی من (لەمەڕ کوانتای ڕوناکی) ڕاستە، دوای ئەوەی خۆی چەندین ساڵ دژی وەستایەوە.’ ئایشتاین و پلانک هەردوکیان لە دوا ساڵنی ژیانیاندا باوەڕی تەوایان بە میکانیکی کوانتەم نەبوو، سەیرە، دوو ئەقڵی هەرە گەورە، هەردوکیان ڕابەری بلیمەت و شۆڕشگێڕانەی کوانتەم بەوجۆرە بیربکەنەوە. پلانک بۆی دەرکەوت ئەم لاوە یەکێکە لە ئەقڵە هەرە موعجیزەکانی سەدەی بیستەم. ئیتر بوو بە هاوڕێ.لە 1914 دا، زانکۆی بەرلین ماکس پلانکیان راسپارد بچێت بۆ سویسرا و ڕاوی ئاینشتاین بکات و بە هەر نرخێک بووە لەگەڵ خۆیدا بیهێنێت بۆ زانکۆکە. پلانک پۆستێکی پێشکەش بە ئاینشتاین کرد وەک خەون وابوو – پرۆفیسۆر لە پەیمانگای توێژینەوەی پلانک خۆی لە زانکۆی بەرلین، موچەیەکی زۆر بەرز و ئنجا پێوست ناکات دەرس بڵێتەوە، بەڵکو تەنها سەرقاڵی تویژینەوە بێت. پلانک و زانکۆی بەرلین، کاتێک ویستیان ئاینشتاین ببێت بە بەشێک لە ستافەکەیان کە تیورییە نوێکەی لەمەڕ کێشکردن لە ئانوساتی بڵاوبوونەوەدا بوو.لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، زانکۆی بەرلین ناو جەرگەی فیزیک بوو. هەرچەندە ئاینشتاین دوودڵ بوو لە گەڕانەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام لە بەهاری 1914 دا، دا زویریخی جێهێشت، باجی گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا زۆر قورس لەسەری کەوت. چونکە شیرازەی هاوسەرێتی لەگەڵ میڵیڤا، هەرچەندە لەوەبەر پشێوی تێکەوتبوو، دەستیکرد بە هەرەسهێنان. میڵیڤا و دوو کوڕەکەی، سەرەتا، لەگەڵ ئاینشتاین چوون بۆ بەرلین، بەڵام دوای چەند مانگێک پەلی منداڵەکانی گرت و گەڕانەوە بۆسویسرا، ئەمە ئیشارەبوو بۆ کۆتایی هاوسەری و ئەوینی زیاتر لە پازدە ساڵ. ئاینشتاین، لە زانکۆی بەرلین، سووربوو لەسەر ئەوەی دەیەوێت بە ئازادی کاربکات، هەرچی خۆی ویستی ئەوە دەکات و نابێت هیچ کەسیش دەست بخاتە ئیشەکەیەوە. هەرچۆنێک بێت دوای گەیشتنی بە چەند مانگێک کایەی سیاسی بە تەرزێکی درامایی گۆڕانی بەسەردا هات. لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، فشارێکی توند هاتە سەر ناوەندە ئەکادیمییەکان بۆ ئەوەی لە جەنگدا پشتگیری هیمەتی جەنگ بکەن، زۆربەشیان ئامادەبوون ملکەچی ئەم قەرارە بن. فریتز هەیبەر، کیمیاناسی ناوداری ئەڵمانی، کەوتەخۆ و دەستیکرد بە پەرەپێدانی گازی ژەهراوی کە سەرەنجام بوو بە هۆی قەتل و عامی سەدان سەربازی هاوپەیمانان، تەنانەت پلانکیش بە دڵ پشتگیری هیمەتەکانی جەنگی ئەڵمانی کرد. شانبەشانی نەوەد و دوو زانا و خەڵکی بەناوبانگی ئەڵمانی، پلانک ”مانیفسێت بۆ دونیای شارستانییەت”ی ئیمزاکرد، مەبەست لە مانیفستەکە ئەوەبوو ئەڵمانیا دەست درێژی نەکردووە بەڵکو زیاتر بەرگری لە خۆی دەکات کە راست و گونجاوە. ئاینشتاین ئیمزاکردنی ئەم نامەیەی رەتکردەوە، لەبەردەم هاوکارانی پلانک خۆیدا، پلانکی شەرمەزارکرد.هەرچەندە ئاینشتاین هەرگیز ئەندامی هیچ رێکخراوێکی سیاسی یان حیزبی نەبووە، بەڵام هەمیشە وەک ئاشتیخوازێک بیری کردووەتەوە، جگە لەوەی لە فیکردا هەرگیز مۆڵەتی بە کەس نەداوە پرینسیپی سیاسی، ئایینی یان تەنانەت مەزهەبیش، کە خۆی جولەکە بوو، بەسەردا بسەپێنن. تەنانەت لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابڕدوودا، کاتێک بۆی دەرکەوت ئەڵمانیا سەرقاڵی توێژینەوەی زۆر قووڵە بە مەبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، بێگومان وەک دەرەنجامێکی هاوکێشە هەرە بەناوبانگەکەی (E = mc^2)، نامەیەکی بۆ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نوسی و پێشنیازی بونیاتنانی بۆمبی ئەتۆمی دەکات، کاتێک پرۆژەکە دەست پێدەکات، بە هیچ جۆرێک ناهێڵن ئاینشتاین لەو پرۆژە گەورە و زەبەلاحە، کە بە ئەسڵ ئایدیای خۆی بوو رۆڵی ئیداری یان فیزیکی تێدا هەبێت، چونکە فایلی ئەو لای ئەمەریکییەکان کەسێکی بە گومان یان کۆمۆنیستی و چەپ بوو، خۆ ئەگەر ئەوانەش نەبێت ئەوا زانایەکی ئنکارە و بە گوێی دەوڵەت ناکات.ئەمەریکا جەنگی بردەوە، بەڵام لەسەر حسابی خاپورکردن و قەتل و عامی هەزاران ئنسانی بێ تاوانی هێرۆشیما و ناگازاکی، رۆبێرت ئۆپنهایمەر، کە ڕۆڵێکی چالاکی لە پرۆژەی مانهاتندا بینی، گوتی،’ئێستا من بووم بە مەرگ، ڕوخێنەری دونیام.’لە ساڵی 1948 دا، ئاینشتاین تەواو پەشیمان بووەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی،’ ئەگەر پێشبینی هیرۆشێما و ناگازاکیم بکردایە، هاوکێشەکەی ساڵی 1905 م پارە پارە دەکرد.’ ئەڵمانیا، توانای تەواوکردن و بونیاتنانی چەکی ئەتۆمی نەبوو، هەرچەندە وێرنەر هایزنبێرگ نمونەیەکی بەرزی فیزیکناسانی ئەڵمانیا بوو کە پشتگیری پرۆژەکەی ئەڵمانی کرد، بەڵام ڕۆڵی لە جەنگدا ڕوون نییە.جەنگ کۆتایی هات، بەڵام پێشبڕکێی چەکی ناوکی و هایدرۆجینی لە نێوان ڕوس و ئەمەریکادا دەستی پێکرد، هەر یەک بۆ خۆی ململانێیان بوو بۆ دەستگرتن بەسەر دونیادا، بە عەرد و ئاسمانەوە، گرژییەکی بەتین لە نێوان دەوڵەتاندا هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە، کەس نازانێت ئاسۆی ئایندەی مرۆڤایەتی چۆن دەبێت، دوور نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان سیاسییەکی دەروون نەخۆش عەرد بتەقێنێتەوە.کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 دا دامەزرا، داوایان لە ئاینشتاین کرد ببێت بە یەکەم سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیل بەڵام ئەم تەڵەبەی رەتکردەوە. ئاینشتاین، لێرە بە دواوە بوو بە نمونەی فەیلەسوف و پرۆفیسۆری داڵغە، بە خۆی و قژە بژە بارگاوییە شیتانەکەیەوە، هەمیشە بێ گۆرەوی دەهات و دەچوو، چونکە رۆژێک بیری چوو لەپێی بکات، ئیتر قەراریدا چیتر پێویستی پێی نییە. ئاینشتاین هاوڕێیەتی هەموو جۆرە کەسایەتییەکی کردووە، هەر لە پادشا و فیزیکناس و شاعیر و سوڵکەرەوە هەتا دەگاتە منداڵانی کوچەکەی خۆی. دەڵێن ڕۆژێک لە ئۆفیسەکەی، وەک هەموو ڕۆژانی تر بە پێ دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، منداڵێکی دراوسێیان لە ڕێگا لەگەڵ دایکی ئاینشتاینی ئیختیار دەبینێت و پرسیارێکی لێدەکات، لە پڕ منداڵەکە دەداتە قاقای پێکەنین، دایکی منداڵە دەپرسێت،’ کوڕەکەم پرسیاری چیت لێدەکات’، منداڵەکە دەڵێت، ‘ لە ئاینشتاینم پرسی ئایا ئەمڕۆ چووە بۆ سەرئاو؟’ دایکە زۆر تەریق دەبێتەوە، ئنجا ئاینشتاین دەڵێت، ‘ دڵخۆشم بەوەی یەکێک ئەو پرسیارەم لێدەکات چونکە دەتوانم وەڵام بدەمەوە.’ جێرمی بێرنشتاین، کە یەکێکە لە فیزیکناسان و زۆری لەسەر ئاینشتاین نوسیووە، جارێک گوتی،’ هەر کەس تەماسی لەگەڵ ئاینشتاین بووبێت شتێکی سەلیقەی جوانی ئەو پیاوەی دیووە.’ بە ڕاستی زاتێکی سادە و مەحبوب بووە. ئاینشتاین وەک یەکێک لە بەشۆرەتترین زاناکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە و ئەو کەسە بوو کە بە تەواوی چەمکی فەزا و زەمەنی هەڵگێڕایەوە. بەڵام، سەرباری بلیمەتییەکەی، ئاینشتاین هەگیز بە تەواوی قەناعەتی بە فیزیکی کوانتەم نەهێنا، ئەو تیورییە شۆڕشگێڕییەی لە بەرهەمەکەی ئاینشتاین خۆی و پلانکەوە، دوایش بە دەستپێشخەری نیڵز بۆر، فیزیکناسی دانیماریکی، لەدایکبوو.

Max Planck, center, with Walther Nernst, Albert Einstein, Robert Andrews Millikan, and Max Laue, all physicists and winners of the Nobel Prize, Berlin, 1928

sherkodylan@gmail.comسەرچاوەکانی ئەم باسە1. Einstein, Albert and Relativity for Kids: His Life and Ideas with 21 Activities and Thought Experiments. Peter Purchase (. 2012).2. Einstein’s Cosmos: How Albert Einstein’s Vision Transformed Our Understanding of Space and Time. Paperback. Michio Kaku . (2005).3. Young Einstein: and the Story of E=mc^2. Kindle Edition. By Robyn Arianrhod. (ئەم کتێبەم کردووە بە کوردی).

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *